$خەنجەری خیانەت و پشتی ژەنەراڵەکان!$
#ناسر باباخانی#
#28-10-2019#
$خیانەت ڕەنگە تەمەنی هێندەی مێژووی مرۆڤ بێ، ڕێک لەو کاتەوە کە قابیل، هابیلی برای کوشت. چەمکێکی دێرین و تێکچنراو کە تەنانەت هەندێ جار ئەوەندە ئاڵۆز دەبێ خائین و خیانەتلێکراو جێگۆڕکێیان پێدەکرێ! بەڵام ئەگەر بمەوێ لە گۆڕەپانی سیاسەتدا مانایەکی ساکاری بۆ دیاری بکەم - بۆ ئەو مەبەستەی دەمەوێ بیپێکم - دەکرێ وەک جۆرێ لە پەیمانشکێنی باسی لێبکەین.$
واتە سەرەتا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی هاوبەش، پەیمان و بەڵێنێک دەدرێ (زارەکی یان ڕێککەوتنێکی فەرمی) و تا بەئەنجامگەیشتنی مەبەست، بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێ لایەنەکان سوور بن لەسەر بەڵێنی خۆیان، بەڵام کە پاشگەز بووەوە لە بەڵێن و پەیمان، ئیتر ڕێک لەم پنتەڕا خیانەت دەستپێدەکا و ئەخلاق و مۆڕاڵ هیچ شوێنێکی نییە و ئەوە بەرژەوەندی یەکلایەنەیە کە یەکلاکەرەوە، یان باشتر بڵێم پێشێلکەری جۆری پەیماننامەکانە.
هەر بۆیە لە پرسی بەرژەوەندی نەتەوەییدا هیچ وڵاتێک گوێ ناداتە بایەخە ئەخلاقییەکان و کاری بە سەر چاکە و خراپەوە نییە، تەنانەت سیاسەتی دەرەوەش لەسەر بنەمای ئەم چەمکە دیاری دەکرێ، بۆیە هەموو دەوڵەتێک خۆی بە پابەند دەزانێ بۆ پاراستنی ئەم چەمکە لەپێناو پاراستنی سەروەریی وڵاتی خۆی!
بێگومان هۆکاری ئەوە کە بۆچی ئەم چەمکە ئەوەندە گرینگە، دەگەڕێتەوە سەر ئەمە کە شوێنکەوتە سەلبییەکان و ئاسەواری خیانەت ئەگەر نەڵێم هەتاهەتایە، تا ساڵیانی ساڵ لە ناو هەست و نەستی نەتەوەی خیانەتلێکراودا دەمێنێتەوە و دەبێتە بەشێک لە مێژوو، مێژووی نەتەوەیەکی شکستخواردوو!
بە باوەڕی من ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەم پرسیارە سەرلەنوێ بێنینە گۆڕێ کە بەڕاستی کورد خیانەتی لێکراوە و قوربانیی خیانەتە؟ یان وەک هەندێ کەس دەڵێن ئەوە کوردە کە بۆخۆی هۆکاری خوڵقانی ئەو دۆخەی خۆیەتی؟ جنسی ئەو خیانەتە چییە؟ بەر لەوەی وەک خیانەت سەیر بکرێ دەتوانین بڵێین دۆخی کورد گرێدراوی جەبرێکی جیۆپۆلیتیکییە؟ بۆ ئەوەی بە دەرئەنجامێکی باش بگەین، ڕەنگە دابەشکردنی خیانەت بە دەرەکی و ژوورەکی زیاتر بۆ شرۆڤەی باسەکەمان یارمەتیدەر بێ.
سەبارەت بە هۆکاری نێوخۆیی کە دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی یەکڕیزی و یەکدەنگیی کورد، دەمەوێ لە دەستەواژەی سەرکێشی کەڵک وەرگرم: بێشک هەموو مرۆڤێک ناتوانێ سەرکێش بێ، یاخی بێ لە یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت یاسا نێونەتەوەییەکان. بۆ سەرکێشی دەبێ جۆرێ بوێری تایبەتت هەبێ کە خۆی لە ئاکامخوازی دەبوێرێ، واتە مرۆڤی سەرکێش بیر لەوە ناکاتەوە لە کوورتماوەدا بە ئاکام بگا و زیاتر وەک ڕێبواری ڕێگایەکی دوورودرێژ و پڕ کەندولەند ملی ڕێ دەگرێ. نسکۆ و هەرەس، سەرکەوتن و سەربەرزی قۆناغ و مەنزڵەکانی ئەم ڕێگایەن، بۆیە جاری وایە بە سەرکەوتن پشوو دەدا، جاری وایە بە نسکۆ، هەنیسکان! بەڵام ئەوەی گرینگە نەوەستان و بڕینی قۆناغەکانە.
