$عەلی عەسکەری لە ئاوێنەی مێژوودا$
#مامۆستا جەعفەر#
#23-11-2018#
$پێشەکی$
پاش چل ساڵا لە شەهیدبوونی عەلی عەسکەری (1935 1978) و هەڤاڵەکانی، هێشتا هەڵسەنگاندنێکی بابەتی بۆ کەسایەتی و دەوری بەرچاوی ئەو لە ڕووداوە سیاسییەکانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا نەکراوە. نە هەڤاڵ و دۆست و لایەنگرانی بایەخیان بە نووسینی بیۆگرافی و ڕۆڵی سیاسی ئەو داوە، نە بیرەوەری و نامەکانی بڵاوکراونەتەوە. من دەیان جار لەگەڵا شاڵاوی عەلی عەسکەری دانیشتووم و شەنوکەوی لاپەڕەکانی مێژوومان کردووە و چاک دەزانم ئەو زۆری لە دڵدایە و نایەوێت پەپوولە و وشەکان لاپەڕەی پەڕتووکێک بنەخشێنن و، ناشیەوێت لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ڕەشەبا و باوبۆران هەڵبکات. پەڕتووکی (دیداری تەمەن) بڵاوکرایەوە، کە بەڕاستی زیانێکی زۆری لە ناووناوبانگی #مام جەلال# دا.. شاڵاو لە فەیسبووک چەند ڕستەیەکی تەلیسماوی بڵاوکردەوە و ڕاستییەکانی ڕوونکردەوە، دەربارەی (هەڵوێستی عەلی عەسکەری) کە بەرپرسیارێتی شکان و لەناوچوونی (حەملەی هەکاری) لەو پەڕتووکەدا بە ناڕاستەوخۆ دەستۆی ئەم سەرکردەیە خراوە.
$کەسایەتی و هەڵوێست$
عەلی عەسکەری ناوێکی گەورەیە و هەر بە گەورەییش دەمێنێتەوە! سەرەڕای تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ئەم کەسایەتییە سیاسی و عەسکەریە مەزنە، هێشتا ناوی بەجوانی ماوەتەوە و بە ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە یاد دەکرێتەوە.
ئەو، لەو سەرکردە بچووک و گومناو و بێناونیشانانە نەبوو کە پاش شەهیدکردنی، شەپۆلەکانی دەریای بیرچوونەوە هیچ ناو و شوێنەوارێکی لەسەر لمی کەنار ئاو نەهێڵێتەوە. سەرکردەیەکی کاریزمای دینامیکی چالاک و هەڵکەوتوو، لەناو سەنگەرەکانەوە، ئەستێرەی توانای سەرکردایەتی درەوشایەوە و بەجوامێری و ئازایی و بوێری ناوی ڕۆیشت. ئەو، لەو سەرکردانە نەبوو کە لە پشت بەرەکانی شەڕەوە، بەدووربین و هۆکی تۆکی، سەرپەرشتی شەڕ و ئاگرباران بکات. هەمیشە سەرکردە و پێشمەرگەی ڕیزی یەکەم و ناو دڵی پێشمەرگەکان بوو. خۆی لە هاوسەنگەرەکانی جیانەدەکردەوە و نانەڕەقە و لێفە شڕەو شەونخوونی و برسێتی لەگەڵیاندا بەش کردووە.
سەرکردەی ئەفسانەیی، لە تاراوگە و ساڵۆنی پڕ گڵۆپ و سوورەییا و بریق و باق، لەدایک نابێت.
تەنگی مادێنە و ئەشکەوتی زۆنگ و دارودەوەنەکانی بناری ئاسۆس و #قەندیل# خەرمانەی فروسمان و سەرسوڕمانی بەدەوری ئەودا کێشا. ئەو، لەو سەرکردانە نەبوو، لەناو کەژاوەی زەردوسووری چاوەڕوانیدا، سەیری دەست و بازووی ئەم و ئەو بکات، شۆڕشی بۆ هەڵگیرسێنن و هەموو شتێکی بۆ ئامادە بکەن و ئەو لەدوا چرکەکانی سەرکەوتندا، فریای ئاهەنگ و جەژنی ئازادی بکەوێت و گەورەترین پۆست و پلەو پایە بۆ خۆی بپچڕێت.
