$رۆژهەڵاتی کوردستان و نەبوونی وتارێکی هاوبەش$
#ناسر باباخانی#
#05-06-2015#
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات هەر لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانەوە کە قرمەی چەکی پێشمەرگە وەستاوە، تووشی چەشنێ لە سستی بووە. کە دەڵێم وەستانی قرمەی چەک مەبەستم تەنیا خەباتی چەکداری نییە، بەڵکوو مەبەستم نەبوونی وتارێکە کە لە کۆتایی پەنجاکان تا ناوەڕاستی حەفتاکان وتاری زاڵ بوو بەسەر کۆمەڵگەدا، وتارێک کە تەواوی ڕەهەندەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیشی تەنیبوو. وتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی، وتارێک کە گرێدراویحزوور بوو! حزوور بە واتای بوونی پێشمەرگە لە پانتایی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتدا کە پاڵپشتی ئەم وتارە بوو. نزیکەی بیست ساڵە تەقە لە چەکی پێشمەرگە نەهاتووە بە زۆر هۆکار (باس لە هۆکارەکانی بواری تایبەت بە خۆی دەوێ) ، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش سەرەکیترین ستراتیژی بۆ بەرگری لە خەباتی گەلی کورد ئەوە بووە کە بەردەوام کەلێنێک، دابڕانێک لەنێوان شار (خەڵک) و شاخ (پێشمەرگە) سازبکا بەهەر شێوەیەک و لەسەر بنەمای ئەم ستراتیژییەش تاکتیکی جۆراوجۆری ڕەچاو کردووە، دواجار ئەم دابڕانە بووەتە هۆی ئەوەی بوون و حزووری شاخ لە ناو شاردا بگاتە نزمترین ئاستی خۆی، بۆیە لە هەر شوێنێ هەر کاتێک هەست بەوە بکا کە وا خەریکە چەکەرەی حزوورێک سەرهەڵدەدا بێ سێ و دوو دەیقرتێنێ.
دەکرێ بڵێین لە نەبوونی وتارێکی ئەوتۆدا، بۆشاییەک هەستی پێدەکرێ کە دواجار ئەم بۆشاییە دەبێتە لەمپەڕی لێکتێگەیشتنی هێزە سیاسییەکان و چالاکڤانانی ناوخۆ، واتە لە نەبوونی وتارێکدا کە خاڵە هاوبەشەکانی هەردوو لا لەیەکدی کۆبکاتەوە و لەسەر خاڵە جیاوازەکانیشی موناقەشە بکرێ بۆ خەمڵاندنی ئەم وتارە، ئاساییە هەست بەم کەلێنە بکەین.
دیارە لە کەشێکی دێموکراتیکدا ئەمە زۆر ئاساییە کە شێوە ڕوانینی دەرێ و ژوورێ جیاوازییان هەبێ، دەڵێم جیاوازی نەک دژایەتی! بێگومان ئەم شێوە ڕوانینە ئەگەر لەسەر بنەمای ناسینێکی ورد و تۆکمە نەبێ کەلێنەکە چەند قات بەرزتر دەکاتەوە، کە سەیری ئەم دنیا مەجازییە دەکەی، بۆت دەردەکەوێ کە هۆکاری ئەم کەفوکوڵە کاتی و پۆپۆلیستییەی هەندێ جار لۆمپەنیزمێکی هەوسار پساویشی لەسەر بنەمای وەهم و درۆ پێوە دیارە، بەرهەمی توخمی نەناسینی ناوخۆیە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی سیاسییەوە. بەڵام جەمسەرەکەی دیکەش، واتە ژوورەوە، لە قۆستنەوەی هەلەکاندا دەورێکی پاسیڤی گێڕاوە. لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا هەندێ جار پێشهات و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن کە بارودۆخی سیاسی وڵاتێک دەگۆڕن. پارسۆنز پێیوایە ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی وەک هێزێکی گشتی جەماوەری دەتوانێ ببێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵگە و دواجار لەسەر مێژووی وڵاتێک شوێندانەربێ. بە بڕوای من لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا، بۆ بەدیهاتنی ئەم ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییە چەشنێ کاتالیزۆر پێویستە کە ببێتە هۆی هەڵایسانی ئاڵوگۆڕەکە، بە مەرجێک پێشهاتەکە بقۆزرێتەوە.
هەر بۆیە لە نەبوونی وتارێکی جددیدا، ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ ناقۆزرێنەوە و کە نەقۆزرانەوە، دەرەوە بە تەعبیری خۆی سەودا لەگەڵ ڕووداوەکە دەکات تەنانەت ئەگەر ئاستی ناسینەکەشی لاواز بێ. لێرەدایە کە تێکهەڵەنگوتن ساز دەبێ ئەگەر وتارەکە بوونی بووایە سەنتێزێک لەم دوو شێوە ڕوانینە دەیتوانی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی بکاتە خاڵگۆڕانێکی جددی لە کۆمەڵگەدا. بەڵام لە نەبوونی وتاردا زیاتر جیاوازییەکان خۆدەردەخەن. وەک ڕووداوەکەی شاری #مەهاباد# کە نە ناوخۆ توانی بیقۆزێتەوە نە دەرەوە توانی کاناڵیزەی بکات!
