$رۆژهەڵات؛ لە جیاوازییەوە بەرەو یەکێتی$
#ناسر باباخانی#
#22-09-2019#
جیاوازیی ژینگەی سیاسی ناوخۆ و دەرەوە، بۆ ئێمەی کورد هەر لە کۆنەوە بووەتە هۆی مشتومڕی نێوان ئەو کەسانەی کە لەم دوو دنیا جیاواز و دوو ژینگە ناوێکچووەدا دەژین. هۆکارەکەشی ڕوونە، دنیایەک ئازاد و دێموکراتیکە و بەپێچەوانەوە، دنیایەکی تر پڕ لە کۆتوبەند و دیکتاتۆرییەت! بۆیە ناکرێ قایل بەمە بین بەردەوام شێوەڕوانینەکان بە نیسبەت پرسە جۆربەجۆرەکانی ناوخۆ و دەرەوە یەک بێ. بەسرووشتی پتانسییەلە دێموکراتیکەکانی دنیای دەرەوە، مرۆڤی نیشتەجێی ئەم ژینگەیە ڕادیکاڵتر و ئاڕمانخوازتر و ئایدیالیستترە، بەڵام ئەو کەسەی لە دنیایەکدا بە ناوی ناوخۆ دەژی، لەبەر زەبروزەنگی دەسەڵاتی دیکتاتۆر هەوڵ دەدا خۆبوێرانەتر و واقعبینانەتر و ڕیالیستتر بجووڵێتەوە.
بە واتایەکی تر، لێرەدا ئەم دوو مرۆڤە بۆ پرسێکی هاوبەش بە حوکمی جیاوازیی ژینگه، یەکێکیان ڕادیکاڵە و یەکێکیان خۆبوێرە، یەکێکیان ئایدیالیستە یەکێکیان ڕیالیستە.
بە هەڵە نەچووبم شەهید دکتور قاسملوو لە یەکێ لە دوایین گرتەڤیدیۆییەکانی لە ناوچەی تەرگەڤەر لەناو پۆلێک پێشمەرگەدا دەڵێ: ئەوانەی کە دانیشتوون لە ئەوروپا و لە بەغدا و نازانم لە کوێ، بەڵێ دەڵێن بۆ شەڕ ناکەن و بۆ فڵان ناکەن و... لە کەمپەکانی ئەوروپا دابنیشی و بە پێشمەرگە بڵێی شەڕ بکە، ئەگەر پیاوی وەرە بۆخۆت بزانە شەڕکردن چییە...
ئەوەی شەهید دکتور قاسملووش باسی دەکا بە جۆرێ، ڕێک جیاوازیی ئەم دوو دنیایەیە، من ئەم جیاوازییەم وەک کەلێن تەعبیر کردووە، ئەو لێرەدا باسی دوو سووچی سێکوچەکەی خەبات دەکا کە بریتییە لە هێزی پێشمەرگە و کوردی دیاسپۆرا کە بەحەقیش گلەیی لێدەکا! (مەبەستم لە سێکوچکەی خەبات: ناوخۆی وڵات، کورد لە دیاسپۆرا و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.)
لە هەمان کاتیشدا دەبێ چەمکێکی تریش بە ناوی ژینگەی زەینی وەک هۆکارێکی تری جیاوازی شێوەڕوانینەکان دەستنیشان بکەین. بۆ وێنە ئەوە زۆر ئاساییە کاتێک کەسێکی پەنابەری هەڵاتوو لە چنگی سیستم، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تووشی زیانی گیانی و ماڵی بووە بەهۆی دەسەڵاتی سیاسییەوە، دژایەتی و لارییەکی زۆرتری هەبێ بەنیسبەت ئەو کەسەوە کە لەناوخۆ دەژی و ڕەنگە تەنانەت مووچەخۆری سیستمیش بێ. لە زەینی ئەودا ساتوسەودای دانووستاندن ڕەنگە وەک هەڕەشە و هێڵی سوور سەیر بکرێ و ئەمیان وەک دەرفەتێک و کایەی سیاسی لێی بڕوانێ.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم جیاوازییانە، لە ڕاستیدا ئەزموونەکانی ڕابردوو پێمان دەڵێن زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی دەرەوە و ناوخۆ وەک ئامانجی دواڕۆژ یەک مەبەستیان هەیە، بەڵام بێگومان میکانیزمەکانیان جیاوازه.
بەداخەوە لە ساتەوەختی ئێستادا بەپێی نەبوونی پەیوەندییەکی تۆکمە و واقعبینانە و هەروەها دوو تایبەتمەندی ژینگەی سیاسی و ژینگەی زەینی کەلێنێکی جددی سازبووە کە پێویستی بە پڕکردنەوە هەیە، هەرچەند ئەم کەلێنانە هەر تایبەت نین بە شێوەڕوانینی ناوخۆ و دەرەوە و لە زۆر شوێنی تری کۆمەڵگەی خۆمان دەبینرێن، بەڵام ئەمەیان زۆر جاران دەگاتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مەترسیدار کە خەریکی سازکردنی کۆمەڵگەیەکی دووجەمسەرییە.