عەلی عەسکەری، ئەگەر یەکەم پێشمەرگە نەبووبێت کە چەکی کردبێتە شان و مژدەی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی بەخەڵک دابێت، ئەوە گومانی تێدا نییە کە لە پێکەوەنان و دامەزراندنی بەشێکی زۆری مەفرەزە سەرەتاییەکاندا، دەوری بنەڕەتی و سەرەکی هەبووە. شانبەشانی سەرکردە و کادر و ئەندامانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، ئەرکێکی یەکجار گەورەی خستووەتە ئەستۆی خۆی، هەر لە کۆکردنەوە و چەکدارکردنی پێشمەرگە تا دەگاتە ڕێکخستن و پلاندانان و سەرکردایەتی هێزی پێشمەرگە.
ئەو، بەئەزموونترین و شارەزاترین و ناسراوترین کەسایەتی ناو هێزی پێشمەرگە بووە و هیچ کەسێکی تر، لەو سەردەمەدا، هاوشانی ئەو نەبووە و نەیتوانیوە چاو ببڕێتە شوێنەکەی و بتوانێت پاش ئەو جێگەکەی پڕبکاتەوە. وێڕای ئەوەش، عەلی عەسکەری، سەرکردەیەکی سەربازیی ڕووت نەبووە، کە تەنیا بیری لای لوولەی تفەنگ و هێزی ئاگر و هێرش و پەلامار بێت، بەڵکوو سەرکردەیەکی سیاسی خاوەن بیروباوەڕ و هەڵوێست و پڕۆژە و کۆنسێپتی سیاسی بوو.
کەس ئەوەندەی عەلی عەسکەری لە شەڕی براکوژی نەپرینگاوەتەوە و نەسڵەمیوەتەوە. لە ماوەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش حوزەیرانی 1976 تا بەدیلگرتن و شەهیدکردنی لە حوزەیرانی 1978 ئەو، ئاڵاهەڵگری تەبایی و ئاشتی بووە لەگەڵا هێزە کوردستانییە چەکدارەکاندا. لەهەر کوێ لەگەڵا دەستەیەکی چەکدار بە یەک گەیشتبایە، لەگەڵیاندا دادەنیشت و گفتوگۆی دەکرد و ڕێککەوتننامەی لەگەڵ ئیمزا دەکرد. هەر بۆ نموونە: بەشێک لە کادرە سەربازی و سیاسییەکانی کۆمەڵە کە سەرمەستی فەنتازیای ئایدیۆلۆجیا و خەیاڵا و ئەندێشەی ڕۆمانتیکی بوون، بڕوایان بە شێوەی بیرکردنەوەی کەسانی وەکوو عەلی عەسکەری نەبوو. بەڵام ئەو توانی بەسەبر و دڵفراوانی، شێوەی کاری بەرەیی و هاریکاری و هاوسەنگەری فراوان بکات و هەموو لوولەی تفەنگەکان ئاڕاستەی یەک دوژمن بکرێت.
ئەو هەمیشە تفەنگی بەشانەوە بووە، چڵە زەیتوونێکیشی بەدەستەوە بووە: تفەنگ و گوللە، دژی داگیرکەران، چڵە زەیتوون و پەپوولە و کۆتر بۆ هێزە کوردستانییەکان.
کاتێک هێزی پێشمەرگە لە نۆکانەوە بەهاری 1978 بەرەو ناوچەی سێسنوور بەڕێدەکەوێ، جووڵەی ئەو هێزە، بڕیاری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بووە. پاش ئەوەی ئێران و ئێراق، بە دووقۆڵی و بە هاریکاریی یەکتر و ئاگاداربوون لەپلان و نیازی یەکتر، گوشاری توند دەخەنە سەر هێزەکانی (ی.ن.ک) بەنیازی تەنگپێهەڵەچنین و دەرپەڕاندن و جێ پێ چۆڵکردن... خەباتی چەکداری، بەبێ پەیداکردنی چەک و تەقەمەنی و یارمەتیی و پەیوەندی و ڕایەڵ لەگەڵ جیهاندا، لەجێگەی خۆیدا قەتیس دەبێت. ئەم هەلومەرجە نالەبارە لەسەر سنووری ئێران و نەبوونی هیچ دەروازەیەک بۆ هەناسەدان، ناچاریان دەکات، بیر لەوە بکەنەوە، بەرەو سنووری تورکیا بگەڕێنەوە، بەهیوای ئەوەی دەروازەیەک بەرەو سووریا، یان نزیک لە سنوورەکانی سووریا بکرێتەوە و هەلی هەناسەدان فەراهەم بکرێت.
