$گورگە درۆزنەکان$
#ناسر باباخانی#
#17-05-2016#
هەر لە سەرەتای دامەزرانی ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە، هەموو بەڵگە مێژووییەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هیچ کات پان تورکیزم لەوان سەردەماندا وەک بزووتنەوەیەکی شوناسخوازانە بوونی نەبووە، ئەمەش ڕێک بە پێچەوانەی بۆچوونی پان تورکیستەکانی سەردەمە.
لەڕاستیدا ئەوەی بەدی دەکرێ، هەر لە سەرەتاوە عوسمانییەکان بە هیچ کلۆجێک مەبەستیان پان تورکیزم نەبووە، چون پانتایی جوگرافیای بەربڵاوی ئەم ئیمپراتۆرییە و بوونی دەیان نەتەوەی جیاوازی غەیرەتورک لەم جوگرافیایەدا نەیدەتوانی ئەم پلانە وەک ئایدیۆلۆژییەکی هاوبەش وەگەڕبخات، بۆیە عوسمانییەکان لەبری زمان و ئیتنیک لە ئیسلام وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی کەڵک وەردەگرن بۆ کۆکردنەوەی ئەم نەتەوانە لە دەوری یەکتر. دیارە لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بەولاوە (کۆتاییەکانی دەسەڵاتی عوسمانی) بەپێی ئەوەی کە کۆڵەکەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی کەوتبوونە لەرزین، حەولێکی نەزۆک بۆ زەقکردنەوەی چەمکی تورکایەتی هاتە ئاراوە کە دواجار نەیتوانی بەر بە هەرەسی ئەم ئیمپراتۆرییە کۆنەساڵە بگرێ.
دواتر بیرۆکەی پان تورکیسم بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو لێرەولەوێ لەلایەن هەندێ کەسەوە حەولی بۆ درا تا بەشێوەیەکی تیۆریک بناغەی بۆ دابڕێژرێ، بەڵام پێشوازییەکی ئەوتۆی لێنەکرا و نەیتوانی شوێندانەرییەکی بەرچاوی هەبێ. پان تورکیسم تەنانەت وەک باسێکی تیۆریکیش لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی، لەلاپەڕەکانی تاکوتەرای چەند ڕۆژنامە و چەند پەڕتووکێک تێناپەڕێ. ئەوەش کە لە بنەڕەتەوە پان تورکیسم لەلایەن سێ کەسایەتی جوولەکەوە فۆرمۆلیزە کراوە بۆ سازکردنی دووبەرەکی لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و دواجار لەناوبردنی ئەم دەسەڵاتە، لە تاقەتی ئەم وتارەدا نییە، بەڵام چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر سەرچاوە مێژووییە باوەڕپێکراوەکاندا پێمان دەڵێ کە لە بنەڕەتەوە ئیدیعای پان تورکیستەکان سەبارەت بە مێژووی هەزاران ساڵە و زمانی تورکی دوورە لەڕاستی، لێکۆڵەرە مێژووییەکان زۆر جاران بەتەوسەوە ڕوو لە تورکان دەڵێن: ئادی، ئێوە ڕاست دەکەن، هەرچی هەیە و نییە تورکە! مینۆرسکی گوتەنی: لە هەر شوێنێ گرێکوێرەیەک سەبارەت بە مێژوو و فەرهەنگی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی کەونارا لەئارادابێ، تورکەکان ڕێک قامک دەخەنە سەر ئەوێ و مێژوونووسە پان تورکیستەکان ئەو گرێکوێرانەیان کردووە بە بەستێنێک بۆ ساختەچێتیی مێژوویی و مەبەستی ئایدیۆلۆژیکی پان تورکیسم.
