$یەکێتی و نیولیبراڵیزم$
#مامۆستا جەعفەر#
#25-10-2019#
$روونکردنەوەیەکی پێویست:$
$نیولیبراڵیزم Neolibralism یان لیبراڵیزمی نوێ: چەمکێکی سیاسی و ئابوورییە و بە ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵەمانی هەزاران لێکۆڵینەوەی لەسەر نووسراوە. ئەم ڕێبازە فیکری و ئایدیۆلۆژییە، لە سەرانسەری جیهاندا لایەنگر و بەرهەڵستکاری هەیە.$
لایەنگرانی، لە ڕۆژاوا برەویان بەم ڕێبازە داوە و بەشێک لەبەرنامە و سیاسەتی نیولیبراڵ کاریگەریی لەسەر مێشک و هزر و ڕەفتاری خەڵک داناوە. له بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگییەوە، ئەم ڕێبازە ڕەنگیداوەتەوە و دەیەوێت زمان، بیر، ویست و هەڵوێست ، له مرۆڤ وەربگرێتەوە و بۆ ئامرازێکی بێ گیان و هەست و هزر بیگۆڕێت.
ڕۆژنامەنووسی ئەڵەمانی ژان تسیگلەر دەنووسێت: فاشیزمی ئەڵەمانی پێویستی بە ماوەی (6) ساڵ بوو بۆ ئەوەی بتوانێت (56) ملیۆن مرۆڤ لەناوبەرێت. سیستمی ئابووریی نیولیبراڵ، دەتوانێت تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا ئەم کارە بکات..
هەڵمەتی هەڵپاچین و داپاچین، زانکۆ و خوێندنی باڵای گرتووەتەوه و دەستکاری سیستمی خوێندنی باڵا دەکرێت و ناوی لێنراوە: (شۆڕش لەسەرەوە) یان شۆڕشی کەمینە دژی بەرژەوەندیی زۆرینە.
بیرمەندێک پێیوایە پلان و گۆڕانکارییەکانی لیبراڵیزمی نوێ دەیەوێت قۆناخی زیندووکردنەوەی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی بهێنێتە پێشەوە، گوایە: هەڵوەشاندنەوەی (کەرتی گشتی) و سەپاندنی (تایبەتاندن) Privatization ئەم پڕۆسەیە دەسەڵاتی نوێی داسەپاندووە کە لەگەڵ دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی هاوشێوەیی و هاوڕەنگی بەرجەستە دەبێت. ئەم دیاردەیە نێوی لێنراوە Refeudalization، سەیر ئەوەیە ماکس ڤێبەر (1864 1920) پێش نزیکەی سەد ساڵ ئاماژەی بە گەشەکردنی بیرۆکراسی کردووە کە دەبێ دەزگای بیرۆکراسی هەر زۆر لە (ماڵ) ەوە دووربێت و نابێ (فەرمانگە) بەشێک بێت لەماڵ یان بە ماڵەوە گرێبدرێت. ئێستا نیولیبراڵەکان (فەرمانگە) و پلە و پۆست و جێگەی کاریان وەکوو بەشێک لە موڵک و ماڵی خۆیان دەبینین و حزب و پۆست بۆ دەستکەوت و پارە پەیداکردن بەکاردەهێنن و ڕێگە نادەن کەس لە سنووری دەسەڵات و کورسیی ئەوان نزیک ببێتەوە.
چینی دەسەڵاتدار و سەرەوەی کۆمەڵ له رۆژاوا، پشتیووانی لەم ئایدیۆلۆژیایە دەکات. ئەوان دەزانن بۆ دەبێ داکۆکی لەم ڕێبازە بکەن. زۆر چاک دەزانن ئەم ئایدیۆلۆژیایە کاریگەریی فرەلایەنی هەیە و کەڵک و قازانجی بۆیان هەیە.
له رۆژهەڵات به راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەم ئایدیۆلۆژیایە له بازاڕ و مۆڵ و ناوەندی بڕیاری سیاسی، بە زەقی ڕەنگیداوەتەوە و زیانی خۆی لە کۆمەڵ و فەرهەنگی سیاسی داوە. کەسانێک هەن یەک دێڕیان لەسەر لیبراڵیزمی نوێ نەخوێندووەتەوە، کەچی بەکردەوە هەر زۆر لە نیولیبراڵەکان نیولیبراڵترن!
