$خولانەوە لە بازنەی هەڵبژاردنەکاندا$
#ناسر باباخانی#
#17-03-2017#
(1)
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە پاڵپشتیی ئەو ڕێکخراوانەی ڕاستەوخۆ سەر بە ڕێبەری ئەو وڵاتەن، لە هەرسێ قۆناغی هەڵبژاردن: واتە بەر لە هەڵبژاردن، کاتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، بە دەستێوەردان لە سەرجەم قۆناغەکاندا، بە جۆرێ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان موهەندیسی دەکا. دیارە پێشتر لە دوو قۆناغی یەکەم و دووەمدا بە کەیفی خۆیان بە فیلتەرینگی دەزگا ئەمنییەکان، وەفدی چاودێریی شار و پارێزگاکان، شوورای نیگەهبان (ئەنجوومەنی چاودێری) و... کاندیداکانیان قەڵتوبڕ دەکرد، بەڵام ئەوەی لە پاش دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەیان ڕووی دا، دەریدەخات کە قۆناغی سێیەمیش، واتە قۆناغی دوای هەڵبژاردنیش بە تەواوی قۆرخ کراوە.
بۆ وێنە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری دەدرێتە کەسێ کە لە هەڵبژاردنەکانی تاران دوایین دەنگی هێناوە، کەچی دەبێتە سەرۆکی ئەم ئەنجوومەنە! یان سەرۆکی پارلەمانی کۆماری ئیسلامی لە شارێکی وەک قوم بە کەمتر لە دووسەد هەزار دەنگ ئەم پۆستە وەردەگرێ، کەچی نوێنەر هەیە لە شاری تاران دە قاتی سەرۆکی پارلەمان دەنگی هێناوە! یان لە گەورەشارێکی وەک ئیسفەهان خانمێکی سەر بە باڵی ڕیفۆرمخوازان سەرەڕای هێنانی دەنگی پێویست ئیزنی چوونە پارلەمانی پێنادرێ و ڕەدی سەلاحییەت دەکرێتەوە! ئەمانە مشتێ لە هەشتێن تا بۆمان دەرکەوێ کە ئیتر ئەم قۆناغەش بە مەرەدی قۆناغەکانی پێش خۆی چووە.
(2)
لە لایەکی دیکەوە هەڕەشە و گوڕەشەکانی سەرکۆماری تازەی ئەمریکا - بەدەر لەوەی تا کوێ دەگاتە ئاستی کردەوەیی - باوکی ڕووحیی ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران دێنێتە سەر خەت و لەبەر بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی داوای ئاشتی نەتەوەیی دەکا، هەرچەند لە ڕوانگەی خاتەمییەوە ئاشتی نەتەوەیی نەک بەشداریی نەتەوە جیاوازەکانی ئێرانە لە دەسەڵاتی سیاسیدا (بە شێوەیەکی پێکهاتەیی) ، بەڵکوو گەڕانەوەی باڵێکی پەراوێزخراوە بە ناوی ئیسلاحات بۆ لۆسەی دەسەڵات! کەچی سەرەڕای ئەوەش، ڕێبەری ئێران بەتوندی وەڵامی خاتەمی دەداتەوە و ئەم پێشنیارە ڕەت دەکاتەوە، ئەمە بەو مانایە دێ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کە دەمێک ساڵە لە سەنگەری توندئاژۆکاندایە، ئامادە نییە بە هیچ کلۆجێک دۆخێکی وەها سازبێ کە بچووکترین هیوای چاکسازی (تەنانەت لە ڕوانگەی باڵی ڕیفۆرمخوازەکانیشەوە) بێتەدی و لە هەمان کاتیشدا وەک لە سەرەتادا باسم کرد، ئیتر ئیزن نادەن بەناو هەڵبژاردنەکانیش بە شێوەیەکی دادوەرانە بەڕێوەبچن.
