$دێموکرات بێ منەتە$
#ناسر باباخانی#
#22-10-2015#
شەهید دکتۆر قاسملوو ساڵی 1974 بەر لە کۆنفرانسی سێیەمی حیزب، بە گەڕاندنەوەی چەمکی سەربەخۆیی بۆ ناو حیزبی دێموکرات و سەربەخۆیی لە بڕیارداندا بناغە تیۆری و فیکرییەکانی ئەم حیزبەی سەرلەنوێ داڕشتەوە، ئەمە لە هەمان کاتدا کە پرستیژی حیزبی دێموکراتی لەناو ئێران و لە خودی کوردستاندا بردە سەر، شۆکێکی بەهێزی ڕەوانی بوو بۆ ئەو کەس و لایانانەی دڵیان بۆ حیزبی توودەی ئێران لێیدەدا یان دڵبەستەی پارتی بوون. ئێستا حیزبی دێموکرات، حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و تەنیا هێز و پاڵپشتی حیزب، خودی گەلە!
ئەمە سەرەتای بنیاتنانەوەی فۆنداسیۆنێکی بەهێز و مەنتقی بوو بۆ حیزبێک کە دەیەوێ خۆی لەناو بازنەی خەڵکەکەیدا ببینێتەوە و بێ منەت لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی تر (بە مانا سەربەخۆیی سیاسییەکەی) بەرنامە و پڕۆگرامی خۆی بەڕێوەببا و دواجار بەهۆی شۆڕشی گەلانی ئێران و سازبوونی بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە گەورەترین حیزبی هەر چوار پارچەی کوردستان.
ئەمە قۆناغی قاسملوو بوو، ئەم قۆناغە لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 تا 1989 درێژەی دەبێ و سەرەڕای هەموو کێشە ناوخۆییەکانی ناو حیزب، چەمکی سەربەخۆیی وەها لەناو پێکهاتەی حیزب و کۆمەڵانی هەراوی خەڵکدا پراکتیزە ببوو کە نەیدەهێشت پەراوێز بە دژی دەق قوت بێتەوە!
لە پاش تیرۆری دکتۆر قاسملوو و تەواوبوونی شەڕی ئێران و ئێراق و ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەکانی ئێران و خویابوونی یاریکەرێکی ناوچەیی وەک هەرێمی کوردستان، حیزبی دێموکرات تووشی هەرەسێکی سەیر بوو. هەم لەباری سیاسییەوە هەم لەباری ڕێکخراوەییەوە. بە تێپەڕبوونی زەمان قوورسایی ئەم هەرەسە بەسەر شان و ملی خەڵکدا زیاتر دەبوو، بێگومان زۆر هۆکار هەن ئاماژەیان بۆ بکرێ کە بوون بەهۆی ئەم دۆخەی هەنووکە، بەڵام شک لەوەدا نییە کە گرینگترینیان هەمان باسی سەربەخۆیی بوو.
پاشکۆنەبوونی حیزبی دێموکرات و پەلکێش نەبوونی بۆ لای حیزبی پارچەکانی تری کوردستان بە مانای نەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماتی نییە، بە مانای ئەوە نییە لەمەڕ هاوکێشە سیاسییەکانی دیکە پاسیڤ بێ یان هاریکاری پارچەکانی تر نەبێ، بەڵکوو بەم مانایە دێ کە خاوەنی وتاری خۆی بێ و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ.
خۆ ئەگەر لەم ساتەوەختەدا حیزبی دێموکرات لەباری قەوارە و پێکهاتەوە بچووکیش بووبێتەوە و کەمهێزیش بێ، بەڵام سەربەخۆیی خۆی وەک حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی بپارێزێ لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئەوەندەی تر گەورە دەبێتەوە و پاڵپشتی دواڕۆژ بۆخۆی مسۆگەر دەکا. بۆیە شەهید دکتۆر شەرەفکەندی دەیگوت: ئێمە سیاسەتی خۆمان بۆخۆمان دیاری دەکەین، چونکە حیزبێکی سەربەخۆین. چ بچووک بین و چ گەورە، چ بێ هێز بین و چ بەهێز، سیاسەتی سەربەخۆی خۆمان ناگۆڕین!
دەمەوێ لەسەر بنەمای ئەم وتانەی سەرێ باسەکەم گرێبدەم لەگەڵ شێوە ڕوانینی حیزبەکانی پارچەکانی تر بۆ ڕۆژهەڵات و وەک نموونە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: ماوەیەک لەمەوبەر دوو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی فەرید ئەسەسەرد و #سەعدی ئەحمەد پیرە# لە بابەت چەشنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ پارچەکانی تر وتیان: پرسی هاوکارییەکانیان بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان، پەیوەستە بە ئەندازەی گەشەکردنی بزووتنەوەی سیاسی ئەو پارچەیە و دواتر بە نموونە باس لە بزووتنەوەی سیاسی لە باکوور و ڕۆژاوا دەکەن کە توانیویانە پێگەیەکی بەهێز و بە هەوڵ و کۆششی خۆیان پێکبێنن.