ڕاستە نیولیبراڵیزم لە ڕۆژاوا سەری هەڵداوە و لایەنگری خۆی هەیە، بەڵام ئەم ڕێبازە دوژمن و بەرهەڵستکاریشی هەیە. لەسەر ئاستی جیهان، بەرەبەرە خەریکە بەرەیەکی فراوان بەرانبەر ئەم ئایدیۆلۆجیایە درووست دەبێت. بەهەزاران ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی، کەسایەتی گەورە، هێزی سیاسی ڕەخنەی توند و زانستی لەم ئاڕاستەیە دەگرن . لە هەموو ڕوویەکەوە مەترسییەکانی بۆ سەر کۆمەڵ و ژینگە و داهاتووی مرۆڤایەتی دەخەنە بەرچاو. لە ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیای گەورە، ئەڵەمانیا و سویسرا کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن و بە بەڵگە و داتا کێشەکان بۆ خەڵک ڕوون دەکەنەوە. بابەتەکە لەناو پەڕڵەمان شەڕە دەنووکی لەسەر دەکرێت. زانکۆ و ناوەندە زانستی و فەرهەنگییەکان، بەکۆڕ و سیمینار دەورێکی گرنگ لە ڕیسواکردن و شیکردنەوەی ناوەرۆکی ئەم ڕێبازەدا دەگێڕن.
$لیبراڵیزم و نیولیبراڵیزم$
چەمکی لیبراڵیزم لەڕووی زاراوەسازی و ئیتمۆلۆژیەوە، ڕەنگە سەرنج بۆ لای ئەوە ڕابکێشێت: لێکچوون و نزیکبوونەوەی لەگەڵ (لیبراڵیزمی نوێ) دا هەبێت و لە چەند دەرگاو پەنجەرەیەکەوە بە یەک بگەن! ئەوەی ڕاستی بێت، ئەم دوو (فێرگە) و (ئاڕاستە) و (ئایدیۆلۆژیا) یە هەر زۆر لەیەکەوە دوورن، هەریەکە (دید) و (تێڕوانین) و (جیهانبینی) خۆی هەیە و ڕایەڵ و دیواری هاوبەشیان نییە!
لیبراڵیزم جاران بڕوای بە بازاڕی ئازاد، بازرگانیی ئازاد و ئازادیی تاک هەبوو. نوێنەرانی ئەم ڕێبازە بڕوایان بە مافی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەبوو. فەیلەسووف و ئابووریناسی بەناوبانگ ئادەم سمیس Adam Smith (1723 1790) نووسەری پەڕتووکی سامانی گەلان The Wealth of Nations یەکێکە لە ڕابەرانی بیری لیبراڵیزم. ئادەم سمیس ناسراوترین پێشەوای بزاڤی ڕۆشنگەریی سکۆتلەندەیە و پەڕتووکی بەنرخی لەسەر پەروەردە داناوە. ئەو لە پەڕتووکی (سامانی گەلان) دا دەنووسێت: دادپەروەری کۆڵەگەیەکی سەرەکیی تەلاری کۆمەڵی مرۆڤایەتییە. لەم هاوکێشەیەدا ئەگەر دادپەروەری دەرهاوێژرا، کۆمەڵ بەجارێک هەرەس دەهێنێت.. تاد . پێشەنگەکانی تری بیر و فێرگەی لیبراڵیزم، بەگیانی ڕۆشنگەری دیموکراسییەوە قسەیان له ئازادی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ کردووە.
لیبراڵەکان دەمێکە ئاڵای دژایەتی نیولیبراڵەکانیان بەرزکردووەتەوه و سەرهەڵدانی نیولیبراڵیزم بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئازادی و بازاڕی ئابووری دادەنێن. ناسراوترین کەسایەتی لیبراڵ (ڤیرنەر فۆنتۆبل) ە، کە ژمارەیەک پەڕتووک و لێکۆڵینەوەی لەسەر جیاوازیی ڕێبازی لیبراڵ و نیولیبراڵیزم نووسیوە.
نیولیبراڵیزم، بیر و هزری تەنیا لای گەشەپێدانی بازاڕی ئابووری و فراوانکردنی دەستکەوت و قازانج و سەرمایەی زەبەلاحه، بەبێ ئەوەی هێز و وزەی زۆریان له و پڕۆژەیەدا سووتاندبێت: یەکگرتنی دوو بانک دەبێتە هۆی ئەوەی (10.000 15.000) کرێکار و کارمەند و فەرمانبەر ڕەوانەی ماڵەوە بکرێن. جێگەی ئەمانە بە ڕۆبۆت و ئامێری دیجیتاڵ پڕ دەکرێتەوە. لە سۆنگەی ئەم یەکگرتنەدا، قازانجی بانکی نوێ چوار پێنج ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێ. لای بەڕێوەبەرە باڵاکان و خاوەن پشکە زۆرەکان ئەم (دەستکەوت) و (قازانج) و (سەرکەوتن) ە، زۆر لەسیاسەت و حزب و فەرهەنگ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گرنگترە! سیاسەت و کار و چالاکیی ئەوان تەنیا لەخزمەت (پارە) پەیداکردن و (پارە) کۆکردنەوە و بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی داراییە و هیچی تر!
