$پەڕتووکەکان بسووتێنن$
#ناسر باباخانی#
#05-06-2016#
مێژووی سووتاندنی پەڕتووک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە مرۆڤ بۆ یەکەمجار دەستی بە نووسین و وەشانی پەڕتووک کرد. دیارە سووتاندنی پەڕتووک بەرلەوەی وەک کردەوەیەکی فیزیکی سەیر بکرێ، لەڕاستیدا بیانوویەکە بۆ سەرکوتی بێ بەزەییانەی هەر چەشنە بیر و هزرێکی جیاواز و دەرئەنجام کوشتنی مرۆڤەکان. دەکرێ بڵێین سووتاندنی پەڕتووک وەک هێمایەک، وەک ئیماژێک بودریار گوتەنی بووەتە بیانوویەک کە مەبەستی واقیعی و سەرەکی واتە فەوتاندنی بیر و هزر و لە هەمان کاتیشدا کوشتنی لەخۆدا حەشارداوە. ئەوەی فەرمانی سووتاندنی پەڕتووک دەردەکا، مەبەستی تەنیا سانسۆر نییە، مەبەستی تەنیا پێشگیری لە دەربڕینی بیروڕای جیاواز نییە، بەڵکوو ڕێک مەبەستی کوشتن و فەوتاندنی ئەو مرۆڤانەیە کە جیاواز بیردەکەنەوە. هاینریش هاینێ، شاعیری ئاڵمانیی سەدەی هەژدە ڕاستی دەگوت: لەو شوێنەی پەڕتووکەکان دەسووتێنن، دواجار مرۆڤەکانیش دەسووتێنن. مێژووش ئەوەی سەلماندووە کە سووتاندنی پەڕتووک سەرەتایەکە بۆ کوشتنی مرۆڤ.
هێرشی سیستماتیکی داگیرکەران وەک هێرشی ئەسکەندەری مەکدۆنی، مەغۆلەکان، عەرەب، سوڵتانی غەزنەوی و...هتد بۆ سەر وڵاتانی دیکە، لەگەڵ ئەوەدا کە پەڕتووکخانەکانی ئەم وڵاتانەی دەکردە ئامانجی خۆی، ڕێخۆشکەر بوو بۆ هۆمۆجینسازی (Homogenization) و داسەپاندنی فەرهەنگی لەشکری داگیرکەر. ڕەنگە نموونەی بەرچاو سووتاندنی کۆگاکانی پەڕتووک لە ساڵی 1933 بێ کە لەلایەن ئاڵمانیای نازییەوە زیاتر لە 25000 پەڕتووکیان کردە دەستەچیلەی ئاگر بە بیانووی ئەوەی ئەم پەڕتووکانە فاسیدن و بیری لاوانی ئاڵمانی بە لاڕێدا دەبەن!
بەگشتی دەکرێ بڵێین لەناوبردنی بەرهەمە فەرهەنگییەکان بەشێوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو وەک سووتاندنی پەڕتووک دەچێتە خانەی ڤەندالیزم (Vandalism) ەوە. بەڵام ئەم ڤەندالیزمە کاتێک خۆی بە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتەوە تەیار دەکا، ئەوەندەی دیکە مەترسیدار دەبێ.
بەم دواییە وتاربێژی نوێژی هەینیی تاران لە ڕێی ئەو مینبەرە فەرمییەی حکوومەتەوە هۆشداریی دایە بەڕێوەبەرانی پێشانگای نێونەتەوەیی پەڕتووکی تاران و وتی: ئەگەر گەنجێک پەڕتووکێکی (فاسید) بکڕێ و بیباتەوە ماڵێ و بەهۆی ئەوەوە خوشک و برا و دایک و بابی بە لاڕێدا بەرێ، ئێوە بەرپرسان تا ڕۆژی قیامەت لەژێر غەزەبی ئیلاهیدا دەبن! ئەمە ڕێک لە وتەکانی گۆبێڵز، وەزیری پرۆپاگەندەی ئاڵمانی نازی دەچێ کە لە ڕێوڕەسمی سووتاندنی پەڕتووکدا، باس لە پەڕتووکی فاسید دەکا. ئەم دوو ڤەندالیزمە ئەگەرچی بە دوو ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژیکی جیاوازدا دەڕۆن، بەڵام دواجار یەک بەرهەم بەدووی خۆیاندا دێنن، سووتاندنی پەڕتووک و سووتاندن و ئیعدامی مرۆڤەکان.
هەر لەم ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بوو کە لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە ماڵان وەردەبوون و هەر ماڵێک پەڕتووکی کوردی یان چەپی هەبووایە، خاوەنەکانیان ئیعدام دەکرد. لەم پنتەدا مەلا و نازی یەکدەگرنەوە: کابرای نازی بە سووتاندنی پەڕتووک و دواتر سووتاندنی مرۆڤ، مەلاش بە قەدەغەی پەڕتووک و دواتر ئیعدامی مرۆڤ! نموونەی لەم چەشنە لە کۆماری ئیسلامیدا زۆرن، کۆتایی ساڵی 1384ی هەتاوی لە زەمانی دەوڵەتی نۆهەمدا بوو کە بڕیار درا پەڕتووکە پەیوەندیدارەکان بە ژن و پرسی ژن لەناوببرێن! ترسی ئەم حکوومەتە ئایدیۆلۆژیکانە لە پەڕتووک خەوی لە چاوی سیستم زڕاندووە. ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە زۆربەی هەرە زۆری چاوپێکەوتنەکانیدا هۆشداری داوەتە بەرپرسانی حکوومی کە وریای نفووزی فەرهەنگی بن، هەر سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵ بوو کە وەک هەمیشە باسی لە دڵەڕاوکێ فەرهەنگییەکانی خۆی کرد و دیسان هۆمۆژێنی فەرهەنگی هێنایە گۆڕێ.
دیارە ستراتیژی کولتووریی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمایەکی ئایدیۆلۆژیک دامەزراوە و بەدەر لەم چوارچێوەیە، هیچ پلۆرالیسمێکی فەرهەنگی بوونی نییە. چاوپێخشاندنێکی خێرا بەسەر پەڕتووکەکانی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن هەر لە سەرەتاییەوە تا زانکۆ، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هۆمۆژێنسازیی فەرهەنگی کۆڵەکەی کولتووری ستراتیژیکی ئەم وڵاتەیە و بۆ گەیشتن بەم مەبەستە لە هیچ کردەوەیەک ناپرینگێتەوە، ئەگەر ئەمڕۆ وتاربێژی هەینی تاران داوای قەدەغەکردنی پەڕتووک دەکا، دوێنێ بنیاتنەری کۆماری ئیسلامی فتوای کوشتنی نووسەری دەردەکرد. ئەوان داوا دەکەن پەڕتووکەکان بسووتێنن تا خۆیان بمێننەوە! [1]