$بۆچی کودەتا سەری نەگرت؟$
#ناسر باباخانی#
#21-07-2016#
لە تورکیا تەنانەت لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانییشدا کودەتا وەک نەریتێکی باو بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی بەکارهاتووە، تەنانەت سەری چەند سوڵتانێکی عوسمانیشی خواردووە و لە سەردەمی کۆماری تورکیاشدا، لە ساڵی 1960ەوە تا ئێستا نیزیکەی 6-7 کودەتا ڕوویانداوە کە ڕەنگە کودەتای سەرکەوتووی ساڵی 1980 بە سەرکردایەتی ژەنڕاڵ کەنعان ئێڤرەن تەنیا وێکچوونی لەگەڵ کودەتای ئەمجارەیان یەک شت بێ، ئەویش ئەوە بوو کە 36 ساڵ لە پاش #12-07-1980#، دیسان تانکەکانی سوپا ڕژانە سەر شەقامەکان و هیچی دی! بەڵام پرسیار ئەوەیە سەرەڕای بەسەرچوونی سەردەمی کودەتاکان، بۆچی کودەتای 15ی تەمووز سەرنەکەوت؟ بە باوەڕی من دەکرێ سێ یاریکەری سەرەکی بۆ ئەم سەرنەکەوتنە دەستنیشان بکەین:
$ (1) ڕای گشتی:$
شەقام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەر لە یەکەم ساتەکانی کودەتا لە پاش بانگەوازەکەی ئەردۆغان لە مەڕمەڕەوە کە وتی: وەرنە مەیدان منیش دێم! دژکردەوەیەکی زۆر خێرای لەخۆی نواند. خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ پشتیووانی لە دەوڵەت (ئەوەی من لە ناوەندی ئاناتۆلی بە چاوی خۆم بینیم ئامادەیی ئەم خەڵکە بوو بۆ گیانبەختکردنیان لەپێناو مانەوەی دەسەڵات) ، میدیا و سۆشیال میدیا دەورێکی بەرچاویان بینی بۆ ڕاوەستان لەبەرانبەر کودەتاچییەکاندا، تەنیا لە هەندێ ناوچەی دوو گەورە شاری ئانکەرەی پێتەخت و بە تایبەتی ئێستانبوڵ شڵەژانێکی کوورتخایەن دیترا و لە شارەکانی دیکە بەپێچەوانەوە هەستی هاوسۆزی بۆ دەوڵەت جەماوەری هێنایە سەر شەقام، کودەتاچییەکان چەند شوێن و بنکەیەکی - بە باوەڕی خۆیان گرینگ -ی وەک فڕۆکەخانەی ئێستانبوڵ، والیلیکی ئیستنابوڵ، بارەگای (TRT) و پارلەمانیان لە ئانکەرە بۆ ماوەیەکی کاتی خستە ژێر کۆنترۆڵ، بەڵام مەیدانی تەقسیم و پردی گەورەی ئێستانبوڵ بوو بە ناوەندی کۆبوونەوەی خەڵک و هاوکێشەکانی گۆڕی، دەوری پیاوانی ئایینی و مزگەوتەکان یەکجار گرینگ بوو بۆ جاڕدان و ڕێکخستنی جەماوەر بۆ پرۆتێستۆکردنی کودەتا، هەر لە شەوی کودەتاکەوە واتە 15ی جوڵای تا نیوەڕۆی 16ی جوڵای لانی کەم دەیان جار بانگ درا!
$ (2) خودی AKP: $
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەوە بوو کە خودی ئەردۆغان لە ڕێگەی موبایلێکەوە توانی بەر بە کودەتایەکی نیزامی بگرێ و بە بانگەوازەکەی خۆی، خەڵک بڕژێنێتە سەر شەقامەکان، ئەوەی ئەردۆغان کردی خۆبەدەستەوەنەدان بوو. 2- خێرایی بوو، 3- عەبدوڵڵا گول و بولەنت ئارینچ و تا ڕادەیەک ئەحمەد داودئۆغڵوو کە وەک باڵی ناکۆکی ناو (AKP) سەیر دەکران، بە لێدوانی خۆیان پشتوانییان لە ئەردۆغان کرد، بە تایبەتی کارتێکەریی قسەکانی عەبدوڵڵا گول وەک سەرکۆماری پێشووی تورکیا زۆر بەرچاو بوو. هێزەکانی پۆلیس و ئاساییش و میت زۆر وەفادارانە کەوتنە بەربەرەکانی لەگەڵکودەتاچییەکان.