هەر بۆیە دەبێ میکانیزمگەلێک بدۆزرێتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنانە، ڕەنگە بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنیشاندەری بژاردەکانی کۆمەڵگە باشترین میکانیزم بێ لەم زرووفە زەمەنییەدا. بژاردەکان وەک کارگێڕانی گۆڕان پێناسە دەکرێن کە تواناییەکی شوێندانەریان هەیە بۆ ئەوەی ڕووداوەکان بۆ لایەکی تایبەت و دیاریکراو بەرن، یان تەنانەت بەر بە ڕوودانی پێشهاتێک بگرن، دیارە مەرج نییە ئەم بژاردانە تەنیاوتەنیا سەرکردەی سیاسیی حیزبێک بن، ڕێک بەپێچەوانەوە بەپێی بارودۆخی ڕۆژهەڵات ئەوە نووسەران، هونەرمەندان، چالاکڤانانی مەدەنی، ڕۆژنامەوانان و ئەدیبانن کە دەتوانن کەلێنەکان پڕبکەنەوە و هاوتەریبییەکی سیاسی بۆ سازدانی وتارێکی هاوبەش سازدەن.
کێشەیەک کە لێرەدا خۆی دەردەخا، ئەوەیە کە خودی بژاردەکان لە ناوخۆ و لەدەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کەلێنێکی مەعریفەیی و ئانتۆلۆژیکیان هەیە، وەک باسمکرد شێوەڕوانینیان بۆ پرسەکان لێک دوورە و ڕەنگە ئەمە گەورەترین مەترسی بێ بۆ سەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
دەبێ دنیای دەرەوە قبووڵی ئەوە بکا کە لەناوخۆ هێڵە سوورەکانن چوارچێوەی کایە سیاسییەکان دیاری دەکەن و چالاکانی ناوخۆ بەسەر لێواری هەڵدێردا هەنگاو دەنێن، هەڵدێری مان و نەمان! ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە هەمیشە پێویست ناکا تۆ وەک چالاکێکی سیاسی ناوخۆ، کاتێ کە دەبینی دەرەتانی دەربڕینی بیری جیاوازت نییە و بووز ناخوا کە بە دژی دەسەڵاتدا بێیەوە وا باشترە بێدەنگەی لێڕاکەی، دیارە ئەمە بە هیچ کلۆجێک بە مانای بەرگرتن بە دەربڕینی بیروڕای تۆ نییە و تەنیا بۆ بەرگرتنە لە قووڵبوونەوەی کەلێنەکان، ئەگینا پاشی چل ساڵ مل خێسکردن بۆ ئەسڵی پازدەی یاسای بنەڕەتی بەباوەڕی من شکاندنی کەرامەتی خۆت و شکۆی نەتەوەکەتە!
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئۆپۆزیسیۆنی کورد تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەگشتی ناتوانێ ببێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ئاڵوگۆڕێکی بچووکیش، ئەزموونی چل ساڵی ڕابردوو سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. کەوابوو بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی ناوخۆ و دەرەوە وەک یەکەم هەنگاو پێویستە ڕەخنەیەکی نێووتاری لە هەردوولا سازبێ، خەسارناسی بکرێ، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان دەستنیشان بکرێن و دواجار ئەم دوو هێڵە لە دۆخی هاوتەریبی بێنەدەر و لە پنتێکڕا یەکبگرنەوە و ئەم پنتە ببێتە سەرەتای خاڵگۆڕانێک بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنانەی باسمان لێوەکردن.
(ڕەنگە جۆری پەیوەندی (HDP) و (PKK) وەک نموونە بتوانێ تا ڕادەیەک یارمەتیدەر بێ، هەرچەند وەباڵی جیاوازییەکان وەک دۆخی ئێران و تورکیا و تەنانەت حیزبەکانیش دەکێشم.)
لەڕاستیدا دەکرێ قایل بە سێ فەزای تایبەت بین: فەزای ناوخۆی ڕۆژهەڵات، فەزای دەرەوەی وڵات (حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگەنشین) و فەزای مەجازی. دۆخی ئەم سێ فەزایە بەگشتی لێکتر جیاوازە، ڕەنگە گەورەترین جیاوازییەکەش ئەوە بێ کە بزووتنەوەی مەدەنی لە ناوخۆ بێ سەرە و ڕەهەندە ڕێکخراوەییەکانی لاوازە، بۆ وێنە ئەو جووڵانەی لەناوخۆ سازدەبن بەردەوام نابن و لەسەر یەک کەڵەکە نابن، ئەو ڕووداوە کۆمەڵایەتی سیاسییانەی ناوخۆ وەک کارگ هەڵدەتۆقن بۆ ماوەیەکی کوورت و سەرلەنوێ دادەمرکێنەوە، لەلایەکی دیکەوە فەزای دەرەوە تاڕادەیەک لەباری بوونی پلانێکی ستراتیژیک و ڕەهەندی فکرییەوە لاوازە.
بەڵام وەک خاڵی ئیجابی دەرەوە خاوەنی سیستمێکی ڕێکخراوەیی بەئەزموونە و ناوخۆش پتانسییەلێکی باشی لەباری ڕەهەندی فکرییەوە هەیە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی ئەم دوو لایەنە بەهۆی دۆخی دیکتاتۆری لە ئێران نالوێ، بۆیە فەزای سێیەم واتە فەزای مەجازی و سۆشیال مێدیا کە نوێنەرانی هەردوو لای تێدایە، دەتوانێ ببێتە ئاڵقەیەکی بەهێزی پەیوەندیی نێوانیان، شوێنێک کە هەموو لایەک لێکتر گرێدەدا، هەر بۆیە ئەرکی بژاردەکانی کۆمەڵگە ئەوەیە لە ڕێی ئەم فەزایەوە هەوڵی پڕکردنەوەی کەلێنەکان بدا. ئەمەش چەتوون نییە، مانگرتنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە 21ی خەرماناندا ئەمەی سەلماند! [1]