23 ساڵ پێش ئێستا ھەیکەل چی بە مام جەلال گوت؟
عیماد ئەحمەد
14-11-2020
لە میسر دڵە زیندووەکەی عەرەب، سەرچاوەکان دووپاتی دەکەنەوە ژمارەیەک لەنێودارەکانی سیاسی و ئەدەبی و هونەری ئەم وڵاتە، بە ڕەچەڵەک کوردن، ڕەنگە هەر بەم هۆیەشەوە بێت پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و میسر بەهێزبووە تا ئەو ڕادەیەی کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی (کوردستان) لە میسر چاپ و بڵاوکراوەتەوە و یەکەم ڕادیۆی کوردی لەوێ پەخشکرا و یەکەم دەسەڵاتی باڵای دەوڵەت ھەرلەوێ پێشوازی لە سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان کردووە.
لە ئایاری ساڵی 1997 لەسەر بانگهێشتی حکومەتی میسر، شاندێکی باڵای یەکێتی، بە سەرۆکایەتیی هەڤاڵ مام جەلال و بە ئەندامێتی ھەریەک لە (دکتۆر فوئاد مەعسووم، عەدنان موفتی، مستەفا سەید قادر و بەندە) سەردانی قاهیرەی کرد، سەردانەکە چەند ڕۆژێکی خایاند، بێجگە لە کۆبوونەوە فەرمی و باڵاکان، بە حوکمی قوورسایی مەسەلەی کوردستان و ناو و ناوبانگی هەڤاڵ مام جەلال، زۆر لە دەزگاکانی دەوڵەت و کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو وڵاتە شاندەکەیان بینی، لەوانە: شێخی ئەزهەر و محەمەد حەسەنەین هەیکەل و ئەحمەد حمرووش و نەبیل زەکی و دکتۆر ڕەفعەت سەعید و زەکریا محێدین و چەند کەسایەتییەکی دیکەش وەکوو ئەحمەد حەبووبی و بابەکر پشدەری کە ئەوکات سەرۆکی ڕێکخراوی کاری عەرەبی بوو سەردانی مام جەلال و شاندەکەی کرد. هەر لەو سەردانەدا، بڕیاری کردنەوەی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی لە قاهیرە درا و کاک عەدنان موفتی دەستنیشانکرا و بووە یەکەم نوێنەری باڵای یەکێتی لە قاهیرە، کە بە حەق، خەیرلئیختیار بوو، دواتریش جێدەستی دیاربوو لە ماوەی نوێنەرایەتیدا لە ئەوێ.
هەیکەل، نیوەڕۆخوانێکی بۆ مام و شاندەکەی لە ماڵی خۆیان لە دەرەوەی قاهیرە سازکرد، باخ و ماڵەکەی زۆر جوان و دانسقە بوو، خۆشی زۆر بە ئەتەکێت و بە بایەخ و میواندۆست بوو، بە قسەوباس و شیکردنەوەکانی مام جەلال دانیشتنەکە زۆر گەرموگوڕ بوو، میوانداریەکەش شاهانە بوو، چەند کاتژمێرێکی خایاند، مام زیاتر قسەی دەکرد ئەویش تێبینییەکانی خوی دەنووسی، دواجار مام وتی: پێمانخۆشە ئێمەش گوێ لە ئامۆژگارییەکانی تۆ بگرین، هەیکەل
لە وەڵامدا وتی: ئەستەغفوروڵا خۆت سەیدولعارفینیت، بەڵام دەتوانم چەند تێبینییەک بخەمەڕوو:-
1. پەیوەندی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی عەرەبی باشە و جەنابتان ڕۆڵی باشتان لەم بابەتە بینیوە، پێویستە بەردەوام گەشە و پەرەیپێبدەن.
2. پەیوەندیتان لەگەڵ ئێران جائز و پەسندە، بەهۆی سنووری هاوبەشی دوورودرێژی نێوانتان، بەڵام دەبێت
تورکیا لەیاد نەکەن، پێویستان بە تورکیا دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی پشتیووانی ئەوروپا، چونکە تورکیا لە لێواری ئەوروپایە و هەوڵ دەدات بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە (ئەمە بۆ تورکیای ئەو کاتەبوو) .
3. لەم کاتەدا کە خەریکی ڕووخاندنی (ڕژێمی سەدام )ن زۆر باسی سیستەمی دیموکراسی مەکەن بۆ ئێراق، لەبەر ئەوەی دەوروبەرتان قبووڵیان نییە و لێی دەترسن و دژایەتیتان دەکەن و لەژێرەوە کاری لە دژ دەکەن و ناهێڵن سەربکەوێ، چونکە خۆیان دیموکراسی نیین، زۆر زەحمەتیشە لەم هەلومەرجەدا دەوڵەتێکی دیموکراسی لە جەنگەڵستانێکی وەها درووست ببێت.
4. کارێکی باش دەکەن بایەخ بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ میسر وەکوو حکومەت و دامودەزگای ڕۆشنبیری و میدیایی و ئایینی دەدەن بۆ درووستکردنی ڕای گشتی عەرەبی بۆ مەسەلەی کورد.
بۆچوونەکانی هەیکەل لەو ڕۆژگارەدا زیاتر بۆ ئاستی دەرەوە بوو، شاندەکە و بەتایبەتیی هەڤاڵ مام جەلال بۆچوونەکانی هەیکەل-یان بەرز نرخاند و بە بایەخەوە وەرگێڕا، لە دوای تەواوبوونی میواندارییەکە مام دیارییەکی تایبەتیی پێشکەشکرد کە لە خوێندنەوەی پەرتووکی (مدافع ایات اللە) بۆی دەرکەوتبوو.
ئێستا دوای 23 ساڵ و گۆڕانکاری زۆر لە کوردستان و ئێراق و ناوچەکە و دونیا ھاتووەتە ئاراوە، بەڵام ئاخۆ ئامۆژگارییەکانی ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسە نێودارە بۆ ئەمڕۆی کوردستان و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی ئێستاش ناشێن...!؟ [1]