$چیرۆکێک لە جەلەوە$
#عیماد ئەحمەد#
#21-11-2020#
وڵاتەکەم خۆشدەوێ
شارەکەم خۆشتر دەوێ
شەیدای جەلەوەم جەلەوه، گەڕەکێکی کۆنی خانەقینە، هەرچەندە زۆربەی خەڵکەکەشی کورد بوون، بەڵام مۆزایکێکە لە کورد، عەرەب و تورکمان و سووننە، شیعە و کاکەیی، ئەمەش وایکردووە لە هەموو سەردەمەکان خەڵکەکەی بە ئاسانی و بەبێ ناکۆکیی تایفەگەری و نەژادگەری بە یەکەوە بژین.
جەلەوە هەڵکەوتەیەکی سەیری هەیە، کۆڵان و جادەکانی بەقەد نەهامەتی و کولەمەرگیی ژیانی مرۆڤەکانی تەسک و پێچاوپێچن، کۆڵانێکی سەرەکی گەڕەکەکە قیرتاو بوو، بەڵام هێندە تەسک بوو بەزەحمەت سەیارە پێیدا دەڕۆیشت، سێ کۆڵانی تری هێندە تەسک بوون سەیارەی هەر پێدا نەدەڕۆیشت.
ئەم گەڕەکە دەکەوێتە دەستی چەپی شارەکە و لەنێوان ڕووباری ئەڵوەن و جۆگە ئاوی عالیاوەیە، لەوبەری ئاوی ئەڵوەنەوە لەسەر ڕۆخی ئاوەکەوە بە ڕیز بە یەکەوە ماڵی قایمقام و قوتابخانەی سەرەتایی کچانی #خانەقین# و قوتابخانەی ناوەندیی کچان و سەرای خانەقین و مزگەوتی مەجیدبەگ و حەمامی عەبدوڵڵا بەگ دەکەونە بەرانبەری. پشت و کەمەری بە باخ تەنرابوو، ئەو باخانەی کە دیمەنێکی ڕازاوەیان پێ بەخشیبوو، دارخورماکان سێبەری فێنک و سەعافەکانیش (لقی سەری دارخورما) باوەشێنی قرچەی گەرمای هاوینن. (کوپری گەورە) کە پردێکی بەردینی کۆنە و لە سەردەمی سەفەویدا درووستکراوە، جەلەوە دەبەستێتەوە بە بەشەکەی تری خانەقینەوە.
لە کۆتایی وەرزی زستاندا بەهۆی لافاوی ئەڵوەنەوە جاروبار ڕێگای سەرەکی دادەخرا و لە وەرزی بەهاریشدا (قەداح)ی دار پرتەقاڵەکانی دەوروبەری بۆن و بەرامی خۆشی بەسەردا دەباراند.
زۆربەی هەرە زۆری خانووەکانی ئەو گەڕەکە بە قوڕ و دارەڕا درووستکرابوون، زۆبەی خانووەکان چەند خێزانێکی تێدا دەژیان، تەنانەت خانووی وا هەبوو حەوت خێزانی تێدا بووە، بە جۆرێک هەر خێزانێک ژوورێکی بە کرێ دەگرت پێی دەوترا (نزڵ) خانووەکەش هەرچەندە خێزانی تێدا بووایە یەک حەوز و بەلوعەی ئاو و یەک ئاو دەستی هەبوو (پێی دەوترا ئەدەب خانە) و زۆربەی خانووەکانیش ستارەی سەربانیان نەبوو، هاوینان هەمووان لە سەربان دەخەوتن و تاوەکوو درەنگان خەریکی قسەوباسی ڕۆژانەی خۆیان بوون. بەیانیان بە دەنگی بولبول و چریکەی مەل و هاژەی ئەڵوەن و نەرمە تیشکی خۆر خەبەریان دەبووەوە.
