$قەیرانی سیاسی لە ئێراق بەڕێوەیە، ئێمە چی بکەین؟$
#محەمەد ڕەئوف محەمەد#
#09-11-2020#
بەڕێزان لەم قۆناغە ھەستیارەدا دەبێت ھەموومان بە زیهنییەتی (ئێمە چی بکەین؟) بیربکەینەوە، چونکە قەیران و ئاسەوارەکانی بۆ ھەموومانە، من بۆ حیزبێک یان دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن نانووسم و ناڵێم، بەڵکوو بۆ خەڵک و ھەمووان دەنووسم و پێشبینی و زانیاری و شرۆڤەکان دەخەمەڕوو، ھەروا لێم وەرگرن.
لەم چەند مانگەی (بە حساب) دانراوە بۆ ھەڵبژاردنی ئێراق و ئێراقێکی جیاواز، زۆر ڕوونە کە ئەم ماوەیە، بریتییە لە ماوەی نەپەرژانی ئەمریکا و نەکەوتنە سەرپێی سیاسەتی نوێی پاش ترەمپ و سەرقاڵبوونی بایدن و ستافەکەی و حیزبەکەی بە سەقامگیریی ناوخۆی ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا و چاککردنەوەی ھەلەکانی ترەمپ و ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییانەی کە ناگونجێن لەگەڵ سیاسەتی دیموکراتەکان.
لەم ھەل و مەرج و ساتەوەختەدا کۆمەڵێک دەوڵەتی گەورە و ناوچەیی دەستدەکەنەوە بە جێبەجێکردنی ھەندێک لە سیاسەتە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دەستێوەردانەکانی پێشتری خۆیان لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، ئێستا فۆکەسی مەبەستی من لەسەر ئێراق و ئێرانە.
ئێران دێتەوە سەرخەت و جووڵە دەکاتەوە بەو ھێز و سەرکردانەی پێشتر لە دەسەڵاتدا بوون، وەکوو مالیکی و عامری و ھێڵی گەرمیش دەکاتەوە لەگەڵ بەشێک لە سووننەکان و ئەگەر لە کوردیش دەستیکەوێت دەیخاتە ڕیزەوە، دەبێت لەوە دڵنیابین نە ئێران ئەم چەند مانگە لەدەستدەدات و نە سەرکردە شیعەکانیش لەدەستی دەدەن، بۆیە پێم وایە ئەو جووڵەیەی لە بەغدا دەستی پێ کردووە بەردەوام دەبێت بۆ یەکێک لەم ئامانجانەی خوارەوە:
ھەڵوەشاندنەوەی وادەی ھەڵبژاردن، یان دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران یان ڕێککەوتن بەو شێوەی لە قازانج و مانەوە و دەسەڵاتی ھێز و سەرکردە شیعە سیاسییەکان بێت، بۆ ئەوەی ئەم کارە بە ئاسانی بڕواتە پێش، فشار دەکەن بۆ لابردن و دەستلەکارکێشانەوەی ھەردوو سەرۆکایەتییەکەی دیکەش و ناوی پاڵێوراوی نوێش دەخەنە بازاڕەوە تاوەکوو سووننە و کورد بەرگری لە کازمی و حەلبووسی و ھەڵبژاردن نەکەن.
بەڕێزان لەم جەنجاڵ و ترافیکە سیاسی و دیپلۆماسییەدا نابێت کورد ھەموو ھێلکەکانی بخاتە سەبەتە و زەمیلەی یەک لایەنی ناوخۆیی یان ھەرێمایەتییەوە، بەڵکوو دەبێت دڵنیابین لەوەی ئێراقی ئەمڕۆ و ئاییندەی تاڕاددەیەک دووریش نە دەبێتە دیموکراسی و نە دەبێتەوە دەوڵەتی مەرکەزی، چونکە شیرازەی ئەم دەوڵەتە وا بچڕاو و ھەڵوەشاوە، ھەرگیز یەکناگرێتەوە، دەبێت ھەر پێکهاتەیەک بە لۆژیکێکی واقیعی خەمی ئاییندەی خۆی بخوات. [1]