$بە قسەی بکەن زەریفە$
#عومەر نورەدینی#
#04-05-2022#
$هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری، لە ئێستادا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و هەڕەشە بووەتەوە، ئەگەر سەرچاوەی ئەو ئاڵنگارییانە پەیوەست بکەین بەو ژینگەیەی هەرێمی کوردستان لەناویدا دەژی و کاری تێدا دەکات، بۆمان دەردەکەوێت ئاڵنگاری و هەڕەشەکان بەشێکیان هەڵقوڵاوی ژینگەی سیاسیی ناوخۆن و بەشێکیان پەیوەندیدارن بە ژینگەی دەرەکی، وەک زانای سیاسی بە ناوبانگ ( دیڤید ئیستۆن ) باسی دەکات؛ هەموو قەوارە و سیستەمێکی سیاسی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو ژینگەیەی کاری تێدا دەکات، بە هەمانشێوە قەوارە و سیستەمە سیاسیەکەش کاریگەریی لەسەر ئەو ژینگەیە دادەنێ.$
بۆ قەوارەیەکی سیاسی نادەوڵەتی وەکوو هەرێمی کوردستان، سەرەکیترین ئامانجی ستراتیژی بریتییە لە بەردەوامی و مانەوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە هەمیشە هەرێمی کوردستان بەدوای ژینگەیەکی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی لەباردا بگەڕێت، بەداخەوە لەئێستادا هەرێمی کوردستان لە ناو ژینگەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی ئاڵۆز و ناجێگیر دایە، لەوێوە چەندین ئاڵنگاری سەریان هەڵداوە و بوونەتە مایەی هەڕەشەی وجودی بۆسەری.
لەسەر ئاستی ژینگەی ناوخۆ، لێکدابڕان و پەرتپوونێکی سیاسی تاقەتپڕوکێن بەرۆکی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانی گرتووە، ئەو پەرتبوونە ئەگەر لەنێوان پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەرەی دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بێ هێشتا هەندێک پاساو و بیانووی لۆجیکی دەدۆزیتەوە، بەڵام کێشەکە و نامۆبوونی لێکدابڕان و پەرتبوونەکە لەوەدایە بە پلەی یەکەم لە ناو پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندایە، ئەم پەرتبوونە بە ڕادەیەکە یەکگرتوویی چالاکی سیاسی و کولتووری و ئیداری و ئابووری و حوکمڕانییەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە سەر لێواری هەڵدێران بەرەو خەرەندی دابەشبوونێکی کوشندە.
لێکدابڕان و پەرتبوون گەیشتە ئەو ڕادەیەی لە جیاتی ئەوەی بەغدای پایتەختی دەوڵەتی فیدراڵ بکەینە شوێنگەی هاووتاری و هاوهەڵوێستی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، کەچی کردمانە مەیدانی شکاندنی ئیرادە و دەستبادانی یەکتری، ساحەی تەحریرمان لە بەغدا کردە گۆڕەپانی خۆپێشاندان لە دژی یەکتر، پەنامان بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی برد بۆ ڕێگری لە بەربژێرە کوردەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە سیاسەتی هاوپەیمانییەتیدا هاوهەڵوێست نەبووین و هەریەکەمان بەرەیەکی نەیار بەوی ترمان هەڵبژارد، لەناو پەڕڵەمانی ئێراقدا خۆمان خستە ناو بەرداشی ململانێی ڕێژەی دوو لەسەر سێی سەرخەر و سێیەکی پەکخەر.