بەهۆی نزیکی باخەکانەوە خەڵکی ئەم گەڕەکە تایبەتمەندی خۆیان هەبوو، فێری ڕاوی باڵندە و دانانی تەڵە بۆ بەراز و کوشتنی مار ببوون.
هەروەها نزیکیی ئەڵوەن وایکردبوو زۆربەی خەڵکەکە مەلەوان و فێری ڕاوەماسی ببن. پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان خەڵکەکە بەهێز بوو، بە جۆرێک هەمووان لە خۆشی و ناخۆشی یەکتریدا بەشداربوون. لە هاویندا ژنان بە هەرەوەزی خەریکی درووستکردنی دۆشاوی تەماتەی ئاوداری عالیاوە بوون و لە کۆتایی پایزیشدا هەمووان بە ژن و پیاو و منداڵەوە بە هەرەوەزی بەشداری (سەرام) بڕینی خۆشە خورمایان دەکرد و لە دواییدا ژنان خەریکی دۆشاوی خورما دەبوون، هەندێ لە خێزانەکانیش (تەوش) ی میوەی هەڵوەریوی ژێر درەختەکانیان بەردەکەوت.
ئەم گەڕەکە خاوەنی هەندێ کەسایەتی تایبەت بوو، هەریەکە و لە بوارێکدا دیار و بەرچاو بوون، بەڵام داخەکەم بۆ عەزیز نەسینێک بۆ ئەوەی هەریەکەیان بکاتە کاراکتەر و پاڵەوانی چیرۆک و ڕۆمانەکانی. یەکێک لە کاراکتەرەکانی چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیان لە جەلەوە خاڵۆ نەزەر بوو، ئەم زاتە پیاوێکی باڵابەرز و قیافەت ڕێکوپێک و گەنم ڕەنگی مەیلە و سپی و دەم بەپێکەنین بوو، لە بنەڕەتەوە لە گوندی عالیاوە و لەدایکبووی ساڵی (1928) و زەهاوی بوو، خێزاندار بوو و کوڕێک و شەش کچی هەبوو، ئەو پیاوە جووتیارێکی دەست بە بەرەکەت بوو.
خاڵۆ نەزەر سەرەڕای جووتیاری، کەرەستەی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ قەبرهەڵکەندن و لەکاتی مردنی کەسێک لە گەڕەکەکە ئەو لەگەڵ ژمارەیەک گەنج کە منیش یەکێک بووم لەوانە قەبرەکەیان ئامادە دەکرد و مردووەکەیان بەخاک دەسپارد. ئەو پیاوە هەموو ساڵێک لە پاییزان بە هەرەوەزی لەگەڵ گەنجانی گەڕەکەکە سواقی قوڕی سەربانی خانووەکانی دەکرد، دوای ئەو بۆ ماوەیەک من ئەو ئەرکەم گرتە ئەستۆ. خاڵۆ نەزەر پیاوێکی موسڵمان و ئیماندار بوو، شانبەشانی ئەمەش پیاوێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن هەڵوێست و لە ڕووی سیاسیشەوە کوردپەروەر و پارتی بوو.
دوای هەرەسی شۆڕش لە ساڵی (1975) خەڵکی خانەقین کەوتنە بەر شاڵاوێکی بەرفراوانی ڕاگوێزان و دەرپەڕاندن بۆ ناوچەکانی خوارووی ئێراق، تەنانەت لادێکان و دەورووبەری شارەکەشی گرتەوە. لەو سەروبەندەدا خاڵۆ نەزەر لە ترسی ڕاگوێزانی زۆرەملێ، خۆی جەلەوەی جێهێشت و چووە ئەبوغرێب. سەید هاشم کە ئەفسەرێکی خانەنشینی سەردەمی مەلیک و ناسیاوی بوو، لەوێ لە باخی ئەفسەرێکی دۆستێکی خۆی دایمەزراند و لەوێ نیشتەجێ بوون. دوای ماوەیەک خاڵۆ نەزەر بەعەگاڵ و عەبایەکی عەرەبییەوە سەردانی جەلەوەی کردەوە بۆ ئەحواڵ پرسین و وەکوو ئەوەش بڵێت ئەوە من پێشوەخت خۆم نەجات دا و ئێوەش چاوەڕوانی ڕەحمەتی بەعس بن. رۆژگار ڕۆیشت و قەدەریش وابوو جەلەوە بەر ڕاگوێزان نەکەوت.
