$ئایا یەکێتی بیری هەیە؟$
#مامۆستا جەعفەر#
#08-11-2018#
$ڕوونکردنەوە$
ئەم نووسینە لەئەنجامی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ سۆسیال دیموکرات و چەپەکان و سەوزەکانی ئەڵمانیا و سوید و نووسەر و لێکۆڵیارانی کورد دا نووسراوە. سۆسیال دیموکراتەکان بۆ نموونە: دەزانن بۆ ئەوان سۆسیال دیموکراتن؟ ئەوان بڕوای نەگۆڕیان بە (دەوڵەتی قانوون) و (دەوڵەتی سۆسیال) هەیە و بڕوایان بە خەباتی پەڕڵەمانی و مانگرتن و ڕێپێوانی ئاشتیانە هەیە. دروشمی سەرەکی ئەوان بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئازادی و بووژانەوەی ئابوورییە. ئەوان بڕوایان بە (سۆسیالیزم) هەیە، سۆسیالیزمێک بەبێ زەبروزەنگ و (شۆڕش) بەدی بێت. ئەوان بڕوایان بە فەلسەفەی مارکسی هەیە و بڕوایان بە بیروڕای (لینین) و (ستالین) نییە!
ئەم دەقەی لێرە بڵاودەکرێتەوە، بە ئەڵمانی نووسراوە و پاشان کراوەتە کوردی و ئەڵمانییەکەی هێشتا بڵاونەکراوەتەوە، هەرچەندە دوو سێ سۆسیال دیموکراتی ئەڵمان پێیان باش بوو، بەبێ دەستکاری بڵاوبکرێتەوە.
ئەم نووسینە (20) پاژە و ئێمە جارێ دەمانەوێت تەنیا سێ پاژی بڵاوبکەینەوە. مەبەستمان ئەوەیە دەرگای گفتوگۆ و لێدوان بخەینە سەرپشت و خەڵک لەبیروڕای (ی.ن.ک) بە باشی تێبگەن و بزانن (بیر) ی هێزێکی سیاسی چییە و چۆن لێی تێبگەین؟ ئەگەر هێزێک (بیر) و (فەلسەفە) و (تیۆری) نەبوو زیانی پێدەگات یان قازانج؟
ساڵانی حەفتاکان لەناو ڕۆشنبیراندا ئەو گوتەیە باو بوو: بە ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن کۆمەڵ بەرەوپێشەوە دەچێت. من خۆم پێمباشە یەکێتی ئەگەر (حزب) ە و ئەگەر سۆسیال دیموکراتە، دەبێ بیرو ئایدیۆلۆژیای خۆی هەبێت، نەک بەناوی یەکێتییەوە و لەبن پەردەی سۆسیال دیموکراتدا، ڕێگا بدرێت ئاڵای دژایەتی ڕووناکبیران، جیهانی فەلسەفە و ڕۆشنبیری بەرزبکرێتەوە و بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا وەکوو (قەچاخ) هێڵی سووری بەبندا بهێنرێت.
$بیر و ئایدیۆلۆژیا$
حیزبی سیاسی، بە ئایدیۆلۆژیا و ڕوانگە و بیروباوەڕ و پەیام و تێگەیشتنی سیاسییەوە دەناسرێتەوەو خۆی لە هێزەکانی تر جیادەکاتەوە. لەسەر زەمینە و بنکەی بیر بنچینە و کۆڵەکە و دیوار و دیزاین و دیکۆری دەرەوەو ناوەوەی حزب هەڵدەچنرێت. مرۆڤ و مێروولە، بیر، لەیەکیان جیادەکاتەوە. بیر بڕبڕەی پشتی ڕێکخستن و ڕێگای وەدیهێنانی ئامانجەکان تەخت دەکات. ڕێکخراوە بچووکەکان، ڕەنگە بیرۆکەیەکی بچووک، لەچواردەوری کێکێک کۆی کردبنەوە. بەپێچەوانەوە، حیزبە گەورەکان بیروباوەڕێکی گرنگتر و سەرنجڕاکێشتر درووستی کردوون. سەرکردەیەکی بوودەڵە و بێ کەڵک و خواروخێچ، ناتوانێت بیرێکی بەرز و مەزن بەرهەم بهێنێ!