(3)
تەنیا مەبەستی هێزی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی بە سەرکردایەتی ڕێبەری ئەو وڵاتە، بەشداریکردنی گۆترەیی خەڵکە بۆ شەرعییەتدان بە سیستم و سەلماندنی مەشرووعییەتی خۆی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی وڵات، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە سیستمە تۆتالیتێرەکاندا بەدی دەکرێ. هانا ئارێنت لەم بارەدا باس لە چەمکێک دەکا بە ناوی: بەشداریی سیاسی پێکهاتەیی. ئارێنت پێیوایە بەشداریی سیاسی ئەرێنی واتە پڕۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێ بە شێوەیەکی پێکهاتەیی لە قاڵبی حیزب و لایەنی سیاسیدا بێ تا بەر بە دیکتاتۆرییەت بگرێ، بە واتایەکی تر ئارێنت دەیەوێ بڵێ سیستمی تۆتالیتێر لە هەمان کاتدا کە بەتوندی بەر بە بەشداریی سیاسی پێکهاتەیی دەگرێ، دەیەوێ ئاستی بەشداریی سیاسی ناپێکهاتەیی بەرێتە سەر، تەنانەت ئەگەر بە میکانیزمگەلێکی پۆپۆلیستی، پڕوپاگەندەیی و فرتوفێڵیش بێ و دواجار بە زەبری زۆری و تۆقاندن! بۆیە مادام پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران لەسەر بنەمای بەشداریی سیاسی بەشێوەی پێکهاتەیی نییە و بۆ وێنە خەڵک لە کوردستان نایەنە قاڵبی پێکهاتە و حیزبەوە و ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی ناکەن، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕدرێ.
(4)
جگە لەم گرفتە پێکهاتەییەی باسم کرد، لە ڕاستیدا گرفتێکی جەوهەریش لەگۆڕێدایە، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەرچی هەڵبژاردن وەک هێمای سەرەکیی دێموکراسییە، بەڵام لە نەبوونی ئازادیدا دەبێتە ئامرازێک بە دەستی دیکتاتۆرەوە بۆ سەپاندنی خۆی. خۆ کەم نین ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرانەی کە تێیاندا پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێ، بەڵام دواجار ئەوە ویست و خواستی دیکتاتۆرە دێتە دی. ئەگەرچی دەنگدان وەک ماف بۆ شارۆمەندی وڵات دیاریکراوە تا بە دەنگی خۆی بەربژێرێک بۆخۆی هەڵبژێرێ، بەڵام سیستم کە باوەڕی بەئازادی نەبێ، دواجار بەربەستە بۆ سازبوونی ڕێکخراوە دیمۆکراتییەکان، واتە ئەوە هێژمۆنی سیستمە کە بە زەوتی ئازادی، دۆخی ئاماڵ دیموکراسییەکی سەقەت لە پڕۆسەیەکی وەک هەڵبژاردندا بەرەو نزمترین ئاستی خۆی دەبات، ئەو وتە مەشهوورە کە دیمۆکراسی سەقەت ئەو باڵندەیەیە لە ڕکەی خۆی هاتۆتەدەر، بەڵام باڵەکانی کراون، واتە ئازادیی لێ زەوت کراوە، ڕێک گوزارە لە دۆخی ئەمڕۆی ئێران دەکات. ڕەنگە ئەم ئانالیز - ڕاپۆرتەی خوارەوە یارمەتیدەری باسەکەمان بێ:
ئانالیز - ڕاپۆرتەکەی ساڵی 2016ی ماڵی ئازادی (Freedom House) ئاماژە بەمە دەکا لە کۆی 195 وڵاتی دنیا، 86 وڵات ئازاد و سەربەستن (Free) ، 59 وڵات تا ڕادەیەک ئازادن Free) Partly) و 50 وڵاتیش سەربەست نین (Not Free) .
لەم ڕاپۆرتەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران دێتە خانەی ئەم وڵاتانەی کە ئازاد و سەربەست نین. ئەم داتایانە بەم مانایە دێن کە ئەگەر تەنانەت لە وڵاتێکی وەک ئێران پڕۆسەیەکی وەک هەڵبژاردنیش بەڕێوەبچێ، لەبەر نەبوونی ڕەوتێکی دیمۆکراتیزە و ئازادیی سیاسی، هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگەی لێناکەوێتەوە. هەر بۆیە سیستم بەگشتی و لە سەروویەوە لۆسەی دەسەڵات واتە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بەردەوام خەریکی سڕینەوەی چەمکی ئازادیی سیاسییە لە کۆمەڵگەدا. ئەگەر هانا ئارێنت گوتەنی سیاسەت مەزهەر و هێمای ئازادییە، کەوابوو سەیر نییە، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بە دژی ئەم بیرۆکەیە بوەستێ.
[1]