$چیرۆکێک لە جەلەوە (2) $
#عیماد ئەحمەد#
#26-11-2020#
ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێم (جەلەوە) ڕۆڵێکی ئێجگار باشی بینیوە لە پاراستنی ڕەسەنایەتی و دابوونەریتی کوردەواری و کوردایەتی لە #خانەقین# کە شارێکی دێرینە و مێژووەکەی بۆ سەردەمانی پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. ئەوکاتە خانەقین بریتی بووە لە دوو گوند لەمبەر و ئەوبەری ڕووباری ئەڵوەن، بەری ڕۆژاوا گوندی خانەقین بووە کە (جەلەوە) بنچینەکەیەتی، بەری ڕۆژهەڵاتیش گوندی (حاجی قەرە) بوو، کەواتە لەگەڵ بوونی خانەقین، جەلەوە هەبووە. ئەگەرچی ئەم ناوە ڕەنگە تازە بێ، بەڵام وەکوو گەڕەک هەبووە و بەشێک بووە لەو گوندە گەورەیەی کە ئێستا پێیدەگوترێت (ئاغا و خەلیفە) ، سەبارەت بە ناوەکەشی قسەی زۆر هەیە، یەکێک لەوانە کە ڕەنگە لە هەمووی درووستتر بێت، دەگوترێت لە ناوی (حاجی جەلیل)ەوە هاتووه، کە پیاوێکی ناودار بووە و دەستی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی جەلەوە.
بەڕاستی نازانم بۆ زۆر کات بیروهۆشم ئۆقرەناگرێ و وەکوو باڵندەی لانەواز لە شەقەی باڵ دەدات و لە شاری هەڵمەت و قوربانی و میهرەبانییەوە بەرەو خوار دەڕوات و دواجار لە مەنزڵگەی خۆی لەسەر درەختێکی بێناز لەناو باخێکی جەلەوە دەنیشێتەوە.درەختەکان ئەم جارە سیس و ڕەنگ خۆڵەمیشی بوون بەهۆی سیاسەتی (الارض المحروقة)ی فاشیستەکان و بێئاوی و خزمەتنەکردن و سووتاندنی باخەکان لەلایەن هەندێ چاوچنۆک و حەرامزادەوه.
یەکێک لەم باخانە، باخی قەسرەکە بوو، لەبەرئەوەی قەسرەکەی (مەجید بەگ) لە تەنیشتی بوو پێیدەگوترا باخی قەسرەکە. لە ساڵانی پێش نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو پڕبوو لە بەرهەمی خورما و پرتەقاڵ و هەنار، ئەم باخە لە بنەڕەتدا هی (مووشیحای) دەوڵەمەندێکی جوو بووە لە خانەقین، دوایی بووە بە هی تاهیر عوزێر و غازي ئاغا، تاهیر عوزێر سەرۆکی کاکەییەکانی خانەقین بوو، ساڵانە تاهیر عوزێر به نیوە کرێ و نانەزگی ژمارەیەک کاکەیی دەهێنا بۆ خزمەتکردن و (سەرام و زگار) بڕینی خۆشە خورما و کۆکردنەوەیان، سەردەمانێک خاڵو جاسم باخەوانی بوو. لەدایکبووی ساڵی (1910) بوو، لە خانەباخی قەسرەکە نیشتەجێ بوون لەگەڵ هاوژینەکەی و سێ کوڕ و سێ کچی.
