$ترسی ڕۆشنبیری کورد!$
#ناسر باباخانی#
#30-12-2015#
ئەگەر سەرجەم ئەو پێناسانەی بۆ ڕۆشنبیر کراون بخەینە تای تەرازوویەکەوە، دەکرێ دوو خاڵی سەرەکی و هاوبەشیان تێدا بەدی بکەین کە بریتین لە: داهێنان ( Creation) و شوێندانەری ( Effectiveness) .
ڕێک ئەم دوو خاڵەی ئێستا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کوردستان بەدی ناکرێن. دیارە داهێنانی فکری لە فەزایەکی تاکەکەسی و ئیزۆلە (Isolation) دا سازدەبێ، بەڵام شوێندانەری لە فەزایەکی گشتی و پەرەگیر ( Inclusion) دا دواجار دێتەدی، واتە ئەگەر وەک پڕۆسەیەک سەیری ئەم چەمکە بکرێ، دەتوانین بڵێین کە لە تاکەوە بەرەو کۆمەڵ ڕێچکە دەبەستێ. بەدەر لەم ڕەوتە، ڕۆشنبیری دەبێتە پڕۆسەیەکی سەقەت و ناتەواو!
ڕەنگە هێنانەوەی نموونەیەک بۆ باسەکە یارمەتیدەر بێ. کاتێ کە ئیدوارد سەعید پەڕتووکی ڕۆژهەڵاتناسی نووسی و شێوەڕوانینی یەکلایەنەی ڕۆژاوای بۆ ڕۆژهەڵات بردە ژێر پرسیارەوە، ئەوەندەی کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەی جیهانی هەبوو کە زانکۆکانی ڕۆژاوای هەژاند و پەڕتووکەکە بۆ زیاتر لە 36 زمانی زیندووی جیهان تەرجەمەکرا و بەسەدان وتار و بابەتی زانستی و ئەکادیمی لەسەر نووسرا، ئەمە واتە داهێنانی فکری.
لەلایەکی دیکەوە کاتێ ئێدوارد سەعید لە وێنە ناسراوەکەیدا، هاوڕێی خەڵکی ئاسایی بەرد لە تانکەکانی ئیسرائیل دەگرێ (بەدەر لە شێوەڕوانینێکی بایەخدارانە) گوزارە لە بوونی ڕۆشنبیر لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگە دەکات و ئەمە واتە شوێندانەری. دیارە نموونەی مێژوویی زۆرن کە ڕۆشنبیری داهێنەر حزوورێکی کاریگەر و ڕەخنەگرانەی هەبووە لە کۆمەڵگەی خۆی و کۆمەڵگەی جیهانیدا. ئێنگڵس، گرامشی، ئادۆرنۆ، ئاڵتۆسێر، بۆردیۆ، سەعید، گراس و... مشتێ لە خەڵواری ئەم حزوورەن. بێگومان هیچ کوردێک وێنەی هارۆڵد پینتێری براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی لەبیر ناکا کە کاتی ڕفاندنی #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بە نیشانەی دەنگ هەڵبڕین و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەردەم کۆنسولخانەی تورکیا لە لەندەن مانی گرتبوو!
واتە دەمەوێ بڵێم کە ئەگەر ڕۆشنبیری کورد تەنانەت لە قۆناغی یەکەم لە خەڵوەتی خۆیدا خەریکی ئافراندن و داهێنانە بە هەموو کەموکووڕییەکانەوە – کە لەم بابەتەدا بواری باسکردنیان نییە بە تایبەتی لە ڕوانگەی ڕۆشنبیری بەرهەمهێن و ڕۆشنبیری دابەشکار– ئەوە لە قۆناغی دووەمدا، واتە شوێندانەری، بەهۆی نەبوونی لەسەر ساحە و غیابی کردەوەیی، پڕۆسەکە تووشی نوقسان و دواجار شکست دەکا. لە کوردستان ئەم پڕۆسەیە بە کامڵی نادیترێ یان تووشی خەلەلی جددی بووە، ڕەنگە زۆر هۆکار بکرێ بۆ ئەمە دەستنیشان بکرێ، بەڵام بە باوەڕی من گرینگترینیان بریتین لە: نەبوونی سەربەخۆیی فکری، سەربەخۆیی ئابووری، لاوازیی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لایەنگریی حیزبی و لە هەمان کاتدا لاوازیی ئاستی ژێرخانە فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگەکەی خۆمان.