نووسخەی سەقەتی پان تورکیسم لە ئێران کە بە پان ئازەریسم ناسراوە (دەڵێم سەقەت، مەبەستم ئەوەیە کە پلانی پان ئازەریسم لەباری تیۆریکەوە تا ئاستی داماوی، هەژار و لاوازە و بەگشتی لەسەر بنەمای درۆ و ساختەچێتی دامەزراوە) لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، جارناجارێک لە هەندێ بۆنەدا بە تایبەتی سیاسی، سەروپۆتڕاکی خویا دەبێ، لەڕاستیدا دەکرێ بڵێین بە شێوەیەکی شارەزایانە لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە کاناڵیزە دەکرێ تەنیاوتەنیا بۆ دژایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لەو ناوچانەی نەتەوەی ئازەری وەک میوان لێی نیشتەجێن. کەوابوو ئەوەی ئێستا لە ئێران وەک پان ئازەریسم خۆی دەردەخا، بەرلەوەی ماهییەتێکی شوناسخوازانە و مافخوازانەی هەبێ، بووەتە داردەستێک لە دەست کۆماری ئیسلامیدا بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەی کورد، واتە پان ئازەریسم لەبری ڕۆچوون بە ناخی خۆیدا، لەبری ئاوڕدانەوە لە خۆی، سەلماندنی بوونی خۆی، خەسارناسیی خۆی و خزمەتی بەرژەوەندیی نەتەوەی ئازەری، تەنیا حەولی ئەوە دەدا خۆی لەبەرانبەر ئەوی دیکەدا پێناسە بکات کە ئەویش بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردە. لەوە سەیرتر و سەرسوڕهێنەرتر پان ئازەریسمی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتە. پان ئازەریسمێک کە کۆی چالاکییەکانی لە یەک دوو ماڵپەڕی لاوازدا خۆدەردەخا و بەڕواڵەت دژبەری کۆماری ئیسلامییە، کەچی ئەوەندە دەمارگرژ و کوورتبینە کە ئامادەیە بۆ دژایەتیی بزووتنەوەی کوردی و نەتەوەی کورد دەستەوداوێنی کۆماری ئیسلامی بێت!
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پارلەمانی ئێراندا کار گەیشتە جێگایەک کە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە بەتکاو ڕەجا هاواری بەرزکردبووەوە بۆ مەلای شیعە مەزەبی دژەکوردی شاری #ورمێ# کە ئازەرییەکان لەهەمبەر کوردەکان یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی کورد نەچێتە پارلەمانی ئێران! ئەم هەڵوێستە لە درێژماوەدا دەتوانێ زۆر مەترسیدار بێ بۆ سەر ئاساییش و ژیانی هێمنانەی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری، هەرچەند ئەمە ناتوانێ گوزارە لە جۆری بیرکردنەوەی سەرجەم نەتەوەی ئازەری بکا، بەڵام دەبێ بە هەند وەرگێڕێ. کە سەیری پێکهاتەی دەسەڵاتی ئیداری خۆجێیی لەم شوێنانەی کوردستان دەکەی کە نەتەوەی ئازەریشی تێدا دەژی، دەردەکەوێ کە دەسەڵات تا چ ڕادەیەک نەتەوەی کوردی خستووەتە پەراوێزەوە.
بۆ وێنە ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە لە شاری ورمێ 95%ی دەسەڵاتی ئیداریی ئەم شارە بەدەست ئازەرییەکانەوەیە! لوورە لووری گورگەکان لە ماوەی چوار دەیەی پاش شۆڕشی گەلانی ئێراندا، هەرگیز بۆ داکۆکی لە مافی نەتەوەی ئازەری نەبووە، بەڵکوو لە هاوپەیمانێتییەکی ناپیرۆزدا لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خەریکی سەرکوت و هەڵاواردنی کورد، وەک دانیشتووی ڕەسەنی ئەم ناوچانەیە. نەبوونی بزووتنەوەیەکی دێموکراتیک بۆ نەتەوەی ئازەری ڕەنگە گەورەترین هۆکاری سەرهەڵدانی گورگە درۆزنەکان بێ! [1]