دیارە لەم نێوەدا سەرجەم حیزبە سەرەکییەکان واتە CHP) ، HDP، MHP) بە دژی کودەتا هەڵوێستیان گرت (هەرچەندە زۆر بە پارێزەوە) ، بەڵام دەوری پارلەمان کە لە ڕاستیدا شیلەی سیاسی خەڵک و حیزبەکانی تورکیا بوو، بە دەستپێشخەریی (AKP) دژی کودەتا وەستان.
$ (3) کودەتاچییەکان:$
ئەوانەی پلانی کودەتایان داڕشتبوو تووشی چەندین هەڵەی حساباتی و ستراتیژیکی بوون کە دەکرێ ئاماژە بە چەند خاڵێک بکرێ: نەبوونی سیمایەکی کاریزماتیک و ناسراو وەک ڕێبەری کودەتا، بە جۆرێک کە تەنانەت سەربازە ساکارەکەی سوپا گوتەنی، نەیدەزانی فەرمانی لە کێ وەرگرتووە و هەر پێیان گوتووە بچووە سەر شەقام و مەهێڵە خەڵک هاتوچۆ بکەن! سنوورداربوونی ناوچەی کودەتاکە کە تەنیا لە دوو گەورە شاری ئانکارا و ئێستانبوڵ بوو و شارەکانی تری نەگرتەوە، نائاگایی لە دەور و کاریگەریی میدیای ئازاد و سۆشیال میدیا کە بوو بەهۆی خۆڕێکخستنی خەڵک بۆ هاتنە سەر شەقامەکان، کودەتاچییەکان پێیانوابوو بە دەستگرتن بەسەر TRTدا ئیتر کار تەواوە، زەینییەتی ئەوان لەڕاستیدا هی سەردەمی کودەتا کلاسیکەکان بوو. ئەم کودەتایە تەنانەت لەناو سوپاشدا سەرجەم ئەفسەر و پلەدار و سەربازەکانی لەخۆنەگرتبوو، لە کۆتاییدا ترسی میدیایی و سۆشیال میدیایی و کاردانەوە جیهانییەکانی نەیهێشت سوپا قامک بۆ پەلاپیتکەی تفەنگان بەرێ.
ئەردۆغان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، داوای لێبوردنی لە ڕووسیا کرد، پەیوەندە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل خستە قۆناغێکی نوێوە و بەنیازە لەگەڵ میسریش بکەوێتەوە گفتوگۆ و دەنگۆی ئەوە هەیە کە لەگەڵ سووریاش سەرەتاتکێیەک بکات.
ئەمانە هەر هەمووی وەرچەرخانێکی جیددین لە سیاسەتەکانی تورکیادا و بە مەبەستی هاتنەدەر لەم پەراوێز و ئیزۆلاسیۆنەیە کە ماوەی دوو سێ ساڵێکە تووشی بووە و لەباری ئابووری و سیاسییەوە کەوتووەتە نزمترین ئاستی خۆی، ڕەنگە بە بیری ئەردۆغاندا نەهاتبێ کە ئەو لە کاتێکدا خەریکی چاکسازیی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بوو، لە کاتی پشوودانی لە مەڕمەڕە سوپای تورکیا لێی ڕاستەوەبێ. بەڵام کودەتا ڕوویدا و بەخێراییش کۆتایی هات. ئەوەی دەبێ ئێستا بیری لێبکرێتەوە ئەوەیە کە لە دوای کودەتاکە مێژووی تورکیا و ئاکەپە و بە تایبەتی شەخسی ئەردۆغان ئاوا دێتەبەر چاو:
ئەردۆغانی پێش کودەتا و ئەردۆغانی پاش کودەتا. ئەردۆغان ئەگەرچی وەک باسمکرد بەر لە کودەتا دەستی کردبوو بە چاکسازیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، بەڵام دوای کودەتا ئێستا دۆخێکی سەقامگیرتر و زۆر بەهێزتری هەیە و دەتوانێ درێژە بە سیاسەتەکانی بدا، بۆیە بۆ خەڵکی تورکیا ئەردۆغانی پاش کودەتا بە پەیامە سکایپییەکەی ڕەنگە لایەنی کاریزماتیکییەکەی چەند قات بەرزبێتەوە، بەڵام دیسان گەورەترین گرفت بۆ ئەردۆغان کێشەی کوردە. کوردێک کە لە درێژایی مێژووی خۆیدا بەهۆی بیرەوەریی تاڵ و کارەساتباری لەگەڵ سوپای تورکیا، وەباڵی بۆ ئەم کودەتایەش نەکێشا و بگرە ئیدانەشی کرد، بۆیە ئەردۆغان و تیمی ڕاوێژکارانی سەرکەوتنیان بەسەر ئەم کودەتایەدا دەبێ لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی کورد لە باکوور گرێبدەن. من وای بۆدەچم سەرکەوتنی کودەتای سەربازی بە قازانجی کورد لە باکوور و باشوور نەدەشکایەوە! [1]