$دەروازەیەکی نوێ بۆ خەبات$
#ناسر باباخانی#
#09-10-2015#
لە ساتەوەختی ئێستادا ئەم ڕاستییە بۆ هەموو لایەک سەلمێنراوە کە یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین میکانیزمەکان بۆ بە ئامانج گەیشتنی دۆزی کورد، بەجیهانیکردنی ئەم پرسەیە.
ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو لە باشوور و ڕۆژاوا و باکوور نیشانیان داوە کە کورد بۆ ئەوەی بگاتە مەبەست پێویستە بەردەوام پرسەکەی لەناو میدیاکانی جیهاندا لە برەودابێ تا بتوانێ بۆ دواڕۆژ پاڵپشت و پشتیوان بۆخۆی مسۆگەر بکا. سووکە ئاوڕێکی خێرا بۆ ڕابردووی مێژووی خەباتی گەلی کورد، ئەوەمان پێدەڵێ کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد لەم بابەتە خافڵ نەبووە و حەولێکی بەردەوامی داوە بۆ ئەوەی سەرنجی میدیاکانی جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و کەم تا زۆر کاری بۆ کردووە. بەڵام ئەمڕۆکە لە میدیای جیهانیدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەچاو پارچەکانی تر غایبێکی گەورەیە!
لە ماوەی سەرکردایەتی شەهید دکتۆر قاسملوو وەک سکرتێری حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی کەسایەتی ناسراوی لە ئەوروپا و هەروەها ناسیاوی لەگەڵ سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی جیهان، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات ببوو بە ڕۆژەڤ، بە جۆرێ کە میدیا هەرە بەناوبانگەکانی دنیا بەردەوام هەواڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەگواستەوە، وەک نموونە: گاردییەن (بەریتانیا) ، لۆمۆند (فەڕەنسا) ، دێیلی تێلیگراف (بەریتانیا) ، لوسوار (بەلژیک) ، ئیکۆنۆمیست (بەریتانیا) ، هیراڵد تریبیۆن (ئەمەریکا) ، سەندەی تایمز (بەریتانیا) ، زوددۆیچە (ئاڵمانیا) ، نیوزویک (ئەمەریکا) ، فاینانشاڵ تایمز (بەریتانیا) ، فیگارۆ (فەڕەنسا) ، فرانکفۆرتر ئاڵگماینێ (ئاڵمانیا) و... تەنانەت ساڵی 1974 لە یەکێک لە ڕۆژنامە پڕتیراژەکانی ئەمریکادا بە قەڵەمی خۆی بابەتێک لەسەر کۆماری کوردستان بڵاودەکاتەوە. با دوو نموونە باس بکەین:
ڕۆژنامەی فیگارۆ وەک پڕتیراژترین ڕۆژنامەی فەڕەنسا لە کاتی لە لووتکەدابوونی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێکەوتی #20-08-1979# ئاوا دەنووسێ: ئەگەرچی کوردستان وەک وڵات لەسەر هیچ نەخشەیەک بوونی نییە، بەڵام 500 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە خاک و زیاتر لە 20 ملیۆن حەشیمەتی هەیە و لە مێژووی هاوچەرخدا هەرکات کوردستان ڕادەپەڕێ، پێنج وڵات دەلەرزێن.. فیگارۆ لە درێژەدا دەنووسێ: نەتەوەی کورد بەسەر پێنج وڵاتی تورکیا، ئێران، ئێراق، سووریا و یەکێتی سۆڤیەت (ی پێشوو) دا دابەشکراوە کە بە درێژایی مێژوو بەردەوام لە شۆڕشدا بوون و هەمیشە وەک ئەرمەنییەکان سەرکوتکراون. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەنەدێکدا کە لە 28ی مارس پێشکەشی خومەیینی کردووە، خوازیاری مافی نەتەوەیی بۆ سەرجەم نەتەوەکانی ئێران بە شێوەی خودموختاری یان فیدراسیۆن لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاددا بووە و...
پڕتیراژترین ڕۆژنامەی ئاڵمانیا زوددۆیچە تسایتونگ لە #01-09-1979# دا باس لەوە دەکات کە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا لە وڵاتانی ئەندامی (Non-Aligned Movement) لە هاڤانا داوای کردووە سیاسەتەکانی ئایەتوڵڵا خومەیینی لەهەمبەر کوشتاری کوردی ئێران ئیدانە بکەن.
بێگومان قوورسایی هەرەزۆری ئەرکی بەجیهانیکردنی پرسی کورد لە دەیەی هەشتای زایینیدا تا ئەوکاتەی دکتۆر قاسملوو مابوو، لەئەستۆی خۆی بوو. با ویژدان سەنگی محەک بێ، سەرەڕای نەبوونی ئیمکاناتی میدیایی لەو سەردەمەدا، توانی سەرنجی میدیا بەناوبانگەکانی جیهانی بۆ لای خۆی و نەتەوەکەی ڕابکێشێ. بەڵام پرسیارێک کە لێرەدا قوت دەبێتەوە، ئەوەیە کە بۆچی لەسەردەمی قاسملوودا سەرەڕای ئەوەی کەرەستەکانی پەیوەندی وەک ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا کە ئە%D