$سەرکردەیەکی ئاشتیخواز لەناو دارستانی شەڕوشۆڕدا$
من ئەوکاتە چەندین جار پرسیارم لە بەڕێز مام جەلال کردووە: ئایا لە کۆبوونەوەکانی نۆکاندا، بڕیاری شەڕ و پەلاماری هێزەکانی (ق. م) ی سەرکردایەتی (پ.د.ک) درا؟ ئەو، هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک بڕیاری شەڕ و پێکدادان لەئارادا نەبووە و یەکێتی ویستوویەتی بارەگاکانی پار (1977) لە دۆڵە گۆستە ئاوەدان بکاتەوە. بڕیاری ئەوەش نەدراوە، سنووری تورکیا بشکێنن و بچنە خاکی ئەوانەوە، بەقووڵایی دەیان کیلۆمەتر!
عەلی عەسکەری، هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنە دەرەوەی، ئاڵای دژایەتیکردن و چارەسەرکردنی کێشە نیشتمانییەکانی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان، لە ڕێگەی زەبروزەنگ و چەکەوە، بەرز نەکردووەتەوە. تا ئەو ڕۆژەی بەدیل دەگیرێت، ڕەنگە تەنیا بایی داکۆکی لەخۆکردن، ڕێگەی بەهێزی پێشمەرگە دابێت بچنە سەنگەرەوە و داکۆکی لە خۆیان بکەن و نەهێڵن بێنە سەریان.
عەلی عەسکەری، وەکوو سەرکردەیەکی دووربین و بە ئەزموون، هەر پێش ئەوەی بەرەو (دۆڵە گۆستە) * بکەوێتە ڕێ، ئەو مەترسیە پێشبینی دەکات کە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر ڕێگاکانی ئەو ناوچەیە بنەو بارەگایان هەیە و ئەگەری شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە لەبەرچاوە. ئەو، هەر بۆ ئەوەی پێشەکی تەمومژی گومان و دوودڵی بڕەوێنێتەوە، نامەیەک لە نۆکانەوە ڕەوانەی ئیدریس بارزانی دەکات و دڵنیایتدەکاتەوە، ئەوان تەنیا بۆ چەکهێنان بەرەو (دۆڵە گۆستە) بەڕێ دەکەون و نایانەوێت کێشە و سەرئێشە لەگەڵا (پ. د.ک) سەرکردایەتی کاتی درووست بێت. بەڵێنیشی دەداتێ کە هەرچی چەک و تەقەمەنی لە سووریاوە بۆیان دێت، لەگەڵیاندا برابەشی بکەن.
عەلی عەسکەری، بەگوێرەی گێڕانەوەی هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی بێت: کەسایەتییەکی ئەفسانەیی، کاریزمایی، پڕ لە سیحر و فروسمان بوو. ئەو هێشتا لەدڵی خەڵکدا دەژێت و گەورەیی و باڵادەستیی ئەو، پاش (40) ساڵا کەمی نەکردووە. بەڵام ئەم کەسایەتییە، ئەگەر لە ئاوێنەی مێژوودا سەیر بکرێت، بەرانبەر ئەو فیداکاری و خۆبەختکردن و تێکۆشانەی بۆ ئازادیی گەلەکەی کردوویەتی، مافی خۆی نەدراوەتێ! ئەوەی بۆ نەکراوە کە دەبوو بۆی بکرێت!
