$دێموکراتیزەی دێموکرات$
#ناسر باباخانی#
#26-01-2015#
ڕەنگە گەرمترین باسی سیاسی ئەمڕۆکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسی یەکگرتنەوەی دوو باڵەکەی حیزبی دیموکرات بێ. پرسێک کە دەمێک ساڵە هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا هەنووکە بەرۆکی گرتووە و وەک مۆتەکە سینگی لەسەر داکوتاوە و لەم ماوە زەمەنییەدا بەشێکی زۆری وزە و هێزی ئەم حیزبەی بەفیڕۆ داوە و بەردەوام لە بری خەباتی سیاسی سەرقاڵی لێکدابڕان و یەکگرتنەوە بووە! خۆ ئەگەر جودابوونەوەی ساڵانی (1980-1988) وەک (ئینشیعاب) واتە جودابوونەوەی بەشێک لە حیزبی دیموکرات نێودێر کرا و ئەو باڵانەی لەم دوو جودابوونەوەیە پەیدابوون بە پەیڕەوی کۆنگرەی چوار یان لادەر ناسێنران، ئەوا ساڵی 2006 داستانێکی تری هەبوو، لەبری ئینشعاب، ئینشقاق بە واتای لەتبوون ڕوویدا.
ڕەنگە لە دوو جودابوونەوەی ساڵانی (1980-1988) دا زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قەناعەتێک گەیشتبوون کە ئەوانەی لە حیزب جودابوونەوە لەڕاستیدا لە ڕێبازی حیزب لایانداوە، بەڵام لە دوایین دابڕاندا خەڵک ئێستاشی لەگەڵدا بێ، نە سەلماندی و نە پێمل بوو بەم لێکترازانە. هەر بۆیە خەڵک تا ڕادەیەک ڕووی لە حیزب وەرگەڕاند و لە دیموکراتەکان تۆران. ئەگەر لە دوو جودابوونەوەکەی پێشوودا بەهۆی بوونی ڕێبەرێکی کاریزمایی وەک دکتۆر قاسملوو لەگەڵ باڵی سەرەکی، کۆمەڵانی خەڵکی لەگەڵ خۆی هێشتەوە، ئەوا جاری سێیەم بۆشایی کاریزمایەک بە سانایی هەستی پێدەکرا.
هەر بۆیە هیچ لایەک نەیتوانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی لەگەڵ بێ، ئەمە لە کاتێکدایە کە دابڕانی ساڵانی (1980-1988) سەردەمێک بوو کە حیزبی دیموکرات وەک سەرەکیترین حیزبی کوردی لە ڕۆژهەڵات کوانووی شۆڕش بوو، حزووری لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا بەرچاو بوو، هێزی پێشمەرگە لە شار دانەبڕابوو، جیلەکانی ئەوان سەردەمان بە تەواوی گۆشکراوی بیروباوەڕێکی نەتەوەیی بوون، بەڵام ئێستا ئەم فاکتۆرانە هەر نەماون، یان زۆر کاڵ بوونەتەوە، هەر بۆیە ناکرێ بەپێوەری ئەو کات بڕوانینە ئەمڕۆ. خۆ ئەگەر یەکەم دابڕان سێبەری خەستی ئایدیۆلۆژیکی پێوە دیار بوو و لە دووەم دابڕاندا سێبەری ئەم جیاوازییانە کاڵتر بووەوە، بەڵام لە لێکترازانی سێیەمدا هیچ گرفتێکی سیاسی ئەوتۆ لە گۆڕێدا نەبوو! دەکرێ بڵێین ئەوەی کە بوو بە هۆکاری دابڕانی دوایی بەر لە هەموو شتێک کەڵک وەرنەگرتن بوو لە میکانیزمە دیموکراتیکییەکان بۆ چارەسەری گرفتە سەلیقەییەکان!
حەوجێ بە گوتن ناکا کە خەسارەکانی ئەم دابڕانە تا چەند زەرەری لە خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە و یەکگرتنەوەی ئەم دوو باڵە تا چ ڕادەیەک دەتوانێ ڕیزەکانی خەبات لەناو شار و شاخدا هاوتەریب بکات. ئێستا کە شەپۆلێکی گەورە ساز بووە لە کۆمەڵانی خەڵک و ئەندامانی هەردوو باڵی حیزب و بەتایبەتی سیما ناسراوەکانی گۆڕەپانی سیاسەت کە خوازیاری یەکگرتنەوەن، بۆ ئەوەی بە مەرەدی یەکگرتنەوەکانی پێشوو نەچێ، دەبێ ئیزنی ڕەخنەگرتن و تەنانەت دەربڕینی ڕای دژوازیش هەبێ لە هەرسێ قۆناغی بەر لە یەکگرتنەوە، لە کاتی دانووستاندنەکان بۆ یەکگرتنەوە و لەمانەش گرینگتر و چارەنووسسازتر قۆناغی پاش یەکگرتنەوە تا ئەم مژارە بە تەواوی خەسارناسی و تاوتوێ بکرێ. بەدەر لەمانەش کۆنترۆڵی ڕەوانی پرسەکە دەتوانێ لەبەرەو پێشبردنی ئیجابی بارودۆخەکە دەوری سەرەکی بگێڕێ. لە سەرجەم ئەم قۆناغانەی باسم لێوەکردن دەبێ دیموکراتەکان، دیموکرات بن بە مانای ڕاستەقینەی وشە. [1]