$ماندێللا بۆ مەزنە؟$
#نەوزاد جەمال#
#23-12-2013#
هەموو کەس پاش مەرگ و پرسەدانان بۆی، بە جۆرێک گەورە دەردەکەوێ و گەورە نمایش دەکرێ، بەتایبەتی ئەگەر پلەیەکی سیاسی هەبێ. بەڵام مەرگی ئەو، بۆشاییەکە لە جەستەی گەلێکدا، چونکە وەک باوکێک جێگەکەی بەخاڵی مایەوە. ناکرێ بڵێین ماندێللا سەرکردەیەکی مەزن و بێ وێنەیە ئەگەر ئاوڕ لە خەبات و کارەکانی نەدەینەوە، ناتوانین بڵێین کەسێکی بەتوانایە ئەگەر قسە لە فەلسەفەی تێکۆشانی نەکەین. بۆیە گرنگیی ماندێللا وەک سەرکردەیەکی سیاسی و ڕابەرێکی نیشتمانی ئەوەیە کە خۆی بەدوای پۆستەوە نەبوو، بەڵکوو بەدوای پرسی مافەکانی مرۆڤدا خەباتی کردووە و پۆست و پێگەکان بەدوای ئەودا دەگەڕان.
لەبەرئەوە، ماندێللا قوتابخانە و نموونەیەکی زیندووی کیشوەری ڕەشە، هاوکات بەهەناسە و ڕوانینێکی جیهانییەوە لە پرسی مرۆڤ و کێشەکانی ڕوانیوە. دیدو ڕوانگەیەکی مرۆڤدۆستانە، مرۆڤپەروەر بزوێنەری سیاسەتەکانی بووە. کەسێ کە توانی 27 ساڵی ڕەبەق و ڕەقی نێو زیندان بگۆڕێ بەلێخۆشبوون و لێبووردەیی، دەبێ خاوەنی ڕۆحێکی گەورەو دیدو ڕوانێکی پێغەمبەرانە بێت. بۆیە پێم وایە سەرکردەیەکی ڕاستینەی سەدەی بیستە. سەرکردەی ڕاستینەش ئەوەیە کە هەموومان دووجار بۆی دەگریێین: جارێک کە خۆی دەستبەرداری پۆستی دەسەڵات دەبێ، لەکاتێکدا خەڵی تکای لێدەکەن، جارێکیش کە بەتەواوەتی ماڵاوایی لەژیان دەکات.
ئیدی سەرکردەیەک لەجەستەیەکی برینداری مرۆڤی ڕەشپێستدا، توانی هەم بەهایەک بۆ مرۆڤگەلێک بگەڕێنێتەوە بە ساڵانێک خەبات دژ بە “جیاکاری ڕەگەزی و ڕەنگی پێست”، هەم توانیشی ئاڕاستەی خەبات بکات بەپێی خواست و داواکارییەکانی ڕۆژگار. ئەمەشی وەک میراتێک بەجێهێشت کە دەبێ مرۆڤایەتی لەتۆڵەو ڕق و کینەوە بۆ لێبووردن و ئاشتەوایی بگوازێتەوە! جگە لەوەی کە توانی وڵاتێک لە قەیرانی جەنگی ناوخۆیی و هەڵوەشانەوەی زێتر ڕزگار بکات. ئەگەر بەراوردی بکەین بەسەرکردەیەکی وەک گۆرباتچۆڤ کاتێک کە ویستی چاکسازی لە یەکێتی سۆڤیەتدا بکات و بەرنامەی بیرۆیسترۆیکای خستەکار، دەبینین کە دواجار خۆشی لەگەڵ لێشاوی هەڵوەشانەوەو کرانەوەی یەکێتی سۆڤیەتدا لەسەر شانۆکە ڕاماڵرا! بەڵام ماندێللا پاش ڕزگاربوونی، خۆری گەشاوەتربوو لە هەموو دونیادا. کە لە ساڵی 1994 هەڵبژێردرا، خەڵکی شایی و زەماوەندی نەتەوەییان بۆ گێڕا، وەکچۆن لە ساتەوەختی ئازادبوونیشی لە زیندان، شادی گەڕایەوە سەر ڕوخسار و ئومێد بۆ دڵە تەزیوەکان و بزە بۆ لێوەهەڵقرچاوەکان و لەکاتی خۆهەڵنەبژاردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، میللەتەکەی خوڕخوڕ بۆی گریان، وەک باوکێکی میهرەبان بۆی بەتاسە بوون! هەرگیز منەتی بەسەر گەلەکەیدا نەکرد کە 27 ساڵ لەچوار دیواری ساردو ئەشکەنجەدراوەو دوور لە کەسوکار، هەمووی بە پۆستێ قەرەبوو بکاتەوە! بۆیە ئەو کاتەی کە ماڵاوایی دواجاریشی کرد، هەموو دونیا بۆی گریان!
