$تاڵیبانی کوردیی لەبەر دەرگەیە!$
#مەهدی ئەبوبەکر#
#25-08-2021#
کێ دەتوانێت ئەو بڕوایەم تێدا بچێنێت، جووڵانەوەیەکی ئیسلامیی ڕادیکاڵیی هاوشێوە و هاوڕەفتاری بزووتنەوەی تاڵیبان، لە کوردستاندا درووست نابێت؟ کێ دەتوانێت، دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان بدات، چەند ساڵی داهاتوو، دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، ناکەوێتە دەست جووڵانەوەیەکی هاوجۆری بزووتنەوەی تاڵیبانەوە؟
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو دەمەی بڕیاریدا؛ دانووستاندن لەگەڵ بزووتنەوە تووندڕەوە ئەفغانییەکەدا دەستپێبکات، بێ ئەوەی درکی پێبکات، پێشینەیەکی ترسناکی لە جیهانی ئیسلامیدا درووستکرد، ئاوێکی خراپی لە ناوچەکەدا ڕشت، چونکە لە مێژووی هاوچەرخی ئەم ناوچەیەدا ڕووینەداوە، دەوڵەتێکی زەبەلاحی وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سازش بۆ ڕێکخراوێکی ئیسلامیی ڕادیکاڵی بکات و دەسەڵاتی سیاسیی ڕادەست بکات.
لەو گۆشەنیگایەوە، بێ زۆر لە خۆکردن، دەتوانین بڵێین: ڕازیبوونی ئەمریکا بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامە لەگەڵ تاڵیبان، دواتر چۆڵکردنی ئەفغانستان و ڕادەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی بەو بزووتنەوە ڕادیکاڵە تووندڕەوە، تەنیا مانایەکی هەیە ئەویش؛ سەرکەوتنی ئیرادەی تاڵیبانە بەسەر ئەمریکادا، سەرباری سەپاندنی ئیرادەی سیاسی، تاڵیبان توانیی دانپێدانانی ناڕاستەوخۆ لە ئەمریکا بە دەستبهێنێت، بەو جۆرە؛ شەرعیەتی وەرگرتنی دەسەڵات بۆ خۆی حەڵاڵ بکات.
سەرکەوتنی تاڵیبان لە جەنگی بیست ساڵەدا، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوییە لە جیهانی ئیسلامیدا، دەستپێکی مێژوویەکی نوێیە لە ناوچەکەدا، بۆ لەمەوپاش دەتوانین؛ مێژووی هاوچەرخی جیهانی ئیسلامی بۆ قۆناخی پێش سەرکەوتنی تاڵیبان و قۆناخی دوای سەرکەوتنی تاڵیبان دابەش بکەین، قۆناخە تازەکەش بە قۆناخی تاڵیبانیزم ناودێر بکەین.
لەم قۆناخە تازەیەدا؛ بزووتنەوەی تاڵیبان، لە بزووتنەوەیەکی لۆکاڵیی ئەفغانییەوە، دەگۆڕێت بۆ مۆدێلێکی ئیسلامیی سیاسیی چەکداریی نێونەتەوەیی، جێگە بە ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین لێژ دەکات، ئەو ڕێکخراوەی نزیکەی سەدەیەکە، تاکە ڕێکخراوی ئیسلامیی سیاسیی ڕادیکاڵیی نێونەتەوەییە، سەرچاوەی فیکری، سیاسی و سپۆنسەری دارایی و ماڵی زۆرینەی هەرە زۆری حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکانی جیهانی ئیسلامی بووە.
ئاماژەکانی دوای سەرکەوتنی تاڵیبان پێماندەڵێن، بزووتنەوەی تاڵیبان (وەکو سۆشیالزمی سەروەختی جەنگی سارد) دەبێتە تاڵیبانیزم و مۆدێلێکی نوێی ئیسلامیی سیاسیی ڕادیکاڵیی نوێ دێنێتە مەیدان، وەکوو پەتایەکی بێ ڤاکسین بە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی بڵاودەبێتەوە.
