$بارزانی وەکوو ڕاسپێردراو$
#ناسر باباخانی#
#06-05-2016#
1
شارەزایانی مافی نێونەتەوەیی سەبارەت بە پرسی جودابوونەوەی بەشێک لە وڵاتێک بەگشتی دوو ئاڕاستەی جیاوازیان هەیە، یەکێکیان لەسەر یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتان پێداگرە و ئەوی تر پاڵپشتی لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی نەتەوەکان دەکا.
لە سیستمی مافی نێونەتەوەییدا لەمەڕ جودابوونەوەی یەکلایەنە یان پێشگیری لە جودابوونەوەی یەکلایەنە هیچ چەشنە یاسایەک بە ئەرێنی و نەرێنی بوونی نییە، بەڵام ڕەوتی ڕیفراندۆمەکان بۆ پرسی سەربەخۆیی بە تایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا نیشان دەدەن کە ڕێکاری دووەم، واتە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە پەیوەندییەکی تۆکمەدایە لەگەڵ مافی مرۆڤ، هەر بۆیە جودابوونەوەی یەکلایەنە خەریکە ڕەواییەکی نێونەتەوەیی وەردەگرێ، دوو نموونەی دیاری ئەم چەشنە هەڵوێستە نێونەتەوەییە، دانپێدانان بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ بوو لە ساڵی 2008 یان ئەو گشتپرسییەی بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەند ساڵی پار بەڕێوەچوو.
لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانەوە، چون جودابوونەوەی یەکلایەنە لەسەر ویستی خەڵکی ئەو بەشە لە وڵاتیک دێتە ئەنجام و ئەم خەڵکە کە خوازیاری جودابوونەوەن پەنا بۆ توندوتیژی و شەڕ نابەن، کەوابوو دەوڵەتەکانی دیکە دەبێ ڕێز لە ئیرادەی ئەو خەڵکە بگرن و بیسەلمێنن، هەر بۆیە بڕیاری ژمارە 713ی ڕۆژی 25ی سێپتەمبەری 1991ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر چەشنە سەرکوت و پەنابردنە بەر چەک و چۆڵیان لەهەمبەر ئەم پرسە یاساغ کردووە. تەنانەت ڕای دیوانی ئەوروپایی مافی مرۆڤ لە ساڵی 2001 لەمەش هەنگاوێک ئەوڵاتر دەنێ و دەڵێ هەر حیزب و لایەنێکی خوازیاری سەربەخۆیی، بەو مەرجە کە بنەما دێموکراتیکییەکان بپارێزن و لە توندوتیژی خۆ ببوێرن، دەتوانن چالاکییان هەبێ.
2
دیارە ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کێشەی کوردی هەر پارچەیەک - لانی کەم لە ساتەوەختی ئێستادا - دەبێ لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژی چارەسەر بکرێ، بەڵام دەبێ هەست و سۆزی هاونەتەوەیی و هاونیشتمانیی سەرجەم کوردەکانی جیهان لەهەمبەر کێشەکانی یەکدی و پاڵپشتییان بۆ یەکتر وەک پوتانسییەلێکی بەهێز سەیر بکرێ.
بەدەر لە هەموو بۆچوون و شرۆڤەی بەرتەسکی حیزبایەتی، لام وایە ئەم پاڵپشتییە لە ناوخۆی کوردستان وەک پاڵپشتییەکی بە تایبەتی ئابووری دەتوانێ بڕیاری چارەنووسساز بدات بۆ پرسی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان. بۆ سەلماندنی ئەم وتەیە با ئاوڕێکی خێرا بدەینەوە سەر ژمارەی کورد لەدەرەوەی وڵات.
بەپێی سەرژمێرییەک، نزیکەی چوار ملیۆن کورد لەدەرەوەی کوردستان دەژین کە داهاتی هەر تاکێک نێزیکەی 20 هەزار دۆلار مەزەندە کراوە و هەر بەم پێیە ساڵانە دەبێتە 80 ملیارد دۆلار! ئەمە لە کاتێکدایە کە داهاتی هەرێمی کوردستان بەگشتی لە ساڵێکدا 15 ملیارد دۆلار مەزەندە کراوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا لە باری تیۆریک و لانی کەم لەسەر لاپەڕەکانی کاغەز واتە لەبارکردنی بەستێنێکی شیاو و گونجاو بۆ پشتیووانی ئابووریی کوردستان و دەرئەنجام بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی.
3
ساڵی 2006 کە مۆنتینێگرۆ لە سێربستان جودا بووەوە، کۆی خوازیارانی سەربەخۆیی 55.4%ی دەنگیان بۆ خۆ مسۆگەرکرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەو ڕاپرسییە نافەرمییەی لە سەرەتای ساڵی 2005 لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، 98%ی خەڵک دەنگ دەدەن بە سەربەخۆیی! کەوابوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەک نیگەرانی شەقام نییە، بەڵکوو دواجار بەرگی بەرندەیەتی.
