$بۆچی تەنیا حیزبییەکان مافی قسەکردنیان هەیە؟$
#مەهدی ئەبوبەکر#
#17-07-2021#
بێلایەنیی حیزبی، واتای ئەوە ناگەیێنێت مرۆڤ لە ڕووداوەکاندا بێ هەڵوێست بێت، یاخود لەژێر پاساوی ئەوەی؛ چونکە وابەستەیی حیزبیت نییە، ئیدی پێویستە لە ئاستی ڕووداوە سیاسییەکاندا، وەکوو نەعامە سەری خۆت لە زەوی بچەقێنیت و قسە نەکەیت و هەڵوێستی سیاسیت نەبێت.
پێمبڵین؛ چۆن دەکرێت، لە ڕووداوگەلێکدا کە؛ ئەنجامەکانی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی شارەکەت، ناوچەکەت و هەرێمەکەت دادەنێت بێ هەڵوێست بیت؟
کەی ڕەوایە؛ لە ترسی ئەوەی نەبادا، بە لایەندار و حیزبیی وەسف بکرێیت، چاو لە هۆکار و ئەنجامی هەموو ئەو ڕووداوە سیاسییانەی ژیانی قەوارە سیاسییەکەتی پێوە گرێدراوە بپۆشیت و لە دوورەوە تەماشاچییەکی نەرێنی بیت؟
گەلۆ؛ جیاوازییەکی فرە گەورە لەنێوان بێلایەنیی حیزبی و بێلایەنیی سیاسیدا هەیە. بێلایەنیی حیزبی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی سیاسیی زۆر ئاسایی و سرووشتییە، بگرە یەکێکە لە مافە سیاسییەکان کە مرۆڤ دەتوانێت مفای لێ وەربگرێت و وابەستەی هیچ ڕێکخستنێکی سیاسی نەبێت. لێ بێلایەنیی سیاسی، واتە، بەشدارینەکردنی سیاسی دەگەیێنێت، بە یەکێک لە دیاردە مەترسیدارەکان بۆ سەر ژیانی سیاسی وڵات دێتە ئەژماردن، چونکە دەبێتە هۆی گوێنەدان و خۆ لێنەبانکردن لەو کێشە سیاسی و ڕووداوگەلانەی کە کاریگەریی لەسەر خواست، ئامانج و ئاڕاستەی کۆمەڵگە و سیستمی سیاسیی دادەنێت. هۆکارێکیشە، بۆ گوڵڕێژکردنی ڕێگە لە بەردەم سەرهەڵدانی سیستمی سیاسیی سەرکوتکاردا، چونکە بێلایەنیی سیاسی و بەشدارینەکردنی سیاسی، بێدەنگی و چاوپۆشین، لەسەرجەم ڕەفتار و کردارەکانی پێکهێنەرەکانی سیستمی سیاسی کە خۆی لە دامەزراوە فەرمییەکان و نیمچە فەرمییەکانی وەک حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکاندا دەبینێتەوە، بەرهەم دێنێت.
خۆزگە وانەبووایە؛ لێ دەتوانم بڵێم، ئەو کەسانەی وای بۆ دەچن کە هەڵوێست دەربڕین لەبارەی ڕووداوە سیاسییەکانەوە واتە؛ حیزبیبوون، وابەستەبوون بە کەسایەتییەکی سیاسی، سەرخستنی لایەنێکی کێشەکان و ئەفەرۆزکردنی لایەنەکەی دی، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە هەڵەداچوون، چونکە لە ئامانجی سیاسەت و ئەلفبێی حیزبایەتیی تێنەگەیشتوون، حیزبایەتیی و سیاسەت، بێلایەنی حیزبیی و بێلایەنیی سیاسیان تێکەڵاو بە یەکدی کردووە!
لە بنەڕەتدا؛ حیزبایەتی، پابەندبوونە بە بەرنامەی سیاسی و پەیڕەوی حیزبەوە. بڕوابوونە بە فیکری سیاسی و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی دیاریکراوە وە. ڕێکخستن و گوێڕایەڵبوونە بۆ بڕیارەکانی حیزب و پەسندانی ڕەفتارەکانی حیزبە. کۆی ئەوانە؛ ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ڕەفتاری سیاسی تاک دادەنێت، هەرگیز ڕەفتارێک ناکات دژی پەیڕەو، بەرنامەی سیاسی، فیکری سیاسی و بڕیارەکانی حیزب بێت.