ئەو، کەسایەتییەکی لاوەکی نەبوو ڕێکەوت درووستی کردبێت، دەستکردی هەلومەرجێکی پڕ نیشانەی پرسیار بووبێت: ئەو خۆی خۆیی درووستکرد و پێگەیاند و جێگە پەنجەی بە لاپەڕەکانی مێژوومانەوە دیارە: فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) بووە و یەکێک بووە لە هەڵگیرسێنەرانی شۆڕش و دینەمۆی کاروچالاکی پێشمەرگانە. ئەم کەسایەتییە، سەرەڕای سێبەر و دیوارێک لە تەمومژ، بەڵام هێشتا لە ویژدانی خەڵکی کوردستاندا دەژێت. کاروچالاکی و قسەکانی فێرگەن و لەناو لاپەڕەی بیرەوەریی ئەو خەڵکەدا بەزیندوویی دەمێنێتەوە. وێڕای پەڵە هەورەکان کە بەری ڕاستی دەشارنەوە، هێشتا ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکان لەبەر چەند هۆیەک، نایانەوێت هەڵسەنگاندنێکی بابەتی و زانستی بۆ ڕۆڵی عەلی عەسکەری بکەن.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کولتووری سیاسی ئەوەندە گەشەی کردووە، هەر ڕووداوێک لە مێژووی کۆن و نوێدا ڕوویدابێت، بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە تیشکی دەخرێتە سەر. هەر کەسایەتییەک دەورێکی بەرچاوی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا گێڕابێت، بەگوێرەی ڕۆڵا و قوورسایی و کاریگەریی و جێ پەنجەی، هەڵدەسنگێنرێت و یادی بەرز دەنرخێنرێت. ناپلیۆن و کرۆمۆیل و بسمارک و... هتد. دەوریان لە مێژوودا هەرچییەک بووبێت، مافی خۆیان دراوەتێ و سەدان کاری گەورەیان لەسەر نووسراوە.
ئەگەر ئەو کەسایەتییانە، لە کارو بیرکردنەوەدا، هەڵەیەکیشیان کردبێت، ئەوە بەشێکی دەخرێتە بری لاپەڕە گەش و پرشنگدارەکانی. هەر بۆ نموونە: ئەمڕۆ چینی ڕووناکبیر و سیاسی لە چین، ئەو ڕاستییە دەزانن کە ماوزەتۆن (بە هەڵە دەگوترێت: ماوتسی تۆنگ) لەکاتی ئەو بزاڤەی ناوی لێنراوە شۆڕشی ڕووناکبیری ، گەورەترین هەڵەی کردووە، ئەگەر نەڵێن: گەورەترین تاوانی کردووە و زیانی زۆری بە گەلی چین گەیاندووە، بەڵام ئەوان ئەوەشیان بیرناچێتەوە کە ماوزەتۆن گەلی چینی تا ڕۆژی سەرکەوتن، سەرکردایەتی کرد و چوارسەد ملیۆن ئینسانی لە ژیانی داگیرکراوی و ژێردەستەیی ئازاد کرد.
کارەکانی ناپلیۆن و کرۆموێل و بسمارک و.. هتد. هەر هەمووی گوڵا و گوڵزار نەبوون، هەریەکەیان دەیان هەڵەیان کردووە و زیانیان بە مێژووی وڵاتەکەیان گەیاندووە. وێڕای ئەوەش هەڵسەنگاندنی مێژوویی، هەڵسەنگاندنی مێژووییە! دەبێ مێژوونووس هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگرێت.
پاش یەکەمین جەنگی جیهانی، دەوڵەتی ئەڵمانیای قەیسەری هەرەسی هێنا، سۆسیال دیموکراتەکان دەسەڵاتیان گرتەدەست، ڕۆزا لوکسمبوورگ و کارل لیبکنێشت بوونە پێشەنگی خەبات لەپێناوی دامەزراندنی کۆماری شوورایی. بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی ئەوکاتەی ئەڵمانیا کە سۆسیال دیموکرات بوو، هەردووکیان گیران و گوللەباران کران و لاشەکەیان خرایە ڕووبارێکەوە. بێگومان سۆسیال دیموکراتەکانی ئەمڕۆ، ئیدانەی ئەم تاوانەی سۆسیال دیموکراتەکانی دوێنێ دەکەن! پێیانوایە ئەوە تاوانێکە کە نەدەبوو بکرێت! ئەمانە کەسایەتی سیاسی گەورە بوون و شایانی ئەو چارەنووسە نەبوون!