خەسڵەتەکانی مۆدێلی سیاسیی تاڵیبان یان تاڵیبانیزم لە چەند خاڵێکدا دەردەکەوێت؛ ئەو بزووتنەوەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە؛ هەڵقوڵاوی کولتوور و دابوونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئەفغانییە. لە ڕووی سیاسییەوە؛ وابەستەیی لەگەڵ ڕێکخراوێکی سیاسیی دیکەدا نییە، بە واتایەکی دیکە بە تەواوی لۆکاڵییە. لە ڕووی فیکری سیاسییەوە؛ وابەستەیی بۆ مەرجەعە تووندڕەوە دیارەکانی وەکوو ئیبن تەیمییە، حەسەن ئەلبەننا، ئەبو ئەعلای مەودودی و سەید قوتب و ئەوانی دیکە نییە، بەڵکوو خودان فیکرێکی سیاسیی ئایینیی تایبەت بە خۆیەتی. لە ڕووی سەربازییەوە؛ بە خۆڕاگر، کۆڵنەدەر و دژە خۆراوا و بەزێنەری ئەمریکا ناسراوە.
ئەو خەسڵەتانەی لە مۆدێلی تاڵیباندا بەرجەستە بووە، سەرنجڕاکێش و ئیلهامبەخشە بۆ جیهانی ئیسلامی، بە تایبەتی بۆ ئەو تاک و گرووپانەی دەیانەوێت دوور لە مۆدێلی ئیخوانی و مۆدێلە ئیسلامییە سیاسییە باوەکان، گرووپی سیاسیی چەکداریی جیهادی دابمەزرێنن و دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتەکانیاندا وەربگرن.
لە پەناوپەسێوی ئاماژەکاندا ئەوە دەخوێنرێتەوە؛ هەرێمی کوردستان، بەهۆی دەیان هۆکاری سیاسی، ئابووری، مێژووی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و کولتووری، لە چاو گەلانی دیکەدا، بە شەقاوی خێراتر بۆچوونەنێو قۆناخی تاڵیبانیزم دەڕوات، پێدەچێت ناوی کوردستان لە سەری سەرەوەی لیستەکەدا تۆمار بکرێت کە مۆدێلی تاڵیبانی کۆپی دەکەن و بە کردار ڕێکخراوی هاوشێوەی تاڵیبانی تێدا دادەمەزرێت.
بە شیکردنەوەی کۆدی ئاماژەکان، دەگەین بەو بڕوایەی؛ هەرێمی کوردستان، لە جێبەجێکردنی تاڵیبانیزم و کۆپیکردنەوەی مۆدێلی تاڵیبان پێش گەلانی دیکەی موسڵمان دەکەوێت. لەو بڕوایەدام؛ زۆر بەزوویی دەبینە شاهیدی درووستبوونی تاڵیبانێکی کوردیی بە مۆرکێکی کوردانەی لۆکاڵی، لە ڕووی ڕێکخراوەیی، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە.
لێرەدا دەرگیری پرسیارێک دەبین؛ ئایا درووستبوونی تاڵیبانی کوردیی، گرێدراوی کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ئێراق؟ با پرسیارەکە بە جۆرێکی دیکە بکەین؛ ئایا ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان، هێزەکانی لە ئێراق نەکشێنێتەوە، بزووتنەوەی تاڵیبانی کوردی درووستدەبێت یان نا؟
بە پشت بەستن بە هەندێک پێدراو، دەگەینە ئەو بڕوایەی؛ درووستبوونی تاڵیبانی کوردی، وابەستەی کشانەوە یان مانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە لە ئێراقدا، بە پێچەوانەوە؛ لە ئەگەری مانەوە یان ماڵاواییکردنی سەربازانی ئەمریکادا تاڵیبانی کوردی درووست دەبێت، هۆکاری ئەو دڵنیابوونەمان پشتبەستووە بە کۆمەڵێک هۆکار گرنگترینیان ئەمانەن: لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە؛ زەمینەیەکی لەبار لە ئارادایە؛ بۆ درووستبوونی بزووتنەوەیەکی سیاسیی ئایینی، لەسەر شێوازی ئایینیی میللی، دوور لە فیکری سیاسیی ئیخوانی و ئەو شێوازە باوەی حیزبە ئیسلامییەکان لە دوای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، تاقیان کردەوە و شکستیان تێداهێنا و خەڵکی کوردستان لێی تەکینەوە.