خاڵۆ جاسم، لەگەڵ خەزووری لە (مەندەلی)ەوە هاتبوون بۆ جەلەوە بۆ کاسبی و باخەوانی. خەزوورەکەی ناوی شەهاب بوو، پیاوێکی ئەسمەری تۆخ بوو، سمێڵێکی ڕەش و ئەستوور شۆڕبووی هەبوو بەسەر دەمیدا، بە زگماک قاچێکی ئیفلیج و نزیکەی نیو گەز لەوەی دیکەی کوورتتر بوو و بە دارشەق دەڕۆیشت. ئەو پیاوە لەکاتی هەڵگرتنی خەله و خەرمان بە کەر و شەڵتەوە سەردانی دێهاتی دەوروبەری خانەقینی دەکرد بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی و زەکات. جەژنانیش هەلورک و چەرخوفەلەکی لە (بان جەلەوە) دادەنا، کە له داری توو درووستیدەکردن و بە پارەیەکی کەم منداڵانی گەڕەکەکەی دڵخۆش دەکرد. بان جەلەوە گۆڕەپانێکی سەرووی ماڵەکان و نزیک باخی قەسرەکە بوو، لە جەژن و بۆنەکاندا منداڵان تێیدا کۆدەبوونەوە بۆ یاریی فوتبۆڵێن و (بلبلان) یارییەک بوو بە دار دەکرا.
خاڵۆ شەهاب و هاوژینەکەی لە یەک ژووری خانووەکەی (موسا دێو) دەژیان، کە ئێمەش (بەندە و دایکم و دوو خوشک و برایەک) لەو خانووەدا بووین، کە حەوت خێزانی تێدا کرێچی بوو و هەر خێزانێک و ژوورێکمان هەبوو.
ئەو سەردەمانە، زستانی خانەقین بەتایبەتی مانگی یەک و دوو زۆر سارد بوو، زۆبەی بەیانیان زەوییەکە دەیبەست، خاڵۆ شەهاب ناچار بوو جاروبار گوێدرێژەکەش بێنێتە ژوورەوە لەگەڵیاندا ڕۆژ بکاتەوە.
خاڵۆ جاسم، یەکێک لە سێ کوڕەکەی، ناوی عیدان بوو، لەدایکبووی ساڵی (1952) بوو، عەقڵی لەگەڵ تەمەنیدا گەشەی نەکردبوو، عومری نزیکەی پازدە ساڵ بوو، بەڵام ئەو وەکوو منداڵی پێنج ساڵە هەڵسوکەوتی دەکرد، بۆیە به شێت ناوەزەد دەکرا. عیدان شێوەی لە باپیرەی (شەهاب شەل) دەچوو، قژ ڕەش و شێواو، چاو ڕەش، تۆزێ خێل و برۆ ئەستوور و برژانگ درێژ و لووت قنج و پان و دەم و لێو ئەستوور و ددان سپی و ملبەرز و شان پان و باڵابەرز. لەگەڵ منداڵانی گەڕەک نەدەژیا و پیاوانیش ڕازی نەدەبوون بچێتە ناویان، وایلێهاتبوو بە تەنیا بژی.
سەردەمانێک لە جەلەوە سێ دووکان هەبوون؛ دووکانی حاجی یاسین و دووکانی سلێمان و دووکانی میر عەلی، ئەم سێ دووکانە وەکوو بازاڕی (عوکاز) یان لێهاتبوو، بەتایبەتی دووکانی سلێمان، کە جێی مشتومڕی هەمەجۆر و لێکدانەوەی سیاسی و ڕۆشنبیری و قسەی خۆش و گاڵتەوگەپ بوو. زۆر جار عەسران سلێمان بەردەم دووکانەکەی بە ئاوی ئەڵوەن ئاورشێن دەکرد و گسکی دەدا، ئێمەمانانیش وەکوو هەرزەکار هاوکاریمان دەکرد بۆ ئەوەی بتوانین لەکاتی مەجلیسی شێخ ڕەشید مەلا ئیبراهیم، ئێمەش دابنیشین.
شێخ ڕەشید کارمەندی کۆمپانیای نەوت بوو و خوێندەوار و لە ئایینیش شارەزا بوو، هەندێ جاریش لە مزگەوتی مەجید بەگ بانگی دەدا و دەنگیشی زۆر خۆش بوو، لە دەنگی سەید عەلی ئەسغەر دەچوو، لەو شوێنەی لە بەردەم دووکانی سلێمان، شێخ ڕەشید پەڕتووکی (قصة الانبياء)ی بۆ مەجلیسەکە دەخوێندەوە و دەیکردە کوردی و بۆی شی دەکردنەوە، جاروباریش عیدان لەو دەوروبەرە دادەنیشت و ئاگای لە قسەکانی شێخ نەدەبوو، لەگەڵ دونیای خەیاڵ و عەقڵی خۆی سەرقاڵ دەبوو.
