$گیڤاراکان$
#ناسر باباخانی#
#17-04-2016#
کۆتاییەکانی دەیەی 60ی زایینی لەباری فکری سیاسییەوە، زاڵبوونی وتاری چەپی بزووتنەوە دژبەرەکانی ئەو وڵاتە دیکتاتۆرییانەی کە بە تەعبیری ئەوان سەردەمان گرێدراوی ئۆردوگای ئەمپریالیستی بوون، ڕەنگە دیارترین بیروڕای سیاسی بێ، بەتایبەتی لە چاخێکدا کە شەڕی سارد لەنێوان دوو جەمسەری ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەتدا لەوپەڕی خۆیدا بوو. دیارە سەرکەوتنی شۆڕشی کووبا، خۆڕاگریی خەڵکی ڤێتنام، شەڕی جەزایر، شۆڕشی 1968ی فەڕەنسا، سازبوونی ساف لە فەلەستین و... لەسەر زاڵبوونی ئەم وتارە دەورێکی بەرچاویان هەبوو.
خۆ ئەگەر زۆری خایاند تا بۆ ئەم بزووتنەوانە دەرکەوت کە یەکێتی سۆڤیەت بەرلەوەی خەمی چارەنووسی گەلانی ژێردەستەی هەبێ، مەبەستی زیاتر بەرپەرچدانەوەی بیرۆکەی ئەمپریالیستی بوو لەو وڵاتانەی کە حکوومەتەکانیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ئەمریکا نێزیک بوون، بەڵام بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانیش بۆ بەرگری لە خۆیان و دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی حاکم لەڕاستیدا هیچ پەنا و پەسیوێکی تریان شک نەدەبرد، بۆیە دەکرێ بڵێین جۆری پەیوەندیی بزووتنەوەکان و ئۆردووی چەپ زیاتر لەڕووی ناعیلاجیی هەردوو لاوە بوو! هەرچەندە کەم نەبوون ئەوانەی بەڕاستی ئیمانیان بەم ئۆردووە هەبوو، لە ئەنجامیشدا سەریان لەم پێناوەدا نایەوە.
ئێرنێستۆ گیڤارا (1928-1967) لەوسەردەمیدا ببوو بە هێمایەک بۆ ئەو گەنجە خوێنگەرم و ئاڕمانخوازانەی خوازیاری گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی وڵات بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ بوون و لەسەر بنەمای ڕێنوێنییەکانی ڕۆجێ دوبرۆی (ڕووناکبیری چەپی فەڕەنسی و قوتابی لویی ئاڵتۆسێری فەیلەسووفی مارکسیست) شۆڕشی چەکدارییان کردبوو بە ئامرازێکی تاکتیکی و ستراتیژیک بۆ - لانی کەم - نەقورچکێک لە حکوومەتە ئەمپریالیستییەکان، بۆیە پەڕتووکە بەناوبانگەکەی ڕۆجێ دۆبرۆی شۆڕش لە شۆڕشدا وەک پەڕتووکی پیرۆزی ئەو نەوەیەی لێهات و خەباتی چەکداری بۆ ئەوان، هەم بوو بە تاکتیک و هەم ستراتیژی! هەرچەندە پاش ماوەیەک ڕۆجێ دۆبرۆی لە پەڕتووکێکی دیکەیدا ڕەخنە لە چەک تا ڕادەیەکی زۆر پاشگەز بووەوە و دواتر بووە گەورە ڕاوێژکاری فڕانسوا میتران سەرکۆماری ئەو کاتی فەڕەنسا! بەڵام پەڕتووکی دووەمی هەرگیز لەلایەن چەپەکانی ئەو سەردەمەوە ئاوڕی بەخێری وێنەدراوە و شۆڕش جێی بە سازان لێژکرد!
هەر لە کۆتایی شەستەکانەوە و پەلکێشی باری سیاسی بۆ لای چەپ، لە زۆر شوێنی دنیا ئەم بیرۆکەیە خۆی خزاندە ناو چینی گەنج و خوێندەواری ئەم کۆمەڵگەیانەی کە ستەمی چینایەتی و ستەمی نەتەوایەتی ئازاری دەدان، ئەوان شۆڕشگێڕگەلێکی ئاڕمانخواز بوون کە بەدووی سازکردنی دنیایەکی باشترەوە بوون لە هەر ڕوویەکەوە. ئاماژە بە چەند نموونەیەک سەرەڕای جیاوازیی ژینگەی جوگرافیایی و سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەتوانێ بۆ باسەکەمان یارمەتیدەر بێ: شەهید سمایل شەریفزادە (1942-1968) مەسعوود ئەحمەدزادە (1946-1972) دێنیز گەزمیش (1947-1972) کە لە سێ هەڵکەوتەی جوگرافیایی جیاواز واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری ئێران و تورکیا دەستیان کرد بە خەبات. ئەوان لەباری سیاسی و فکرییەوە ڕەچاوی بۆچوونەکانی ڕۆجێ دۆبرۆیان دەکرد و لەباری نیزامی و چەکدارییەوە گیڤارایان کردبووە سەمبولی خۆیان. ئەوانە لە وڵاتی خۆیان بە گیڤارا ناسرابوون... ئەوان گەنج، خوێندکار، ئاڕمانخواز و چەپ بوون کە لە ئاکامیشدا لەلایەن دەسەڵاتەوە کوژران.