لێ ئەوەی پەیوەستە بە؛ هەڵوێست دەربڕین، لایەنداریکردن لە کێشەیەک یان ڕووداوێکی سیاسیدا، هەرگیز مرۆڤێک ناکات بە مرۆڤێکی حیزبی، بۆ نموونە؛ ئایا دەکرێت بە ناوی بێلایەنییەوە، لە ڕووداوێکی وەکوو هێرشی سەربازیی تورکیا، مرۆڤ بێ هەڵوێست بێت؟ ئاخر کەنگێ ڕەوایە، تەنیا بەهۆی ڕەتکردنەوە و لە دژ وەستانی ئەو هێرشانە، ڕاستەوخۆ مۆری ئەندامبوون و لایەنگریکردن بۆ #پەکەکە# بە تەوێڵی کەسێکەوە بنرێت؟ بەپێچەوانەشەوە، چۆن دەبێت لە ئەگەری پشتیووانیکردنی کەسانێک بۆ هێرشەکانی تورکیا، ڕاستەوخۆ سیفەتی جاش و خیانەت بەو کەسانەوە بنرێت؟
لە وڵاتانی دیموکراسی و سیستمە دیموکراسییەکاندا، بەتایبەتیی، لە وەرزی هەڵبژاردندا؛ هەموو ئەو کەسانەی ڕوو لە سندووقەکانی هەڵبژاردن دەکەن، ئەندامی حیزب نین، بە پێچەوانەوە، زۆرینەی ڕەهای دەنگدەرانی کۆمەڵگە دیموکراسییەکان لەڕووی حیزبییەوە بێلایەنن، لێ لەو ڕووداوە سیاسییەی پێدەگوترێت؛ هەڵبژاردن لایەنگیریی حیزبێک دەکەن، دەنگی پێدەدەن و متمانەی خۆیانی پێدەبەخشن.
ئەگەر تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەنەی خاوەنی سیستمی دیموکراسین؛ بە هەمان لۆجیکی لەمەڕ ئێمە لایەنگریی حیزبیی و سیاسی تێکەڵاوی یەکتر بکردایە، ئەوا دەبوو تەنیا ئەندامانی حیزب، مافی دەنگدانیان هەبووایە و ئەوانی دی بە بیانووی بێلایەنیی حیزبییەوە تەماشاچیی بوونایە! بەوجۆرە؛ هەمیشە حیزبێک براوە دەبوو، حیزبەکانی دی، دەست بەتاڵ و دۆڕاو بۆی دەردەچوون! نهێنی سەرکەوتنی سیستمی دیموکراسیی لەوەدایە؛ دەرگە لە بەردەم بەشداری سیاسیی هەموواندا بە حیزبییەکان و بێلایەنەکانەوە ئاوەڵا دەکات، بەوەش دەنگدەر (حیزبیی و بێلایەن) ، بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کام حیزب براوە دەبێت و بڕیاری سیاسی بۆ سێ تاوەکوو چوار ساڵ بەدەستەوە دەگرێت، بۆیە هەمیشە نەخشەی سیاسی وڵات بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی دەنگدەر لە گۆڕانکاریی بەردەوام دایە.
جگە لە هەڵبژاردن، دەیان دیاردە و ڕووداوی دی هەن، کە خەڵک ناچارە ڕا و هەڵوێست لەبارەیانەوە بە قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوە دەرببڕیت، بەبێ ئەوەی ترسی لەوە هەبێت بێلایەنییە حیزبییەکەی لەدەستبدات.
لە زانستی سیاسییدا؛ دیاردەی بێلایەنیی حیزبی وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی سەیر دەکرێت، بەڵام دیاردەی بێلایەنیی سیاسی و بەشدارینەکردنی سیاسی، وەکوو دیاردەیەکی نێگەتیڤ چاولێکراوە، چونکە دووەمیان کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی دیموکراسی و گەشەکردنی سیاسی جێدەهێڵێت، بۆیە لە زانستی سیاسیدا چەمکی (بێباکیی سیاسیی) بۆ ئەو کەسانەی بێلایەنی سیاسیین و بەشداریی سیاسی ناکەن بەکاردەهێندرێت.
لە سیستمە دیموکراسییەکاندا، هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدرێت بێلایەنە سیاسییەکان، واز لە بێباکی سیاسی بهێنن و ڕا و هەڵوێستی سیاسی لەبارەی دیاردە و ڕووداوە سیاسییەکانەوە دەرببڕن و بەشداریی کایەی گشتی بکەن، بەڵام هەرگیز لەسەر ئاستی گشتی هانی کەس نادرێت واز لە بێلایەنیی حیزبی بهێنن و لە ڕیزی حیزبەکاندا خۆیان ڕێکبخەن و بەرگی ئەندامێتی حیزبێک لەبەر بکەن.
بەکوورتی، بێلایەنیی حیزبی، دیاردەیەکی پۆزەتیڤە، لێ بێلایەنیی سیاسیی، دیاردەیەکی خراپە و دەچێتە چوارچێوەی (دەست بە کڵاوەکەتەوە بگرە با بانەیبات) ئەو پەندە کوردییەی کە ئێستا هەندێک ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەڤان و چالاکڤان خەریکن بە ناوی بێلایەنییەوە بەسەر خەڵکی بەگشتی و ڕۆشنبیراندا بەتایبەتی بیسەپێنن، وەکوو ئەوەی لە ڕووداوێکی وەکوو ڕووداوەکەی 8ی تەممووز و ڕۆژانی دواتری ناو یەکێتی بینیمان کە گەرەکیانە؛ بە ناوی بێلایەنییەوە، دەمی خەڵکانی دەرەوەی بازنەی ئەندامانی یەکێتی پێدابخەن و ڕێگەی ڕا دەربڕین و هەڵوێست وەرگرتن لە بەردەم زۆرینەی خەڵکیدا دابخەن! [1]