$سۆسیال دیموکرات$
زۆربەی سەرکردەکانی شۆڕش، دوای نەورۆزی (1975) بە نیمچە دەستبەسەری ڕەوانەی خوارووی ئێراق کران و ڕژێم هەموویانی لەبن چاودێریی ورد دانابوو. وێڕای ئەو هەلومەرجە نالەبارە، عەلی عەسکەری و هەڤاڵەکانی (بزووتنەوەی سۆسیال دیموکراتی کوردستان) یان دامەزراند. ڕۆژی (#01-03-1977#) عەلی عەسکەری و هەڤاڵەکانی بەیانێکیان بڵاوکردەوە و لەدایکبوونی ڕێکخراوێکی نوێیان ڕاگەیاند. تەنیا لەم بەیانەدا ناوی ئەم هێزە سیاسییە (بزووتنەوەی سۆسیال دیموکراتی کوردستان) ە. لە بڵاوکراوە و نامە و نووسراوەکانی تردا وشەی (دیموکرات) سڕاوەتەوە. من لە دکتۆر مەحموود عوسمانم پرسی: بۆچی بزووتنەوە ناوەکەی خۆیان گۆڕی: لە سۆسیال دیموکراتەوە، ناوەکەیان بۆ بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان کوورتکرایەوە؟
دکتۆر مەحموود وتی: عومەر مستەفا (عومەر دەبابە) هات بۆ شام و بەیانە زەردەکەی پێبوو. ئێمە تێبینی ئەوەمان کرد کە ناوی ڕێکخراوەکەیان: سۆسیال دیموکراتە! بە کاک عومەرمان گوت: ئەم ناوەتان چۆن هەڵبژاردووە؟ وتی: ئێمە کەسانێکی پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕین و بڕوامان بە (سۆسیالیزم) و (دیموکراسی) هەیە، ئیدی گوتمان با ناوی ڕێکخراوەکەمان بزووتنەوەی سۆسیال دیموکرات بێت! ئێمەش لەوێ خەڵکێکی زۆر بووین و پێمانگوت: سۆسیال دیموکراتەکانی جیهان، هەر لە سەردەمی ئینتەرناسیۆنالی دووەمەوە بڕوایان بە شۆڕش و ڕاپەڕین و خەباتی چەکداری نەماوە.
ئێوە ئەگەر بڕواتان بە شۆڕش و شەڕی پارتیزانی هەبێت، دەبێت ناوەکەی خۆتان بگۆڕن.. کاک عومەر وتی: ئەی چار چییە؟ ئێمەش گوتمان (دیموکرات) ەکەی لێبکەنەوە کێشەیەکی تیۆریی قوورستان لەکۆڵا دەبێتەوە. کاک عومەر وتی: ئاسانە با (دیموکرات) ەکە بۆ ئێوە بێت و ئەوە ناوەکەمان گۆڕی و ناوەکەی دەکەینە (بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان) ....
هاوینی 1976 بەشێک لە سەرکردە و کادرە سەربازی و سیاسییەکانی (بسک) بە سەرکردایەتی عەلی عەسکەری ڕوویان کردە شاخ و ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرینیان لێ کۆبووەوە و دەستیان کرد بە خۆڕێکخستن و پەیداکردنی چەک و چالاکیی پێشمەرگانە.
خەبات کەریمی حاجی مارف ساڵی 1976 ئەندامی کۆمەڵە بووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگە سەرەتاییەکان، وتی: کاتژمێر چوار- پێنجی بەیانی لە دێ دەرچووین و بەشاخێکدا هەڵگەڕاین. کاتێک گەیشتینە شوێنی یەکتر بینین، دەبینین کاک عەلی لە سەرەوەیە و دەستی ڕاستی بەدار بەڕوویەکی بەساڵاچوووە ناوە و سەیری هەڵکشانی ئێمە دەکات. پاک ڕیشی تاشیوە و بەرچایی کردووە و چاوەڕوانی ئێمەیە. کراسەکەی سپی سپی بوو، پاک و خاوێن. ئەو کڵاوجامانە بەستنە هەر لەخۆی دەهات، بەڕاستی سەرکردەیەکی کەموێنە بوو..