بیرێکی مەزن و بزوێنەر نەبێت، حیزب لەسەر پشتی هیچ درووست نابێت! مریشک کڕیش بکەوێت، هێلکە لەبنیدا نەبێت، جووجک هەڵناهێنێ. ناکۆکیی کۆمەڵایەتی و جیاوازیی نەتەوەیی و کولتووری و ئایینی، لەنێوان دوو جەمسەردا، ململانێ و پێکدادانی ئاشکرا و نهێنی دەتەقێنێتەوە: ئەمەش چەند نموونەیەکە لە جەمسەرەکان:
- ناکۆکیی نەتەوەیی: دوو نەتەوە، لەناو یەک دەوڵەتدا
- ناکۆکیی چینایەتی: کرێکار و سەرمایەدار - جووتیار و دەرەبەگ
- ناکۆکیی نێوان هێزی ئایینی و سیکۆلار
ناکۆکیی نێوان جەمسەرەکان سادەو سارد و سەرەتایی بوو، حیزبی ناسیۆنالیستی، بەدروشمی نەتەوەیی و دژی شۆڤینزمی نەتەوەی سەردەستە لەسەر شانۆی ڕووداوەکان دەرناکەوێت. بەڵام ئەگەر ناکۆکییەکان گڕگرتوو بوون، چەوسانەوە و غەدری نەتەوەیی و گیانی لووتبەرزی زاڵ بوو، لەسەر بنەمای شانازی و جیاوازی و فەرهەنگی نەتەوەیی، حزب درووست دەبێت بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکان و بەدیهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی لە هەناوی ناکۆکییەکان و بورکانی چەوسانەوەدا، ئامراز درووست دەبێت بۆ چارەسەرکردنی چەوسانەوە و کێشەی پاشکۆیەتی و داگیرکراوی و نادادپەروەری. حزب و ڕێکخراو، ئامرازێکن بۆ بەرجەستەکردنی ویستی گەلێک، یان چینێک بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکان.
چەوسانەوەی چینایەتی لە شارەکانی بەریتانیای ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم، پارتی کرێکارانی هێنایە سەر شەقامەکان و مانگرتن و خۆپێشاندان دەستی پێ کرد. پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی، چەوسانەوەی چینایەتی و خراپیی هەلومەرجی ژیان درووستیکرد. خەبات دژی چینی سەرمایەدار، هۆیەک بوو لە هۆکارەکانی لەدایکبوونی پارتی سۆسیال دیموکرات و ڕێکخراوە چەپەکانی دیکە.
بۆ لە ساڵانی پێش ڕاپەڕینی 1991 حیزبیلیبراڵ و پارێزگاران و ڕێکخراوی ژینگەپارێزی و یەکێتی پەڕڵەمانتاران لەناو ناوەند و کۆڕە سیاسییەکاندا، لەدایکبوونی خۆیان ڕانەگەیاند؟ بۆ پاش هەرەس و تێکشکان و نسکۆی 1975 زۆربەی توێژی خوێندەوار و سیاسی و ڕووناکبیر، تەنیا بازنەی بیرکردنەوەیان لەسەر لووتکە شاخ و لوولەی تفەنگەکان گیرسابووەوە؟
بۆ پاش کارەساتی 1975 ، ڕێکخراوێکی بچووک، نهێنی، نەناسراو و گومناوی وەکوو (کۆمەڵە) هەر یەکسەر خۆی دەگۆڕێت بۆ ڕێکخراوێکی دینامیکی، توندوتۆڵا و دەستوەشێن و ترسێنەر، سەرەڕای شاڵاوی گرتن و ڕاونان و کوشتنی بەشێکی سەرکردە و کادرە ناودارەکانی؟
پاش داڕووخان، هەرەس و هەڵەنگوتن، ڕادەی چەوسانەوەی نەتەوەیی، لەسەر هەموو ئاستەکان، بەهێزتر کرا، هەڕەشەی نەمان و لەناوچوون، لەم قۆناغەدا، بەهیچ قۆناغێکی مێژووی گەلی کوردستان بەراورد ناکرێت.
