$تارمایی ژورنالیزمی زەرد بەسەر کوردستانەوە!$
#ناسر باباخانی#
#16-08-2018#
سەیری ئەم ڕێکەوتە سەیر وسەمەرەیە: ساڵی 1898 کە کوردستان لە چاوەڕوانی لەدایکبوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە مێژووی خۆیدا بوو، لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا، بەهۆی شەڕ و ڕکابەرییەکی میدیایی لەنێوان جۆزێف پۆلیتزێر خاوەنی ڕۆژنامەی (New York World) و ویلیام ڕاندۆڵف هێرست خاوەنی ڕۆژنامەی (New York Journal) چەمکی ژورنالیزمی زەرد بەتەواوی ساحەی ڕۆژنامەگەریی ئەم وڵاتەی داگیر کردبوو، ئەم دوو زل بڵاڤۆکە لە ڕەوتی ئەم ڕکابەرییەدا لە هیچ چەشنە کردەیەکی ناپیشەیی خۆیان نەبوارد.
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ڕێک لەم ساڵەدا، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان وەک دەروەستترین بڵاڤۆکی کوردی لەدایک دەبێ! بێ هیچ شک و گومانێک دیاریکردنی ئەم ناوە (کوردستان) ڕەنگدانەوەی جۆرێک خەون و خولیای گەلی کوردی پێوە دیارە و پێداگرییە لەسەر بوون و ناسنامەی کوردستان و کورد و بەخشینەوەی سەرلەنوێی پێناسەیەکی سادقانە بە نەتەوەی کورد.
لەو کاتەوە تا هەنووکە ڕۆژنامەگەریی کوردی هەوراز و نشێوێکی زۆری بڕیوە و پێ بەپێی گەشەونەشەی تەکنۆلۆژیش کەم و زۆر ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەوە کە لەباری بایەخەکانەوە ئەمڕۆ لە کوێ وەستاوە، بەڕای من ڕەنگە نەکرێ پلەیەکی باشی بۆ دیاری بکەین، بەتایبەتی لەسەردەمی ماسمیدیا و سۆشیال میدیادا و دەکرێ بڵێین میدیای کوردی زەردهەڵگەڕاوە!
هەر وەک دەزانین دوامەبەستی ژورنالیزمی زەرد قازانجە! قازانجیش بێگومان خۆی لە بەردەنگدا (بەرگۆ) دەبینێتەوە، واتە لێرەدا بەردەنگ ڕێک دەبێتە کاڵایەک و لەسەر بنەمای پارسەنگی هاوکێشە ئابوورییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. ژورنالیزمی زەرد بەنیازە لەم کەشە ئاماڵ پۆپۆلیزمییەی سازی دەکا، زۆرترین قازانجی دەستبکەوێ. بۆیە لە ئێستادا دەژی، نە ئاوڕ لە ڕابردوو دەداتەوە و نە دەڕوانێتە داهاتووش. زەرد بە تەواوی هێزی خۆیەوە دەیەوێ بەردەنگەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی و دیاریکراو و بۆ بابەتێکی دیاریکراو لە خۆی کۆبکاتەوە تا دەگاتە بابەتێکی تر و کاتێکی تر. خولانەوە لە بازنەیەکی وەهادا ستراتیژی سەرەکی زەردە.
کەوابوو هەموو چەشنە هەوڵێک ڕێگەپێدراوە بۆ ئەوەی کە قازانج مەیسەر بێ و ڕێک لەم پنتەڕایە کە ئەخلاق (ڕاستوێژی و شەفافیەت) هەرەس دێنێ و بێ ئەخلاقی (درۆ، بوختان، قەڵبی ڕاستییەکان، لێڵ و تەماویکردنی حەقیقەت، لێکدانەوەی ناڕاست، سیناریۆسازی، ڕووخاندنی تاک و کۆ و...) دەستپێدەکات.
خاڵێک کە زۆر گرینگە، ئەوەیە بۆ وێنە کە هەواڵێک بڵاودەبێتەوە، ئەگەر بەپێوەرێکی دە ژمارەیی، لەباری گرینگییەوە بایەخەکەی یەک دوویەک بێ، ژورنالیزمی زەرد بە خەستوخۆڵکردنی هەواڵەکە و زیاد و کەم کردنی، سەرنجی بەردەنگ وەها ڕادەکێشێ کە لە فەزای میدیاییدا گرینگییەکەی تا ئاستی نۆ و دە بەرز دەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دنیای واقیعدا هەواڵەکە هیچ بایەخێکی کردەیی نییە و، تەنیا بەلاڕێدابردنی حەقیقەتە بۆ مەبەستی ژورنالیزمی زەرد.