$کۆمەڵە و بزووتنەوە$
#20-07-1977# مام جەلال دەگەڕێتەوە. مەکتەبی سیاسی بەم شێوەیە پێکدەهێنرێت، هەر باڵێک دوو ئەندام لە (م. س) نوێنەرایەتی دەکات:
$سکرتێری گشتی: مام جەلال$
کۆمەڵە (کملک) : شاسوار جەلال (ئارام) و سالار عەزیز
بزووتنەوە (بسک) : عەلی عەسکەری و ڕەسوڵا مەمەند
هێڵی گشتی: تەنیا نەوشیروان و شێخ حسێنی بابە شێخ لە وڵات دەبن و ئەوەکانی تر لەدەرەوەی وڵات دەبن.
عەلی عەسکەری دەبێتە (فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان) و هەر خۆیشی کەسایەتی ژمارە یەکی بزووتنەوە بووە. خەبات پێیوتم: عەلی عەسکەری لە کاروباری پێشمەرگایەتیدا، ئیدارەی شەڕ و کاری لۆجستی دەکرد. لە بواری کۆمەڵایەتیدا مرۆڤێکی نەرمونیان و قسەزان و زۆر ڕێزی لە خەڵک دەگرت و کێشەکانی بە نوکتە و قسەی خۆش چارەسەر دەکرد. لەڕووی تەمەنەوە من و ئەو وەکوو باوک و کوڕ بووین، کەچی هەر لە ڕۆژی یەکەمی یەکترناسینەوە هەستکردن بە هاوڕێیەتی زۆر قووڵا یەکێک بوو..
لەنێوان (بزووتنەوە) و (کۆمەڵە) دا، دیوار و شوورە و خەرەند هەبوو، یان هاوسەنگەرایەتی و دۆستایەتی و هاوپەیمانی؟ سێ ڕێکخراوی چەکدار، لەناو چوارچێوەیەکی نیمچە بەرەیی، دەڵەمەیی، پێکەوە کاریان دەکرد. هەڵەکە لەوەدا بوو کە دەبووایە یەک هێزی پێشمەرگە هەبێت و هێزە سیاسییەکان کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی سەربەخۆی خۆیان بکەن. هەر هێزێک، یان دەستەیەک لەلایەن لێپرسراوێکەوە یان ڕێکخراوێکی سیاسییەوە سەرکردایەتی بکرایە، ئەوە ئیدی مۆرکی ئەو لایەنەی لێدەدرا. ئیدی ڕێگە بەهێز و لایەنی تر نەدەدرا، پێ بخەنە سنووری ئەو ناوچەیەوە. کەم کەس دەیتوانی بەمیوانی سەردانی ئەوێندەرێ بکات!
لە سەرەوە دۆستایەتی و سەردان و میوانداری، لە خوارەوەش هەریەکە خۆی (حاکم) ی ڕەها و دەسەڵاتی ژمارە یەک بوو: ناکۆکی و پێکهەڵپژان و دەستبادان و چاوسوورکردنەوە و مۆڕەکردن هەبوو. هەریەکە خۆی بەخاوەن دەزگای ئایدیۆلۆژی و جیهانبینی تایبەت و پڕۆژەی سیاسی و سەربازی دەزانی.
کۆمەڵە مەست و حەیرانی ئایدیۆلۆژیا و ئەندێشەی (ماوزەتۆن) بوو. دەیانویست شۆڕشەکەیان شۆڕشێکی (سوور) و (سۆسیالیستی) و (ڤێتنامی دووەم) بێت. بەشێک لە ڕۆشنبیرانی کۆمەڵە، بە خەونی دامەزراندنی (سوپای سوور) و (کۆموونە) و (کۆڵخۆز و سۆڵخۆز) ەوە هاتنە ڕیزی شۆڕشەوە.
عەلی عەسکەری، شارەزا لە گەمە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و هونەری مناوەرات و (مفاوەزات) و ڕاکێشانی دڵی کۆمەڵانی خەڵک، دەیزانی (هێز) لە یاریە سیاسی و سەربازیەکاندا کلیلی چارەسەرە.
کێ هێزی هەبێت، کەواتە کلیلی زێڕینی چارەسەرەکانی بەدەستەوەیە. ئەو کەسەی هێزی نەبێت، (ئیفلاتۆن) بێت، یان (هابەرماس) پوولێکی قەڵپ ناهێنێت، کەس ئاردەوا بە کڵاوی ناپێوێت و بە گورگان خواردوو دەچێت!