نوێنەرانی لیبراڵیزمی نوێ دوژمنی سەرسەختی دیموکراسین. ئەمانە بڕوایان بە هەڵبژاردن و دەستاو دەستی دەسەڵات نییە. ئەوان تا ئەوکاتە لایەنگری دیموکراسین، دەسەڵات لەدەست ئەو چینەدا بمێنێتەوه و بەرژەوەندیی ئەوان نەکەوێتە مەترسییەوە. ئێستا لەچاو سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، سەندیکای کرێکاران لاوازتر کراوە، هێزە دیموکرات و سۆسیال دیموکراتەکان پاشەکشەیان پێکراوه و سەردەمی (ڤیللی برانت، ئۆلف پالمە، کرایسکی، هیلمۆت شمت، ..) بەسەرچوو.
$دەوڵەتی یاسا و دەوڵەتی سۆسیال$
نیولیبراڵەکان خاچی هەڵتەکاندنی دەوڵەتی یاسا و دەوڵەتی سۆسیالیان لەسەر شان داناوە، لەبەر ئەوەی دامەزراوە دیموکراسی و قانونییەکان لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەواندا ناگونجێت. لە سۆنگەی هەڵپاچین و داپاچینی دامەزراوەکانی کەرتی گشتی (هاتوچۆ و پۆست، ..) هاووڵاتی دەبێ چاوەڕوانی گرانکردنی تکتی شەمەندەفەر بێت و ئاستی خزمەتگوزاریش دابەزیوە. خوێندکاران له هەلومەرجی نەگونجاودا دەبێ خوێندن بەسەربەرن.
هەشتاکانی سەدەی پێشوو، بیمەی تەندرووستی بە بڕێک بەشداریی کەم خزمەتێکی زۆری پێشکەشی نەخۆش دەکرد: دەرمانخانەکان بۆ هەر دەرمانێک کە دکتۆر لەسەر ڕاچێتە دەینووسی، تەنیا دوو مارکی دەدا. ئێستا دەرمان وەکوو ئاگری لێهاتووە. دکتۆری ددانیش بۆ هەر دانیشتن و چارەسەر و ئامۆژگارییەک داوای پارەی زۆر لە نەخۆش دەکات.
یارمەتیی دەوڵەت و ئاسانکاری و سووککردنی باری هاووڵاتییان (مووچەی بێکاری بۆ نموونە) گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە.
$نیولیبراڵەکان چییان دەوێت؟$
نیولیبراڵەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات یەک دروشمی ناوەندییان هەیە: (پارە) پەیداکردن و دەستگرتن بەسەر سەرچاوە داراییەکان و دڵنیابوون لە بێدەنگبوونی خەڵک. ئەو ڕاوەڕووتی خۆی دەکات و سامانی وڵات بە تاڵان دەبات، بەڵام هاووڵاتییان نابێ (ئاژاوە) بنێنەوە و زیان بە دەوڵەت بگەیێنن. مووچە کوورت دەکرێتەوە و باج بەرز دەکرێتەوە، نابێ ڕێپێوان و خۆپیشاندان و مانگرتن ڕوو بدەن. هاووڵاتییان دەبێ پشتێنەکەیان توند بکەنەوە و له و پاشەکەوتە خۆیان بژێنن کە پێشتر پاشەکەوتیان کردووە. نابێ دەوڵەت بەرپرسیارێتی خۆی دەستۆ بگرێت، هەر لەبەر ئەوەی هاووڵاتی کەمتەرخەم بووە و (رۆژی ڕەش) ی لەبەرچاو نەگرتووە.
ڕاینەر ماوزفێڵد (Rainer Mausfeld) ، پڕۆفیسۆرێکی ئەڵەمانییە، ساڵی 2019 پەڕتووکێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (بۆ بەرخەکان بێدەنگن؟) ئەم پەڕتووکە دەنگیدایەوە و هەر ئەمساڵ دوو جار چاپکراوه و نووسەرەکەی چەندین کۆڕی بۆ گیراوە و زۆربەیان له یوتیوب بڵاوکراونەتەوە. یەکێکیان لە ماوەیەکی کەمدا 200 هەزار بینەری هەبووە. ماوزفێڵد بەچڕی باسی میکانیزمی بێدەنگکردنی خەڵکی خستووەتە ڕوو. کاتێک یەلەک زەردەکانی پاریس خۆپیشاندانیان کرد، ماوزفێلد کۆڕێکی تایبەتی لەسەر ئەوە گرت و ناوی کۆڕەکەی نا (بەرخە یەلەک زەردەکان هاتنە دەنگ) .
