$شەقام، ساڕێژکەری زام!$
#ناسر باباخانی#
#27-09-2018#
(1)
«شەقام» بە تەنیا هەر شوێن نییە، شەقام واتا و مانای راستەقینەی ژیانە. تەنیا شوێنێکە کە دەکرێ متمانەی پێ بکەی. ئەوەی لە شەقام فێری دەبی لە هیچ شوێنێکی دیکە فێری نابی. هیچ زانکۆیەک، هیچ دەسەڵات و حکوومەتێک، هیچ مزگەوت و کڵێسەیەک وەک شەقام ڕاستگۆ نین. شەقام لە زەمەنیش ناچێ، چون هەموو کات و ساتەکانی لە هەموو قۆناغێکی تەمەندا هی تۆن، شەقام ئاوێنەی باڵانوێنی ڕووحی تاکەکانە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا. تەنانەت ئەو کات کە بێدەنگی باڵی بەسەردا دەکێشێ، لێوڕێژە لە وانە، بۆ فێربوون! لە شەقامدا خۆتی بەبێ دەمامک، وەک هەزاران و سەدان هەزار کەسی دی، دێی و دەچی بەبێ جیاوازی لەگەڵ دیتران. شەقام دەریایە بۆ مەلەوانی ئازا و بەجەرگ.
(لە دەفتەری بیرەوەرییەکانم)
(2)
ڕەنگە سووکەئاوڕێک بۆ مانگرتنەکان و جووڵە مەدەنییەکانی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بتوانێ بۆ شرۆڤەی مانگرتنە حیماسییەکەی 21ی خەرمانان یارمەتیدەر بێ.
شەقام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر جاران هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لەسەر خەت بووە، تەنانەت بەنیسبەت پارچەکانی تریشەوە.. شەقامەکانی ڕۆژهەڵات لە قاڵبی خەباتی مەدەنیدا بەردەوام داکۆکییان لە باشوور و باکوور و ڕۆژاوا کردووە، لە بۆنە جۆربەجۆرەکانی ئەم پارچانەدا.
لەلایەکی تریشەوە لە قاڵبی نافەرمانی مەدەنیدا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات، بە بۆنەی تایبەتی، دووکان و بازاڕ دادەخا و مانگرتنی سەراسەری سازدەکا. لەژێر زەخت و زەبروزەنگی دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامیدا، بۆ تیرۆری شەهید دوکتور قاسملوو، لە سێدارەدانی شەهید فەرزاد کەمانگەر، شەهیدکردنی شوانەی سەید قادر، ئیعدامی 59 لاوی شاری #مەهاباد# و... بوێرانە دەنگ هەڵدەبڕێ و مان دەگرێ و تێچووی قوورسیشی بۆ دەدا.
کۆی ئەم نموونانە گوزارە لەوە دەکەن، شەقام لە ڕۆژهەڵات چەمکێکی جیاوازە. بوونەوەرێکی زیندوو کە هەندێ جار بە قەرەباڵغی و هەندێ جار بە بێدەنگی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کش و مات دەکا و پلان و پیلانەکانی پووچەڵ دەکاتەوە! شەقام تەنیا شوێنێکە کە کۆماری ئیسلامی زراوی لێی چووە!
لەڕاستیشدا ئەوە لەسەر شەقامە کە ناسیۆنالیزمی کوردی، خەریکی تەقەڵ و دروومانی خۆیەتی، بۆ ئەوەی بتوانێ «پێکەوەلکاوی ناسیۆنالیزمی» وەک دوامەبەست، بە ئاکام بگەیەنێ.
مەبەستم لە پێکەوەلکاوی ئەوەیە کە ئەگەر سەیری بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەی لە ڕوانگەیەکی خەسارناسانەوه، دەبینین بەردەوام لەگەڵ گرفتێک بەناوی «کەلێن» بەرەوڕوو بووە کە هەمیشە لەمپەڕ بووە لەسەر ڕێی پێکەوەلکاویی ناسیۆنالیزمی.
