$پڕۆژەی چاکسازی؛ چەند هەنگاوێکی گرنگ$
#عەلی حەمە ساڵح#
#06-08-2019#
لە گفتوگۆ و دانووستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتدا، ئێمە بە بەردەوامی دەمانگوت: ئامانجی سەرەکیمان لە بەشداریی لەم حکومەتە چاکسازییە، پارتییش دەیگوت: ئێمەش هەمان نییەتمان هەیە و ئەم فۆڕمە لە حوکمڕانی توانای بەردەوامیی نییە.
لە ڕێککەوتنی گۆڕان و پارتیدا خاڵی چاکسازی بە گەورەیی نووسرا، پاشان چاکسازی و دژایەتی گەندەڵیش بوو بە خاڵی سەرەکیی کارنامەی حکومەت. لەگەڵ دەستپێکی کاری حکومەتیش بڕیاری دەرچوواندنی یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە لەگەڵ درووستکردنی ئەنجوومەنی ڕاژە هەنگاوێکی باش بوو بە ئاڕاستەی چاکسازی.
چاکسازی، بەپێی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گرنگە.
بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە. لە لیژنەی دارایی بووین، لەگەڵ #وەزارەتی دارایی# و ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەم دۆسیانەمان خستەڕوو، ئەوەی کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە وەرگرتنی دۆکیۆمێنتەکان لە ئێمە و ڕێکخستنەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بوو، بەڵام بەداخەوە لە خولی پێشووی پەڕڵەمان پەسەند نەکرا.
ئەم پڕۆژە یاسایە دەست بۆ چاککردنەوەی کۆمەڵێک گەندەڵی و هەڵەی گەورە دەبات کە لە ڕابردوودا کراون.
خانەنشینی مووچە نییە، لەکاتی کارکردنت بەشێک لە مووچەکەت دەبڕدرێت، کە چوویتە تەمەنی خانەنشینی و توانای کارکردنت نەما، ئەو پارەیەی لە مووچەکەت بڕدراوە بۆت دەگەڕێتەوە.
بەدەیان هەزار کەس لەسەر حسابی بودجەی گشتی لە وەزیر و بریکاری وەزیرەوە تا لیوا و عەمید و عەقید بە نایاسایی خانەنشین کراون. واتە: ڕۆژێک خزمەتیان نەبووە و بە پلەی باڵا و پلەی سەربازی خانەنشین کراون، ئەم پڕۆژەیە ئەمە ناهێڵێت.
زۆری و نادادی لە مووچەی خانەنشینی یاسایی پلە باڵاکانیش هەڵەیەکی گەورەی دیکەیە. گەنجێک وەزیر یان پەڕڵەمانتار بێت، بێ ڕەچاوکردنی ساڵی خزمەت و تەمەن و بڕوانامە بە زیاتر لە شەش ملیۆن دینار خانەنشین بکرێت، ئەمە تاوانە! جگە لە دیوە داراییەکەی، کوشتنی توانای کارکردنی دەیان گەنجی بە توانا بوو کە دەیانتوانی خزمەتی گەورە بکەن.
بەهەزاران کەس بە پێشمەرگەی دێرین و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسی مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە کە شایستە نین.
چەند بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ خانەنشینی (سەربازی و شارستانی و هێزەکانی ئاساییش) هەن، لە چەند شوێنی جیاواز مووچەی کەسوکاری شەهید و ئەنفال و زیندانی سیاسی و چاودێریی کۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستیی تایبەت دابەش دەکرێت، هەیە لەیەک کاتدا لە چەند شوێنێک مووچەی هەیە، هەموو ئەم بەڕێوەبەرایەتی و ناوەندانەی ئەم مووچانەیان لێ دابەش دەکرێت، هەڵدەوەشێنەوە و تەنیا بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی دەمێنێتەوە بۆ سەرپەرشتی ئەم پڕۆسەیە.
بەدەیان کەس هەن بە پلەی بەرزتر لە پلەی خۆیان خانەنشین کراون، ئەو پلانەی بە ناشایستەیی وەرگێڕاون دەگەڕێنەوە.