لەڕاستیدا کێشەکە نەبوونی وتارە نەک جیاوازیی وتار، ڕۆژهەڵات تا ئەم دواییە هەر پاشکۆی وتاری باشوور و باکوور بووە، بەڵام پێم وایە ئێستا بۆ هێزە سیاسییەکان بە خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکە و بارودۆخی ئێران دەرکەوتووە کە ئەمانە ئاڵتەرناتیڤێکی گونجاو و کردەیی نەبوون و نین بۆ ڕۆژهەڵات. لاموایە ئەگەر سەرجەم ئەم هێزانە ڕاستگۆیانە ئەو پرسیارە ئاڕاستەی خۆیان بکەن کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا چییان کردووە و بەگشتی چ شوێندانەرییەکیان لەسەر نێوخۆی ڕۆژهەڵات هەبووە و دەیانەوێ چی بکەن بۆ داهاتوو، بتوانن هەست بەوە بکەن کە سازدانی وتارێکی هاوبەش لەنێو خۆیاندا بە ئاکامێکی ئیجابییان بگەیەنێ و ئەمە بکەن بە سەرەتای خاڵگۆڕانێکی ئەوتۆ بۆ خۆیان و دواجار بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
کەوابوو ئەوەی بووەتە پاژنەی ئاشیلی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەبوونی قوورسایی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم بزووتنەوەیەیە لە هەمبەر دەسەڵاتی ناوەندیدا بەهۆی نەبوونی وتارێکی گشتگیری ڕۆژهەڵاتی. واتە کوورت و کرمانجی دەسەڵات بە هەندمان وەرناگرێ، بە هێزمان دانانێ و بەلایەوە کەمترین مەترسیمان هەیە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی، هەر بۆیە وەک ئاماژەم پێدا لە یەکەم هەنگاودا ئەوەی گرینگە ڕێکخستنی وتارێکی هاوبەشە، وتاری هاوبەش مانای ئەوە نییە کە ئەم هێز و لایەنانەی تووشی لەتبوون هاتوون یەکبگرنەوە، مانای ئەوە نییە ڕەخنەیان سەبارەت بە سیاسەتەکانی یەکدی نەبێ، لەهەمبەر یەکدی نەوی بکێشن یان لەگەڵ ناوخۆ هیچ جیاوازییەکیان نەبێ، نا لەڕاستیدا ئاڕاستەی ئەم وتارە هاوبەشە دەبێ بگۆڕدرێ و ڕووی قسەی لە ئەوی تر بێ، ڕووی لە دەسەڵات بێ. ئەم وتارە دەبێ لەسەر چەمکگەلی هاوبەشی هێزەکانی دەرەوە و ناوخۆ خۆی ساغکاتەوە و بتوانێ قوورسایی و بارستایی ئەم بزووتنەوەیە بەرزبکاتەوە.
ئەوەش نابێ لەبیر بکەین کە ئەگەری ئەوە هەیە لەم کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕووداوگەلێکی لەم چەشنە دووپاتە ببنەوە، ناکرێ و ناشبێ ئەو چاوەڕوانییەمان هەبێ کە یەک شێوە ڕوانین لەدەرەوە و ژوورەوە بەدی بکەین، ئەگەر وتارێکی گشتگیر بە تایبەتمەندییە ڕۆژهەڵاتییەکەی بوونی هەبێ، ئەم شێوە ڕوانینانە دواجار دەبنە هۆی پڕبوونەوەی کەلێنەکان. ئەوەی کە سەرەتاکانی ساڵانی شەست دووانەی شوێن - کات، گەورەترین هۆکاری ئەم بۆشاییە بوو لەنێوان دەرەوە و ژوورەوە، ئێستا ئەوا میدیای نوێ بە دوور لە کەشێکی ئێحساسی و لەسەر بنەمایەکی عەقڵانی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەتوانێ ئەم کەلێنە بە تەواوی پڕ بکاتەوە.
دیارە چالاکیی حیزبێکی سیاسی کردەیەکی سیاسییە و جەماوەری و ئاکامخوازە، بەم مانایە کە دەیەوێ دواجار لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بێ، بەڵام کردەی مەدەنی، چالاکییەکی شارۆمەندی و مافخوازانەیە کە بۆی هەیە هەموو تاکێکی کۆمەڵ حەولی مسۆگەرکردنی ئەم مافانە بدا، ئێستا کە دەرەتانی کردەی سیاسی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە ناوخۆی وڵاتدا نییە، کردەی مەدەنیی ڕووناکبیران لە ناوخۆدا دەتوانێ قەرەبووی ئەم بۆشایی بکاتەوە، ئەمە سەرەتایەکی شیاوە بۆ نوێژەنکردنەوەی وتاری ڕۆژهەڵات. [1]