$کۆماری بەراوەژوو$
#ناسر باباخانی#
#04-03-2016#
مەسەلێکی چینی دەڵێ: کاتێ شتێک بەراوەژوو نیشان دەدەی، واتە درۆ دەکەی! ئەمە تایبەتمەندیی سەرەکی حوکمڕانانی وڵاتانی دواکەوتوو و دیکتاتۆرییە کە ڕاستییەکانی ناوخۆی وڵات بەپێچەوانە نیشان دەدەن بۆ شاردنەوەی کەموکووڕییەکانی وڵات، ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی لەسەرەتای حوکمڕانیی مرۆڤەوە تا هەنووکە وەک شێوەیەک لە دەسەڵاتی ئیستیبدادی هەر هەبووە.
ماوەیەکە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئایدیۆمی نفووزی کردووەتە بنێشتە خۆشکە و دەست و پەیوەندەکان و میدیاکانی بەردەوام دەیجوونەوە. دیارە ئەمە سیاسەتی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی دوکتورینی ڕێبەری ئەم وڵاتەیە و بەردەوام بەڕەچاوکردنی ئەم سیاسەتە هۆشداری دەداتە ناوخۆ و لە هەمان کاتیشدا چەشنێ هەڕەشەشە.
هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا، ستراتیژی سەرەکی ئەم وڵاتە بۆ ناوخۆ و دەرەوە لەسەر بنەمای بەراوەژوو نیشاندانی واقعییەتەکانی کۆمەڵگەی خۆی بووە لەسەرجەم بوارەکاندا و بەجۆرێ هەوڵی داوە سیمای ڕاستەقینەی خۆی بشارێتەوە و بەپێچەوانەی حەقیقەتەکان خۆی بنوێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر بنەمایەکی پاڕانۆیدی بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و بەلاڕێدابردنیان، لە زۆر تاکتیکی سەیر وسەمەرە کەڵکی وەرگرتووە، بۆ وێنە ئەم دەستەواژانە بەردەوام لە وتاری سیاسی ئەو دەوڵەتەدا بەدی دەکرێن: پیلان، دوژمن، تەماع، سیخوڕی، نفووز، خیانەت، هەڕەشەی دەرەکی، دەستی پشت پەردە و... ئەم پاڕانۆیدەش دواجار بووەتە هۆی ئەوەی کە بە یەکجاری بەر بە پلۆرالیسمی سیاسی لەم وڵاتەدا بگیرێ.
دیارە زۆر ناوەندی لێکۆڵینەوەی باوەڕپێکراوی نێونەتەوەیی هەن کە بەردەوام خەریکی پلەبەندیی وڵاتانی جیهانن لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا، با چەند نموونەیەک لە پەیوەندیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بخەینە بەرباس و بزانین سیمای ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی خۆی چۆنە:
- پلەی ئازادیی میدیایی: 173 (Reporters Without Borders ساڵی 2015) ،
- پلەی سانسۆر: 7 واتە لە ڕیزی یەکەمی 10 وڵاتی دنیادایە کە سانسۆر پیشەیانە (Committee to Protect Journalists ساڵی 2015) ،
- پلەی پاسپۆرت: 87 لەنێو 94 وڵاتدا (بوونیادی Henley & Partners ساڵی 2014) ،
- پلەی ئیعدام: 1 (Amnesty International USA ساڵی 2015) ،
- پلەی هەڵاتنی عەقڵەکان: 1 (international monetary fund ساڵی 2015) ،
- پلەی بەکارهێنانی هێرۆیین وەک ماددەیەکی سڕکەری مەترسیدار: 1 (World Drugs report )
- پلەی شەفافیەتی نێونەتەوەیی کە پێوەرێکە بۆ گەندەڵیی ئابووری لەنێو 174 وڵاتدا، ئێران پلەی 136ی گرتووە!
(Transparency International ساڵی 2015) ،
- پلەی فەلاکەت هێمایەکی ئابوورییە کە پەیوەندی بە ڕێژەی بێکارییەوە هەیە: 2 (Cato Institute) ،
- پلەی تەندرووستی: 93 (World Health Organization) ،
- بەپێی نەخشەی کۆمپانیای ڕاوێژکاری Control Risks ئێران وەک ناوچەیەکی زۆر مەترسیدار دەستنیشان کراوە.
- لەباری خۆشگوزەرانییەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا پلەی ئێران بەم شێوەیە:
ئابووری 105، حوکمڕانی 122، ئازادیی تاکەکەسی 131، خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی 95، سەرمایەی کۆمەڵایەتی 115، ئاساییش 120 (LEGATUM INSTITUTE ساڵی 2015)
ئەم ئامارانە و زۆر داتای دیکەش هەن کە گوزارە لە دۆخی کارەساتباری ئێران دەکەن، بەڵام لە ڕاگەیاندن و میدیاکانی کۆماری ئیسلامیدا نەک باس ناکرێن، بەڵکوو باسکردنیشیان باسی سەرە! دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بە دانی داتای هەڵە بە خەڵک حەولی ئەوە دەدەن کە ئێران وەک بەهەشتی مەوعوود نیشان بدەن، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێران لە ساڵی 2009 ئەحمەدی نەژاد سەرکۆماری ئەو کات کە لەگەڵ کەڕووبی (ئێستا لە ماڵێکدا لەژێر چاودێریدایە) وەک ڕکابەری هەڵبژاردن موقابلەیان هەبوو، هەندێ ئاماری درۆی لەسەر تەلەڤیزیۆن باسکرد کە کەڕووبی بە سەرسوڕمانەوە لێی پرسی: ببوورە تۆ باسی ئێران دەکەی؟!
ئێران ئەو وڵاتە نییە کە خۆی باسی خۆی دەکا، ئێران لە هەموو بوارەکاندا تووشی داڕمان و هەرەسهێنان بووە و هیچ وڵاتێک لە دنیادا بێگومان شک نابەی کە وەک ئێران قەیرانی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی بەرۆکی گرتبێ، ئێران ئەو دارەیە کە لەنێوخۆیدا کرمۆڵ بووە و هاکا ئەمڕۆ و هاکا سبەی کەوتە عەرز! [1]