لە ڕۆژهەڵاتدا (هێز) ی سەربازی و سیاسی گرنگ و کاریگەرە و هەر کەس هێزی هەبوو، لافاوی دڵان ڕوودەکەنە ئەوێ. بیروباوەڕ، بەتەنیا و بەبێ هێز و دەسەڵات وەکوو تیرێکە لەناو تیراندا ژەنگی هێنابێت. ئەو دەیزانی تا کورد هێزی چەکداری خۆی نەبێت، دەسەڵاتی خۆی بەسەر ڕووبەرێکی فراوانی کوردستاندا نەسەپێنێ، ڕژێم بەهیچی نازانێت و لەناخەوە حیسابی ئەوەی بۆ دەکات: ژیلەمۆ بە پووش و پەڵاش بگات، مەترسی بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیە بنچینەییەکانی درووست بکات.
کۆمەڵە بە گوێرەی سیستێمی ئایدیۆلۆژی خۆی بڕوای بە شەڕی پارتیزانی و شەڕی درێژخایەن و ڕووخاندنی ڕژێم و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی و دیموکراسی هەبوو. عەلی عەسکەری لە گۆشەنیگای خۆیەوە بڕوای بە خەباتی چەکدار هەبوو بۆ بەدیهێنانی یەک ئامانجی بەرچاوی دیاریکراو، بڕوای بە شەڕی درێژخایەن و ڕووخاندنی ڕژێم نەبوو.
دروشمی سەرەکیی ئەو لەو قۆناغەدا ئەم ڕستەیە بوو: دەبێ خۆپیشاندانێکی چەکدار بکەین بۆ ئەوەی ڕژێم بۆ داواکارییە ڕەواکانمان مل بدات..
عەلی عەسکەری بەگوێرەی ئەم تێزەیە کاری دەکرد و هێزی پێکەوە دەناو پشتیوان و خەڵکی بۆ شۆڕش و بەرەنگاری کۆدەکردەوە. واتە: بایەخ بە چۆنێتی و ڕێکخستن و بیروباوەڕ نەدەدرا. تەنیا بایەخ بە چەندایەتی و ژمارەی چەکدار و شەڕکەر دەدرا. کەسانی ناودار و خاوەن هۆز و عەشیرەت و ڕابردوو، ڕێبازەکەی عەلی عەسکەرییان پەسەند دەکرد. ئەوەی ڕاستی بێت، مام جەلال و نەوشیروان و زۆربەی فەرماندەی هەرێم و کادرە عەسکەرییەکان پەیڕەوی ئەم ڕێبازەیان دەکرد، ئەگەر بە نووسین و بە سەرزارەکیش بەشێوەیەکی جیاواز قسەیان کردبێت.
عەلی عەسکەری سەرکردەیەک بوو دەیزانی چی دەڵێت و چۆن ئیدارەی هێزی پێشمەرگە دەدات و ئامانجی چییە؟
من ڕۆژێک لە ڕۆژان نەوشیروانم نەبینیوە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یان مەکتەبی سیاسی پێداگری لەسەر کردنەوەی دەورەی مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە بکات. ڕۆژێک ڕێسا و ڕێنوێنی بۆ شێوەی کاری هێزی پێشمەرگە دەرنەکرد، کەچی ئاڵای دژایەتی (بزووتنەوە) ی بەرز کردبووەوە و شەو و ڕۆژ نەفرەت و تاڵاوی بەسەریاندا دەباراند!
