$خیانەت لە چەند ئێپیزۆدێکدا!$
#ناسر باباخانی#
#09-11-2017#
$گەلەکۆمەکیی ناوچەیی$
گەلەکۆمەکیی چوار دەوڵەتی تورکیا و سووریا و ئێران و ئێراق خەریکە لە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێرڕا ببێتە ئۆپەراسیۆنێکی ئاشکرا بە دژی کورد، یان وردتر بڵێم لەناوبردنی چەمکی کوردایەتی.
ڕەنگە وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕووداوە و گرێدانی لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی دۆزی کورد بەرچاوڕوونییەکی باشترمان بداتێ. کاتێ شۆڕشی ئاگری بە سەرکردایەتی نەمر ئیحسان نووری پاشا هەرەسی هێنا، بەهەڵە نەچووبم ڕۆژنامەی میللییەت لە کاریکاتۆرێکدا ئاوای لەسەر نسکۆکە نووسیبوو:
MUHAYYEL KURDISTAN BURADA METFUN DUR
واتە کوردستانی خەیاڵی لێرەدا نێژراوە!
بە درێژایی مێژوو نەتەوەی کورد، لە قاڵبی جووڵانەوەیەکدا لە جنسی دژکردەوەیەکی شوناسخوازانە بە دژی ئەم وڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردووە، ڕاپەڕیوە و لە هیچ قۆناغێکی مێژووییدا دەوڵەتی ناوەندی نەیتوانیوە بە ئاسوودەیی پاڵی لێ بداتەوە. خۆ دیارە تێچووی ئەم خەباتە زۆر قوورس بووە و باشترین ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە گیانیان لەپێناوی کوردستان داناوە و دەیان سەرکردەی هەرمان، لەم ڕێگایەدا سەریان ناوەتەوە و سەدان ماڵوێرانیی تر، بەڵام خوێنی ئەوان بووەتە زامنی مانەوەی گەل و نیشتمان.
لە پاش پەیمانی نەگریسی سایکس - پیکۆ، ڕووحی سەرگەردانی کورد لە جاران هەڵوەداتر بە دەوری لەشی لەتوکوتکراوی نیشتماندا خولاوەتەوە، بەشکم ڕۆژێ بخزێتە لەشەکەیەوە و ئۆقرە بگرێ، بۆیە بەردەوام لە خەبات و بەرخۆداندا بووە.
سەرکەوتووە، خیانەتی لێکراوە، سەرکوت کراوە، کەوتووە...
سەرکەوتووە، خیانەتی لێکراوە، سەرکوت کراوە، کەوتووە .. و ئەم بازنەیە هەر دێ دووپاتە و چەندپاتە دەبێتەوە. کورد هەمیشە بووەتە قوربانیی دەستی خیانەتی ناوخۆیی و مامەڵەی زلهێزەکان، نموونە زۆرن یەکجار زۆر!
بەڵام لەگەڵ تەواوی ئەمانەشدا نەیانتوانیوە ئەم خولیایە، ئەم حەزە، ئەم عەشقە لە دڵی کورد بسڕنەوە. کوردستان نەک خەیاڵ، بەڵکوو بووەتە گەورەترین پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (کە سەردەمانێک فەلەستین ئەو دەورەی هەبوو) و بووەتە واقعییەتێکی سیاسی و خەونی ئاڵۆزی داگیرکەر. بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەمبەر پرسی کورد دەبینرێ ئەوەیە: شیعەی فارسی سەفەوی + شیعەی عەرەب + شیعەی عەلەوی + سوننی عوسمانی بە یەکەوە پلانی تێدابردنی کوردایەتییان هەیە و دەیانەوێ دەسکەوتی کورد لە باشوور و ڕۆژاوا بکەنەوە هیچ، تەکلیف لە ڕۆژهەڵات و باکووریش دیارە! کورد پێویستی بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و نەوی کێشان لەبەرانبەر یەکتردا هەیە. وەخۆ نەکەوێ تێداچووە.
$خۆبەدەستەوەدەری!$
ڕەنگە لە لێکدانەوەکانماندا تووشی هەڵەیەکی کوشندە بین ئەگەر تەنیا بەشێوەیەکی تاکڕەهەندانە، یان تەنیا لە دەلاقەیەکی بەرتەسکی حیزبایەتییەوە شوێنکەوتە سەلبییەکانی پاش ڕیفراندۆم گرێ بدەینەوە لە بارودۆخی هەرێم بەر لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم. ئاشکرایە نەک چاودێرانی سیاسی، بەڵکوو هەموو تاکێکی ئاسایی دەزانێ کە باشووری کوردستان بە دەیان گرفتی بنەڕەتی هەبووە و هەیە، هەر لە نەبوونی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان، لە نەبوونی هاوئاهەنگیی هێزی پێشمەرگە، گەندەڵی، لاوازیی ژێرخانە ئابوورییەکانەوە بگرە تا هەڵاواردنێکی قێزەون وکەلێنی مابەینی خەڵک و دەسەڵات و... ئەمانە لەڕاستیدا نموونەی کۆمەڵگەیەکە کە چەمکی پەرەسەندنی ناهاسەنگ (unbalanced development) دیارترین هێمایەتی. بۆیە ئەم باسانە موکریانی گوتەنی هەموومان دەیزانین! و گلەیی و ڕەخنەمان بە تەسەلی لە دەسەڵاتی کوردی گرتووە.