$نیولیبراڵیزمی کوردی$
یەکێتی جاران خۆی بە ڕێکخراوێکی چەپ، شۆڕشگێڕ و کوردستانی دادەنا. خۆی بە حزبی ڕۆشنبیران و شۆڕشگێڕان و ڕەنجدەران دادەنا. ئێستا زۆربەی سەرکردایەتی ئەم حزبە نامۆن بە مێژووی خۆیان. مریشکە و لاسایی قاز دەکاتەوە. ئەوانە ڕۆژانە نەفرەت لە ناسنامەی کۆن و ڕابوردووی گەلەکەیان دەکەن. ڕقیان لە بیروباوەڕی چەپ و شۆڕشگێڕ و چینی ڕۆشنبیرە. دوژمنی سەرسەختی دیموکراسی و بیروڕای مۆدێرنن. بەهۆی ئەم جیهانبینی و هەڵوێست گۆڕینەوە لە هەڵبژاردنی #30-09-2018# ڕێژەی دەنگەکانی یەکێتی بۆ 21% دابەزیوە لەچاو هەڵبژاردنی 1992.
پاژێکی سەرکردەکان ڕەنگ و خووی بازرگان و بەڵێندەریان گرتووە: بە ڕێکەوت گوێ لە دەنگوباس دەگرن و ڕۆژنامە دەخوێننەوە. کوڕەکانیان، چەند ئۆتۆمبێلێکی جامڕەش پاسەوانییان دەکات. ئەم سەرکردانە بڕوایان بە دیموکراسی و هەڵبژاردن نییە و بڕوایان بە کڕینی دەنگ و گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنە بۆ ئەو کاندیدانەی گوێڕایەڵ و بێدەنگ و سەر بە باڵی ئەوانن، دەربچن و له هۆڵی پەڕڵەمان بە ڕیمۆت کۆنتڕۆڵ کار بکەن.
پێوەری کەسایەتی کادر و ئەندامان لای ئەوان هێز و دراوە. کەسێک دۆلارێکی نەبێت دۆلارێک ناهێنێت. کەسێک ڕێزی خۆی و خەڵک بگرێت لای ئەوان زۆر سووک و سەلیمە. ئەمانە دەیانەوێت یەکێتی نەک چەند باڵ و سەکۆ و فراکسیۆنێک بێت، بەڵکوو تەنیا چەتری پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەوان بێت. ئەوان باش له و ڕاستییە تێگەیشتوون: یەکێتی نەبێت ئەوانە کێ دەسەڵاتیان دەداتێ و حیسابیان بۆ دەکات؟ بۆیە دەیانەوێت یەکێتی بمێنێتەوە، بە مەرجێک لەبن دەستی خۆیاندا بێت. دوای خۆشیان کوڕەکانیان جێگەیان بگرنەوە. واتە: بۆ داهاتووی نزیک چەند بنەماڵە درووست بێت و ئەوانە بە تەنیا قۆرخ و پاوانی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی و داهاتی کۆمپانیای نۆکان بکەن. لای ئەوان ڕێکخستن و مەڵبەند و کەرت و کۆمیتە و مەکتەب و ناوەند توورێکی قوڕاوی ناهێنێت. مێژووی یەکێتی و فیداکاریی شەهیدان و زیندانی سیاسی و کەسوکاریان لەدوو چەپک کوزەڵە هەرزانترە. هزر و بیر لای ئەمانە باس بکەیت وادەزانن گوێزیان بۆ دەژمێریت... تاد.
پاژێک لەم سەرکردانە پێش 2016 باسی ( (شەفافیەت) ) یان دەکرد! واتە: دەبێ داهاتی دارایی یەکێتی بە کراوەیی بە بەرچاوی ئەوانەوە بێت. دیارە ئەو سەرکردانە مەبەستیان (شەفافیەت) و ترانسپرێنت نەبوو. مەبەستیان لە شەفافیەت ئەوە بوو: پاره و داهات بخرێتە بەردەستی ئەوان. هەر ئەوکاتە من لە کەناڵێکی ئاسمانی وتم: ( (ئەمانە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی گەورەن. با ئەوان لە خۆیانەوە دەستپێبکەن! بۆ لەخۆیانەوە دەستپێناکەن؟ لەخۆیانەوە دەستیانپێکرد و موڵک و ماڵی خۆیان لە بەردەم (دەستەی ئەستۆپاکی) خستەڕوو، ئەوکاتە ڕچە دەشکێنن و بڕوای کۆمەڵانی خەڵک وەدەستدەهێنن..) ) ئەوانەی ئەوکاتە شه و ڕۆژ داوای شەفافیەت و ئاشکراکردنی سامان و موڵک و ماڵی یەکێتییان دەکرد، ئەمڕۆ دەنگیان لێوە نایەت و دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە. کەسیش ئەمڕۆ مافی نییە باسی شەفافیەت و چاکسازی و پاکسازی بکات.