عیدان، بەردەوام بە پێخاوسی لە قەراخی ئاوی ئەڵوەن هاتوچۆی دەکرد تا هیلاک دەبوو، ئینجا دادەنیشت و بە بێدەنگی سەیری وردە ماسییەکانی ئەڵوەنی دەکرد. جاروبار منداڵ و هەندێ هەرزەکار ئەزیەتی عیدانیان دەدا، ئەویش تووڕە و بەلەسە دەبوو بە کەسیش هێور نەدەبووەوە تەنیا دایکی نەبێت.
ڕۆژگار هات و چوو، لە کاتی ڕزگارکردنی خانەقین لە بەهاری ساڵی (1991) خەڵکی جەلەوە بەشداری بەرچاویان لە ڕاماڵینی دامودەزگای ڕژێمی فاشیستی بەعس کرد، بەڵام تەواونەکردنی پڕۆسەی ڕووخاندنی بەعس بووە مایەی ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی خانەقین بەر گرتن و کوشتن بکەون، یەکێک لەوانە (مەخەنی) حەسەن مەهدی بوو کە بێسەروشوێن کرا، عیدانی بەدبەختیش بێ ڕەحمانە زۆر ئەشکەنجە درابوو، که پێشتر هیچی له جەور و ستەمی داگیرکەری بەعس نەدەزانی.
عیدانی داماو دووبارە لە ساڵی (1994) لەلایەن دەزگای ئەمنی خانەقینەوە دەگیرێت و ڕەوانەی ئەمنی عامەی بەغدا دەکرێت بە تۆمەتی (مجهول النوایا) دوو مانگ زیاتر لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانە دەمێنێتەوە و دواتر ڕەوانەی شەماعییە دەکرێت و لەوێ پاش ماوەیەکی کەم ئەم کوڕە بەدبەختە بەبێ تاوان شەهید دەبێ، لەوەش خراپتر دەزگای ئەمن ناهێڵن کەسوکارەکەی تەرمەکەی بێننەوە بۆ خانەقین و بە ناچاری لە گۆڕستانێکی دەرەوەی بەغدا بە خاک دەسپێردرێت.
ئێستاش من بیری عیدانی بێ تاوان دەکەمەوە و دەڵێم: مەگەر خوا بزانێت چۆن بەرگەی ئەشکەنجە و لێدانی وەحشیانەی جەلادەکانی بەعس و هەڵواسینی گرتبێ. بیر لەوە دەکەمەوه کە عیدان ئەوکاتە چی کردبێ و چی گوتبێت و چۆن ڕووحە پاکەکەی لە جەستەی جیابووبێتەوە، چۆن لە غەدر و ناعەدالەتی ئەم دنیا بێ ڕەحمە گەیشتبێت.
عیدان یەکێک بوو له و کەسانەی نەهامەتییەکانی لە کۆڵانە تەسک و باریکەکانی جەلەوە دەستی پێ کرد و دواتریش بەدەستی جەلادەکانی بەعس بەشێوەیەکی تراژیدی ژیانی کۆتایی پێهات. ئەم چیرۆکە خەمگینەی عیدان، من دەباتەوە سەر خەیاڵێک کە چۆن عیدانەکان دەبنه قوربانی بێ ڕەحمی و بێ بەزەیی زەمەن، زەمەنێک کە عیدانی ناکام تێیدا بووە نێچیری دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس، بۆیە لێرەش دووپاتی دەکەمەوە، درێغ بۆ یەشار کەمالێک، سادەیی ژیانی جەلەوە و کارەکتەرەکانی بەشیلەی تراژیدیا بکاتە کەرەستەی گێڕانەوەی نەهامەتییەکانی ئەو گەڕەکە هەژارنشینه، کە به بەری بست بە بستی کوردستانەکەم تەواوە، چونکە خەمی وڵاتەکەم لە سایەی بەعس و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی هەم�%