$کەشتییەکە لەنگەریگرت تورکیا و فەرەنسا ئاشتدەبنەوە$
#محەمەد رەئوف محەمەد#
#28-10-2020#
ئەم دوو دەوڵەتە شەڕیان نییە و شەڕیش ناکەن، بەڵکوو یەکتر بەکاردەھێنن بۆ وەدەستهێنانی پێگەی بەھێزتر بۆ ئەمڕۆ و ئاییندەی خۆیان، فەرەنسا ھەموو توانای خۆی دەخاتەکار بۆ ئەوەی بۆشایی بەریتانیا پڕبکاتەوە و سەرکردایەتیی یەکێتیی ئەوروپا بکات و، وەکوو ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاساییش و خاوەنی چەکی ئەتۆمی ڕۆڵی کاریگەریی خۆی ببینێت، ھەروەھا دەیەوێت وەکوو پارێزەرێکی ئاساییشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خۆی نمایش بکات و ڕۆڵ ببینێت. بۆ ئەوەی ئەم ستراتیج و پەیامە بەباشی و بەپەلە و تۆکمەیی بگات، دەبێت پاساوەکانی بۆ گەلی خۆی و ئەوروپا و جیهان بخاتەڕوو، پاساوەکانیشی تاوەکوو ئێستا بریتیبووە لە ھێرشکردنە سەر ئیسلامی سیاسی و دواتر بۆسەر پیرۆزیەکانی ئیسلام ناڕاستەوخۆ بەناوی ئازادییەوە، ھەروەھا پاساوێکی دیکەی ئەوەیە کە فەرەنسا داھێنەر و پارێزەری لائیکیەت و عەلمانییەتە و ڕێگانادات بەناوی ئایینەوە یان لەپاڵ ئاییندا لائیکیەت و عەلمانییەت کز و لاوازبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پلان و ستراتیجەکەی بگەیەنێتە ئامانج پێویستی بەوەیە لەگەڵ تورکیا گەمەکە گەرمبکات، لەبەرئەوەی تورکیاش موشتەرییەکی باش و ئامادەیە بۆ ئەو شەڕ و یاری و نمایشە، دواجار ماکرۆن وەکوو سەرکردە دەچێتە شەڕی ئەردۆغان و لە کەناڵی ئەو شەڕەوە زۆرترین فۆکەسی دەکەوێتە سەر و دەبێتە سەرکردەیەکی خاوەن پرس و خاوەن ھەڵوێست، لەبەرانبەردا ئەردۆغان ھەلەکە دەقۆزێتەوە بە وتارە زیرەکانە و عاتیفیەکانی دونیای ئیسلامی و گەلانی ئیسلامی و پارت و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان گەرم دەکات و ھەمووی دێنێتە دەنگ و کارێک دەکات کە ھەرکەس بە دەنگی بەرز دیفاع لە ئیسلام و پیرۆزیەکان نەکات، ئەوە بێهەڵوێستە و بێ وەفایە بەرانبەر دینەکەی و پێغەمبەر (د. خ) و سەرکردەکەی، دواجار بە ھەردوولاوە جیهان گەرم و سەرقاڵ دەکەن بەخۆیانەوە و دەبنە دوو سەرکردەی خاوەن پرس و خاوەن دۆز و بە زمانی مێژوو ئەمڕۆ و ئاییندە گەمەکە گەورە و گەرم دەکەن و بەشێک لە دونیای ئیسلام و ڕۆژاوا دەکەنە دوو بەرەوە، زۆر بەجوانی و بەرچاوڕوونی ئیدارەی ڕەوتی ئەو کەشتییە دەکەن کە دەریایەکی پڕ شەپۆلیان بۆ درووستکردووە، ئەم دوو دەوڵەتە لەم ساتەوەختەدا و لەم کاتی قەیرانی ئابووری و کۆرۆنا قووڵەدا ھیچکامیان موشتەریی شەڕی سەربازی و ئابووری نین و ئەو زەرەرە گەورە لە خۆیان نادەن، بە پێچەوانەوە، ھەردووکیان جوان بەکاریدەھێنن بۆ بەھێزکردنی پێگەی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەری و میدیایی.
فەرەنسا و تورکیا باش بۆیان ڕەخساوە و بۆیان لواوە ئەم ڕۆڵە ببینن، تورکیا لەبەرئەوەی ئێستا بەھێزترین دەوڵەتی ئیسلامی و ناچەییە و ئەردۆغانیش وا دونیای ڕاھێناوە کە لە ھەموو کەیسە گەورە و قوورسەکاندا لەپێشەوەبێت و پەیامە گەورەکەش ئەوەیە کە جیهانی ئیسلامی بێ سەرکردە و سەرمەشقە و مەرکەزیەتی لەدەستداوە و جیهان و ئوممەتی ئیسلامی پێویستی بە مەرکەزیەتە، بۆ ئەوەی بە یەک ڕوئیە و ستراتیج مامەڵە لەگەڵ ڕۆژاوا و دونیا بکات، لە ھەمان کاتدا ڕۆژاوا وەکوو سامۆئیل ھنتگتۆن دەڵێت: پێویستی بەوەیە بزانێت لەگەڵ کێ مامەڵە بکات، ئەگینا ئاشتیی جیهانی و ناوچەیی لە قەیرانی بەردەوامدا دەمێنێتەوە و قووڵتر و دژوارتر دەبێت، ئەم تێگەیشتن و ڕوئیەی ھنتگتۆن لە بەرژەوەندیی تورکیا و ئەردۆغانە و باش لێی سوودمەند دەبن.
فەرەنساش ئەم ھەلە دەقۆزێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆی فەرەنسا و ڕابەرایەتیکردنی ئەوروپایەکی لاواز لەبەرانبەر ئەمریکایەکی خاوەن ھەژموون و چینێکی خاوەن ئابووری و تەکنۆلۆژیی بەھێز، گەشتنەوەی فەرەنسا بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەناوی دیفاعکردن لە دەوڵەت و سیادە و سەرکردەکانیەوە دژ بە ھەژموونی تورکیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەگەری دەستکەوتی ئابووری و سیاسیی گەورەی ئاییندەیی ھەیە بۆ فەرەنسا.
ئەم شەڕە چەند گەورە و قوورس بێت، ناگاتە کەمترین ئاستی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت، دواجاریش قوربانییەکانی جەنگی سارد بریتیبوو لە گەل و دەوڵەتی ئەفغانی و بۆ#سنە# و گەنجانی جیهانی ئیسلامی و داگیرکردنی ئێراق و ڕووخانی دەوڵەتی ئێران و شای ئێران و قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاوەکوو ئەمڕۆ.
لە کۆتایی گەمەکەدا، فەرەنسا و تورکیا ئاشت دەبنەوە، ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا بکەوێتەوە سەرپێ بەھێزبێتەوە، تورکیا دەچێتەوە دانووستان بۆ بەئەندامبوون و ئەگەری زۆریشە ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، لەبەرئەوەی خاوەنی ژێرخانێکی ئابووریی بەھێزە و خاوەنی جیۆ سیاسی و جیۆپۆلۆتیکێکی گونجاو و بەھێزە و کولتووری حوکمڕانی و مرۆیی گونجاوە لەگەڵ ئەوروپا و دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ ببینێت لە جیهانی ئیسلامیدا، لەبەرئەوەی بەدیلەکانی تورکیا لەم ساتەوەختەدا لاوازن وەکوو ئێران و میسر و سعودیە و ھەریەکەیان گرفتاری کۆمەڵێک قەیرانی ئابووری یان سیاسین و ناتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن. [1]