$بۆم بکەنە کەچەڵەکە!$
#ناسر باباخانی#
#17-11-2015#
میدیای کوردی هەر لە سەرەتای هاتنە ئارایەوە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی تاک و حیزب دامەزراوە و بەرژەوەندیی نیشتمانیشی لە سۆنگەی حیزبایەتییەوە شرۆڤە کردووە، بۆیە ناکرێ بڵێین میدیایەکی لەسەدا سەد سەربەخۆ هەیە. دیارە مەبەست ئەوە نییە کە بڵێین میدیای حیزبی بەردەوام دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بووە، بەڵکوو چەمکی بەرژەوەندیی نیشتمانی تا ئەو کاتە لە میدیای حیزبیدا هەیە کە نەبێتە هۆی خەسار لە بەرژەوەندیی حیزب! لەڕاستیدا میدیای حیزبی بەپێوەر و شاوڵی خۆی بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەڵدەسەنگێنێ و خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هەندێ جار تاریفی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی لەلایەن دوو میدیای حیزبییەوە نەک هاوشێوە و هاوتەریب نین، بگرە تا ئاستی دژایەتی لێکتر دوورن.
بێگومان بەهۆی نەبوونی سیستمێکی دەوڵەت نەتەوەیی کە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکا سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، تاریفێکی نەتەوەییش لە بەرژەوەندی لەگۆڕێدا نییە. خۆ ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە میدیاکار وەک هەموو مرۆڤێک خاوەنی بیروبۆچوونی خۆیەتی و ئینتیمای تایبەتی هەیە بۆ حیزب و لایەنێکی سیاسی، لە هەمان کاتیشدا میدیای حیزبی وەک تەواوی میدیاکانی جیهان ئاکامخوازە و بەدووی قازانج و ئامانجەکانی خۆیەتی، هەر بۆیە ناکرێ قایل بە سەربەخۆییەکی لەسەدا سەدی میدیایی بین. بەڵام شتێک کە دەتوانێ بە شێوەیەکی ڕێژەیی بەردەنگ و وەرگری میدیایی بۆ لای خۆی پەلکێش بکا چەمکێکە بەناوی متمانە.
متمانە لە درێژماوەدا بەدەستدێ، واتە تۆ کە سەیری پڕۆگرامە هەمەجۆرەکانی کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی دەکەی، بێگومان دواتر فیدباکی بەرنامەکان لە ژینگەی سیاسیی کۆمەڵایەتی خۆتدا بەدی دەکەی و ئاست و ڕادەی ئەم متمانەیەت بۆ خویا دەبێ. بەڵام کاتێک هەستی متمانە بە میدیا دەتوانێ چەند قات بەرزتر بێتەوە کە پرەنسیپی بێلایەنی تێدا بەدی بکەی.
لێرەدا پرسیارێک قوت دەبێتەوە: ئایا ئەمە خواست و چاوەڕوانییەکی بەجێیە کە لە کوردستان خوازیاری میدیایەکی لەسەداسەد سەربەخۆ و بێلایەن بین؟ لە یەک وشەدا وەڵامی ئەم پرسیارە نایە. چوون حیزب هەموو کەلێن و قوژبنی ژیانی تاکی کوردی تەنیوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە هەموو بوارەکانی ژیانی تاکدا حزووری هەیە و ئیتر حەوجێ بە گوتن ناکا کە بڵێین سەرچاوەی سەرجەم قەیرانە ورد و درشتەکان لە کوردستان بەرژەوەندیی حیزبییە. کەوابوو ئاساییە میدیای کوردیش بەپێی ئەوەی بژێو و قووتەکەی حیزب دابینی دەکا لایەنگری لە حیزب بکا. بەڵام لێرەدا فاکتەرێک کە زۆر گرینگە، متمانەی خەڵک و بێلایەنیی میدیایە لەسەر پێوەرێکی ڕێژەیی نەک موتڵەق.
