$ساڵی 2002 بایدن چی پێ وتین و ئێستا چۆن مامەڵە دەکات؟$
#عیماد ئەحمەد#
#10-11-2020#
هەڵبژاردنی جۆ بایدن بە سەرۆکی ئەمریکا یادەوەرییەکی بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدامی بیرخستمەوە، لەمیانەی ئامادەکاری بۆ لێدانی ڕژێمی ئەوسای ئێراق، لەرۆژی #07-12-2002# لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین وەکوو وەفدی هاوبەشی یەکێتی و پارتی، لەگەڵ جۆ بایدن کۆبووینەوە، کە ئەوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس بوو.
وەفدی یەکێتی بە سەرۆکایەتی کاک بەرهەم و بەندەش بەشدار بوو، وەفدی پارتی بە سەرۆکایەتی کاک نێچیرڤان بوو، لە کۆتایی کۆبوونەوەکە و باسوخواسەکان، من پرسیارێکم لە بایدن کرد، لێم پرسی لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تاوەکوو ساڵی 1975 بە گەرمی پشتیووانیتان لە کورد کرد، بەڵام دوایی لەبەر خاتری ڕژێمی ئەوکاتی ئێران پشتتان لە ئێمەکرد.ئەی ئێستا ئەمریکا تا کوێ پشتیووانی لە کورد دەکات، ئایا ئەمجارەش لەبەر خاتری تورکیا پشتمان تێناکات؟ تورکیا ئەو کات هەندێ مەرجی هەبوو بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس.
بایدن زۆر بە ڕاشکاوی وەڵامی دامەوە، وتی: ئەمریکا نکۆڵی لە ڕەوایی مەسەلەی کورد ناکات، تا ئەو شوێنە پشتیووانی سەرڕاستی کورد دەبێت، کە خاوەن سیاسەتێکی عەقڵانی و مەنتقی بێت. بایدن وتی خۆ ئەگەر کورد کەرکووک دەکاتە پایتەختی کوردستان، ئەوا لەمە ئەمریکا پشتیووانیتان لێ ناکات و لەگەڵتان نابێت.
بۆیە بایدن ئەو نموونەیەی هێنایەوە، چونکە وەک یەکێتی و پارتی، دوای ڕێککەوتنی واشنتۆن، پرۆژی دەستوورێکمان ئامادەکردبوو، لەوێدا کەرکووک وەکوو پایتەختی کوردستان دانرابوو.
بیرمە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە کاک نێچیرڤان پێیوتم دەست خۆش، پرسیارێکی زۆر گرنگت کرد و وەڵامێکی ڕوونیشمان وەرگرتەوە.
سەرۆک بایدن کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو بە ڕەسمی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت، دڵنیام شارەزایی و ئەزموونێکی زۆری سەبارەت بە ئێراق و کوردستان بەگشتی هەیە، بەڵام ئاخۆ لەم پۆستە گرنگەدا هەمان بۆچوونی هەیە و سەرکردایەتی سیاسی کوردیش ئێستا بە ڕوونی سیاسەتی خۆی گونجاندووە لەگەڵ ژیری و مەنتقدا!؟ [1]