دیارە لەوە پێشتریش #مەلا بەختیار# باسی لە نەمانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات کردبوو. وا باشە ڕوانینی فەرمیی یەکێتیش لە زمانی مەکتەبە سیاسییەکەشیەوە ببینین، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکدا لە #11-10-2015# سەبارەت بە گرژییەکانی پارێزگای #سلێمانی# و #هەڵەبجە# لە بەندی دووەمدا لەژێر سەردێڕی هەلومەرجی کوردستان باسی باشوور و بەشەکانی تر وەک باکوور و ڕۆژاوا دەکات وەک ئەوەی ڕۆژهەڵات هەر نەبێ.
دیارە ئەمە مافی یەکێتییە کە چۆن دەڕوانێتە پارچەکانی تر و حیزبەکانیان و لەبەر جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دووەم پارچەی کوردستان پشتگوێ بخا، بەڵام ئەوەی کە یەکێتی بە کام شاوڵ و پێوەر ئەندازەی گەشەکردنی بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی پێواوە جێی پرسیار و دڕدۆنگییە! خۆ یەکێتی زۆر باش دەزانێ کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات، باش دەزانێ سەرەڕای زەبروزەنگی ئەم سیستمە بە ئیعدام و زیندانی و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی ساتێ هەدادانی نەبووە، تۆ بڵێی یەکێتی نەزانێ کە خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ پارچەکانی تری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی چییان کردووە؟
ڕەنگە سووکە ئاوڕێک بۆ ڕابردوو یارمەتیدەرمان بێ. کاتێ بەڕێز ئۆجەلان دەستبەسەر دەکرێ، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن بە دەیان هەزار کەس دێنە سەر شەقام و دەنگ هەڵدەبڕن و دواجار شەهید دەدەن، کاتێ فیدراڵیزم لە باشوور پەسەند دەکرێ، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن بە دەیان هەزار کەس دێنە سەر شەقام و شایی و لۆغان دەگێڕن، کاتێ کارەساتی شنگاڵ ڕوودەدا، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن سەرەڕای گرفتی ئابووری خۆیان یارمەتیی بۆ ئاوارەکانی #شنگال# کۆدەکەنەوە، کاتێ هاوسۆزیی خۆیان بۆ کۆبانێ لە ڕۆژاوا دەردەبڕن، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن بە دەیان هەزار کەس دێنە سەر شەقام... باشە ئەمانە نیشانەی زیندوویی ئەم گەلە نییە کە لەژێر گوشاری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری وەک کۆماری ئیسلامی دێتە مەیدان؟ ئەمە واتە خەڵک سەبارەت بە گیروگرفتەکانی پارچەکانی تر خەسیو نییە. با دوور نەڕۆین، دەنگهەڵبڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە کوشتنی شوانەی سەید قادر کە سەرانسەری کوردستانی تەنییەوە نیشانەی زیندوویی خەبات نەبێ چییە؟ داخرانی دووکان و بازاڕ لە ساڵیادی تیرۆری شەهید د. قاسملوو لە کوردستان لەژێر زەبر و زەنگی کۆماری ئیسلامی ئەگەر نیشانەی بەردەوامیی خەبات نییە ئەدی چ مانایەکی هەیە؟ چالاکیی چالاکڤانە مەدەنییەکان لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا واتە زیندوویی و ئاگایی سیاسی خەڵکی کوردستان. لە وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێراندا کام بزووتنەوەی نەتەوەیی جگە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بوونی هەیە؟ کام بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هەیە جگە لە کورد؟ لە ڕۆژهەڵات کۆمەڵگەیەکی زیندوو هەیە کە سەبارەت بە هیچ کێشەیەکی ناوخۆیی و پارچەکانی تر خەسیو و بێ هەڵوێست نییە. هەر بۆیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕشەوە تا هەنووکە زیاترین هەزینەی ئەمنییەتی و نیزامی بۆ کوردستان تەرخان کردووە و لە هیچ چەشنە کردەوەیەک بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە درێغی نەکردووە.
لە هەمووان گرینگتر خۆ باشووری کوردستان قەرزداری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە. لەبەر ئەو وتە سواوە غەدری لە خۆی و گەلەکەی کردووە کە ئەویش پاراستنی دەسکەوتی هەرێم بووە! بەڵام داخی گرانم ئەوەی وەک هێڵی 36 دەرەجە بۆ باشوور دیاریکرا یان دۆخی سووریا، بۆ ڕۆژهەڵات بووزی نەخوارد! کەوابوو دەگەڕێمەوە سەرەتای باسەکەم: سەربەخۆیی حیزبی دێموکرات واتە متمانەی خەڵکی خۆی و بێ منەتی لە حیزب و پارچەکانی تر! [1]