$خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ 16ی ئۆکتۆبەر$
#عیماد ئەحمەد#
#15-10-2020#
دڵۆپەی شەونم گریانی گوڵە
لێزمەی باران گریانی ئاسمانە
ڕووباری سیروان گریانی کوردستانە
16ی ئۆکتوبەریش خۆی گریانە
لە مێژووی نوێماندا #16-10-2017# دواهەمین کارەسات بوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێراق بە گشتی و لایەنی شیعەی دەسەڵاتدار بەتایبەتی بەسەر کورددا هات، بەڵام جیاوازییەکی زۆر جەوهەریشی لەگەڵ ستەم و غەدرەکانی پێشوو هەیە، چونکە دۆستەکانی دوێنێمان لەکاتێکدا هێشتا کفنەکەی هەڤاڵ مام جلال زەرد نەبووبوو کە (صمام الامان) ی ئێراق بوو بە هەمان سیاسەتی ڕژێمە دیکاتۆرەکان کارەساتێکی دیکەیان دژ بە کوردستان ئەنجام دا.
16ی ئۆکتۆبەر کارەسات و تاوانێک بوو دژ بە میللەتە ستەمدیدەکەمان، لەم ڕۆژەدا بە ڕوونی هەڵوێستی ڕاستەقینەی بەشێکی شیعەی عەرەب دەرکەوت و ماسکی درۆزنانەیان بەرانبەر بە ئەزموونی فیدراڵی لە کوردستان داماڵدرا کە چۆن ئەوان لە سەردەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتدا بێ بەڵێن و بێ وەفا دەرچوون و چاکەی کورد و بزووتنەوەکەیان لەبەرچاو نەبوو، بەناوی زۆرینەی پەڕڵەمانی و لە ڕێگەی حکومەتی مەرکەزیی و ڕاگەیاندنی چەواشەکاری دەستیان خستەناو دەستی هەندێک لە شۆڤێنی سوننەی عەرەب بۆ دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان کە لە سەردەمی شۆڕش و بەرهەڵستکاریی چەندین یارمەتیی و پشتیووانی و هاوکاری شیعەی کردووە، لەم ڕووەشەوە ھاوخەباتی و ھاوپەیمانیی نێوان کورد و شیعە وەک دوو پێکھاتەی زوڵملێکراوی ئێراق، مێژوویی بووە.
لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس، بەتایبەتی سەرۆک مام جلال زۆر هەوڵ و کۆششی کردووە بۆ بەهێزکردنی پایەکانی پێکەوەژیان و سازان و پێدانی پێگەی بەهێز بە شیعەی ھاوخەبات لە دامەزراوە تازەکانی ئێراقدا. لەدوای سەرھەڵدانی #داعش# و پەرەسەندن و سەرکەوتنی لە زۆر ناوچەدا کە خەریک بوو لە کازمیە، نەجەف و کەربەلا نزیکببنەوە. بە هاوکاری هەموو لایەک تێکشکێندران، بەڵام دوای شکستی داعش و ڕزگارکردنی بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی بە هاوکاری هاوپەیمانان و پشتیووانی و یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ سوپای ئێراق و #حەشدی شەعبی#، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی ئێراق لەبری سوپاس و پێزانین و پێشکەشکردنی یارمەتیی و هاوکاری بۆ کوردستان، هەلی گشتپرسییان قۆستەوە و وەکوو ئەوەی هەنگیان لە کونی داردا دۆزیبێتەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی هاوپەیمانییەتی و دۆستایەتی، بە دەبابەی ئەبرامزی ئەمریکی و بە سەرۆکایەتی عەبادی و بە سەرپەرشتی و پشتیووانی دەرەکی پەلاماری کوردستانیاندا، لە ئەنجامیشدا ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دابڕا و ژمارەکی زۆری پێشمەرگەی کوردستانیش شەهیدبوون، بەمەش ئەو ناوچانە دیسانەوە کەوتنەوە ژێر دەستی زوڵم و ستەمی هەندێک لایەنی شۆڤێنی عەرەب و دووبارەبوونەوەی سیاسەتی بەعەرەبکردن و تەهجیری شۆڤێنییەکان دەستی پێ کردووە، ئەمە سەرەڕای سەپاندنی سزای دارایی و ئابووری و ئیداریش بەسەر هەرێمی کوردستان.
لە ڕاستیدا ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوایە و ڕێگەیەکە بۆ جێبەجێکردنی ئاشتییانەی مافی چارەی خۆنووسین، بەڵام کاتێک بێ ڕەچاوکردنی تەرازووی هێز و بەبێ گوێدان بە ئامۆژگاری دۆستان و هەڕەشەی دوژمنان، وەک کورد تاکلایەنە ڕیفراندۆممان ئەنجامدا، ئەوا وێڕای ڕەوایەتی مافەکە و سەروەرییەکی مێژوویی، میللەت دەنگی خۆی گەیاند و دوژمنەکانیش گورزی خۆیان وەشاند و ستەمی ڕۆژگاری لێکەوتەوە.
لە سەروبەندی ئەم میحنەت و کارەساتەدا، بەداخەوە لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمیش لەبری یەکڕیزی جارێکی دیکە کەوتنە ناو دۆخی ململانێی سیاسیی تووندوتیژ و تۆمەتبارکردن و هێرشکردنە سەر یەکدی، لە جیاتی برین ساڕێژکردن، تێزابڕێژی برینە کۆن و تازەکان کرا، دەرئەنجام بەمەش خەڵکی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم بوو، ئەوان بەم پەلامارە دڕندانەیە دوو نیشانیان شکاند؛ ناوچەیەکی زۆریان بە هێز لە ئێمە وەرگرتەوە، لە لایەکی دیکەش تۆوی ناکۆکی و دووبەرەکییەکی قووڵیان لەناوماندا چاند.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر ئەو ڕووداوەدا، ئەرکی ڕاستەقینەی لایەنە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان لەم قۆناخە سەختەدا، دانانی نەخشە ڕێگەیەکە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و دەربازبوون لەم قەیرانەدا، ئەوەش خۆی لە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی ھەموو لایەنە سیاسییەکان ئەبینێتەوە، لە ڕێگەی کۆبوونەوەی فراوان و بەشداری پێکردنی زیاتری خەڵک لە پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەڵسەنگاندنی زانستی و واقعی بۆ دۆخی ئێستای هەرێم و دەستپێکردنی چاکسازی ڕاستەقینەی ئیداری و دارایی و ئابووری و سیاسی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بە شێوەی لامەرکەزی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراقی ئیتحادی لە چوارچێوە دەستووردا، کە مافە ڕەواکانی کوردستان لە دابەشکردنی زەوی و دەسەڵات و داھات و تەواوی شایستەکانی مسۆگەر بکات. [1]