ئەم گوشار و تەنگپێهەڵچنینە دڕندانە و شۆڤێنییە، خرایە سەر سەرجەم دانیشتووانی کوردستان، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێدەکەوتەوە. ئامرازەکانی کاردانەوە، بەرەنگاربوونەوە، ڕووبەڕووبوونەوە، بەگوێرەی پێویست نەبوون. لەچاو قەوارەی زیانکەوتن و ڕووداوە دراماتیکییەکان هەر هیچ نەبوو. دەنووسم هیچ چونکە دەزانم کێش و قوورسایی و کاریگەریی هیچ چەندە زۆرە، لەچاو قەوارە و قوورسایی سەرجەم تراجیدیاکانی ئەو سەردەمەدا. کەسێک، بە بەرچاویەوە، خانووەکەی دەسووتێنرێت، ئەویش لەدڵی خۆیەوە مۆڕەیەک دەکات. من دەزانم چەند دەستەیەکی بچووک بچووک، چەند چالاک و بزێو بوون و ئەو خەباتە بووە هەوێنی ئەم ئەزموونەی ئەمڕۆ.
ساڵی 1975 کاتێک (ی.ن.ک) ڕاگەیێنرا، ئێمە چیمان بەدەستەوە بوو؟ ڕێکخستنێکی بێ سەرکردایەتی. دەریایەک نائومێدی و هەزاران برین و کۆت و زنجیر. شوێنی خۆشاردنەوەمان نەبوو. پارەی نان و کەبابێکمان نەبوو. ئۆتۆمبێلێکی شەق و شڕمان نەبوو. چەند دەمانچەیەکی نوێ بۆ خۆپاراستنمان نەبوو. نینۆکمان نەبوو سەرمانی پێ بخورێنین. بەشێک لە سەرکردە ناسراوەکان، ملیان لەژێر چەقۆی دوژمندا بوو. هیچ نەخشە و پلانی کار و جووڵانەوەمان نەبوو. شانەی سەربازی و پێشمەرگایەتی نەبوو کە وەکوو هەوێنی سوپای دواڕۆژ ئامادەکرابن.
ئەوەی هەمانبوو: تایپ و ڕۆنیۆیەکی ژەنگاوی. چەند کادر و ئەندامێکی بوێر، لەخۆ بوردوو، بەباوەڕ، هۆشیار و بەئاگا، لەگەڵا ویستێکی پۆڵایین کە ئەوکات بڕوایان وابوو، دەتوانن بەهێزترین سوپای ئەم سەرزەمینە وردوخاش بکەن. ئەو ژمارە بچووکە خەونێکیان هەبوو، دڵنیابوون ئەو خەونە، سەرەڕای نا هاوتایی تەرازووی هێز، هەر دێتە دی.
پاش چل ساڵا، ئێمە لە ئاوێنەی مێژوودا، سەیری کاردانەوەی گەلێک دەکەین، لەبەرەبەیانی شۆڕشەکەیدا، هەرەس، بەشێوەیەک ورەی زۆربەی زۆری خەڵکی ڕوخاندبوو، کەم کەس دەیوێرا بیر لە چەکهەڵگرتنەوە، یان پشتیووانیی شۆڕش بکاتەوە.
بۆ وێناکردنی قەوارە و کاریگەریی کاردانەوەی گەلی کورد لە ساڵی 1975 ، بە مەبەستی بەراورد، دوو سەد ساڵا دەگەڕێینەوە دواوە و چاوێک بە لاپەڕەکانی مێژووی شۆڕشی ئەمریکی ساڵی 1776 دا دەگێڕین. ئەم شۆڕشە تەنیا حەوت ساڵی خایاند و دەوڵەتێکی نوێ لەسایەیدا لەدایکبوو کە ئێستا بەهێزترین دەوڵەتی دونیایە. جۆرج واشنتن، ئەگەر لەلایەن خاوەن بانکێکی وەکوو (رۆبەرت مۆریس) ەوە لەڕووی داراییەوە یارمەتیی نەدرایە، هەروا بەئاسانی نەیدەتوانی تاجی سەرکەوتن لەسەربنێت.
ئەمڕۆ دەزانرێت کاتێک یاسر عەرەفات و فەلەستینییەکان لە ساڵی 1967 ڕێکخراوی (فتح) یان درووست کرد، چەند چەک و پارەیان بەسەردا بارێنرا و لە چەندین شوێن ئۆردوگای مەشقیان بۆ کرایەوە.
کۆمەڵە و پاشان (ی.ن.ک) بەدەستی بەتاڵا و لە هەلومەرجێکی زۆر نەگونجاودا شانیان دایە بەر ئەو ئەرکە مێژووییە قوورسە. ئەوکاتە کۆمەڵە و یەکێتی بیروباوەڕ وپەیامیان هەبوو. یەکێتی ئەمڕۆ چەک و پارەی هەیە، بەڵام بیروباوەڕ و پەیامی نییە.