لەم نێوەدا عەقڵیەتێکی تریش هاوتەریب لەگەڵ عەقڵییەتە سەرکێشەکە، قۆناغ بە قۆناغ ڕێگا دەبڕێ و سەرەتا بە شێوەیەکی مەسڵحەتخوازانە لە قۆناغەکانی سەرکەوتندا بەڕواڵەت ڕەگەڵ شەپۆلەکانی سەرکێشی دەکەوێ، بەڵام لەگەڵ یەکەم چرکەی نسکۆ، بەرژەوەندیخوازی ڕوخساری خۆی دەگۆڕێ بۆ خۆبەدەستەوەدەری. ئیتر ناکەوێتە خەسارناسیی هۆکارەکانی نسکۆ، بەڵکوو بە بیانووی نسکۆ، بیری سەرکێشی دەداتە بەر تیروتوانج و هەوڵی دەستەمۆکردنی ئەم بیرە دەدا و بەتوندی لۆمەی خۆڕاگریی بیری سەرکێش دەکا و بۆ ئەم مەبەستەش خۆی بەتەواوی لەگەڵ دەسەڵاتی باڵادەست ڕێکدەخا و دواجار تا ئاستی خیانەتیش دەڕوا. واتە ئەم خیانەتە نێوخۆییە ڕێک لە خزمەت خیانەتی وڵاتی داگیرکەر یا نەتەوە باڵادەستەکەدایە.
کە سەیری مێژووی هاوچەرخ دەکەی، خیانەت لە بزووتنەوەکانی کوردی، لە خودی جووڵە و بزووتنەوەکە تۆختر دێتە بەرچاو. لە ناوچەی موکریان ئیدیۆمێک باوە بە ناوی: خیانەتی ڕووس کە باس لە خیانەتی ڕووسەکان دەکا بە نیسبەتی کۆماری کوردستانەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا باس لە ڕێککەوتنی ژێربەژێری (خیانەتی خۆجێیی) تاقمێ ئاغا و دەرەبەگیش دەکا کە خۆیان بەدەستەوە دەدەن و ئاخرجار ئەم دوو کردەوەیە دەبنە هۆکاری سەرەکی هەرەسی کۆماری کوردستان. وەک لە سەرەتادا باسی بەرژەوەندیم کرد، هۆکاری کشانەوەی ڕووسەکانیش بەرژەوەندی بوو کە ئەویش بریتی بوو لە نەوتی باکووری ئێران!
نموونەیەکی تر لە باشووری کوردستان، ئاداری 1975، مستەفا بارزانی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی ئەمریکا بە نیسبەت گەلی کوردەوە وەبیر هێنری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێنێتەوە و دەڵێ ئەم بێدەنگییە چاوەڕواننەکراوەی ئێوە بزووتنەوە و خەڵکی ئێمە لەناو دەبا! چەند ساڵ دواتر بارزانی دەڵێ خیانەتیان لێکردین، بێگومان مەبەستی بارزانی، خیانەتی ئەمریکا بوو لە بزووتنەوەی گەلی کورد لە باشوور.
سەیر لەوەدایە هەر ئەم هێنری کیسنجەرە دواتر حاشا لەوە ناکا کە ئەوان لەبنەوە خیانەتیان لە کورد کردووە. ئەو بۆ پاساوی خیانەتەکانیان بە دژی کومیتەی پایک (Pike Committee) کە لە کۆنگرێسی ئەم وڵاتە ساز ببوو، دەڵێ: نابێ ئۆپەراسیۆنی شاراوە لەگەڵ کاری خێرخوازی تێکەڵ بکەین! کەچی ڕاپۆرتەکانی پایک نیشان دەدەن کە تەنانەت لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە شاراوەکانیشدا، بەڵێنەکانی ئەمریکا بە نیسبەت خەڵکانی تر هەمیشە نییەتێکی خراپی لەگەڵ بووە. پایک دەڵێ کە ئەمریکا بە نیازپاکییەوە لەگەڵ کورد نەجووڵاوەتەوە!
ئەرکی ئەم کۆمیتەیە بەدواداچوون بوو بۆ کار و چالاکییە نایاساییەکانی (CIA) و هەروەها (FBI) و (NSA) . هەرچەند هەرگیز کۆنگرێس ئیزنی نەدا ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی بە فەرمی بڵاوبکاتەوە، بەڵام بە نافەرمی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوبوونەوه، نیشان دەدەن کە ئەم وڵاتە هەرگیز بەهایەکی نەداوە بە هاوپەیمانی و هاوڕێیەکی کاتی بووە! ڕاپۆرتەکانی کۆمیتەی پایک ترسێنەر و ناهومێدکەرن و بەتاڵن لە بنەماکانی ئەخلاقی و تەنانەت ئینسانی!
