$بۆ کوێخای دەوڵەتداری گەرمیان$
#قوباد تاڵەبانی#
#30-08-2020#
دەمەوێت لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە ڕێز و پێزانینی خۆم بۆ کەسێک دەرببڕم کە تەمەنی گەنجێتی وەک پێشمەرگەیەکی کۆڵنەدەر لە شاخ و پێدەشتەکانی کوردستاندا تێپەڕکرد و لەم ساڵانەی دواییشدا بە هەمان ڕۆحی سەردەمی خەبات و پێشمەرگایەتییەوە لە ڕێگەی پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە خزمەتی گەورەی پێشکەش بە گەرمیان و خەڵکی ناوچەکە کردووە.
کاک سەڵاح کوێخا لە کاتێکدا بەرپرسیاریێتی ئیدارەی گەرمیانی وەرگرت کە ئەو دەڤەرە خۆشەویستە ببووە چەقی ململانێی قوورسی سیاسیی و لە هەمان کاتیشدا ناوچەکە پێویستیی زۆری بە خزمەتگوزاریی ھەبوو. بێگومان لە وەها دۆخێکدا وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەکی ئاوا گەورە کارێکی قوورسە، بەڵام کاک سەڵاح بە سنگفراوانی و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە وەک خەمخۆرێکی گەرمیان و گەرمیانییەکان بەرپرسیاریێتییەکەی وەرگرت و توانی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ستراتیژی حکومەت لە ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ بکات و چەندین پڕۆژەی گرنگ و گەورەش جێبەجێ کران.
بە درێژایی ئەو ساڵانەی لە نزیکەوە لەگەڵ کاک سەڵاح کارم کردووە ئەوەی تێبینیم کردبێت دڵسۆزی و خەمخۆری بەڕێزیان بووە بۆ گەرمیان. بۆیە خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە سەردەمێک کارم لەگەڵ کوێخای دەوڵەتداری گەرمیان کردووە؛ هەم لەبەرئەوەی خۆی پیاوێکی کارامە و بەتوانا بووە، هەم لەبەرئەوەش کە سەرپەرشتیی کەلار بەتایبەت و گەرمیان بەگشتیی کردووە کە ناوچەیەکە ئێجگار شیرین لەدڵدا، دان بەوەشدا دەنێم کە بەخۆشحاڵییەوە سوودم لە ئەزموونی تێکۆشەرانەی وەرگرتووە لە ئیدارەدانی ناوچەیەکی فراوانی وەک گەرمیان کە خزمەتکردنیان هەمیشە شانازی بووە بۆ ئێمە.
ئێمە کە بەردەوام دەمانویست بەشێک لە قەرزەکانی سەرشانمان بدەینەوە بە گەرمیان و گەرمیانییەکان کە پشتیوانێکی گەورەی شۆڕش بوون و لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆریان داوە، ئێستا بەهۆی هەوڵ و دڵسۆزی و خەمخۆری کاک سەڵاحەوە تا ڕادەیەکی بەرچاو لەو ئامانجەمان نزیکتر بووینەتەوە کە گەرمیان بەرە و ئاوەدانتر بەرین، هەرچەندە دەزانم گەرمیان و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان پێویستیان بە خزمەتگوزاریی زۆر زیاتر هەیە، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستیمان بە کەسانی خەمخۆر و دڵسۆزی وەک کاک سەڵاح هەیە بۆ ئەوەی کاروانی ئاوەدانی بەردەوام بێت.
کاک سەلاح ڕاستە وەک یەکێتییەک پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی وەرگرت، بەڵام کەمترین ڕەخنە و گلەیی هاتووەتە سەر و هەمیشە بەیەک چاو سەیری هەمووانی کردووە و بە گیانێکی بەرزی نیشتمانییانەوە ڕەفتاری کردووە و بێگومان هەر ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرا.
لێرەدا ڕاستەوخۆ ڕووی قسەم دەکەمە کاک سەڵاح و ھیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم و باوەڕیشم وایە لە پاش خانەنشین بوونی، لە ھەر شوێنێک بێت و ھەر کارێک بگرێتە ئەستۆ، خزمەتکردنی نیشتمان و گەلەکەمان، کاری لەپێشینەی دەبێت و ھەر بە هەمان ڕۆحییەتەوە بەردەوام دەبێت کە خزمەتی ناوچەیەکی ئەنفالدیدە و شەھیدبەخشی وەکوو گەرمیانی پێ کرد و ھیچ کاتێکیش درێغیی نەکرد.
لە کۆتاییدا هیوادارم کوردستان نموونەی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری وەک کاک سەڵاحی زۆر بێت. [1]