$سۆسیال دیموکرات$
بیست ساڵ لەمەوپێش، سەرکردەیەکی ئێستای (ی. ن.ک) و کادرێکی پێشکەوتووی ئەوسای کۆمەڵەم بینی. پرسیاری ئەوەی لێکردم کە ئایا باشمان کردووە دەستمان لە تیۆری مارکسیزم و ئەندێشەی (ماوزەتۆن) هەڵگرتووە، یان هەر لەسەر هەمان ڕێباز و بەردەباز بەردەوام بووینایە؟
من ئەوکاتە پرسیارەکەیم بە پرسیارێکی تر وەڵام دایەوە: ئەی ئێوە ئەمڕۆ سۆسیال دیموکرات نین، تیۆرییەکانی سۆسیال دیموکرات، جێگەی تیۆری مارکسیزم ئەندێشەی (ماوزەتۆن) ی نەگرتۆتەوە؟
ئەو وتی: ئێمە بووینە ئەو کوردەی خۆی لە هەردوو جەژن کرد. دەستمان لە مارکسیزم هەڵگرت و نازانین ئەم سۆسیال دیموکراتە چییە؟
من هەر زۆر ڕاشکاوانە پێمگوت: من بڕوام بە سۆسیال دیموکرات نییە. حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی، لە هەشتاکاندا هەڵوێستی لە ڕژێمی سەدام هەر زۆر دۆستانە بوو، هەڵوێستی لە خەباتی گەلی کوردستان، پڕ شەرمەزاری بوو، بەرانبەر بە کیمیابارانی هەڵەبجە ئامادە نەبوون بەیانێک بڵاوبکەنەوە. سەوزەکانی ئەڵمانیا و هەندێ ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و نووسەر و ڕۆژنامەنووس هەڵوێستیان جوامێرانە بوو..
ئەو وتی: حیزب بیروباوەڕێکی نەبێت لەسەری بڕوات و ڕێگای بۆ ڕۆشن بکاتەوە، وەکوو ئەوە وایە یەکێک لە ناوجەرگەی بیاباندا بزربێت و دڵۆپەیەک ئاوی پێ نەبێت و قۆمپاسەکەیشی شکابێت..
کێشەی بەشێکی سەرکردایەتی (ی.ن.ک) ئەوەیە، نازانن سۆسیال دیموکرات چییە و نازانن دەتوانرێت بەرنامەی سۆسیال دیموکرات لە کوردستاندا جێبەجێ بکرێت؟
ڕەنگە یەکێکیان بڵێت: قسەکەی مامۆستا جەعفەر وانییە و ئێمە هەر زۆر باش لە سۆسیال دیموکرات تێگەیشتووین! من دەڵێم: بۆ ڕەنگی نەداوەتەوە لە بەرنامە و ڕەفتاری سیاسیتاندا؟.
ساڵانێکە سەرکردایەتی ئەوە بەگوێی خەڵکدا دەدات، گوایە: یەکێتی حیزبێکی سۆسیال دیموکراتە! باشە! بەرزکردنەوەی دروشمی سۆسیال دیموکرات حیزبێک لە سۆسیال عەشایەرەوە دەکاتە سۆسیال دیموکرات؟ من خۆم پێمباشە یەکێتی لەگەڵا بەشێک لە هێزە سۆسیالیست و سۆسیال دیموکراتەکانی جیهاندا، دۆستایەتی و پەیوەندی توندوتۆڵی هەبێت. ئەوە حیکمەتی مام جەلال بوو کە کورد دەبێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دۆست و هاوپەیمانی زۆری هەبێت.
بیروباوەڕ و بەرنامە، دەبێ لەناو بیر و هەڵسوکەوتی کادر و ئەندام و لایەنگراندا ڕەنگ بداتەوە. بۆ نموونە تەڤگەر و پارتە سەوزەکانی ئۆروپا، تەنیا بەدروشم داکۆکی لە ژینگە ناکەن و هەر بەقسە و خوتبەدان سەوز نین. بەرنامەی بنچینەیی ئەوان بریتییە لە ژینگەپارێزی و گوشار خستنە سەر حکومەت بۆ دەستهەڵگرتن لە بەرنامەی ئەتۆمی و دابەزین بۆ بەرنامەی وزەی ئەڵتەرناتیڤ: وزەی هەتاوی، وزەی ئاو و وزەی با. ژن دەبێ پتر لە ڕێژەی 50% سەرکردایەتی وەدەستبهێنێت. سەرکردە و کادرەکان بە پایسیکل هاتوچۆ دەکەن. خواردنی سرووشتی دەخۆن و جلوبەرگی نایلۆن لەبەر ناکەن و.. تاد.