لەلایەکی دیکەوە دەبێ ئاماژە بە دەوری نەرێنی خودی ڕۆشنبیریش بکەین. دەمێک ساڵە دەستەواژەی پۆزی ڕۆشنبیری بۆ ئەم ڕووناکبیرانە دەکاردەکرێ کە لە قوللەی قافی گۆشەگیریڕا نووسخە بۆ شەقام دەپێچنەوە بێ ئەوەی خۆیان لەناو بەتنی کۆمەڵگەدا ئامادە بن، بۆیە ناکرێ ڕۆشنبیر خۆی لەناو لاپەڕەکانی ڕۆژنامە و ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکان وەک گۆشەنووس و ڕۆژنامەوان حەشار بدا، واتە دەبێ جیاوازییەکی سەرەکی لەنێوان چەمکی ڕۆشنبیری و نووسین بە هەموو فۆرمەکانی وەک شیعر، چیرۆک، وەرگێڕان، شانۆنامە، دەقێکی مۆسیقایی قایل بین و دەرئەنجام ناکرێ بە هەموو جۆرە نووسەر و گۆشەنووسی ڕۆژنامە و هونەرمەندێک بڵێین ڕۆشنبیر!
هۆکاری ئامادەنەبوونی ڕۆشنبیریش لەناو کۆمەڵگەدا کە بووەتە هۆی لەمپەڕ لە بەردەم کامڵبوونی پڕۆسەی ڕۆشنبیری، چەشنێ ترسی مێژوویییە، ترس لە هەڵەکردن، ترس لە خوێندنەوەیەکی هەڵە بۆ ڕووداوەکان. واتە ڕۆشنبیری ئێمە دەترسێ لەوەی ئەگەر ببێتە یەک لە کارەکتەرەکانی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و دواجار تووشی هەڵەیەکی سیاسی بێ، دۆڕاندوویەتی. ئەمە ڕێک بەپێچەوانەی دەوری ڕۆشنبیری ڕۆژاواییە.
لە مێژووی وڵاتانی ڕۆژاوایی کەم نەبوون ئەو ڕۆشنبیرانەی کە لە قۆناغێکی زەمەنیدا بۆ بابەتێکی تایبەت لە هەڵسەنگاندنەکانیاندا تووشی هەڵە بوون و خۆشیان دانیان پێدا ناوە، بەڵام دواتر لەسەر بنەمای ئەم ئامادەگییە هەڵەکانیان ڕاست کردووەتەوە و بەگوڕتر لە پێشوو لە ساحەی سیاسیدا کاریگەر بوون. ڕۆشنبیری ئێمە وەک تاکێکی حیزبی ئاکامخوازە و بەدووی دەسکەوتەوەیە، بۆیە ئەو ترسەی هەمیشە لە دڵدایە کە ئەگەر تووشی هەڵە بێ دەسکەوتێکی بۆ مسۆگەر نابێ، هەر بۆیە دەگاتە ئەو قەناعەتە کە لە دوورەوە خەریکی داهێنان بێ با دەنگیشی نەگاتە گوێی خەڵکەکەی. ڕۆشنبیری کورد ئەگەر دەیەوێ دەوری خۆی هەبێ دەبێ ئەم ترسە مێژووییە وەلانێ و شەهامەتی ئامادەبوونی لەناو گەلەکەیدا هەبێ! [1]