ئەگەر بە ڕابردوو بێت، بە پەیڕه و و پرۆگرام بێت، یەکێتی حزبێکی سۆسیال دیموکراتە. سۆسیال دیموکرات بەتەنیا بەسەرزارەکی نابێت، دەبێ بە کردەوه ئەو سەرکردانە سۆسیال دیموکرات بن! دەبێ سەرسەختترین داکۆکیکار بن لە دەستکەوت و قازانجی هەژار و چەوساوە و لێقەوماوان.
دەبێ قوورسترین شەڕ لەپێناوی دیموکراسیدا بکەن. دەبێ ئەوانە، بە دیمەن، هەڵسوکەوت، گیرفان، ماڵ، ئۆتۆمبێل، نوێنەرایەتیان لە پەڕڵەمان و داوودەزگای دەوڵەت، سۆسیالیست و دیموکرات بن، نەک فیرعەون و نمروود و جەنگیزخان. من سەرۆکی چینم بینیوە، بەسواری یەک ئۆتۆمبێل ڕۆیشتووە و خۆم خواحافیزیم لێکردووە. جگە لە من و وەرگێڕەکان کەس بەدوایەوە نەبوو. ئەنگێلا مێرکل خۆی و مێردەکەی دوو قۆڵی بۆ بازاڕ دەچن و کولەکە و تەماتە و کەرەوز دەکڕن.
پێویستە لەم کۆنگرەیەی یەکێتیدا، ئەندامانی کۆنگرە پێشەکی ئەوە ساخبکەنەوە: ئایا سۆسیال دیموکراتن یان نیولیبراڵن؟ من یەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەناو ئەم یەکێتییەدا بەدی ناکەم! کادرێکی لاوی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرز دەبینم، گیرفانی 250 دیناری تێدا نییە، برای پاسەوانی لێپرسراوێک دەناسم، ئۆتۆمبێلی لکسسی هەیە و ڤێلایەکی جوانی لە مێرگەپان هەیە. گوایە: ئەو لێپرسراوە سۆسیال دیموکراتە. لێپرسراوی هەر زۆر باڵا هەیە: لەپارەوە سەد جار لە بەردەم میدیاکان دەرکەوتووە و یەک جار نەیفەرمووە: (من یەکتێیم!) .
بودجەی ساڵانەی سعودیە ڕادەستی ( (هەڤاڵان) ) ی نیولیبراڵی کوردی بکرێت، بەشی چوار ڕۆژیان ناکات.. کەواتە: دەبێ کۆنگرەی داهاتوو ( (چوارەم) ) ئەگەر پاش بڵاوبوونەوەی ئەم وتارەی بەندە ببەسترێت و بۆ کاتی نادیار دوانەخرێت، کۆنگرەی چاکسازیی بنەڕەتی بێت و کۆنگرەی پینه و پەڕۆ و ماچ و مووچ و قاچ و قووچ و تەزویری دەنگ و شێواندنی ئیرادەی دڵسۆزان و خەمخۆران و مافخوراوانی یەکێتی نەبێت.
دەبێ سەرجەم ئەندامانی ی.ن.ک بڕوای سەدا سەدیان بەراستگۆیی سەرکردەکانیان هەبێت. سەرکردایەتی دەبێت بەکردەوە ئەوە بسەلمێنێ کە پەیڕەوی لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکرێت و ژیان و گوزەرانی ئەوان لەگەڵ سادەترین کادردا، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. کادرە پێشکەوتووەکان قەناعەتی نەگۆڕیان لا پەیدا بووە، لەنێوان ئەوان و سەرکردایەتیدا خەرەندێک لە گومان و بێبڕوایی درووست بووە!
با نیولیبراڵەکانی ناو سەرکردایەتی ی.ن.ک لەگەڵ خۆیاندا ئەوەندە ڕاستگۆ بن و خۆیان ساخبکەنەوە: لەمبەرن، یان لەوبەرن! [1]