$درامای شەرەف$
#نەزەند بەگیخانی#
#08-10-2020#
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو ( 28-29ی سێپتێمبەری 2020) کەناڵی ئای تی ڤی درامایەکی دووبەشی بەناوی شەرەف پەخشکرد، کە لەسەر بنچینەی ژیانی بەناز مەحموود بوو. بەناز مەحموود ئەو کچە کوردە بوو کە لە سەرەتای ساڵی 2006 بە پلانی باوک و مام و ئامۆزاکانی کوژرا. دوای سێ مانگ تەرمەکەی لەناو جانتایەک لە باخچەیەکی شاری بێرمینگهام دۆزرایەوە و ئاشکرا بوو کە پێش کوشتنی دەستدرێژی کراوەتەسەر.
کەیسی بەناز وەک چیرۆکی هەموو ئەو کچ و ژنانەی بە بیانووی شەرەفەوە بە نهێنی دەکوژرێن، چیرۆکێکی تراژیدییە. خێزانەکەی کە پێکهاتبوو لە پێنج کچ و کوڕێک لە سیاسەتی ڕەشەکوژیی ڕژێمی بەعس هەڵدێن و لە ساڵی 1995 وەک پەنابەر لە لەندەن نیشتەجێ دەبن. لەوێ وەک زۆربەی خێزانە ئاوارە و کوردەکان لە دەوروبەری لەندەن ژیانێکی پەراوێزخراو دەژین. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئەگەرچی کچەکان دەچنە مەکتەب، بەڵام ژیانیان بە تووندترین جۆری ڕێسا و کۆد و نەریت بەڕێوەدەچوو. بەناز لە تەمەنی هەرزەکاریدا بە زۆر دەدرێت بەشوو بە پیاوێکی نەخوێندەوار کە 10 ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو. بە پێی گەواهیی خودی بەناز بۆ پۆلیس، مامەڵەی مێردەکەی لەگەڵی زۆر خراپ بووە و بەردەوام لێی داوە و لاقەی کردووە. بۆیە ڕادەکات و دەگەڕێتەوە لای ماڵی باوانی. دواتر عاشقی کوڕێکی کوردی ڕۆژهەڵات و هاوتەمەنی خۆی دەبێ کە بۆ خێزانەکەی دەبێتە مایەی بێ 'شەرەفی' و بە بیانووی ئەوەوە دەکوژرێت.
کوشتنی بەناز دەکرا ڕێگەی لێ بگیرێت، چونکە دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوانی، پێنج جار هانای بردووەتە بەر پۆلیس و سکاڵای لە دژی باوک و مامەکانی تۆمارکردووە وتوویەتی هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە و ژیانی لە مەترسیدایە. پۆلیس نەک هەر سکاڵاکانی بە هەند وەناگرێ، بەڵکوو لە یەکێ لە ڕاپۆرتەکانی دەنووسێت کە بەناز کەسێکی ''لەخشتەبەرە'' و ''میلۆدرامییە''. تەنانەت یەک لەو جارانە پۆلیس تۆمەتباری دەکات بەوەی کە پەنجەرەی ماڵی باوکی شکاندووە کە لەکاتی ڕاکردنی ڕوویدابوو. لە هەموو ئەمانە پۆلیس زۆر کەمتەرخەم و بێباک بوو بەرانبەر بە ژیانی بەناز وەک ژنێک، وەک پەنابەر و وەک بێگانەیەکیش کە بەها و و ستاتوی کەمترە لەچاو کەسێکی بەرەسەن ئینگلیز و بەریتانی.
سەرەڕای ئەم ڕووداوە بەڵگەئامێزانە، درامای شەرەف ''ئەفسەرێکی پۆلیس کە ژنێکی سپی پێستی ئینگلیزە دەکاتە پاڵەوان و ڕزگارکەر'' ی بەسەرهاتەکە. ئەو ئەفسەرە بەناوی کاڕۆڵین گوود، ڕۆلی ئەوە بوو کە دوای تاوانەکە هات و لێکۆڵینەوەی لە کەیسی بەناز کرد و تاوانبارەکانی بە سزا گەیاند. واتە دوای ئەوەی بەناز کوژرا، ئینجا هاتنە سەر خەت! هەروەها ئەو ئەفسەرە نەیدەتوانی لێکۆڵێنەوەکە بکات ئەگەر لەلایەن ڕەحمەت سولەیمانی دۆستەکەی بەناز و خوشکەکانی و چەند کەسێکی دیکەی ناو کۆمەڵگەی کوردی لە بەریتانیا هاوکاری نەکرابا. پاڵەوانی سەرەکی ئەو چیرۆکە تراژیدییە خودی بەناز مەحموود بوو کە لە کاتی سکاڵاکانی ناوی تەواوی ئەو کەسانەی پلانی کوشتنەکەیان داڕشتبوو ڕادەستی پۆلیس کردبوو پۆلیسیش باوەڕی پێ نەکردبوو.