لەلایەکی دیکەوە بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی نێوخۆ لە سەرەتای دامەزرانی حکوومەتی بنکە فراوانەوە هەمیشە لە مشتومڕدا بووە، بەڵام ئەو یاساو ڕێساکانی کایەکە دەزانێ، بۆیە لە ساتەوەختێکی زۆر گونجاودا پرسی سەربەخۆیی دیسان ورووژاندووەتەوە و خەریکە ئەم بیانووەش لە نەیارە ناوخۆییەکانی دەستێنێ و ئیتر ناتوانن بڵێن ئەمە موزایەدەی سیاسییە و کارتێکە کە بارزانی کایەی پێدەکا، بۆیە زیرەکانە ئیتر ئەمەی کردووەتە ئەمری واقیع لەسەر هەموو لایەک و دەیەوێ مێژوو بکا بە دادوەری داهاتوو و بۆ دواڕۆژ بەرۆکی ئەو کەسانە بگرێ کە دەبنە کۆسپی بەردەم پرسی سەربەخۆیی!
لەم بەینەدا لە ناو هێزە سەرەکییەکاندا یەکگرتوو لە ماوەی ڕابردوودا بووەتە یاری غاری پارتی، یەکێتی و گۆڕانیش (ئەمیان ناڕاستەوخۆتر) خۆیان بە هەڵگری مێژوویی دروشمی مافی چارەی خۆنووسین دەزانن و نایانەوێ سبەی ڕۆژ هەرچی هەیە بە ناوی پارتی تەواو بێ، بۆیە لارییەکی ئەوتۆیان نییە، هەرچەندە ئەگەر حیزبێکی وەک کۆمەڵی ئیسلامی کە لە کۆی 111 کورسی پارلەمان 6 کورسی هەیە و لە هەموو حیزبەکان زیاتر لەسەر میدیاکان باس لە سازنەبوونی بواری سەربەخۆیی دەکا، بەرلەوەی ببنە هۆی چەت تێخستن لەم پڕۆسەیە، زیاتر دەبنە کەرەستەی گاڵتەجاڕیی خەڵک!
کەوابوو سەرەڕای شەڕی #داعش#، دابەزینی نرخی نەوت، نەمانی بودجە، قەیرانە سیاسییەکانی ناوخۆ، لاوازیی ژێرخانی ئابووری، گەندەڵی، شێوە هەڵسوکەوتی حکوومەتی بەغدا لەگەڵ هەرێم و... تازە بارزانی زەحمەتە پاشگەز ببێتەوە و ڕەنگە ئەمە بە پەیامێکی مێژوویی بزانێ و خۆی وەک ڕاسپێردراو سەیر بکا.
4
هەڵوێستی وڵاتانی دەرەوە سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی چ لە ئاستی نێونەتەوەیی و چ لە ئاستی ناوچەکە جیاواز بووە. ئەگەر پێشتر زۆر وڵات سیگناڵەکانیان بۆ سەربەخۆیی کورستان سەوز نەبوو، لانی کەم ئێستا سوور نییە و پێداگری بارزانی لەسەر پرسی سەربەخۆیی خەریکە بیکاتە ماڵ لەسەر ئەم وڵاتانە!
زۆر ساویلکانەیە کە پێمانوابێ سەرۆکی هەرێم لە گۆترە باس لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم دەکا و لەم ماوەی سەرۆکایەتی خۆیدا زەمینەسازی نێونەتەوەیی بۆ نەکردووە و جەولەکانی بۆ دەرەوەی وڵات تەنیا بۆ قاوەخواردنەوە بووە! وەبیرهێنانەوەی هەڵوێستی دیپلۆماسی دەگمەنی UN وەک سیگناڵێکی زەرد کە ساڵی 2015 دژایەتی خۆی بۆ هەوڵەکانی بارزانی ڕانەگەیاند بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بێلایەنی خۆی نواند، سەلمێنەری ئەم بۆچوونەمانە. هەر بۆیە ڕەنگە چاکسازی نێو حکوومەت و ئەهوەنکردنەوەی نێوانی لایەنەکانیش - کە وێدەچی نەویکێشانی پارتی پێوە دیار بێ - دەبێ لەم ڕاستایەدا هەڵسەنگێندرێ.
بارزانی دەزانێ زۆر دژوارە بتوانێ وتارێکی هاوبەش لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەم گرفتانەی ناوخۆی هەرێم ساز بدا، بەڵام ئەوەش باش دەزانێ کە دژایەتی هەر هێز و لایەنێک بۆ پرسی سەربەخۆیی، خۆکوژی سیاسییە، بۆیە دەکرێ بڵێین تا ئێستا چاکی هێناوە. [1]