دیارە ئەم حەولانە بەپێی ئەوەی کە لە جوگرافیایەکی بەرتەسک و سنوورداردا بەڕێوەچوون و بە سەرانسەری نەکران و لەلایەکی دیکەوە بە هیچ شێوەیەک هاوسەنگیی هێزی لەڕووی نیزامییەوە تێدا نەبوو، هەروەها خەڵکەکە ئاستی فەرهەنگی سیاسییان لەهەمبەر ئەم بزووتنەوانە یەکجار نزم بوو، هاوکاری و خەمخۆرییان بەرلەوەی بەرهەمی ناسین وەک دیاردەیەکی مەعریفی بێ زیاتر بەرهەمی هەست و سۆز بوو بۆ چەند گەنجێک کە بە دژی زوڵم ڕاپەڕیبوون، بۆیە ئەو پشتیووانییە جەماوەرییەی دەبووایە لەگۆڕێدا با، نەیانبوو. هەروەها بەردەنگی سەرەکی ئەم بزووتنەوانە زیاتر چینی لادێیی و وەرزێر بوو تا چینی مامناوەندی شار، کە دەیتوانی بەپێی جەوهەری زاتی خۆی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان شوێندانەر بێ. ئەوەی ئەوان لە پەڕتووکەکەی ڕۆجێ دۆبڕۆی وەک ئایەتێکی پیرۆز و نەگۆڕ هەڵیانکڕاندبوو شەڕی چەکداری بوو بەبێ کۆمەڵانی خەڵکی ئاسایی و ڕەشۆکی، تەنانەت لایان وابوو ئەم شەڕە نابەرانبەرەش تا ئەو جێیەی دەکرێ دەبێ درێژخایەن بکرێتەوە چون دواجار درێژخایەنبوونی شەڕی چەکداری بە قازانجی خەباتی سیاسی و هۆشیاریی کۆمەڵانی خەڵک یەکلا دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر لە هەندێ شوێن و لە هەندێ قۆناغی زەمەنیشدا تووشی شکست دەهاتن، هیوابڕ نەدەبوون و پێیان وابوو بە زەبری چەک دەکرێ ڕۆچنەیەک بدۆزنەوە لە شەوەزەنگی دیکتاتۆریی زاڵ بەسەر وڵاتدا. وتەیەکی مەشهوور هەیە کە دەڵێ: ڕادیکاڵیزم گەورەترین هێمای حەققانییەتی بزووتنەوەکانە. ئەو ڕادیکاڵیزمەی لە خەباتی ئەو گەنجە خوێندکارە ئاڕمانخوازانەدا بەدیدەکرا، ئاوێتەی چەشنێ حەماسە و ڕۆمانتیسمیش ببوو و مەبەستی ئەوە بوو کە بە مەرگێکی خۆهەڵبژاردە بەستەڵەکی دیکتاتۆری وڵات بشکێنن و خەڵک لەخەو ڕاپەڕێنن، هەر بۆیە بە ئامێزێکی ئاوەڵاوە بەرەوپیری مەرگ چوون.
وەک دوا وتە: ئێستا نیزیک بە پێنج دەیە بەسەر نەمانی ئەم چەپە ئاڕمانخوازانە تێدەپەڕێ و دۆخی دنیا لە هەموو ڕوویەکەوە گۆڕدراوە. کە سەیر دەکەی ئەوان وەک مێشک ئامادە بوون بەڵام خەڵک وەک لەش مەودایەکی زۆری لەگەڵیان هەبوو.
کەچی لەم سەردەمەدا هاوکێشەکە تەواو پێچەوانە بووە و ئەمجارەیان ئەوە خەڵکن کە لە پێشەوەن، وێدەچێ ئەم وڵاتانە و وەک نموونە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەڕتووکێکی پیرۆزی پێویست بێ تا وانەکانی شۆڕشێکی سەرلەنوێی بۆ بڵێتەوە! [1]