بەڵام ئەودیوی دراوەکە: بە داخەوە پاساوێک هەیە من وەکوو عەقڵییەتی خۆبەدەستەوەدەر ناوی دەبەم کە تەواوی حەولی ئەوەیە هۆکاری سەرەکیی نسکۆ واتە خیانەتی لایەنێک پەردەپۆش بکا لەکاتێکدا خۆیان ڕاستەوخۆ دانیان پێداناوە و چاو لە بوونی شوێنپەنجەی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی دەوری پاسدار قاسم #سلێمانی# دەپۆشێ! (بۆ؟!) خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگە لانی کەم لە زۆنی زەرد نابینێ، حزووری خەڵک لە شەقامەکانی دەرەوەی وڵات دەشارێتەوە و دەکەوێتە تەسویە حیساباتی حیزبی و لە هەمووان گرینگتر نەفسی ڕیفراندۆم وەک کارتێکی مێژوویی بۆ داهاتوو نابینێ...
گەلەکۆمەی دنیا بۆ سەر کوردستان، لەگەڵ گەلەکۆمەی دنیا بۆ سەر کاتاڵان پێک بگرە، هاوکات لە بیریشت نەچێ کە خەڵکی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاوتر دەنگیان داوە بە بەڵێ. (تۆ بڵێی کاتاڵانەکانیش وەک کورد تووشی هەڵەی حسابات بووبن؟! یان نەخێر، دنیا بەگشتی لەگەڵ جودابوونەوەی یەکلایانەی هەموو وڵاتێک ناتەبایە؟) هەرچەندە لەگەڵ ئەمەشدا ئێستا بۆمان دەرکەوت کە دەبووایە کورد لەگەڵ جیهان و ناوچە هەماهەنگتر بووایە، دەبوو خوێندنەوەیەکی وردتری کردبا و ئەمەش خەسارێکی گەورە بوو، بەڵام دیسان بە ڕای من هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم نسکۆیە بریتی بوون لە:
بەرەی خیانەت (لەسەر بنەمای سایکۆلۆژیستی و ئۆدیپی)
پیلانێکی ناوچەیی (بە هاوبەشیی سیاسی - نیزامی هەر سێ دەوڵەتی ئێران و ئێراق و تورکیا و بەتایبەتی پاسدار سلێمانی)
هەڵەی ئەمریکا بۆ خوێندنەوەی درووستی دۆخەکە، کە ئەگەر هەڵەکانی ڕاست نەکاتەوە تووشی زەرەری گەورە دەبێ!
هەروەها میدیا و قەڵەمی لەوەپێش ئامادە (کە بەداخەوە دەوری تابووری پێینجەمیان دەگێڕا) .
$سەرکێشی$
هەموو مرۆڤێک ناتوانێ سەرکێش بێ، یاخی بێ لە یاساوڕێسا کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت یاسا نێونەتەوەییەکان. بۆ سەرکێشی دەبێ جۆرێ بوێری تایبەتت هەبێ کە خۆی لە ئاکامخوازی دەبوێرێ، واتە مرۆڤی سەرکێش بیر لەوە ناکاتەوە کە لە کوورتماوەدا بە ئاکام بگا و زیاتر وەک ڕێبواری ڕێگایەکی دوورودرێژ و پڕکەندولەند ملی ڕێ دەگرێ. نسکۆ و هەرەس، سەرکەوتن و سەربەرزی قۆناغ و مەنزڵەکانی ئەم ڕێگایەن، بۆیە جاری وایە بە سەرکەوتن پشوو دەدەی، جاری وایە بە نسکۆ، هەنیسکان! بەڵام ئەوەی گرینگە نەوەستان و بڕینی قۆناغەکانە.