من بۆ ماوەی دوو ساڵ، لەگەڵ هاوکارم پڕۆفیسۆر عایشە جییل، ئەندامی بۆردێکی ڕاوێژکاری پۆلیسی مێترۆپۆلیتان بووم لە لەندەن و لەسەر پرسی کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف کارمان دەکرد. جگە لە کۆبوونەوەی مانگانە و کۆڕ و سیمینار لەگەڵ پۆلیس، ڕۆلم هەبووە لە خولی ڕاهێنان و هۆشیارکردنەوەی پۆلیسی بەریتانی دەربارەی تووندووتیژیی جێندەری و کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف. لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و خولەکان هەمیشە پێم لەسەر دوو لایەن داگرتووە:
یەکەم: کاتێ ''کچێکی ڕەشپێست و ئاوارە و بێگانە'' سکاڵا دەکات، پێویستە سکاڵاکەی بەهەند وەربگیرێت و وەک هەر کچێکی ئەو وڵاتە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
دووەم: پێم لەسەر ئەوە داگرتووە کە نابێ تەواوی کوولتووری کوردی و کۆمەڵگەی کورد بخەنە ناو قالبێکی نەخوازراو و هەموو کورد بە دواکەوتوو و ژنکوژ و تاوانبار لە قەڵەم بدەن.
دیارە خاڵی دووەم لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی ڕەگەزپەرستی، هەستی ڕاستە تووندڕەوەکان بەرانبەر بێگانە و پەنابەر و ئاوارەکان دەوروژێنێ و ناکۆکی و لێکترازان و شەڕ و ئاژاوەی لێ دەکەوێتەوە. ئەم بیروڕایانەم لە وتار و پەڕتووکەکانم بە ڕوونی دەربڕیوە بە کوردی و ئینگلیزی و فەرەنسی و سویدیش کاتێ ئەندامی بۆردی ڕاوێژکاری وەزیری سویدی کاروباری ئینتیگراسیۆن، مونا سالین، بووم لە ستۆکهۆلم.
لە بەریتانیا و لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی، کەسانێکی زۆر بە ژن و پیاوەوە چالاکبوون لە بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی و کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف. لە لەندەن لە ساڵی 2000 کۆمەڵێ ژنی کورد بە هاوکاری چەند پیاوێکی پێشکەوتوخوازی وەکوو پێشڕە و نامۆ و ڕێبوار سەعید و زۆری دیکە، کەمپینێکی سەرانسەریمان ڕاگەیاند کە ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکانەوە تێیدا بەشداربوون. کەمپینەکە ماوەی چەندین ساڵی خایاند و بەناوی گرووپی ژنانی کورد دژی ژنکوشتن بە بیانووی شەرەف کە بە (کواک) ناسرابوو.
درووشمی کەمپینەکە بریتی بوو لە ''شەڕەف لە کوشتن دا نییە''. خانمانی ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوور و ڕۆژاڤا هەموو پێکەوە ڕۆڵێکی چالاکمان دەبینی لە هۆشیارکردنەوەی ڕای گشتی و پۆلیسی بەریتانی و دواتر ئەوروپیش دەربارەی ئەم پرسە ئاڵۆز و هەستیارە. بەرای زۆر نووسەر و پسپۆر، ژنانی کورد، لەسەرووی هەموویانەوە بەناز مەحموود، ڕۆلی سەرەکییان هەبووە لە گۆڕینی سیاسەتی بەریتانی دەربارەی تووندووتیژیی جێندەری و شەرەفپارێزی لە بەریتانیا. کەچی درامای شەرەف پۆلیسێکی ئینگلیز دەکات بە پاڵەوان و ڕزگارکەری کچانی کورد لە دەستی ''کولتووری کوشتن لەسەر بنەمای شەرەف''. ئەو پۆلیسە لە جیاتی ئەوەی فەشەلی پۆلیس لە پارێزگاریکردنی کچانی ئاوارە و بێگانەی وەک بەناز ئیبراز بکات، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی کە گوایە بۆ پۆلیسی بەریتانی ئاسان نەبووە ''لەم ''کولتوورە'' بیانییە تێبگات و بەخێرایی بێتە سەرخەت و بەهانای ئەو کچانەوە بێت کە مەترسی کوشتنیان لەسەربووە''. شایەنی باسە ئەو پۆلیسە کەمتەرخەمەی ڕاپۆرتی لەسەر یەک لە سکاڵاکانی بەناز نووسیبوو، لە جیاتی بەدەنگییەوە بچێت، بە ''بەخشتەبەر'' لە قەڵەمی دابوو، نەک هەر سزا نەدرا لەسەر ئەم کردەوەیە، بەڵکوو دواتر پلەکەی بەرزترکرایەوە.