بەشداری لە حکومەتدا بە ڕێککەوتن دەبێت، لەسەر فراوانکردنی بەکارهێنانی وزەی سرووشتی و ژینگەپارێزی و مافی ژنان و دامەزراندنی فێرگەی نوێتر و باشتر و تەندرووستتر و.. تاد. هەر هێزێکی سیاسی بیەوێت، سەوزەکان بەشداری لە حکومەتدا بکەن، ئەمان بە پۆست و پارە و بەرتیلی سیاسی و بازرگانی تەفرە ناخۆن و دەبێ ژینگەپارێزی لەسەری سەرەوەی کارنامەی حکومەت بێت و بەهیچ شێوەیەک سەودای لەسەر ناکەن.
ڕۆژێکیان نامیلکەیەکی خۆمم لەسەر (سۆسیال دیموکرات) بەدیاری ڕەوانەی لای برایەکی نووسەر کرد. پاش چەند ڕۆژێک بەسەردان هات بۆ لام. ئەو ڕاست و ڕەوان وتی: یەکێتی هێزێکی سۆسیال دیموکرات نییە، تۆ دەتەوێ هەر بەزۆر بیکەیتە سۆسیال دیموکرات و خاوەن بیروباوەڕ. تکات لێدەکەم نامیلکەی وا مەنووسە و با بەهۆی تۆوە فێری هەندێ دروشم و قسەی زل نەبن و سەرمانی پێ کەچەڵا نەکەن. لێیانگەڕی، بەرەو کوێ لەناو ئەم دەریا پڕ شەپۆلانەدا سەوڵا لێدەدەن با لێدەن و بڕۆن!
$کادرە خوێندەوار و هۆشیارەکانی یەکێتی ئەم پرسیارانە دەکەن:$
کامەیە بەرنامەی سۆسیال دیموکرات؟
کامەیە خەباتی ئەوان بۆ داکۆکی لە هەژار و چەوساوە و لێقەوماوان؟
کامەیە خەباتی ئەوان بۆ هاوتایی نێوان ژنان و پیاوان؟
کامەیە بەرنامەی ڕۆشنبیریی ی. ن. ک؟
کوا بەرنامەی چاکسازیی ئەوان لە بواری پەروەردە و تەندرووستی و شارەوانی و دادوەری و ژینگە؟
$ئەوان دەڵێن:$
بەرزکردنەوەی درووشمی سواو، شایی و هەڵپەڕکێ و سەرچۆپی لە ئاهەنگی سۆسیال ئینتەرناشناڵدا، کولتووری عەشیرەتگەری بۆ مۆدێرنە و سۆسیال دیموکرات ناگۆڕێت؟
دانیشتووانی سلێمانی نزیکەی (850.000) کەس دەبن، دوو سێ پارک و جێگەی سەیرانی گەورەی تێدا نییە (پارکی ئازادی، پارکی دایک، باخچەی گشتی، ئەوە هەواری شاریش خەریکە درووست دەکرێت) . باخچە گشتییەکانی کەلار لە سلێمانی گەورەترن. کارگێڕی مەڵبەندیشمان هەیە، هەرچەند دەستی لەکارکێشاوتەوە، بەدەستەکەی تری، دەستی بەسەر دەیان دۆنم زەوی خەڵکدا گرتووە و هەر زۆر بەڕێکوپێکی بە پارچەپارچە، هەر هەمووی فرۆشتووەو تاپۆش کراون.
من دڵنیام لە ماوەی (24) ساڵی ڕابردوودا، لەبری یەکێتی، ڕێکخراوێکی ئیسلامی دەسەڵاتدار بووایە، ئەوەندەی قوتابخانە و زانکۆ دەکرانەوە، نیو ئەوەندە مزگەوت و تەکیە و خانەقا نەدەکرانەوە. لە ساڵی (1975) دا لە شاری سلێمانی تەنیا (50) مزگەوت هەبووە. ساڵی (2015) ژمارەی مزگەوت لە پارێزگای سلێمانیدا بۆ سەرووی (237) مزگەوت هەڵکشاوە. لەدەرەوەی شاریش (436) مزگەوت هەیە کە بەشێکیان کراونەتە سەکۆی بانگخوازانی بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان! کێشەی سەرکردایەتی (ی.ن.ک) ئەوەیە، لەوە دەترسن پێیان بگوترێت: ئەمانە عەلمانین هەر ئەم ترسە وای لێکردوون بەسەدان مزگەوت دورستبکەن و کۆلێجی ئایینی ئیسلامی لە گیرفانی خۆیان بکەنەوە.
