$دۆخی خەسیوی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵات$
#ناسر باباخانی#
#24-05-2015#
بارودۆخی ڕۆژنامەگەری لە پارچەکانی کوردستان لەڕووی چەندێتی و چۆنییەتییەوە جیاوازیی هەیە و بەپێی زرووفی زەمەنی هەڵکشان و داکشانێکی زۆریان بەخۆوە بینیوە. بەڵام بێگومان خاڵی هاوبەشی هەموویان دەگەڕێتەوە سەر داکۆکی لە بوون و ناسنامەی نەتەوەیی.
لێنانی ناوی کوردستان لە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لەلایەن میقداد میدحەت بەدرخان لە سەردەم خۆیدا، بێگومان مەبەستێکی سیاسی لە پشت بووە. ئەوکات کە ئیمپراتۆری عوسمانی هەر چەشنە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرد و زۆربەی میرە کوردەکانی لە ئێستانبوڵ دەستبەسەر کردبوو، زۆر سرووشتییە ڕووناکبیرانی کورد بە شوێن هەوڵێکەوە بووبن بۆ لابردنی ئەو بارودۆخە و دۆزینەوەی ئاڵتەرناتیڤێکی دیکەی خەبات. هەر بۆیە ئەم ناولێنانە ڕەنگدانەوەی جۆرێک خەون و خولیای گەلی کوردیشی پێوە دیارە، واتە پێداگری لەسەر بوون و شوناسی کورد و بەخشینەوەی سەرلەنوێی پێناسەیەکی کوردی بە نەتەوەی کورد. ڕۆژنامەگەری کوردی لەو کاتەوە تا ئێستا لەم ڕێچکە و ڕێبازە لاینەداوە چون تا هەنووکە ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوە.
دیارە لەنێوان گەشەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا و ڕادەی کراوەیی فەزای سیاسی، پەیوەندییەکەی ئەم ئەوێتی هەیە. هەرکات لە هەر پارچەیەک خەباتی سیاسیی چەکداری برەوی هەبووە، ڕۆژنامەگەری کوردیش بەرەو هەڵکشان چووە.
سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی دڵسۆزانەی ئەو کەس و لایەنانەی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و لە تاراوگە ئەرکی تاقەتپڕووکێنی ڕۆژنامەگەرییان لەئەستۆ بووە، ڕەنگە نەکرێ دەستەواژەی ڕۆژنامەگەری کوردی بە مانا پڕۆفیشناڵەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکارببەین. لەڕاستیدا بەهۆی ئەوەی کە ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی کاتی خۆی دەرخستووە و بەردەوام و بێ پسانەوە جگە لە چەند قۆناغێکی سنووردار بوونی نەبووە، ناکرێ لەم بەشە قایل بە بوونی ڕۆژنامەگەرییەکی پیشەیی بین.
ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بۆ چەند هەوڵێک لە ڕابردوودا ڕەنگە بۆ شرۆڤەی باسەکە یارمەتیدەر بێ: گۆڤاری نیشتمان کە ئۆرگانی کۆمەڵەی ژێ کاف بوو، بەرهەمی فکر و هزری تاکێکی بژاردە بوو. ڕۆژنامەی کوردستان زمانحاڵی حکومەتی کۆماری کوردستان بەرهەمی خەباتی سیاسی نەتەوەیی بوو کە لە بۆشاییەکی دەسەڵاتی سیاسیدا - بە تەعبیری دێیڤید مەک داوڵ - دەردەچوو. گۆڤاری سروە، لە ڕاستیدا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردستان بڵاوبووەوە، ڕێک لەو کاتەدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوانووی شۆڕش بوو. گۆڤار و بڵاڤۆکە خوێندکارییەکانی سەردەمی دەوڵەتی ڕێفۆرمخوازی خاتەمی بەرهەمی کرانەوەی ڕێژەیی کەشوهەوای سیاسی بوون لەناوخۆدا. کەوابوو دەکرێ بڵێین گەشەی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵات پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ چەندین فاکتەر هەیە کە ڕەنگە بریتی بن لە: کرانەوەی کەشوهەوای سیاسیی ناوخۆ، خەباتی سیاسی نەتەوەیی و هەروەها ڕۆڵی تاکە بژاردەکانی کۆمەڵگە.
بەپێی ئەو هۆکارانەی ئاماژەم پێکردن، ئێستا ڕۆژنامەگەریی کوردی چ لەناوخۆ و چ لە تاراوگە، لە خەسیوترین حاڵەتی خۆیدایە. چون نە کەشوهەوای فەرهەنگی سیاسیی ئێران ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، نە حیزبە سیاسییەکان لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا توانیویانە لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆ بچووکترین کاریگەرییان هەبێ. ڕۆڵی تاکیش بە گرێدراویی بەم دوو هۆکارەوە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی. هەرچەندە لە ناوخۆ بەدەگمەن ئەم وزە و پتانسییلەیان هەیە، بەڵام دەسەڵات بەردەوام ڕێگر بووە لە بەردەمیان. ڕۆڵی تاک لەناو حیزبەکانیشدا بەپێی ماهیەتی دەسەڵاتخواز و بەرژەوەندیی حیزب ئەوەندەی دیکە سنووردار بووەتەوە. بەربەستەکانی دیکەی پرسەکە بریتین لە: نەبوونی ستراتیژییەکی دیاریکراو و پلانێکی تۆکمە، نەبوونی سەربەخۆیی فکری، گرفتە فەنی و تەکنیکییەکان، گرفتی ماڵی، نەبوونی ستافی ئاکادێمیک، نەبوونی ئەزموون، نەبوونی فەرهەنگی کڕین و خوێندنەوەی ڕۆژنامە و...
ئەوەی ڕاستی بێ، لە ساتەوەختی ئێستادا ڕۆژنامەگەریی سوننەتی (کاغەزی) کەوتووەتە پەراوێزەوە و ئەوەی ئەمڕۆ دەتوانێ ژێرخانەکانی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵات سەرلەنوێ داڕێژێتەوە، ئاوڕدانەوەیەکی جددییە لە ڕۆژنامەگەریی ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیا. ڕەنگە بە کوورتی خاڵە ئیجابییەکانی ئەم چەشنە ڕۆژنامەگەرییە بریتی بن لە: تێچوویەکی کەم، بوردی زۆر، سنووردار نەبوونی لەباری تیراژەوە، بەڕۆژ بوونەوەی لە چرکەساتێکدا، پێویستی بە پڕۆسەی دوورودرێژ و تەنانەت چەند ساڵەی وەرگرتنی ئیزنی چاپ و بڵاوکردنەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە نییە، بەنیسبەت ڕۆژنامەگەریی سوننەتی ڕیسکەکەی کەمترە و...
ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دۆخە خەسیوە ڕزگار نابێ مەگەر قەرەبووی ئەم خەسارانە بکاتەوە کە باسمکردن و پانتایی بەرفراوانی دنیای مەجازی بکاتە گۆڕەپانی چالاکیی خۆی بۆ ئەوەی لەم بەرزەخەی ئێستا نەجاتی بێ. [1]