$خامنەیی و سڕینەوەی سیاسەت$
#ناسر باباخانی#
#15-07-2015#
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی نامەیەک بۆ سەرکۆماری ئەو وڵاتە، سیاسەتە گشتییەکانی بەرنامەی شەشەمی گەشەسەندنی دیاری کرد. ئەو ڕاگەیێندراوە کە لە 80 خاڵ پێکهاتووە، هەشت باسی گشتی لەخۆدەگرێ کە بریتیین لە: کاروباری ئابووری، کاروباری تەکنۆلۆژیی زانیاری و پەیوەندی، کاروباری کۆمەڵایەتی، کاروباری بەرگری و ئاساییش، کاروباری سیاسەتی دەرەوە، کاروباری حقووقی و دادوەری، کاروباری فەرهەنگی و کاروباری زانست، تەکنۆلۆژیا و داهێنان. سەرکۆماری ئێرانیش وەک سەرکۆماری خولەکانی پێشوو بەبێ سێ و دوو، بەبێ هیچ چەشنە تێبینی و پێشنیارێک سیاسەتە گشتییەکانی بەرنامەی پێنج ساڵەی شەشەمی گەشەسەندنی، بە یاریدەدەر و سەرۆکی ڕێکخراوەی بەڕێوەبەرایەتی و گەڵاڵەداڕێژی وڵات ڕاگەیاندووە کە هەرچی زووە بیخاتە واری جێبەجێکردنەوە.
بێگومان ئەم پڕۆسەیە کە هەرچییەک ڕێبەری وڵات فەرمانی لەسەر بدات وەک وحی منزل وایە بۆ حکومەتەکانی کۆماری ئیسلامی (بە ڕیفۆرمخواز و بنئاژۆخوازەوە) شتێکی ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام ئەوەی کە بۆ چاودێرانی سیاسی لە دەقی سیاسەتە گشتییەکانی بەرنامەی شەشەمدا گرینگە، ئاوڕنەدانەوە بوو لە پەرەسەندنی سیاسی، چون لەڕاستیدا لەکۆی ئەم 80 خاڵەدا هیچ باسێک لە سیاسەتی ناوخۆیی وڵات نەکراوە، گرفتێک کە لەوەتەی کۆماری ئیسلامی دامەزراوە باسی لێوەنەکراوە، واتە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی حکومی هەرگیز قایل بە بوونی کێشەی سیاسی لە ناوخۆ و چارەسەری ئەم گرفتە نەبوون، هەر بۆیە لە سیستمی دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا هەر لە بنەڕەتەوە تاوانێک بە ناوی تاوانی سیاسی بوونی نییە!
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر ئێستا بوونی سەدان زیندانی سیاسی، دەیان ڕۆژنامەنووسی زیندانی، ئیعدامی سیاسی، ڕاگرتنی چالاکیی ڕۆژنامەوانی و داخستنی ڕۆژنامە، خستنە ژێر چاوەدێریی چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی، سنووردارکردنی چالاکی NGOکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە پرسی سیاسی لە ناوخۆدا نەک هەر هەیە، بەڵکوو گەورەترین کێشەی ئاساییشی ئەم وڵاتەیە.
لەگەڵ ئەوەدا کە لەم بەرنامەیەدا هیچ باسێک لە بەشداری هاووڵاتییان لە پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و NGOکان لەگۆڕێدا نییە، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەبری باس لە پەرەسەندنی سیاسی، بە ئاشکرا لە خاڵی 55دا دەڵێ: پاراستنی ئاساییش و سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکان بە هەموو شێوەکانی نەرمئامێری و ڕەقئامێری، بەربڵاوترکردنی یەکەکانی سنوورپارێزی، بەشدارکردنی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان لە پلانە ئەمنییەکاندا، بەرفراوانترکردنی چالاکییە ئیتلاعاتییەکان و پشتگیری لە دیپلۆماسی سنووری...
ئەم خاڵە خۆی لە خۆیدا جۆرێ دژوازی لەگەڵ ئاوڕنەدانەوەی ئەم خاڵە بۆ سیاسەتەکانی ناوخۆ هەیە، واتە ئەگەر لەم خاڵەدا ڕاشکاوانە باس لە چەشنێ بەرگری و داکۆکی لە ئاساییشی سنوورەکان دەکرێ، کەوابوو مانای ئەوەیە کە لە ناوچە سنوورییەکاندا کێشە هەیە! بەڵام کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای سڕینەوەی کێشەکە لەبری دۆزینەوەی ڕێکار و چارەسەری لە ماوەی تەمەنی خۆیدا، دەیەوێ بە سەرکوتی نەرمئامێری و ڕەقئامێری بەر بە گەشەی سیاسی لە ناوخۆ و سنوورەکان و بەتایبەتی کوردستان بگرێ.
مەبەستی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە سڕینەوەی سیاسەت ئەوەیە لە ناوخۆ و دەرەوە وا بنوێنێ کە کێشەیەک بە ناوی سیاسەت لە ناوخۆدا نییە، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە هەر چەند ڕۆژێک پاش ڕاگەیاندنی سیاسەتە گشتییەکانی بەرنامەی شەشەمی گەشەسەندن، لە دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی سەرانسەری وڵاتدا دەڵێ: دەبێ زانکۆ و خوێندکاران لە سیاسەت دووبکەونەوە!
لە پەیوەندی لەگەڵ ناوچە سنوورییەکان کە بێگومان مەبەست ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بە تەواوی لە خاڵی 55دا هەڕەشەیەکی جددی بۆ چالاکی سیاسی ناوخۆ و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی پێوەدیارە، جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور بێگومان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی نووسینی ئەم خاڵە بووە!
بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێ کە کۆماری ئیسلامی وەک ڕابردوو سوور و پێداگر بێ لەسەر سڕینەوەی چەمکی سیاسەت لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی سەرجەم نەتەوەکانی ئێران و بەردەوامبوونی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. دروشمەکانی ڕووحانی سەرکۆماری ئێران لە کاتی پڕۆپاگەندەکانی هەڵبژاردن بۆ کرانەوەیەکی زیاتری فەزای سیاسیی ناوخۆ بەم بەرنامەیە بەیەکجاری لە گۆڕنرا!
[1]