لە ئەنجامدا کولتووری 'شەرەف'' دراوەتە پاڵ نەتەوە و میللەتانێک کە ڕۆژاڤا بە شێوەیەکی جەوهەری بە دواکەوتوو و ژنکوژ تاوانباریان دەکات. لەم پڕۆسەیەدا، کولتووری پیاوسالاری کە بنەمای سەرەکیی هەموو تووندووتیژییە جێندەرییەکانە بە کوشتنی شەرەفئامێزیشەوە، لەبیر دەکرێ و کولتووری کوردی و بیانی یا ئیسلامی دەکرێتە ئامانج و بەرکەوتەی سەرەکی. ئەمەش نەک هەر هەستی ڕەگەزپەرستی بەرانبەر بە کورد و کۆمەڵگە هاوشێوەکانی زیاتر دەکات، بەڵکوو وا دەکات ئەو دەوڵەتانە نەتوانن وەک پێویست ستراتیژی و پۆلەسی گونجاو دابڕێژن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە کە ڕەگی لەناو کولتووری پیاوسالاری (پاتریارکی) داکوتاوە و لە سەرانسەری جیهان و لە کۆمەڵگە ڕۆژاڤاییەکانیش بەشێوازی جیاجیا پیادە دەکرێت. بۆ نموونە، لە فەرەنسا کە هەر سێ ڕۆژ ژنێک لەلایەن مێرد یا برادەرەکەیەوە دەکوژرێت، ئەوە دەرهاویشتەی ئەو کولتوورەی پیاوسالارییە.
لە ماوەی پەخشکردنی درامای 'شەرەف'، ئەگەرچی لە سۆشیال میدیا هاوسۆزییەک درووست بوو بۆ قوربانیانی ''تووندووتیژیی شەرەفئامێز''، بەڵام خەڵکێکی زۆریش هێرشیان دەکردە سەر کولتووری کوردی کە گوایە ئەوە تەنیا کورد و میللەتە دواکەوتووەکانی وەک پاکستان و هیندین ژن و کچی خۆیان دەکوژن. ئەمە لە کاتێکدا دراماکە ئەفسەرێکی پۆلیسی ئینگلیزی کردە پاڵەوان و ڕزگارکەر. لە ڕاستیدا، ئەگەر پاڵەوانێک لەم کەیسەدا هەبێت، ئەوە بە پلەی یەکەم بەناز مەحموود بوو، لەگەڵ ڕەحمەت سولەیمانی و چەند خوشکێکی بەناز کە سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە، توانیان بەرەوڕووی بێباکی و کەمتەرخەمیی پۆلیس ببنەوە و تا بە دادگاگەیاندنی تاوانبارەکان هاوکارییان کرد. ڕەحمەت سولەیمانی لە کۆتاییدا بەرگەی ئەو هەموو ئازارە و ژیانی ناو پەناگەی نەما و لە ساڵی 2014 کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
ئەگەر ئامانجێک لە پشت درامای شەرەف هەبێت و بریتیی بێت لە هۆشیارکردنەوەی ڕای گشتی و دەسەڵاتی سیاسی دەربارەی ئەم پرسە دژوار و ئاڵۆزە، ئەوە دەبوایە دراماکە لەم کەیسە بارگاوییە بە ئازار و مەینەت ڕۆلی ئەفسەریکی پۆلیس وەک پاڵەوانێکی سپی پێست ئیبراز نەکات، بەڵکوو لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیای سیاسی و کولتووری و ئایینیدا، کولتووری پیاوسالاریی بە گشتی ئیدانە بکات و ئاوڕێکی گونجاویش لە فەشەلیی پۆلیس لە پاراستنی کچان و ژنان بداتەوە. [1]