ناونیشانی بابەت: کولتووری فەرش چنین لە کوردستان
ئامادەکردنی: #سەوسەن سنەیی#
#کوردستان# وەک پێکھاتەیەکی ڕەنگاوڕەنگی کولتووری دەردەکەوێ، ئەم ئاوێتەیە لە زۆر بابەتی پێویستی ڕۆژانە ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی لەسەر قاڵی و فەرشی جیاجیای ناوچەکانی کوردستان.
ھەر ناوچە و ھۆزێک لە کوردستان خاوەنی جۆرێک لە دیزاین و نەخشی ھەمەچەشنن، زۆربەیان بەپێی ئەم نەخشانە تایبەتمەندی وەردەگرن و فۆرمەکانیان بەپێی ھەڵکەوتەی جوگرافییان دەستنیشان دەکرێن.
ئەگەرچی مێژووی فەرش و قاڵی لە کوردستان زۆر کۆنە، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامیی ھەیە و لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بەکاردێن.
لە فەرشی کوردییدا چەندان جۆر ئایکۆن و ھێمای جیاجیا دەبینین، بۆ نموونە گوڵی گەورە، ئاژەڵ، ڕووەکی جۆراوجۆر، مرۆڤ، ھێمای ئایینی، کە ھەریەکەیان گوزارشت لە سیما و تایبەتمەندیی ناوچە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی خەڵکەکەی دەکەن. بۆ نموونە لە قەراخی زۆربەی فەرشەکان جۆرێک زەخرەفەی ئەندازەیی ھەیە کە شێوەکانیان لە مرۆڤ دەچێت و وەک زنجیرەیەک بەدەوری فەرشەکەدا دەستی یەکتریان گرتووە، کە ئەمەش گوزارشتە بۆ ھەڵپەڕکێ و هەروەها یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان. ئەم جۆرە نەخشەسازییە زۆرتر لە ڕواڵەتی ئەو فەرشانە دەبینرێن کە لە شوێنە کۆچەری و کوێستانەکاندا درووست دەکرێن، یان گوڵی شەبەق، کە لە ڕووپۆشی ئەو نەخشە گەورانەی لە ناوەڕاستی ھەر فەرشێکدا بە زۆری بەرچاو دەکەون، ئەمەش دەربڕی پەیوەندی مرۆڤی کوردە بە سرووشتەوە، زۆربەی ئەم گوڵە شەبەقانە بە ئەندازەیی و ھەشت گۆشە درووستکراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەیوەندی کولتووریی خوداوەندی ھەشتار (عەشتار) ، کە لە میتۆلۆژیای سۆمەرییەکان ھێمایە بۆ خۆشەویستی و ڕەگی قووڵی لەگەڵ کورددا ھەیە.
ھەروەھا زۆرجار ھێمای سێگۆشە دەبینین، ئەمەش واتای دڵخۆشیی دەگەیەنێت، لە کاری ڕەوەندە کوردەکان زۆر دووبارە بووەتەوە. ھەندێ جاریش سێگۆشەیەک دەبینین سێ ھێڵی بە خۆیەوە گرێداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ (کرداری چاک، ڕەفتاری چاک، گوفتاری چاک) ئەمانەش بنەمای سەرەکین لە ئایینی زەردەشتی.
ھەر لەم نەخشانەدا وێنە و سیمبوولی ئاژەڵ دەبینرێت، بەتایبەتی ئاسک و ئەسپ، یان پەلەوەری وەک قاز و مراوی، ئەمانەش تێکڕایان پەیوەندییان بەو ھاوبەشیە هەیە کە لەنێوان سرووشتی مرۆڤ و ئاژەڵدا ھەن، لە کوردستان ئاژەڵ وەک پێویستییەکی گشتی ژیان چاولێدەکرێت، جگە لەمانەش ھێماگەلی دیکەی وەک دار، ئاگر، ئاو، چیا دەبینرێن کە تێکڕایان بۆ جوانکردن و ڕواڵەتبەخشین بەکارھاتوون.[1]