ئەم کەلێنانە بریتین لە: کەلێنە چینایەتییەکان، کەلێنە حیزبییەکان، کەلێنە ئایینی و مەزهەبییەکان، کەلێنە جێندەرییەکان، کەلێنە جیلییەکان و… کۆی ئەم کەلێنانە دواجار لەسەر ڕەفتاری سیاسی کۆمەڵگە شوێندانەر دەبن و کەلێنە سیاسییەکان بەرفراوانتر دەکەن. بەڵام وێدەچێ هەم حزووری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر شەقامەکان و هەم چۆڵکردنی شەقامەکان، خەریکە کەلێنە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵات داپۆشێ و، لەڕاستیدا ئەو پێکەوەلکاوییە ناسیۆنالیزمییەی باسم لێوە کرد، زۆر بە ڕاشکاوی لەم ساتەوەختەی ئێستادا هەستی پێدەکرێ، هەم بە ڕەهەندە نێوخۆییەکەیدا، هەم لە پەیوەندی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش.
سەبارەت بە ڕەهەندە نێوخۆییەکە، ڕەنگە باس لە دوایین نموونەکان بتوانێ بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان بداتێ:
یەکەم: هەرەوەزی نەتەوەیی بۆ کارەساتی بومەلەرزەی #کرماشان# و خوێندنەوەی وردی ئەم هەرەوەزە و لێکدانەوەی سەرجەم دال و نیشانەکانی سەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵات، دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە باکووری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات وەک دوو جەمسەری کوردی سوننەمەزەب و کوردی شیعەمەزەب و یارسان لێک گرێ دراون، ئیرادەی گەل لە سەرووی خواستی دەسەڵاتی حاکم بە شێوەیەکی دژکردەوەیی، هاوتەریبە لەگەڵ تاک و کۆمەڵی کوردەواری. بە واتایەکی دی، ئەو بارهەڵگرانەی کەلوپەلی پێویستیان بۆ ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان دەگواستەوە، لەگەڵ بڕینی تاک بە تاکی سنووری نێوان شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەڕاستیدا تەقەڵ و دروومانی لێکترازانی مێژوویی شار و ناوچەکان بوو. ئەمە واتە بە دەروونی کردنەوەی چەمکی نەتەوەخوازی لەنێوخۆدا.
دووەم: نەهاتنەدەری خەڵک لە ماڵەکانیان لە ڕۆژی 21ی خەرمانان جۆرێ لە هاوپەیوەندیی نێوان سێکوچکەکەی خەباتی سازکرد، هاشتاگی من_لەماڵ_نایەمەدەر لە سۆشیال میدیا هەموو کەلێن و قوژبنەکانی تەنی و لە ماوەی سێ چوار ڕۆژدا زەینی ناوخۆی بەتەواوی ئامادە کرد بۆ دژکردەوەیەکی بەربڵاو! چالاکانی سیاسی و مەدەنی ناوخۆ، بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەژێر چەتری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرئەنجام خواستی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکانی سیاسی لەدەرەوە، بە یەک وتار بەرەنگاری مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەوە. ئەوان بە هاشتاگ چوونە شەڕی مووشەک! لێرەشدا واتە لە دنیای مەجازیدا، پێکەوەلکاویی ناسیۆنالیزمی بەڕوونی خۆی دەردەخا.
دژکردەوەکە ئەوەندە خێرا و بەربڵاو بوو کە کۆماری ئیسلامیی تووشی شۆک کرد. ئەگینا بەپێی ئەو ناسیاوییەی لە کۆماری ئیسلامی هەیە، ئەم هێرشە تیرۆریستییە درێژەی دەبوو بە ئاقاری مەترسیدارتردا. هەرچەند حاشا لەوە ناکرێ هێرشەکەی سەر قەڵای دێموکرات، کارەساتێکی زیانبار بوو بۆ بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات و کۆستێکی گەورە بوو، بەڵام بێ هیچ شک و گومانێک مانگرتنی سەرانسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەهاتنەدەری خەڵک لە ماڵەکانیان، ساڕێژی برینی شەهیدبوونی پۆلێک کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و ئێعدامی سێ گەنجی جیابیری سەر جەستەی نیشتمانی کردەوە. بۆیە ڕۆژی 21ی خەرمانان دەبێ بکرێ بە ڕۆژی خۆڕاگری و بەرخۆدانی نەتەوەیی!