دیارە ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە بۆ ئیسلام. ئەوە (داعش) تەنیا لە شاری مووسڵا (1200) مزگەوتی تەقاندەوە. نووسەرێکی عەرەبی ئیسلامی ناسیاوم ڕۆژێکیان پێیوتم: (دەزانیت کورد لە مزگەوت درووستکردندا زیادەڕۆیی کردووە! لە قوربانیکردنی جەژنی قوربانیشدا بێتامیان کردووە و ڕادەی دڕندایەتییان تێپەڕاندووە. شارەکەی ئێمە ژمارەی دانیشتووانی دوو سەد هەزار کەس دەبێت و تەنیا سێ مزگەوتی تێدایە...)
$نیولیبراڵیزم$
نیولیبراڵیزم Neolibralism واتە: لیبراڵیزمی نوێ، تەڤگەرێکی سیاسی، فەلسەفی، ئابووری، کۆمەڵایەتییە و لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە بەتوندی هاتووەتە ئاراوە و گۆڕانکارییەکی زۆری لە (ئابووریی بازاڕ) کردووە و هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵا بیر و تیۆری لیبراڵیزمدا نییە. ڕەنگە دەقێکی سیاسی هێزە لیبراڵەکانی جاران، پیشانی کەسێکی (لیبراڵی نوێ) بدرێت، ئەو ڕەنگە یەکسەر پێیوابێت مەنیفێستی پارتێکی کۆمۆنیستییە! چونکە ئەوان زۆرجار باسی ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیان کردووە.
ئادەم سمیس (1723 1790) نووسەری پەڕتووکی (سامانی نەتەوەکان The Wealth of Nations) و دامەزرێنەری لیبراڵیزمی ئابووری، دەربارەی ئابووریی بازاڕ وێنا و خەونێکی زۆر جیاوازی هەبووە. ئەو لە پەڕتووکەکەی خۆیدا دەنووسێت: (دادپەروەری کۆڵەکەیەکی سەرەکیی تەلاری کۆمەڵی مرۆڤایەتییە. دادپەروەری لەم هاوکێشەیە دەرهاوێژرا، کۆمەڵا بەجارێ هەرەس دەهێنێ..) . پێشەنگەکانی تری بیری لیبراڵیزم، بەگیانی ڕۆشنگەرییەوە قسەیان لە ئازادی و دادپەروەری و ماف و ئازادیی تاک کردووە.
نیولیبراڵیزم، بیروهۆشی تەنیا لای بووژانەوەی بازاڕ و فراوانکردنی دەستکەوت و قازانجە، ئازادیی سیاسی و چالاکیی ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت لای ئەوان هیچ نرخێکی نییە. هەندێ جار یەکگرتنی دوو بانک دەبێتە هۆی ناردنە ماڵەوەی دە بۆ پانزە هەزار کارمەند و جێگەی ئەوان بە ڕۆبۆت و دەزگای مۆدێرن پڕدەکرێتەوە. لە سۆنگەی ئەم یەکگرتنەوەیەدا، قازانجی بانکی نوێ چوار پێنج ملیارد دۆلار تێدەپەڕێنێ. لای بەڕێوەبەرە باڵاکان و خاوەن پشکە زۆرەکان ئەم قازانجە لەسیاسەت و حیزب و فەرهەنگ و چالاکی گرنگترە. بازاڕی ئەوان گەشەی کرد، ژیان بەرەو پێشەوە دەڕوات و هەموو شتەکانی تر باش دەبن و دونیا دەکەوێتە خۆشی و شادییەوە!
حیزبی سەردەمی شۆڕش و حیزبی سەردەمی دەوڵەت
سەرەتای بەهاری 2004، لەگەڵا چەند هاوڕێیەک سەردانی لێپرسراوێکی یەکێتیم کرد. یەکێک لە دانیشتووان پرسیاری ئەوەی لێکرد: بۆ لەناو یەکێتیدا بیر نەماوە؟ لە سەردەمی شۆڕشدابیر بەهێزترین ئامرازی دەستی (ی.ن.ک) بوو بۆ هاندانی جەماوەر و خۆبەهێزکردن و بەگژداچوونی ڕژێم. ئەمڕۆ یەکێتی لە لاشەیەکی بێ ڕۆح دەچێت!