هەڵبەت کاراکتەری ماندێللا، هەڵقوڵاوی فەلسەفەیەکی خەباتکردنە: ڕزگاری و سەربەخۆیی مرۆڤ، وەک مافێکی سرووشتی بۆ هەمووان. سرووشتی مرۆڤ وەک بنەڕەتێکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی. یەکسانی و ئازادی و هاوبەشی لە ئەرک و مافەکاندا. بۆ تێگەیشتن لە هەوڵ و کۆشش و خەباتی ماندێللا لەو پاشخانە فەلسەفییەی کە بۆ مرۆڤ هەیبووە، دەکرێ بڵێین:
-1 ماندێللا هەر سەرکردەی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی ڕەشپێستەکان نەبوو، بەڵکوو ڕابەرێکی ڕۆحیی خاوەن هزر بوو، دەتوانم بڵێم قوتابخانەیەک بوو.
-2 ڕابەرێکی بەتوانا لە لێخۆشبوون و لێبووردەییدا. بەستراتیژیەتی لێخۆشبوون توانی ئەو درزە گەورەیەی کەوتبووە پێکهاتەی ئایینی و نەژادی وڵاتەکەیەوە ساڕێژ بکات. هزری ناتوندوتیژی وەک فەلسەفەیەک لە خەباتی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازی نیشتمانیدا دەبێتە پڕۆژەی نیشتمانی پاش ڕزگاربوون. لەسەر ئەو نەریتە ئاشتیخوازەی غاندی بۆ خەباتی ناتوندوتیژی پەروەردە بوو بوو کە تێگەیشتنێکی بنەڕەتی تێدایە: هێز و توانای توندوتیژکار لە بەهێزی خۆیدا نییە، بەڵکوو لە لاوازی ویست و بەرگرینەکردنی لایەنی چەوساوەدایە.
-3 وەک سەرکردەیەک بۆ هەموو گەل و نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە جێگەی هیوا و ئومێدە، خەڵکی لە ناخیدا دەخوازێ ڕۆژێ سەرکردەیەکی وەها بێتە مەیدانەوەو ناوچەکە لە زۆنگاوی شکست دەربهێنێ. بۆیە بە جۆرێک ڕێزو خۆشەویستییان بۆ ماندێللا لەچاوەڕوانییەکی بەدینەهاتووەوە هەڵدەقوڵێ. لەبەرئەوە، مردنی کولانەوەی ئەو برینەیە لەدەروونی میللەتاندا.
-4 دیدو ڕوانینێکی دیکە بۆ مرۆڤ و سیاسەت و خەبات. لێخۆشبوون لەجەلادەکان کە سپی پێستەکانن، باشترین شێوازی سزاو تۆڵەیە بۆ بەرگرتن لە شەڕێکی ناوخۆیی مەترسیدار.
-5 ماندێللا سیمبولی مرۆڤێکی بەئاگاهاتوو، ڕاپەڕیو و ئازاد و بوێر و چالاک و ئەقلانی و شارستانییە. هەڵگێڕەوەی ئەو وێنە سادەیەیە کە لەسەدەکانی ڕابردوودا دەرهەق بەمرۆڤی ڕەشپیست وەک “بەربەری، کێوی و ناشارستانی و پیس و دواکەوتوو تەمبەڵ و سەرەتایی و خورافەخواز و نائەقڵانی” درووستکراوە، چونکە خۆی وەک مرۆڤیکی ڕەشپیست هات بەو دیدە مرۆڤانەیەوە، سەلماندی مرۆڤی ڕەش چەندە تاڵیی چەشتبێ، دەکرێ ئاشتیپارێز بێت. بۆیە بۆچوونی سەدەکانی ڕابردووی ئاوەژوو کردەوە کە وەک “ستریۆتایپێک” لەسەر نەژادی ڕەش کارا بووە گوایا توانای خۆبەڕێوەبردن و خۆفەرمانڕەوایی و جڵەوکێشییان نییە. لەوەدا وەک غاندی و لوتەر کینک توانی ئەو بۆچوونە ناڕەوایە پووچەڵ بکاتەوە.
$سەرکردەیەکی وەرچەرخێنەر$
بۆچی ماندێللا مەزنە؟ بێگومان لەبەرئەوەی سەرکردەیەکی وەرچەرخێنەرە. کوالێتی سەرکردایەتی ئەو، هۆکارێکە کە سەرکردەیەکی ئاسایی نەبێ، چونکە جگە لەوەی کەسێکی کاریزمایی و نموونەیەکی ڕەوشتی باڵای لەخۆبووردوویی و لێخۆشبووون و پێکەوەژیان بوو، ئەندازیاری درووستکردنەوەی مرۆڤ بوو. دەرهێنانی مرۆڤ لەبندەستی و چەوسانەوەو سووکایەتیپێکردنەوە بۆ کەسێک کە چارەنووسی خۆی بخاتە ئەستۆی خۆی. ئەمەش لە ڕێی:
- وەبەرهێنان لەمرۆڤایەتیدا، سووربوون لەسەر ڕەوایەتی پرسێک و کۆڵنەدان بەزیندانیکردن. بەندیخانە وێستگەیەک بووە بەرەو ئازادی. لە یەکێک لە دۆکیۆمێنتەکاندا دەڵێ “ژووری زیندان ئەو شوێنەیە کە زێتر خۆی تێدا ناسیوەو گرنگترین بڕیاری سیاسی بۆ دواڕۆژ داوە”!