لە پەیوەندی لەگەڵ پارچەکانی دیکەشدا، لاموایە زۆر لەوە ئاشکراترە کە بمانەوێ باسی هەست و دژکردەوەی ڕۆژهەڵات بە نیسبەت بەشەکانی دیکەی کوردستان بکەین. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا هاتنی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی شارە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەر شەقامەکان، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات بەتەواوی پەلوپۆی هاویشتۆتە پارچەکانی دی و ڕەگئاژۆی کردووە و خەریکی تەقەڵ و دروومانی سنوورەکانە لەباری زەینی و سۆزدارییەوه. ڕۆژێک بۆ پەسەندی فیدراڵیزم لە ئێراق یان پشتگیری لە #شنگال# یان بە بۆنەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشوور دێتە سەر شەقام، ڕۆژێک بە بیانووی کۆبانی بۆ ڕۆژاوا، ڕۆژێک بە بیانووی دەسبەسەرکردنی سەرۆکی بزووتنەوەی کورد لە باکوور و… بۆ هەموو ئەمانەش تێچووی بۆ داوە بە گیان و ماڵ و ژیان.
(3)
ئەم ڕۆژانە لێکدالێکدا ئەم پرسیارە لەسەر ساحەی سیاسی کۆمەڵایەتی کوردستان قوت دەبێتەوە: بۆچی هێرش کرایە سەر قەڵای حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم ساتەوەختەدا؟
دیارە زۆر هۆکار دەسنیشان کراوە بۆ هێرشی کۆماری ئیسلامی وەک:
- کۆماری ئیسلامی ئێران لەم کاتەدا وەک ستراتیژی شاراوە و ئاشکرای خۆی، دەیەوێ بە خوڵقاندنی قەیران، خۆی لە قەیران ڕزگار بکا.
- پەیامێک بۆ ئەمریکا، پەیامێک بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و پەیامێک بۆ هاوپەیمانان کە دەکرێ وەک هەڕەشە دێکۆدەی کەین!
- لە دوای شکانی ئۆتۆریتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سووتاندنی کۆنسوڵخانەکەی لە بەسرە، لە دەرفەتێک دەگەڕا بۆ قەرەبووی سومعەی تێکشکاوی.
- داڕمانی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناوخۆی ئێران.
- گوشارە دەرەکییەکان، بەتایبەتی گەمارۆکانی ئەمریکا
- بەئامانجکردنی لایەنێکی تایبەت بۆ مەبەستێکی تایبەت.
و... زۆر هۆکاری تر. بەڵام هۆکارەکان هەرچییەک بن، بێ چەند ئاکامێکی گرینگی لێکەوەتەوە:
- دووپاتبوونەوە و جەخت لەسەر نەبوونی شەرعییەتی سیاسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (دەتوانین زیاتر وەک جۆری پەیوەندی وڵاتێکی داگیرکراو و وڵاتێکی داگیرکەر لێی بڕوانین!)
- یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵکی ناوخۆ.
- بە تەعبیری هەندێ کەس ئەمە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی نا بوو بە کۆماری ئیسلامی کە چل ساڵ لەوەپێشیش خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێچەوانەی تەواوی خەڵکی ئێران بە کۆماری ئیسلامییان گوت: نا!
- ڕەواییدان بە خەباتی چەکداری (دەسەڵاتێک کە شەڕت پێدەفرۆشێ، دەسەڵاتێک کە قەڵاچۆت دەکا... دەبێ و دەکرێ بە چەک بەرەنگاری ببییەوە.)
- وەک چۆن ئەم مانگرتنە لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەتی ئەمساڵ وەک نەریتێکی شۆڕشگێڕی لێهات، دەبێ چەکی من لەماڵ نایەمەدەر بەدەستی خەڵکەوە بێ و بەردەوام لەسەرپێ بێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی سەرکوتکەر و ئازادیکوژ!
- سۆشیالمیدیا بەستێن و بواری دەنگهەڵبڕینی ئۆنڵاینی بۆ خەڵک ڕەخساند تا بە هاشتاگێک ڕووبەڕووی مووشەکە ڕووسییەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.
ئەگەرچی جەستەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد جارێکی تر بریندار بوو، بەڵام بێگومان ئەوە خەڵکی کوردستان بوون کە زامەکانیان ساڕێژ کردەوە. [1]