$دیسان بەزمی هەڵبژاردن لە ئێران!$
#ناسر باباخانی#
#31-01-2016#
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی نزیک بە چوار دەیەی ڕابردوودا ساڵێ یەک هەڵبژاردنی بەڕێوە بردووە، وەک هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری، پارلەمان، ئەنجوومەنی شارەکان، خوبرەگان و... بە درێژایی ئەم ساڵانەش، سەرجەم ئەم هەڵبژاردنانەی وەک هێمایەک بۆ دێموکراسی لە ناوخۆی وڵات و مەشرووعییەتی ژوورەکی و دەرەکی بەچاوی خەڵکی ئێران و دەرەوەی وڵاتیشدا داوەتەوە!
بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم مەبەستە، چاودێرانی سیاسی بەردەوام بە چاوی گومان و دڕدۆنگییەوە سەیری زۆربەی هەرە زۆری ئەم هەڵبژاردنانەیان کردووە، چون لەڕاستیدا هەرچەند ڕێژەی بەشداریی خەڵک هەندێ جار بەرچاو بووە، بەڵام جگە لە تەزویر و سڕینەوەی ئەو جیابیرانەی خۆیان بەربژێری هەڵبژاردنەکان کردووە، لە جەوهەری بەشدارییەکەدا هەمیشە گرفتێکی سەرەکی هەبووە کە بووەتە هۆی ئەوەی هیچکام لە هەڵبژاردنەکان نەتوانن گۆڕانێکی سیاسیی ئەوتۆ لە ئێران سازبدەن کە ئەویش بریتییە لە چەمکێک بەناوی: بەشداریی سیاسی پێکهاتەیی.
سەبارەت بەم چەمکە، هانا ئارێنت پێیوایە بەشداریی سیاسی ئەرێنی واتە پڕۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێ بەشێوەیەکی پێکهاتەیی لە قاڵبی حیزب و لایەنی سیاسیدا بێ تا بەر بە دیکتاتۆرییەت بگرێ، بە واتایەکی دیکە بەشداریی سیاسی ناپێکهاتەیی، تەنیا مەبەستی بەشدارکردنی گۆترەیی خەڵکە بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی خۆی و مەبەستی سەرەکی بەرلەوەی چاکسازیی ناوخۆیی بێ، سەلماندنی مەشرووعییەتی خۆیەتی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی وڵات. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە سیستمە تۆتالیتێرەکاندا بەدی دەکرێ. ئارێنت دەیەوێ بڵێت سیستمی تۆتالیتێر لە هەمان کاتدا کە بەتوندی بەر بە بەشداریی سیاسی پێکهاتەیی دەگرێ، دەیەوێ ئاستی بەشداریی سیاسی ناپێکهاتەیی بەرێتە سەر، تەنانەت ئەگەر بە میکانیزمگەلێکی پڕوپاگەندەیی و فرتوفێڵئامێزیشەوە بێ و دواجار بە زەبری زۆری و تۆقاندن!
بۆیە مادام پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران لەسەر بنەمای بەشداریی سیاسی بەشێوەی پێکهاتەیی نەبێ و بۆ وێنە خەڵک لە کوردستان نەیەنە قاڵبی پێکهاتە و حیزبەوە و ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی نەکەن، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕدرێ. ئەوەی کە تا ئێستا لە کوردستان سەبارەت بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بەدی کراوە - سەرەڕای نەبوونی بەشداریی سیاسی بەشێوەی پێکهاتەیی - ئەوە بووە کە بەشێوەیەکی ڕێژەیی دەنگی خەڵکی کوردستان بەردەوام پەیامێکی سیاسی بۆ ناوەند پێبووە، بە تەعبیرێکی دیکە دەنگی خەڵکی کوردستان لەسەر بنەمای شعوورێکی سیاسی و خوێندنەوەیەکی درووست دراوە و تەنانەت بایکۆت کردنەکەشی هەڵگری ئەم پەیامە بووە. شرۆڤەی ناوەرۆکی ئەم پەیامە، ناهاوتەریببوونی خەڵکی کوردستان بووە لەگەڵ دەسەڵات، واتە کورد هەمیشە دەنگی داوە بەو بەربژێرانە کە ڕەخنەگری حکوومەت بوون، یان لانی کەم لێی دوور بوون.
بۆ پێکانی ئەم مەبەستە، واتە بەشداریی سیاسی بەشێوەی پێکهاتەیی، کۆمەڵگەی کوردەواری پێویستی بە سەرلەنوێ خۆسازدانەوەی ڕێکخراوەیی لەناوخۆ هەیە. خۆ ڕەنگە دیاریکردنی تاقم و لایەنە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرهەست دژوار بێ، بەڵام لانی کەم وەک جووڵەیەکی مەدەنی - بە هەموو خۆپارێزییەکانیەوە - بەدی دەکرێن: لە بەرەی یەکگرتووی کورد و ڕیفۆرمخوازە کوردەکانەوە بگرە تا جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح و مەکتەبی قورئان و (NGO)کان و تەنانەت هەندێ ڕەوتی فکری بەرچاوی سەربەخۆ کە زیاتر لە پانتایی هەندێ لە شارەکاندا بەدی دەکرێن. ئەمە خۆی لە خۆیدا پتانسییەلێکی باشە کە لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیدا خەڵک خۆی تێدا ببینێتەوە.
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانای خۆیەوە لە ڕێی دەزگا ئەمنی و چاودێرییەکانییەوە بە فیلتێرکردن و ڕەدی سەڵاحیەتی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا تا ئەو جێگایەی شیری بڕیویەتی ئیزنی نەداوە جیابیران خۆیان بەربژێری هەڵبژاردنەکان بکەن و حەولی داوە وەک دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر ئەم یونیفۆرمیزاسیۆنە بپارێزێ. لە پاش ئەم پڕۆسەی قڵتوبڕە، ئەوە دێتە گۆڕێ کە کۆماری ئیسلامی تا چ ڕادەیەک ئیزن دەدا بەشداری سیاسیی خەڵک بەرگێکی پێکهاتەیی بپۆشێ؟ پرسیارێک کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم ڕژێمەدا هیچ وەڵامێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە. بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئەم جارە حەولی چالاکڤانانی سیاسی مەدەنی ناوخۆ بۆ بە پێکهاتەییکردنی بەشداریی سیاسی خەڵک بەپێی پتانسییەلە جۆربەجۆرەکانی مێدیایی بەتایبەتی سۆشیال میدیا تا چەند دەتوانێ ئەم خەونە بێنێتەدی؟ هەرچەند بەپێی ئەزموون و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ئاسۆی ئەمجارەش زۆر لێڵ و هیوابڕە. [1]