$ململانێ و ئەرکەکان لەبەر ڕۆشنایی ڕاگەیەنراوی یەکێتی-پارتی$
#مەلا بەختیار#
#12-08-2020#
ڕۆژی #11-08-2020# یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەیەکی تریان ئەنجامدا. وادیارە ئەم کۆبوونەوەیەش هێشتا لەلایەن پارتییەوە بۆ زەمینەخۆشکردنی کۆبوونەوەی باڵایە کە تیایدا متمانەی پەیوەندیی سیاسیی هەردوولا هاتبێتە ئاراوە. کە بەداخەوە ئەو متمانە سیاسییە بە موزایەدەی سیاسی و هەلپەرستی لەدەست درا.
جگە لەوەی ڕگەیەنراوەکە هەڵەی ڕێزمانیی جۆراوجۆری تیایە. ناوەرۆکەکەشی لەدوای لێکدابڕانی نێوان هەردوولا و پڕوپاگەندەکانیشیان بەرانبەر یەکتر لە ساڵی ڕابوردووەوە کە بە دوو ئاڕاستەی جیاوازی سیاسی ناکۆکییەکانیان قووڵدەکرد:
- ئاڕاستەی یەکێتی ... هەر لە کێشەی زینۆی وەرتێوە بۆ باسکردنی لامەرکەزیی ئیداری تا دەگاتە هەڕەشەی گۆڕینی حکومەت، گوایە یەکێتی چیکە بە سیاسەتی پێش چوارەمین کۆنگرە لەو پەیوەندییە ناهاوسەنگییەی لەتەک پارتی ڕازی نابێت ... تاد.
- ئاڕاستەی پارتیش ... داکۆکی لە حکومەتی سەرانسەری هەرێم و پاراستنی حکومەت و دوورکەوتنەوە لە ڕاگەیاندنی زبر و گرژ و یەکهەڵوێستی لە پەڕڵەمان ... تاد.
ڕاگەیەنراوی هاوبەشی دوێنێ بە زۆری بۆچوونەکانی پارتی تیایدا ڕەنگی سیاسیی داوەتەوە. ئەوەی لە کۆبوونەوەکە و ڕاگەیەنراوەکەدا باسنەکراوە ئەمانەی خوارەوەن:
- چارەسەرکردنی کێشەی زینۆی وەرتێ.
- لامەرکەزیەتی ئیداری.
- هاوسەنگیی حوکمڕانی.
- توخنی نەهێشتنی گەندەڵی نەکەوتوون.
- باسی کۆنترۆڵکردنی گومرگەکان نەکراوە.
- قسە لە نەوتی بەقاچاخبراو لە ئارادا نەبووە ... تاد.
لە هەموو حاڵەتێکدا بەبێ ئەوەی گوێ بدەمە موزایەدە و پڕوپاگەندەی هەلپەرستە مشەخۆرەکان، بەندە وتومە و دەیڵێم: سەرەڕای جیاوازییەکان، نەک پەیوەندیی یەکێتی و پارتی بە ئەرک دەزانم، بەڵکوو چارەنووسسازیشە. هاوکات، پەیوەندیی هەردوولا و بزووتنەوەی گۆڕان بە بناخەی حوکمڕانیی ئەم قۆناخە دادەنێم. هەروەها پەیوەندیی مەدەنی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەشدا گرنگە.
ئەم پەیوەندییە دوور لە ڕوانگەی حوکمڕانیی زۆرینەی پارتی و سیاسەتی دووفاقیی یەکێتی (دەسەڵات-ئۆپۆزیسیۆن) پێویستی بە لێکدانەوەیەکی هەمەلایەنەی هاوچەرخە؛ لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکان. لێکدانەوەی هاوچەرخ واتا:
یەکەم: سیستەمی حوکمڕانی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا بێت.
دووەم: لە ماوەی 6 بۆ 12 مانگدا دەستووری هەمیشە دیموکراسی-مەدەنیی گەلپەسەند پەسەند بکرێت.
سێیەم: شەفافیەت لە تەواوی سەرچاوەکانی داراییدا هەبێت.
چوارەم: گەندەڵی ڕیشەکێش بکرێت و هەر لایەک و کەسێک، کۆن و نوێ، گەندەڵیی لەسەر بسەلمێندرێت، سامانی حکومەتیان لێبسەندرێتەوە و دادگایی بکرێن.
پێنجەم: ستراتیژی گەشەپێدانی مرۆیی لە زانکۆکاندا بە بودجەی تەواوەوە، بە سەربەخۆیی زانکۆکانەوە، پەڕڵەمان یاسای بۆ دەربکات.
شەشەم: ئاسەواری دوو ئیدارەیی نەمێنێت و هێزە چەکدارەکان بە پڕۆژەیەکی گشتگیر و بە دەستوور یەکبخرێنەوە؛ بە ئاساییشەوە.
حەوتەم: ژێرخانی ئابووریی بەرهەمی فرەچەشن -پیشەسازی، نەوت، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار- پتە و بکرێت.
هەشتەم: یاسای سۆسیال-دادپەروەری بچەسپێندرێت.
نۆیەم: ژنان یەکسان لەتەک پیاوان ئەرک و مافیان بە کردەوە هەبێت!
دەیەم: ئەنجوومەنی سەنا (پیران) بۆ تەکنۆکرات و شارەزا و شایستەکان هەڵبژێردرێت.
یانزەیەم: حکومەتەکان نیوەی کەمتریان تەکنۆکرات و پسپۆڕ نەبن.
دوانزەیەم: نەخوێندەوار و دەرچووی خوێندنی سەرەتایی-ناوەندی لە پەڕڵەماندا قبووڵ نەکرێت.
سیانزەیەم: بەپێی ڕێژەی کورد و پێکهاتە ڕەسەنەکانی تر، لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، کاندیدیان لە پەڕڵەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمدا هەبێت.
ئەو بنچینانە و ئەرکی دیکەش پێویستن و دەشبێت بکرێنە پڕۆژەی ستراتیژیی هاوچەرخ بۆ حوکمڕانیی دیموکراسی-مەدەنی. ئەگینا بەدڵنیاییەوە ئەم شێوە حوکمڕانییە (حیزبییه) گۆشەگیرییەی ئێستای هەرێم [ی کوردستان] بە ئەندازەی ئەقڵیەتی تایفەگەری زیانی بۆ سیستەمی دیموکراسی هەیە. [1]