تا ئەم ساتە چەندین کەس هەن بە چەندین ڕێگای جیاواز زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن، ئەم پڕۆژە یاسایە ئەمە قەدەغە دەکات.
هەڵوەشاندنەوەی یەکەی ژمێریاری لە گشت یەکەکانی هێزی پێشمەرگە، بەتایبەت هێزەکانی 70 و 80 خاڵێکی گرنگی ئەم پڕۆژەیە و هەنگاوێکە بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی ئەم هێزانە لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی حکومەت.
یەکێک لە گەندەڵییە گەورەکان پاسەوانی بەرپرس و بارەگاکانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، یەکێک لە ماددەکانی ئەم پڕۆژەیە دەرکردنی یاسایەکی تایبەتە بە پاسەوانی کە تێیدا بڕیار دەدرێت کێ پێویستی بە پاسەوانە و چەند پاسەوانی هەبێت.
بەرپرسی حیزبی هەیە ئەندامی پێشووی سەرکردایەتییە، هێشتا 50 پاسەوانی هەیە، جاش و مستەشار هەن زیاتر لە پەنجا پاسەوانیان هەیە، بەرپرس هەیە فەوج و لیوای تایبەتی خۆی هەیە. ئەمانە دەبێت ڕێکبخرێنەوە.
یەکێک لە گرفتە گەورەکانی کوردستان گەندەڵی و بندیواری زۆرە لە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان. 48%ی کۆی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ هێزی ئەمنی و سەربازییە، زۆریان یان بندیوارن یان پاسەوانی نایاسایی، بە ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە زۆر لە گرفتەکان چارەسەر دەبن.
ئەم چاکسازیە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام خاڵی گرنگتر ماوە کاری لەسەر بکرێت، بەتایبەت چاکسازی لە ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و باج و دۆسیەی نەوت.
ئێستا بە هاوکاریی چەند کەسێکی پسپۆڕ سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکین بۆ ڕێکخستنەوە و باشترکردنی داهاتی ناوخۆ.
نزیکەی 22 هەزار کۆمپانیا لە کوردستاندا هەن، چەندیان باج دەدەن؟ کۆمپانیا هەیە لە ساڵێکدا 300 ملیۆن دۆلار قازانجی هەبووە، بەڵام باجێکی ئەوتۆی نەداوە جێگای باس بێت.
چەندین کۆمپانیای گەورە و دەستڕۆیشتوو بە ناوی عەفووی گومرگی یان بە ساختە دەڵێن: کاڵاکانمان ترانزێتە بۆ سووریا و یەک لەسەر پێنج گومرگ دەدەن و خۆیان لە گومرگ دزیوەتەوە.
چەندین کۆمپانیا بەهۆی کۆمەڵێگ گرێبەستی خراپ بەشێکی زۆری داهات بۆ خۆیان دەبەن، لەوانە: کۆکردنەوەی کرێی تابلۆ و پارەی مانگانەی ئاو و خاشاک و عەریزە نووسین، تابلۆی ئۆتۆمبێل و..هتد.
چەندین کۆمپانیا لە خاڵە سنوورییەکان بەناوی جیاواز پارە لە خەڵک وەردەگرن و لە بنەڕەتیشدا زۆریان هیچ کارێک ناکەن.
چەند کۆمپانیایەک سەدان ملیۆن دۆلاریان بەناوی خزمەتگوزاری و سکویریتی لە دۆسییەکانی نەوتدا برد، ئەو گەندەڵیەی لە دۆسیەی خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکانی نەوت و کۆمپانیای سکویریتیدا هەیە، لە هیچ دۆسیەیەکی تردا نییە.
چاکسازی لەم بوارانەی داهاتدا بکرێت، هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێ، هەموو هێز و توانای ئێمە بۆ ئەم چاکسازیانەیە، پێویستە هەمووانیش بە جدییەوە داوای ئەم چاکسازیانە بکەن و پشتیوان بن. [1]