لەم نێوەدا عەقڵییەتێکی تریش هاوتەریب لەگەڵ عەقڵییەتە سەرکێشەکە، قۆناغ بە قۆناغ ڕێگا دەبڕێ و سەرەتا بە شێوەیەکی مەسڵحەتخوازانە لە قۆناغەکانی سەرکەوتندا بەڕواڵەت ڕەگەڵ شەپۆلەکانی سەرکێشی دەکەوێ، بەڵام لەگەڵ یەکەم چرکەی نسکۆ، بەرژەوەندیخوازی ڕوخساری خۆی دەگۆڕێ بۆ خۆبەدەستەوەدەری. ئیتر ناکەوێتە خەسارناسیی هۆکارەکانی نسکۆ بەڵکوو بە بیانووی نسکۆ، بیری سەرکێشی دەداتە بەر تیروتوانج و حەولی دەستەمۆکردنی ئەم بیرە دەدا و بەتوندی لۆمەی خۆڕاگریی بیری سەرکێش دەکا و بۆ ئەم مەبەستەش خۆی بەتەواوی لەگەڵ دەسەڵاتی باڵادەست ڕێکدەخا و تەنانەت تا ئاستی خیانەتیش دەڕوا.
$سەربەخۆیی، شمشێری دیمۆکلێس!$
حەوجێ بە گوتن ناکا نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژووی پڕ کەندولەند و پڕ هەورازونشێوی خۆی بە دەیان جار تووشی گلان بووە، تووشی نسکۆ هاتووە، بەڵا نەماوە بەسەری نەیەت... بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەم سەرکوتانە، ئەم گەلە نەک کۆڵی نەداوە، نەک لە ئامانجەکانی پاشگەز نەبووەتەوە، بەڵکوو بە درێژایی ئەم ساڵانە وتاری نەتەوەیی تۆختر و ڕاشکاوانەتر لە جاران، لە خودموختاری و ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزی و فیدراڵیسمی تێپەڕاندووە و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوی ناوە. واتە ویستێکی سەد ساڵە لە قاڵبی خودموختاری و ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزی و فیدراڵیسم لە دەیەی ڕابردوودا - بە تایبەتی لە سەروبەندی ڕیفراندۆمی باشوور - ماهییەتی خۆی بۆ سەربەخۆیی گۆڕیوە.
ئەمە زۆر گرینگە کە لەبیر نەکرێ، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی یان بە زمانێکی ڕاستەوخۆتر داوای خەڵک بۆ سەربەخۆیی، لە ئیرادەی سەرکردایەتی سیاسی کورد تێپەڕی و وەک بارزانی خۆیشی ئاماژەی پێدا، ڕیفراندۆم لە دەست قیادەی سیاسی کورد چووەتەدەر و خەڵک خاوەنێتی! بۆیە نە ئاکامی ڕیفراندۆم پەردەپۆش دەکرێ و نە ویست و ئیرادەی گەل بۆ سەربەخۆیی دەشاردرێتەوە.
تەنانەت سڕکردن و لەوەش واوەتر، واتە هەڵوەشاندنەوەی ئاکامی ڕیفراندۆم بە زەبری زۆری دەرەکی و خیانەتی ناوەکی توورێکی قانگ ناهێنێ.
ئاشکرایە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نەک هەر لە باشوور، بەڵکوو لە شوێنێکی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاتنی دەیان هەزار کەس بۆ سەر شەقامەکان، حزووری کوردی دیاسپۆرا لە شارەکانی ئەوروپا و هەروەها پشتگیریی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باکوور (مەبەستم هەدەپە) وەباڵی بۆ کێشرا.
بۆیە بیری سەربەخۆییخوازی بووەتە مۆتەکەی خەوی دەسەڵاتدارانی سەرجەم وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و تا ئەو ڕۆژەی کورد نەگاتە ڕۆخێکی ئارام خە و لەچاوی ڕەجەبەکان، سەید عەلییەکان، عەبادییەکان و تەنانەت نەوەکانیان حەرامە و دەبێ شە و و ڕۆژ بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن بەر بەم بیرە بگرن!
سەربەخۆیی بووەتە شمشێری دیمۆکلێس و دەیان ساڵە دەسەڵاتدارانی داگیرکەری کوردستان بە ترس و لەرزەوە لەم شمشێرە دەڕوانن و هاکا ئەمڕۆ و هاکا سبەی کەوتە خوار و لە سینگ و چاویان ڕۆچوو!
بەڵام ئەم شمشێرە هەر بۆ داگیرکەر نییە، خائینیش لەژێر ئەم هەڕەشەیەدایە. دیارە خائین تەنیا بیر لە دۆخی هەنووکەیی دەکاتەوە و داهاتووی لەبەرچاو نییە، کە ئەگەر بیری لە داهاتوو کردباوە و نەفرەت و بێزاری ئاییندەی هەست پێکردبا، هەرگیز خیانەتی نەدەکرد.
*شمشێری دیمۆکلێس وەک ئەفسانەیەکی یۆنانی، لە باسوخواسە سیاسییەکاندا ئاماژەیەکە بۆ جۆرێ هەڕەشەی هەتاهەتایی کە ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر کات و ساتێکدا ببێتە هۆی گۆڕینی بارودۆخ.
[1]