ئەو لێپرسراوە فەرمووی: حیزب لەکاتی شۆڕشدا شتێکە و لەکاتی درووستکردنی دەوڵەتدا شتێکی تر.. ئەمڕۆ ئێمە حکومەتمان هەیە. خەڵک دوای بیروباوەڕ ناکەوێت. حیزبی سیاسی لەکاتی حوکمڕانی و درووستکردنی دەوڵەتدا لە کۆمپانیایەک دەچێت. سەرکردەکان بەگوێرەی توانا و دەسەڵاتیان پشکیان لەو کۆمپانیایەدا هەیە. بیر لە هاوکێشەکەدا هیچ دەورێکی ئەوتۆی نییە!
دیارە ئەم تێگەیشتنە بۆ بیر کاریگەریی خۆی لەسەر جیهانبینی و ئاکار و هەڵسوکەوت و ستراتیژ و تاکتیک و دانانی بودجەی مەکتەب و مەڵبەندەکانی یەکێتی داناوە.
ئەم تیۆرییە بۆ ژمارەیەک لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەخوات کە کولتووری دەوڵەتدارێتی و کولتووری سیاسی لاواز و هەژارە. دەزگای بیرۆکراسی دەوڵەت بە نیمچە ئیفلیجی و پاَلنان و قرخەمەرەسی بەڕێوەدەچێت. لە وڵاتانی ڕۆژاوادا، سەرکردەیەکی حزب دەتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات و ببێتە ئەندامی پەڕڵەمان، یان وەزیر. بەڵام ناتوانێت شیرینیی نەوت وەربگرێت و سەرانە لە بازرگان و بەڵێندەر و قاچاخچی و دز و جەردە وەربگرێت. لەوێندەرێ بیر و بەرنامەی حیزب دەنگدەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ!
ئەم جۆرەتیۆرییە کۆمەڵا وێران دەکات و حیزبی سیاسی لەتوپەت دەکات. کادرێکی چاوکراوە و وریا، کاتێک لە ڕێگەی سایت و فەیسبووک و تویتەر و ڕۆژنامەکانەوە، دەنگۆی ئەوە دەبیستێت کە ڕەنگە هەر (دەنگۆ) ش بێت و ڕاست نەبێت: فڵانە سیاسەتمەداری حیزبەکەی بە ملیۆن بەرتیل وەردەگرێت و هەندێک کوڕی بەرپرسی حیزب و حکومەت و کادری پێشکەوتوو تەندەریان بۆ دەردەچێت و لەکاری بەڵێندەرایەتیدا سەرکەوتوونو چەندین ڤیلای دوو سێ ملیۆن دۆلارییان هەیە، ئەو بۆ لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا وەکوو شێت هەڵپە بۆ دەنگێک بکات. ئەویش بۆ کار و کەسابەتێک دەگەڕێت، سکی منداڵەکانی تێر بکات!
سەرکردایەتییەک لەسەر ئەم فەلسەفە وتیۆرییە پێکهێنرابێت، ناتوانێت کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات و پێکەوە چایەکی دیژلەمە بخۆنەوە، چجای دانانی پلانی جێبەجێکردنی مادەی (140) ی دەستوور. بەرژەوەندیی ئابووری و دارایی ئەوەندە زلە، ڕێککەوتنی نێوانیان قوورس و زەحمەتە... ئەمە قسەی کادرێکی لاتە: (بۆیە هەریەکە دەیەوێت کۆسپێک بخاتە بەردەم لایەکەی تر و ئەگەر توانی ملی بابدات وپشکی خۆی حەڵاڵا بکات..)
لە هەر وڵاتێکدا (سەرکردایەتی... پەڕڵەمان..) نەتوانێت کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات، دەبێ دەست لەکاربکێشێتەوە، چونکە ئەو سەرکردایەتییە، یان ئەو پەڕڵەمانە، بەشێک لە شەرعیەتی خۆی لە کۆبوونەوەکانەوە وەردەگرێت. کۆبوونەوەیان پێنەکراگەنم گرد و جۆ بڵاو. [1]