$دواپەردەی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەیە!$
#ناسر باباخانی#
#11-12-2019#
سەرهەڵدانی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران لە دژی دەسەڵاتی سیاسی، لەڕاستیدا دەکرێ وەک کامڵبوون یان باڵغبوونی سیاسی قۆناغ بە قۆناغ، لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا سەیر بکرێ. ڕێک بیست ساڵ لەمەوبەر بزووتنەوەیەک سەری هەڵدا کە دەکرێ وەک وردە بزووتنەوەی خوێندکاری نێوزەد بکرێ، 10 ساڵ دواتر سەرهەڵدانی چینی مامناوەندی ئێران بە تایبەتی لە تارانی پێتەخت وردە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەناوی بزووتنەوەی سەوز ساز کرد، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرهەڵدانێک ساز بووە کە خۆی لە قاوغی وردە بزووتنەوە دەرهاویشتووە و لە هەندێ ڕەهەندەوە جیاوازی سەرەکی لەگەڵ وردە بزووتنەوەکانی پێش خۆیدا هەیە.
ئەم بزووتنەوەی دوایی، بزووتنەوەیەکی سەرانسەری بوو، جوگرافیایەکی زۆر بەرینتری لەخۆگرتبوو کە لە پاش یەکەم ڕاپەڕینی، تەنیا دوو ساڵی پێویست بوو سەرلەنوێ سەرهەڵداتەوە، هەروەها لە ڕوانگەی چینایەتییەوە لەوەپێشتر ئەگەر خۆپیشاندەران سەر بە چینی خوێندکار و چینی مامناوەند بوون، ئەوە ئێستا چینی هەژار و پێخواس و تەنانەت چینێکی دابڕاو لە چینی مامناوەند کە پێیدەگوترێ (lower-middle class) (زۆر کات خوێندەوارن و نەمرنەژی دەژین) هێمای سەرەکی بزووتنەوەکەن.
ئەو باڵغبوونەی باسمکرد لەنێو گەنج و لاوەکانی چینی هەژار و پەرواێزخراوی ئێراندا گەیشتووەتە لووتکە. بە پێی داتا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی خەڵکی ئێران لە پەراوێزی گەورە شارەکاندا دەژین و لەبەر هۆکاری داڕمانی ئابووری و نەبوونی خۆشبژێوی و وێرانیی کشتوکاڵ و بێکاری لە گوند و شارۆچکە و شارەکان کۆچیان کردووە بۆ قەراغ شارە گەورەکان کە زۆربەی هەرەزۆریان گەنجن، ئەمە لە کاتێکدایە کە داتا نافەرمییەکان باس لە 24 ملیۆن کەس لە پەراوێزی گەورەشارەکان دەکەن! کە ئەگەر وتەی پارلەمانی کۆماری ئیسلامی بکەین بە بنەما، کە دەڵێ هێڵی هەژاری لە ئێران 000\800\4 تمەنە، ڕادەی ئەم حەشیمەتە لە 24 ملیۆن زۆر زیاتر دەبێ، واتە لەشکرێکی تووڕە و وەزاڵەهاتوو کە دواجار دەتوانێ دەوری یەکلاکەرەوە بگێڕێ بۆ هەموو پێشهاتێکی سیاسی کۆمەڵایەتی، ئەگەرچی دیسان ئاگری سەرهەڵدانەکە بە توندوتیژترین شێوە بەڕواڵەت دامرکاوە.
لەڕاستیدا دەسەڵات زۆر باش بۆی دەرکەوت ئەم ڕاپەڕینەی دوایی لە دروشمی ڕیفۆرم و چاکسازی تێپەڕیوە و ڕێک وەلی فەقیهی نیشانە گرتووە و خوازیاری نەمانی ڕژیمە، بۆیە بە تەواوی هێزەوە، ڕێکخراوە سەرکوتکەرە نیزامی و ئەمنییەکانی بێ سڵەمینەوە خۆپیشاندەرانی سیڤیلیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە!
ئەوەی کۆماری ئیسلامی کردی بە چرای سەوزی ڕێبەری وڵاتەوە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە، کارەساتێکی مرۆیی بوو کە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا وێنەی نەبووە، تەنانەت بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەموو دنیادا ئێران بوو بە یەکەم وڵات کە خێرایی ئینتێرنێت تا ئەو ڕادەیە خاو بکاتەوە و تەنانەت ڕادەی کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت لە سەتا بگاتە پێنج و دواجار سفر، بۆ سازکردنی دوورگەیەکی ئایزۆلەی دابڕاو لە دنیای ئازاد و بۆ کۆنتڕۆڵ و سەرکوت و داسەپاندنی کەشی ئەمنی بەسەر وڵاتدا و پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵە مەترسیدارەکانی ناوخۆ لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندەران. هەر بۆیە ماوەی دە ڕۆژ ئێرانی لە جیهان دابڕاند، بەڵام سۆنامی گرتە ڤیدیۆییەکان لە پاش بەرقەراربوونەوەی هێڵی ئینتەرنێت دنیای هەژاند و جیهان ئاگاداری جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خۆپیشاندەرەکان بوو!