ئەوکاتەی لە دۆڵا بلوێر و دۆڵەنێ بووین، نەوشیروان شانازی بەوەوە دەکرد کە گوایە: ئەو کەسێکی ئەوەندە بوێر و ئازایە، ڕووبەڕووی عەلی عەسکەری وەستاوە و (چەق بەردۆکێ) ی لەگەڵدا کردووە! ڕەخنەی توندی لە بزووتنەوە گرتووە: ( (کاک عەلی! تۆ هێزێکی هەرچی و پەرچی و دز و جەردە و جاسووس و خەڵکی هیچ و پووچ لەخۆت کۆدەکەیتەوە...) ) ئەم شێوەیە لە تاوانبارکردن و پەلاماری ناڕەوا و هێرشی بێ بنەما زۆر تووڕەی کردووە، ئەویش خراپ هەڵچووە و بەڕەقی وەڵامی داوەتەوە:
( (نەوشیروان گوێ بگرە! ئێمە ئازادین کێ کۆدەکەینەوە و کێ کۆناکەینەوە! ئەمە هیچ پەیوەندی بەتۆوە نییە! تۆ بڕۆ هێزێک بۆ خۆت کۆبکەرەوە، هەر هەمووی قارەمان و ئازا و نموونەیی و پاک و خاوێن بن.. من دەچم جاسووس و گەواد و قەحبە کۆدەکەمەوە.. ئەمە کێشەی تۆ نییە..) )
نەوشیروان دەیگوت: منیش پێمگوت:
$ ( (فیعلەن تۆ حیز و گەواد و جاسووس کۆدەکەیتەوە..) ) $
لە چرکەی دەمەقاڵێ و مشتومڕ و لێکهەڵبەزینەوەدا من لەوێندەرێ نەبووم. قسەکانیشم بەلاوە وەکوو بەڕووی کوڵاو بوو، ئیدی نە ئەوکاتە و نە دواتر تاقەتی لێپێچانەوە و بەدواداچوونم نەبوو.
بڕواناکەم عەلی عەسکەری خۆی لەو ئاستەدا دانابێت، بایەخ بە قسەی ئەم و ئەو بدات و لە شوێنێکدا یادداشتی بکات. ڕەنگە (دانووستاندن) لە چوارچێوە و هەلومەرج و بە ئاواز و مۆسیقایەکی جیاواز بووبێت. ئیدی مرۆڤ هەندێ جار حەزی لە هەڵشلینگانەوە هەیە و جاری واش هەیە لە خەونیشدا ڕووداوەکەی نەبینیوە، ڕۆڵی سەرەکی بۆ خۆی قۆرخ دەکات و هۆڵیودیش لەو نزیکانە نەبووە بۆ فیلمێکی (ساینفیکشن) سوودی لێ وەربگرێت.
سالار عەزیز ئەم سەربردەیەی بۆ گێڕامەوە کە مێژووەکەی بۆ سەرەتای شۆڕش دەگەڕێتەوە:
''من و کاک ئارام سەردانی کاک عەلیمان کرد. ئێمە دە دوانزە پێشمەرگە بووین و کاک عەلی و ئەوانیش سەد و پەنجا کەس دەبوون.
کاک عەلی وتی: من لێپرسراوی هەموو هێزی پێشمەرگەم و لێپرسراوی ئێوەشم!
کاک ئارام: کاک عەلی ئێمە ڕێزی تۆ دەگرین، بەڵام ئێمە تۆ بە لێپرسراوی خۆمان نازانین!
کاک عەلی دەستی بە بەرباخەڵیا کرد و نامەیەکی مام جەلالی دەرکرد کە لە شامەوە ڕەوانە کرابوو:
- فەرموون ئەوە نامەی مام جەلالە، ئەو منی بە لێپرسراوی هەموو هێزی پێشمەرگە داناوە..
کاک ئارام: ئێمە کۆمەڵەین و تۆ مەسئوولی ئێمە نیت و تۆمان بە مەسئوولی خۆمان قبووڵ نییە!
کاک عەلی تۆزێک بە تووڕەییەوە وتی: ئارام من ئەم قسانەی تۆم قبووڵ نییە!
کاک ئارام: عەلی من ئەم قسانەی تۆم قبووڵ نییە!
بەڵام کاک عەلی هەر خۆی بە نوکتە و قسەی خۆش هەوری تاڵا و گرژی ئاسمانی دانیشتنەکەی ڕەواندەوە.''
من لە چەند پێشمەرگە و کادری شۆڕشی ئەیلوولم پرسیوە، هەر زۆر بە ستایشەوە ناوی عەلی عەسکەرییان هێناوە وەکوو سەرکردەیەکی ڕاستگۆ، بە ئەمەک، سادە، زمان شیرین و ئازا و دلێر...
لە کوردەواریدا جوانیان گوتووە:
''پیاوی ئازا و ژنی زۆر جوان دوژمنیان زۆرە'' [1]