هێرشی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتی پاسدار سولەیمانی بۆ سەر کەرکووک دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕێک بە بەرچاوی هێزەکانی ئەمریکاوە، سەرلەنوێ گریمانەی خیانەتی ئەمریکای لە کورد هێناوەگۆڕێ.
بەڵام کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان لەسەر فەرمانی ترەمپ زۆر سەرسوڕهێنەرتر بوو، چون لەڕاستیدا ڕێک بە دژی چەمکی بەرژەوەندی نەتەوەیی و تەنانەت ئاساییشی نەتەوەیی وڵاتەکەی خۆی بوو! بۆیە چرای سەوزی ترەمپ بۆ هێرش بۆ سەر شەڕڤانان کە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا بوون بۆ لەناوبردنی #داعش#... وەک پەیمانشکێنی و خیانەت نەبێ هیچ ناوێکی تری بۆ دیاری ناکرێ. تەنانەت شەپۆلی بەربڵاوی هاوسۆزی لەگەڵ ڕۆژاوا ئەوەندە ئاشکرا و ڕوون بوو کە لە باڵاترین ئاستی حکوومیدا یەکی وەک نانسی پیلۆسی سەرۆکی کۆنگرێس و دەیان سێناتۆر و کۆنگرێسمەن و کەسایەتی سیاسی و ڕۆژنامەوانی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ و بێ پێچوپەنا وەک خیانەت لە هاوپەیمانە کوردەکان ناودەبەن، بۆیە بە هیچ کلۆجێک ناکرێ ئەم خیانەتە پەردەپۆش بکرێ.
لە ڕۆژاوای کوردستانیش ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو، ئەمە ڕستەی ژەنەراڵ مەزلووم کۆبانی بوو، بە واتایەکی تر خیانەتیان لێکراوە، وەک لەوەپێش باس کرا، خۆ دیارە مێژووی کورد لێوڕێژە لە خیانەتی نێوخۆیی و دەرەکی و ئەمە شتێکی تازە نییە، بەڵام ئەوە کە چۆن خۆت و نەتەوەکەت قوتار بکەی لە دۆخەکە شەرتە. بۆیە ئەوان تا ساتەوەختی ئێستا لە پتانسییەلەکان کەڵکیان وەرگرتووە: ڕەچاوی سیاسەتی زیگزاگی لەگەڵ زلهێزەکان، شەڕی قارەمانانەی شەڕڤانەکان و خوڵقاندنی حەماسەی خۆڕاگری، دەوری گرینگی کوردانی تاراوگە (هەر چوار پارچە) بۆ بردنی کێشەکە بۆ ناو دەسەڵاتی سیاسی وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا، هاوتەریبکردنی بەشێکی بەرچاوی فەیسە جۆراوجۆرەکانی دنیا لەگەڵ خۆیان، کردنی سۆشیالمیدیا بە مەکۆی دەنگهەڵبڕین و... ئەوان دنیایان ڕەگەڵ خۆیان خست، بۆیە نابێ بە هاسانی ئەم دەسکەوتەیان لەکیس بچێ.
خۆ ئەگەر دوێنێ چەقۆی خیانەتی ئەمریکا لە پشتی ژەنەراڵ بارزانی درا و ئەمڕۆ هەمان چەقۆ لە پشتی ژەنەراڵ کۆبانیدایە، دیپلۆماسی کوردی تەنانەت بە ناعیلاجیش بێ، لەبەر نەبوونی هاوسەنگیی هێز و دەرەتانێکی ئەوتۆ و جیۆپۆلیتیکی تایبەتی کوردستان، دەبێ دیسان لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی کورد و ئەمریکا و ئەوروپا پێداگر بێ.
بەڵام لە سەرەتادا پێویستی بە وتە سواوەکەیە، واتە ڕێکخستنی ماڵی کورد! مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم سەرەڕای ئەم ڕاستییە تاڵەی وەک خیانەت باسمان لێکرد و یەکی وەک ترەمپ بە ڕووهەڵماڵدراوییەوە بەبێ ڕەچاوکردنی گیانی هەزاران شەهیدی شەڕی داعش لە ئێراق و سووریا دەڵێ: واشنتن بەڵێنی بە کورد نەداوە بۆ 400 ساڵ پارێزگارییان لێ بکا، ڕیال پۆلێتیک پێماندەڵێ کە ئێستا کورد بووەتە کایەکەرێکی جیددی گەمەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بووەتە پرسی سەرەکی ناوچەکە و ناوی کورد لە کۆنگرێس و سێنا و پارلەمانەکانی ئەوروپادا دەنگ دەداتەوە و ئەم پشتیووانییە هەمەلایەن و بێ وێنەیە، لەگەڵ یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسییەکان دەبێ ببێتە ئاسی کورد، بەڵام لە سەرەتادا پێویستی بە وتە سواوەکەیە، واتە ڕێکخستنی ماڵی کورد! [1]