هەموو ئەمە لەکاتێکدایە کە لە بەغداوە گەمەی داماڵینی سەروەری لە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەمێکە دەستی پێ کردووە، جگە لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی کارتی نەوت و گاز لە دەستی هەرێمی کوردستان وەکوو چۆن لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لە ڕێکەوتی (#15-02-2022#) هاتووە، وا بە ئاشکرا باسی کۆنترۆڵکردنی هێزی پێشمەرگە دەکەن و داوا دەکەن لەژێر فەرمانی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی ئێراقدا بێت، ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە هاوپەیمانییەتی ( چوارچێوەی هاوئاهەنگی ) بەشێک لە هێز و لایەنە شیعەکان بە ناوی دەستپێشخەری لە ڕۆژی (#03-05-2022#) بڵاویکردووەتەوە، دەرهێنانی کارتەکانی نەوت و گاز و پێشمەرگە لە دەستی هەرێمی کوردستان واتا بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستی یەکەیەکی ئیداری و بەتاڵکردنەوەی لە مانا فیدراڵییەکەی و گۆڕینی بنەمای پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدایە لە لامەرکەزییەتی سیاسیەوە بۆ لامەرکەزییەتی ئیداری.
لە لایەکی دیکەوە ڕاپرسییە جۆراوجۆرەکان و شرۆڤە زانستییەکان و ئەنجامی دواین هەڵبژاردن بۆ پەڕڵەمانی ئێراق، ئەوەیان سەلماندووە کە متمانەی سیاسی بە پەڕڵەمان و حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بە پارت و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و بگرە بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش، هیچکات وەکوو ئێستا کەم و لاواز نەبووە، گومانی تێدا نییە بوونی قەیرانی شەرعییەت و متمانەی سیاسی دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە گەمەی ململانێیە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کاراکتەرێکی بەهێز نەبێ و نەیارەکانی ئەو کێشە ناوخۆییە بقۆزنەوە.
لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی وا بە ئاشکرا سەروەری و ئاساییشی هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج و مووشەکباران دەکرێ، نە ئێراق و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامگۆییەکی شایستە و بەهێزی ئەوتۆیان نییە کە مایەی ئەوەبێ هەرێمی کوردستان دڵی خۆی پێ خۆش بکات، پێگەی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە هۆکارێک بووە لە هۆکارەکانی مانەوە و بەردەوامی، خراوەتە ژێر پرسیاری پاشەکشەی ئازادی لە هەرێمی کوردستان و جیددی نەبوون لە بنیاتناوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هەروەها دووبەرەکی و چەند بەرەکی ناوخۆیی.
نابێ ئەوەش نادیدە بگرین کە دەرەنجامەکانی جەنگی ئەفغانستان و جەنگی ئێستای نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، وایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە زیاتر بایەخ بە جیۆپۆلەتیکی ئۆراسیا و ئەتڵەسی بدەن و وەک جاران فۆکسیان لەسەر ئێراق ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێ، ئەمەش دەرفەت بۆ نەیارانی گەلی کوردستان دەڕەخسێنێ شمشێری کارتی سەربازی بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆزەکەمان جارێکی دی لە کالان دەربێنن و ئاڕاستەی گەردنمان بکەن.
لە ساتەوەختێکی وەهادا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەکاتە هەل بۆ ڕاگەیاندنی پەیامێکی هێما و مانادار، داوا لە پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەکات لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان، ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و تەبا و یەکڕیزبن.
ئەو ڕێگەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە ( تەبایی و یەکڕیزی، وەلانانی ناکۆکییەکان لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گەل ) بێگومان ڕووبەڕووی کەند و کۆسپ دەبێتەوە و لە وەگەڕخستنیدا پێویستی بە میکانیزم و نەخشەڕێی عەمەلی و واقیعی هەیە، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە شاڕێگەی نەجاتە لە کێشە و بەڵاکان، ڕێگەی سەرکەوتنە بەسەر ئاڵنگارییەکان، ڕێگەی مانەوەیەکی بەهێز و شکۆدارە.. بۆیە هەقە پارتی و یەکێتی و تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە قسەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەن، لە کۆتایدا ئیجازە لە حاجی قادری کۆیی نەمر وەردەگرین و بە کەمێک دەستکارییەوە پەیامەکەی دووپات دەکەینەوە: بە قسەی بکەن زەریفە.. نایکەن..! [1]