لە ڕووی ئایینییەوە؛ لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سیاسیی بەعس، شەپۆلێکی تووندی ئایینگەرایی، بە هەموو جۆرەکانی سەلەفی، سۆفی و میللییەوە کوردستانی گرتووەتەوە، بە جۆرێک ئایینگەرایی تۆخبووەتەوە، کار بە لایەنگرانی حیزبە ئیسلامییەکانەوە نەوەستاوە، بەڵکوو سەرتاپای خەڵکی کوردستانی گرتووەتەوە، تەنانەت زۆرینەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە بە ناو عەلمانییەکانیش کەتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو شەپۆلە ئیمانییە ئایینییەوە و پابەندبوونێکی تووندی ئایینییان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان درووستکردووە.
لە ڕووی سیاسیی دەرەکییەوە؛ ئاشکرایە مۆدێلی سعودی - ئیماراتی، لە درووستکردنی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا شکستیهێناوە، ئەوەی ماوەتەوە مۆدێلی قەتەری - تورکییە، ئەو مۆدێلە هەرچەندە بە پاڵپشتیکار و پشتوپەنای مۆدێلی ئیخوانی ناسراوە، لێ لە پەنای ئیخوانیزمدا، ستراتیژی پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوە ئیسلامییە لۆکاڵییەکان و درووستکردنی گرووپی ئیسلامیی لۆکاڵیان گرتووەتەبەر، بە درێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا و دواتر لیبیا، تورکیا بە پارەی نەوتی دەوڵەتی قەتەر، لە جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژەدا سەرکەوتوو بوو. ئێستایش قەتەر بووەتە پشتیوان و یارمەتیدەری ڕاستەخۆی تاڵیبان و کار بۆ سەرخستنی پڕۆژەی تاڵیبانیزم دەکات. ئەوەی پێشبینی دەکرێت؛ لەمەودوا؛ دەوڵەتی قەتەر، بە ڕێژەیەکی زۆر پارە لە ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین بگرێتەوە، یارمەتییەکانی بخاتە خزمەت درووستکردنی دەیان بزووتنەوە و ڕێکخراوی لۆکاڵی وەکوو تاڵیبانەوە.
پێویستە؛ ئەوەیشمان بیر نەچێت، خودی بزووتنەوەی تاڵیبان، دوای جێگیربوونی پێیەکانی لە دەسەڵاتدا، بە دڵنیاییەوە هەوڵی هەناردەکردنی ئەزموونی خۆی بۆ دەرەوە دەدات، لە ماوەی داهاتوودا؛ تاڵیبان بە دەست و دڵفراوانییەوە، یارمەتیی سیاسی، ڕێکخراوەیی، چەکداریی و تەنانەت دارایی پێشکەش بەو گرووپانە دەکات کە دەیانەوێت ئەزموونەکانی ئەو لە وڵاتانی خۆیان تاقیبکەنەوە.
بەو پێیەی؛ هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە بازنە لاوازەکان، بۆیە زۆر لەبارە بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونە نوێیەکەی تاڵیبان، لە ڕووی مێژووییشەوە؛ پەیوەندییەکی بەردەوام و بەتین لەنێوان بزووتنەوە ئیسلامییە کوردییەکان و بزووتنەوە ئیسلامییە ئەفغانییەکاندا هەبووە و هەیە، هەروەها هەردوو دەوڵەتی تورکیا و قەتەر پێکەوە؛ کاریگەریی زۆریان لەسەر هەرێم هەیە، بۆیە بەئاسانی و زووتر بزووتنەوەی تاڵیبانی کوردیی، بە هاندان و یارمەتیدانی ئەو دەوڵەتانە، لە کوردستاندا هەڵدەتۆقێت.