ئەوەی لە شارەکانی ئێران بینیمان، زیاتر لە سەرهەڵدان و شۆڕشی چینی هەژار و پێخواس و مامناوەندی ئێران دەچوو، کە گوشاری ئابووری بڕستی لێبڕیون. لەلایەکی ترەوە هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم گوشارە ئابوورییانەدا، فەساد و گەندەڵی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەم خۆیان، هەم خزم و کەسی هەرە نزیکیان، ئەم دژکردەوەیەی شەقامەکانی ئێرانی لێکەوتەوە.
بەڵام ئەمە تەنیا بەرهەمی گوشاری ئابووری ئەم ماوەیەی ڕابردوو نییە، ئەمە بەرهەمی کەڵەکەبوونی گوشاری سیاسی و داڕمانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چل ساڵ حوکمڕانی کۆماری ئیسلامییە. وڵاتێکی داڕماو و وێران لە هەموو ڕوویەکەوە.
سەرنجڕاکێشە کاتێ بزانین کە کۆماری ئیسلامی ساڵانە 830 ملیۆن دۆلار بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و 368 ملیۆن دۆلار بۆ حەماس دابین دەکا! ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی هەواڵی بانکی ناوەندی ئەوروپا لە ساڵی 2019 ، زیاتر لە 70 لە سەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین!
بەهەرحاڵ ئەم دەنگهەڵبڕینانە بەڕای من دواجار لانی کەم زۆر هاوکێشە لە ناوخۆدا دەگۆڕن، کە گرینگترینیان، دیسان گەڕاندنەوەی شەقامە بۆ خەڵک. خەڵک لە هەموو دنیادا خاوەنی شەقامن، شەقام گەورەترین هێزە بەرانبەر بە چواردیوارییەک کە خاوەن دەسەڵاتەکان خۆیانی تێدا حەشار دەدەن. ئەمە ڕێک ئەو دیاردەیەیە کە چل ساڵە کۆماری ئیسلامی بە تەواوی توانایەوە هەوڵی بۆ دەدا نەیەتەدی و نەبێتە ئەمری واقیع، بۆ ئەم مەبەستەش لە هیچ چەشنە سەرکوت و زیندان و کوشتنێکیش درێغی نەکرد و ناکا. دیسامبەری دوو ساڵ لەوەپێش بوو کە خەڵک شەقامیان ئەستاندەوە و ئەمڕۆش هەمان چیرۆک دووپات بووەوه، واتە گرینگترین دەسکەوتی ڕاپەڕینەکان، وەرگرتنەوەی شەقام بوو!
هەوڵێکی بێ ئاکام و بێ ئەنجامی لانی کەم بیست ساڵی ڕابردوو لە قاڵبی ڕیفۆرمخوازیدا، (دوو دەیەی پێشتریشی لێ زیاد کەن) بوو بەهۆی ڕژانی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان.
بۆ بەردەوامی ئەم خۆپیشاندانانە و بە گشتی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کە بێ سەرە و ڕێبەری نییە، سۆشیال میدیا دەتوانێ جۆرێ یەکێتی سەرانسەری ساز بکا کە بە تەعبیری مانوئێل کاستێلز وەک تۆڕێکی بەربڵاو و دوورودرێژ هیوا و تووڕەیی لە هەناوی یەکتردا کۆبکاتەوە. ئەگەرچی شوێنی لۆکاڵی سەرهەڵدان شەقامە و تووڕەیی خەڵک لەوێ خۆدەردەخا، بەڵام سۆشیال میدیا شوێنی کۆبوونەوەی سەرانسەری و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانە و هیوا بە دواڕۆژێکی باشتر. بۆیە ئەم بزووتنەوەیە دەبێ هەردوو ڕەهەندی باس کراو لەبەرچاو بگرێ.
بەڵام شەقامی کوردی دەبێ زۆر وریاتر لەگەڵ ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکان بجووڵێتەوە و لەسەر هەست بێ کە نەبێتە کەواسووری لەشکر و ئاوردووی ڕاپەڕین، چون دیتمان کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە دەستی ئاوەڵاترە ڕۆڵەی کورد بەبێ سڵەمینەوە بکوژێ و ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە لە کاتی سەرهەڵدانێکی لەم چەشنە، دەسەڵات زۆر ئەمنییەتیتر لەگەڵ کورد دەجووڵێتەوە، بۆیە بەپێی ئەو پتانسییەلانەی کورد هەیەتی، دەبێ لە پڕۆسەی دەنگهەڵبڕینی سەرانسەریدا، ببێتە مێشکی ڕاپەڕین. [1]