- ناسینی ناخی مرۆڤ بەباشی لە ئەنجامی ئەو ڕامان و قووڵبوونەوەیەی لە زینداندا. بۆیە وەک ئەندازیاری مرۆڤ تەنیا خەباتی بۆ ڕزگاری و ئازادیی مرۆڤ هەر هەڵگرتنی کۆت و بەندی ستەم و چەوسانەوە نەبووە، بەڵکوو لەپێناو ڕزگارکردندا دەبێت مرۆڤ لەناخەوە هەڵبسێنرێتەوەو بەهێزبکرێ و بەهرەکانی بەرەڵا بکرێ تا لەسەرپێی خۆی ڕاوەستێ و وابەستەی کەسی دیکە نەبێ. ئەمەش کارێکی زێدە سەخت و تەمەنێکی دەوێ.
- درووستکردنی بڕوایەک لەناخی هاونیشتمانیاندا کە “تۆ ئەوە نیت ئێستا هەیت، بەڵکوو لەوە زیاتریت، ئەوەیت کە دەتوانیت بەدەستی بهێنیت”. ئامانجەکەش پێکەوەژیانێکی باشتر وەک ڕێگەچارەیەکی هاوبەش.
- بەخشینی متمانەبەخۆبوون بەهەموو هاووڵاتییەک کە دەتوانێ خۆی بەرپرسیار و سەرپشک بێ لەباشترکردنی ژیانیدا. واتە مرۆڤ متمانە بکات بەتواناکانی لە بەڕێوەبردنی ژیانێکی باشتردا پاش ڕزگاربوون.
- تێپەڕاندنی ڕابردووی تاڵ و مەینەتی پەیامی خەباتی بۆ قۆناغی ڕزگاریی ئەوەیە کە سیفەت و توانای مرۆڤ ئەوە نییە بەسەریدا هاتووە، بەڵکوو ئەو هەنگاو و ڕێوشوێنەیە کە دەتوانێ بە کۆشش بەدەستی بهێنێ و بیگاتێ. دەبێ خۆت ڕزگار بکەیت لەپاشماوەکانی ڕابردوو، وەک ئەوەی بڵێ، من زیندانم چەشت، تۆش دەبێ خۆت لەوەی بەسەرتدا هات تێپەڕێنی، دەبێ خۆت هەوڵ بدەیت، من ڕێگەت بۆدەکەمەوە، دەبێ خۆت هەنگاو بنێی، من تەنیا لەپێشتەوە دەڕۆم!
- بۆیە نابێ مرۆڤ ببێتە قوربانی ئەوەی لەرابردوودا بەسەریدا هاتووە. دەڵێ “ئەوکاتەی لەدەرگای بەندیخانە هاتمە دەر بەرەو ئازادی، زانیم ئەگەر تووڕەیی و گیانی تۆڵەو قین و نەهامەتی لەپاش خۆم جێنەهێڵم، ئەوا هەروەک ئەوەیە لە زینداندا بمێنمەوە.
-گۆڕینی ئاڕاستەی سیستمێک و کەلتووری دابڕانی نەژادی و ڕق و کینەو تۆڵە بۆ لێبووردن و لێخۆشبوون. لەو سۆنگەی کە ڕابردوو لەبیرناکرێ، بەڵام دەبێ هەقیقەت و ڕاستییە تاڵەکان بگۆڕدرێ بە لێخۆشبووون و ئاشتەواویی و ئاشتبوونەوەی نیشتمانی. ئەمەش توانای سەکردایەتییەکی قاڵبووی دەوێ کە تەنیا دیوێکی پرس و کێشەکان نەبینێ، بەڵکوو بیر لەداهاتوو بکاتەوە.
-ئاڕاستەکردنی ئێش و ئازارەکانی ڕابردوو بەگوڕوتینێک بۆ داهاتوو. پەیامی ئەو، ئەوەیە کە ئەوەی بەسەرماندا هات تاڵ و نامرۆڤانەو سەخت بوو، هەرگیز لەبیرناکرێ، بەڵام درککردن بەم ڕاستییە تاڵە و زانینی هەقیقەتی مێژوویی دەبێ بگۆڕین بە لێخۆشبوون و پێکەوەژیان. ئەگەر وانەکەین ڕابردوو دەبێتە دیوارێکی دەروونی و هزری ترسناک لەسەر ئاییندەی وڵات. هاوکات ئەگەر وانەکەین مرۆڤی ڕەش هەڵناسێتەوەو هەمیشە ڕابردوو دەکاتە بەهانەو پاساوێک بۆ دواکەوتن و ناسنامەیەکی بۆ داهاتووی خۆی. واتە خۆی دەکاتە قوربانی کۆت و بەندێک بەدەستی خۆی نەک چەوسێنەرێکی ڕاستینە.
لەبەرئەوە ماندێللا مەزنە و هەمیشە زیندووە خۆی گوتەنی: کاتێ تۆ لەدڵی ئەوانەدا دەژیت کە خۆشتدەوێن، ئەوا هەرگیز نامریت. [1]