لە ڕووی سیاسیی ناوخۆییەوە؛ لە 10 ساڵی پێشوودا، بە هۆکاری؛ ناکارایی حکومەت، هەڵئاوسانی گەندەڵی سیاسی و دارایی، شکستی سیاسی لەبەرانبەر بەغدا، دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی، سەرباری ئەوانەیش بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی شەپۆلی پۆپۆلیزمی سیاسی و بە شەیتانکردنی حیزبە فەرمانڕەواکان لەلایەن حیزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنە پۆپۆلیستییەکانەوە، بە لێشاو خەڵکی لە حیزبە سیاسییەکان تەکیونەتەوە، لە تاکێک خودی خۆیدا بووە بە ئۆپۆزیسیۆنێکی ناڕێکخراو، بۆیە دەرفەتی درووستبوونی ڕێکخراوێکی ئیسلامیی هاوشێوەی تاڵیبان لە دەست نادەن و لە دژی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان پشتیووانیی دەکەن. نموونەی بەرچاو، دڵخۆشیی زۆرینەی زۆری خەڵکی کوردستانە، بە سەرکەوتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان. هەرچەندە ئەو دڵخۆشییە لە ڕوانگەی ئیسلامییەکانەوە جیاوازە لە ڕوانگەی نائیسلامییەکان، دڵخۆشیی ئیسلامییەکان سەرچاوەکەی ئەوەیە؛ تاڵیبان لووتی ئەمریکای شکاندووە و ئیمارەتێکی ئیسلامیی دادەمەزرێنێت. لێ دڵخۆشیی نائیسلامییەکان سەرچاوەکەی ئەوەیە؛ تاڵیبان حکومەتێکی ناکاری گەندەڵیی هاوشێوەی حکومەتی کوردستانی ڕووخاندووە، بۆیە سەرەڕای جیاوازیی سەرچاوەی دڵخۆشییەکەیان، هەردوولا خۆزگە بە درووستبوونی تاڵیبانێک دەخوازن کە حکومەتەکەی لەمەڕ ئەوانیش بڕووخێنێت.
سەرنجڕاکێشیی ئەزموونی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان، بۆ زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هێندە بەهێزە، ئەگەر تورکیا، قەتەر و تاڵیبانی ئەفغانیش، ئامادەنەبن پشتیووانی و هاوکاریی درووستبوونی بکەن، هەر درووست دەبێت، چونکە لە لایەک ئەو ئەزموونە بۆ ئیسلامییەکانی کوردستان؛ دەرفەتێکی زێڕینە بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی ئیمارەتێکی ئیسلامی، بۆیە هەرگیز بەو ساناییە لە دەستی نادەن.
لە لایەکی تریش؛ خەڵکی کوردستان لە نائاگاییەوە لەپێناو شاربەدەرکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئامادەن پشتیووانیی هەر بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی بکەن، چجای ئەوەی ئەو بزووتنەوەیە هەڵگری فیکرێکی سیاسیی ئایینیی بێت، بەڵێنی سەپاندنی شەریعەت و جێبەجێکردنی دادپەروەریی و سزادانی گەندەڵکاران بدات. بە کوورتیی؛ زۆرینەی خەڵکی کوردستان، ئامادەن هەمان ئەزموونی هەڵەی خەڵکی ئێران کە لە ساڵی 1979 لە دژی محەمەد ڕەزا شا ئەنجامیاندا، دووبارە بکەنەوە و ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی 30 ساڵی ڕابردوویان بخەنە سەر مێزی قوماری تاڵیبانێکی کوردییەوە. [1]