بۆ وێنە بڕوانە ئەم هەواڵە:
(فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ڕووسی لە نێزیک چیاکانی مۆسکۆ کەوتەخوار و سەرجەم سەرنشینەکانی کوژران.)
ژورنالیزمی زەرد، هەواڵێکی ئاسایی لەم چەشنە چۆن دادەڕێژێتەوە؟ ئەوەی ئەو دەیکا زیاتر سازکردنی شک و گومانێکە بە ئاڕاستەی وەهمی پیلاندا، کە بۆت ناکرێ تۆی بەردەنگ بەدواداچوونی بۆ بکەی. بۆ وێنە دەڵێ گۆیا یەک لە موسافیرەکان ماوە و لە ترسی پووتین خۆی شاردووەتەوە چون - دیسان گۆیا - پووتین فەرمانی خستنەخواری ئەم فڕۆکە بارهەڵگرەی داوە و - هەمدیسان گۆیا - سەرجەم نەیارانی پووتین لە فڕۆکەکەدا بوون! هەروەها جگە لە دووکەڵێکی ڕەش لە کاتی کەوتنەخوارەوە گۆیا دووکەڵێکی شینی مەیلەوسووریشی لێ هەستاوە و کەس نازانێ ئەم دووکەڵەی دوایی چ بووە! ئەم لێکدانەوە گاڵتەئامێزە ڕێک ئیشی کابرای زەردە!
دیارە لەسەر ساحەی سیاسی کوردستان و نەبوونی میدیای سەربەخۆ و ڕەخنەگر، ئەم زەردییە زۆر خەستوخۆڵتر دەبێتەوە. دوور مەڕۆن، لە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستاندا، ژورنالیزمی زەرد دەورێکی لە سەداسەد نەرێنی هەبوو! هەواڵی بە درۆ و شرۆڤە و لێکدانەوە تا ئاستی بە گەمژە زانینی خەڵک سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم، دەرئەنجامی زۆر مەترسیداری لێکەوتەوە. من لاموایە ئەگەر ئەم کردە زەردانە نەبوایەن، دۆخی باشوور بەرەو ئاقارێکی جیاوازتر ڕۆیشتبا. تاقەتتان هەبێ بە گەڕانێکی سەرپێیی (بابەتەکان زۆربەیان ماون) بۆتان دەردەکەوێ کە بەر لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە باشوور، میدیای زەرد چۆن خەریکی چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ بووە. ڕەنگە خودی ئەم پرسە و ڕۆڵی ژورنالیزمی زەرد، بکرێ و ببێتە هەوێنی لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل!
بێگومان ئەمڕۆ جگە لە بڵاڤۆکی چاپی، میدیای سوننەتی، میدیای ئاماڵ مۆدێرن وەک تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ و... سۆشیال میدیاش وەک فەیسبووک بە تەواوی زەردهەڵگەڕاوە، بۆ وێنە لایڤی فەیسبووک بووەتە دیاردەیەکی بێزارکەر و زۆر جاران تا ئاستی قێزەونبوون ئازارت دەدا و بووەتە بەرهەمهێنەری سیمای زەرد و سەیر وسەمەرە و کەسایەتی ئاماڵ پزدان!
زەرد سەرچاوەیەکی دیاریکراو و باوەڕپێکراوی نییە. ئەوەی دەیڵێ دوورە لە ڕاستی و دەکرێ بڵێین، درۆیەکی زیرەکانەیە کە بەردەنگی ئاسایی توانای بەدواداچوونی هەواڵەکەی نییە، چون سەرچاوەی جۆراوجۆری لەبەردەستدا نییە. هەر بۆیە سەر بۆ هەواڵەکە دەلەقێنێ و بەداخەوە مادام ئاستی فەرهەنگی بەرگۆ بەرزنەبێتەوە، وەک تیۆری دۆمینە ڕادەی بەردەنگەکەش هەر دێ و پێوەی دەچێ. [1]