ئەوەی بووەتە هۆی ئەوەی (ڕووداو) بە تەعبیری خۆی ببێتە یەکەمی بێ ڕکابەر، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، متمانەبەخشین بە بەردەنگەکەیەتی لەسەر بنەمای بێلایەنی لە ڕووماڵی ڕووداوەکاندا. خۆ ئەگەر ڕووداو ئینتیمای پارتی پێوە دیارە، ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئەم حیزبە لە تانەوتەشەر و ڕەخنەی تۆڕی میدیایی ڕووداو بێبەش بێ. کەم بەرنامەی ڕووداو هەیە کە پارتی ڕاستەوخۆ نەکەوێتە بەر ڕەخنەی ئەم کەناڵە، بوونی ڕەخنەگرانی ناسراوی پارتی لە بەرنامەکاندا کە تا ئاستی دژایەتی قسەی لەسەر دەکەن لە هیچ میدیایەکی تردا نابینرێ. ڕەنگە کێشەی هەندێ کەس لەگەڵ ڕووداو ئەوە بێ کە بە عەقڵانییەتێکی بێلایەن سەیری ڕووداو ناکەن (ڕێک ئەم عەقڵییەتە بێلایەنەی کە ڕووداو حەولی بۆ دەدا) .
هۆکاری ئەمەش خودی ڕووداوە! ڕووداو ئاستی خواستی بەردەنگەکانی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بردووەتە سەر. گواستنەوەی هەواڵە گەرمەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کوێرەدێیەکەوە بگرە تا ناو کۆشکی سپی و پڕۆگرامە پڕبینەرەکانی (واتە ڕەهەندی نەرم ئامێری) و کواڵیتی باڵای تەکنیکی ئەم تۆڕە میدیاییە (واتە ڕەهەندی ڕەق ئامێری) بەردەوام بینەر و بیسەر و خوێنەرەکەی تامەزرۆتر دەکا، بۆیە ئەو چاوەڕوانییەی ئەمڕۆ لە ڕووداو هەیە لە هیچ میدیایەکی تری کوردی نییە.
ئاوڕدانەوەی بەردەوام و بەرپرسانە و ڕاستگۆیانەی ڕووداو لە پارچەکانی تری کوردستان، بوونی پرۆگرامی فیکس و نەگۆڕی تایبەت بەم پارچانە سیمای ئەم میدیایەی لە میدیایەکی حیزبییەوە بەتەواوی گۆڕیوە بۆ میدیایەکی نیشتمانی.
ئەگەر لەگەڵ سازبوونی یەکەم کەناڵی تەلەڤیزیۆنی کوردی لەسەر دەستی پەکەکە واتە Med TV خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەوی دووی ڕێبەندان بۆ سەیری بەرنامەی تایبەتی لەسەر کۆماری کوردستان پۆل پۆل بەرەو ماڵ دەبوونەوە بۆ دیتنی ئەم پرۆگرامە، ئەوە ئێستا ڕووداو بووەتە میوانی نەگۆڕی شاشەی تەلەڤیزیۆنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕەنگە ڕستەیەکی تراژێدی کۆمیکی هاوسەرۆکی پەژاک لە دیدارێکی لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی نەورۆز تی ڤی سەلمێنەری ئەم بۆچوونەمان بێ کە دژبەرەکانی ڕووداویش بەردەوام سەیری ئەم کەناڵە دەکەن: من بۆخۆم قەت ڕووداو ناگرم بەڵام خۆم لە ڕووداو گوێم لێبوو!
کەوابوو ئەگەر حەولی تۆڕی میدیایی ڕووداو بردنەسەری ئاستی متمانەیە لە ڕێگای حەولدان بۆ پاراستنی بێلایەنییەکی ڕێژەیی، ئەوە وەرگر و تەنانەت حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تریش دەبێ حەول بدەن بۆ ئەوەی زیاتر عەقڵانییەتی لایەنگری میدیای حیزبی خۆیان بخەنە پەراوێزەوە.
بۆم بکەنە کەچەڵەکە! ئەمە قسەی پیرەپیاوێکی شاری #مەهاباد#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە هەموو شەوێ بەم ڕستەیە داوا لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکا بەرنامەی کاژێر 8ی کەناڵی ڕووداوی بۆ بگرن، دیارە مەبەستیشی لە کەچەڵەکە، پێشکەشکاری ئەم بەرنامەیە، شاهۆ ئەمینە. وێدەچێ ئەو، ئەم متمانەیەی بۆ سازبووبێ! [1]