دوای نزیکەی دوو ساڵ بەهۆی جەور و زوڵمی دامودەزگای ئەمن و ئیستخبارات و بێتاقەتی نەگونجانی و هەستی نامۆیی وای لە خاڵۆ نەزەر کرد بەناچاری بڕیاری گەڕانەوە بۆ جەلەوە بدات، بەڵام سیناریۆیەکی سەیری بۆ گەڕانەوەی خۆی داڕشتبوو، پێشتر ئەندامانی خێزانەکەی ناردەوە و گوایە خۆی دوای ئەوان دێتەوە، بەڵام چەند ڕۆژێک دوای هاتنەوەی خێزانەکەی هەواڵی خۆکوشتنی حاجی نەزەر گەیشت، کە بە پەتێک خۆی بە دارەتوویەکی باخەکەوە هەڵواسیبوو و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو. ئیتر قەدەر وایکرد لەجیاتی خۆی تەرمەکەی بهێندرێتەوە بۆ جەلەوەو بە هەمان کەرەستەکەی خۆیشی لە گۆڕستانی ئیمام عەباس بەخاک بسپێردرێت.
لەو کاتەدا خەڵکی گەڕەک هەندێکیان خەفەتباربوون بۆ مردنی، ئەوانی تریش ڕەخنە و گلەیی و گازەندەیان لێی هەبوو، من ئەوکات لە بەرەی دووەمدا بووم و ڕەفتارەکەی خاڵۆ نەزەرم بەدڵ نەبوو، دەمگوت چۆن دەبێ کەسێک بە هەر هۆیەک و لەژێر هەر گوشارێک بێ دەست لە ناسنامەی نەتەوەیی هەڵبگرێ، بەڵام نەمدەزانی خاڵۆ نەزەر لەناخیدا هەستی نەتەوەیی نەک نەشکاوه، بگرە پتەوتر بووە.
چیرۆکی خاڵۆ نەزەر و هەموو دانیشتووانی ئەو گەڕەکە لە دنیایەکی سادە و بچووک ڕوویان دەدا، لە جوگرافیایەکی پڕ لە مەینەت و ئازار و کوێرەوەری هەڵدەقوڵان، بەڵام بە یەکەوە زنجیرەی هەرە گەورەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی کوردستانیان تەواو دەکرد، ئەو ڕووداوە بچووکانە بە یەکەوە مانایان دەدایە ژیان، دوای چەندین ساڵ لەو بەسەرهاتانە، ئێستا بەدەست خۆم نییە بیرکردنەوە و خەیاڵم پەلکێشم دەکەن بۆ بەراوردێکی سەیر، بەخۆم دەڵێم ئەوەی ئەوکات ئەو پیاوە کردی تەنیا زیانی بۆ خۆی و ناو س ناوبانگی تاکەکەسی خۆی بوو، بەڵام لەبەر پارێزگاری لە کەرامەت و عیزەتی نەفس وازی لە دین و دونیا هێنا و خۆی کوشت، ڕووی نەهات جارێکی تر تەنیا لەبەر ڕاکردن و پۆشینی عەگاڵ و عەبای عەرەبی ڕووبکاتەوە جەلەوە و سەرەنجام سزای هەڵواسینی بەسەر خۆیدا سەپاند. داخەکەم نازانم چۆن بەراوردی ئەمڕۆ بەو ڕۆژگارە بکەم، بەڵام دەتوانم بڵێم سەد ڕەحمەت لە ڕووحی خاڵۆ نەزەر. [1]