$بژاردەکانی کۆمەڵگە و کەلێنەکان$
#ناسر باباخانی#
#04-09-2015#
لە کۆمەڵناسیی کلاسیکدا، چەمکی کەلێن (Cleavage) زیاتر بریتییە لە دابڕان و جیاوازییەکانی نێوان کۆمەڵگەی سوننەتی و کۆمەڵگەی مۆدێرن، بەڵام لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا ئەم چەمکە زۆر بەربڵاوتر دەبێ، بە واتایەکی دیکە ئەگەر لە کۆمەڵگە سوننەتییەکاندا کەلێنەکان کەمتر بوون بەهۆی پێکهاتە و ناوەرۆک و چەشنی پەیوەندییەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە، ئەوا لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا ئاست و جۆری کەلێنەکان زۆر زیاتر خۆی دەردەخا. بۆ وێنە ئەو کەلێنانەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەکاندا بەدیدەکرێن بریتین لە: کەلێنە چینایەتییەکان، کەلێنە حیزبییەکان، کەلێنە ئایینی و مەزهەبیەکان، کەلێنە جێندەرییەکان، کەلێنە جیلییەکان و... کۆی ئەم کەلێنانە دواجار لەسەر ڕەفتاری سیاسی کۆمەڵگە شوێندانەر دەبن و کەلێنە سیاسییەکان بەرفراوانتر دەکەن.
ئەم کەلێنانە دواجار دەبنە ڕێگر لە بەردەم سازبوونی وتارێکی سیاسیی هاوبەش، دیارە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بەهۆی گەشەی ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەم کەلێنانە تا ڕادەیەکی بەرچاو پڕبوونەتەوە و دەورێکی ئەوتۆیان لە ڕووداو و ڕەفتارە سیاسییەکاندا نەماوە، بۆ وێنە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی لەم وڵاتانەدا کەلێنی چینایەتی گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی، بۆیە ئەم چەشنە کەلێنانە زۆر شوێندانەر نین لەسەر ڕەوتی پێشهاتە سیاسییەکان، بەڵام ئەگەر لەم وڵاتانە مەودا بگرین و بێینە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی وڵاتێکی وەک ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم کەلێنانە نەک هەر پڕنەبوونەتەوە، بەڵکوو بەهۆی کولتووری تایبەتی داسەپاو ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بوون.
ئەم کەلێنانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساتەوەختی ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێک بەدیدەکرێن تەنانەت زۆر جاران دەگاتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مەترسیدار بۆ داهاتوو. بۆیە دەبێ میکانیزمگەلێک بدۆزرێتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنانە، ڕەنگە بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنیشاندەری بژاردەکانی کۆمەڵگە (Elite-directing) باشترین میکانیزم بێ لەم زرووفە زەمەنییەدا.
بژاردەکان وەک کارگێڕانی گۆڕان پێناسە دەکرێن کە توانایەکی شوێندانەریان هەیە بۆ ئەوەی ڕووداوەکان بۆ لایەکی تایبەت و دیاریکراو ببەن یان تەنانەت بەر بە ڕوودانی پێشهاتێک بگرن، دیارە مەرج نییە ئەم بژاردانە تەنیاوتەنیا سەرکردەی سیاسیی حیزبێک بن، ڕێک بەپێچەوانەوە بەپێی بارودۆخی ڕۆژهەڵات ئەوە نووسەران، هونەرمەندان، چالاکڤانانی مەدەنی، ڕۆژنامەوانان و ئەدیبانن کە دەتوانن کەلێنەکان پڕبکەنەوە و هاوتەریبییەکی سیاسی بۆ سازدانی وتارێکی هاوبەش سازدەن.
کێشەیەک کە لێرەدا خۆی دەردەخا، ئەوەیە کە خودی بژاردەکان لە ناوخۆ و لەدەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کەلێنێکی مەعریفەیی و ئانتۆلۆژیکیان هەیە، شێوەڕوانینیان بۆ پرسەکان لێک دوورە و ڕەنگە ئەمە گەورەترین مەترسی بێ بۆ سەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئۆپۆزیسیۆنی کورد تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەگشتی ناتوانێ ببێتە هۆی ڕووخانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ئاڵوگۆڕێکی بچووکیش، ئەزموونی 35 ساڵی ڕابردوو سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. کەوابوو بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی ناوخۆ و دەرەوە وەک یەکەم هەنگاو پێویستە ڕەخنەیەکی نێووتاری لە هەردوولا ساز بێ، خەسارناسی بکرێ، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان دەستنیشان بکرێن و دواجار ئەم دوو هێڵە لە دۆخی هاوتەریبی بێنەدەر و لە پنتێکڕا یەکبگرنەوە و ئەم پنتە ببێتە سەرەتای خاڵگۆڕانێک بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنانەی باسمان لێوەکردن.
لەڕاستیدا دەکرێ قایل بە سێ فەزای تایبەت بین: فەزای ناوخۆی ڕۆژهەڵات، فەزای دەرەوەی وڵات (حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگەنشین) و فەزای مەجازی. دۆخی ئەم سێ فەزایە بەگشتی لێکتر جیاوازە، ڕەنگە گەورەترین جیاوازییەکەش ئەوە بێ کە بزووتنەوەی مەدەنی لە ناوخۆ بێ سەرە و ڕەهەندە ڕێکخراوەییەکانی لاوازە، بۆ وێنە ئەو جووڵانەی لەناوخۆ سازدەبن بەردەوام نابن و لەسەر یەک کەڵەکە نابن، ئەم ڕووداوە کۆمەڵایەتی سیاسییانەی ناوخۆ وەک کارگ هەڵدەتۆقن بۆ ماوەیەکی کوورت و سەرلەنوێ دادەمرکێنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، لەلایەکی دیکەوە فەزای دەرەوە تاڕادەیەک لەباری بوونی پلانێکی ستراتیژیک و ڕەهەندی فکرییەوە لاوازن. بەڵام وەک خاڵی ئیجابی دەرەوە خاوەنی سیستمێکی ڕێکخراوەیی بەئەزموونە و ناوخۆش پتانسییەلێکی باشی لەباری ڕەهەندی فکرییەوە هەیە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی ئەم دوو لایەنە بەهۆی دۆخی دیکتاتۆری لە ئێران نابزوێ، بۆیە فەزای سێیەم واتە فەزای مەجازی و سۆشیال مێدیا کە نوێنەرانی هەردوو لای تێدایە دەتوانێ ببێتە ئاڵقەیەکی بەهێزی پەیوەندیی نێوانیان، شوێنێک کە هەموو لایەک لێکتر گرێدەدا، هەر بۆیە ئەرکی بژاردەکانی کۆمەڵگە ئەوەیە لە ڕێی ئەم فەزایەوە هەوڵی پڕکردنەوەی کەلێنەکان بدا. [1]