$کوردستان لە ناوەندی ستراتیژی شەڕی دژی تیرۆردا$
#هۆشیار عەبدولڕەحمان سیوەیلی#
#14-09-2014#
کۆبوونەوەى وڵاتانى ئەندام لە ڕێکخراوى (ناتۆ) کە لە ویلایەتى وێڵز لە بەریتانیا ئەنجامدرا و ڕۆژى هەینى ڕابردوو تەواو بوو، دوو کێشەى سەرەکى تاوتوێ کرد کە کێشەى ئۆکرانیا و #داعش# بوون. دواى کۆبوونەوەکە، سەرۆک ئۆباما ڕایگەیاند کە بەرەنگاربوونەوەى دەوڵەتى تێرۆریستى ئیسلامى لەو کۆبوونەوەیەدا بە توندى پێداگیرى لەسەر کراوە. سەرۆک و سەرکردەکانى تریش بەتایبەتى دەیڤد کامیرۆن هەمان پێداگرییان لەسەر بەرەنگاربوونەوەى ئەو دەوڵەتە تیرۆریستە کردەوە. سەرۆک ئۆباما ڕایگەیاند کە لەناو ئەندامانى ناتۆدا هاوپەیمانییەکى 10 لایەنە پێکهێنراوە: ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئیتالیا، پۆڵەندا، دانیمارک و تورکیا. بۆ ئەو مەبەستە هەوڵى فراوانکردنى ئەو هاوپەیمانییە بەردەوامە. جۆن کیری ئەم هەفتەیە سەردانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات بۆ ئەوەى ئەو هاوپەیمانییە فراوانتر بکات و زۆربەى وڵاتانى ناوچەکەش لەخۆبگرێت.
لە میانەى ئەم هەوڵانەدا کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش ڕۆڵى گرنگ دەگێڕێ و تەنانەت ڕێبەرى کۆمارى ئیسلامیش ڕەزامەندى لەسەر ئەو ڕۆڵە و هەماهەنگی سەربازیى نێوان ئەمەریکا و وڵاتەکەى دەربڕیوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى دوژمنە هاوبەشەکەیان. هەرچەندە کۆشکى سپى هەموو جۆرە هاوکارییەکى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیدا ڕەتکردەوە، بەڵام چاودێرانى سیاسى لایان وایە بەبێ بەشداریى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆى ئێران لەو جەنگەدا هەوڵەکان بۆ لەناوبردنى داعش زەحمەت دەبێت. هەرچەندە ڕەنگە سعودیە و ئیسرائیل نیگەرانى بەرانبەر بەم ڕۆڵەى ئێران دەربڕن و ڕازیکردنى تورکیاش بۆ بەشداریکردن لەم هاوپەیمانییەدا ئاسان نەبێت، بەڵام دەکرێ ئیدارەى ئەمەریکا بە ڕێگەى دیکە ئەم نیگەرانییانە خاوبکاتەوە.
هەرچەندە سەرۆک ئۆباما لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە ئیدارەکەى ستراتیژییەکى ڕوون و تۆکمەى نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، بەڵام پێدەچێ بە جددى کار لەسەر گەڵاڵەکردنى ئەو ستراتیژییە بکەن و پێکهێنانى ئەم هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەش بەردى بناخەى ستراتیژییە نوێیەکەى ویلایەتە یەکگرتووەکان بێ. ئەو ستراتیژییە وەک نەخشەڕێگایەکى بەرەنگاربوونەوەکە و بەرچاوڕوونیەکیش بۆ لایەنەکانى هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکە پێویستە و لە هەمان کاتدا ئەو ستراتیژییە پێویست و گرنگە بۆ ئەوەى گەلى ئەمەریکى بەگشتى و کۆنگرێس بەتایبەتى پشتگیرى پلانەکانى ئۆباما بکەن. هەرچەندە بەپێى دەستوورى ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرۆک بۆى هەیە لەپێناوى پاراستنى هاووڵاتییانى ئەمەریکیدا چالاکى سەربازیى خێرا و سنووردار لەڕووى قەبارە و کاتەوە ئەنجامبدات، بەڵام بۆ بەردەوامى و فراوانترکردنى ئەو کار و چالاکیانە پێویستى بە ڕەزامەندى کۆنگرێس هەیە.
هەر بۆیە پێویستە ئەو ستراتیژییە بەشێوەیەک بێ کە کۆدەنگیەکى بەرچاو لەناو هەردوو بەشەکەى کۆنگرێسدا درووست بکات و لەسەر ئاستى جەماوەریش کەمترین بەرهەڵستى بکرێ، بەتایبەتى کە هەڵبژاردنی کۆنگرێس نزیک بووەتەوە. بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجەش دوو مەسەلەى جەوهەرى گرنگن کە بریتین لە نەناردنى هێزى سەربازى بۆ سەر خاکى ئێراق و کەمکردنەوەى خەرجیە داراییەکانى جەنگەکە. کەواتە چەندین خاڵى بنەڕەتی هەیە کە دەبێ ستراتیژییە نوێیەکەى ئەمەریکا لەخۆیان بگرێ: یەکەمیان بریتییە لە درووستکردنى هاوپەیمانییەکى تا دەکرێ فراوانى نێودەوڵەتى بۆ بەشدارى لە هێرشە ئاسمانییەکاندا و پێدانى ڕەواییەکى نێودەوڵەتى بە چالاکییە سەربازییەکان و سووککردنى بارى قوورسى دارایى جەنگەکە لەسەر ئەمەریکاو دووەمیش بریتییە لە پێکهێنانى حکومەتێکى بنکەفراوانى خاوەن بەرنامەیەکى ئەوتۆ کە جگە لە شیعە، سوننە و کوردیش پێى ڕازی بن و سێیەم خاڵى گرنگیش هەوڵدانە بۆ وشککردنى سەرچاوە داراییەکانى داعش بە تایبەتى فرۆشتنى نەوت و کۆمەکەکانى دەوڵەمەندە داعشیەکانى وڵاتانى کەنداوى عەرەبى .خاڵێکى دیکەى گرنگ بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش بریتییە لە هێرشى ئاسمانى بۆ سەر بنکە و بارەگا و هێزە سەربازییەکانى داعش لەناو خاکى سووریا و هێرشى ئاسمانى و زەمینی بۆ سەر هێزەکانى داعش لە ئێراق.
لەبەر ئەوەى هیچ یەکێک لەلایەنەکانى ئەو هاوپەیمانییە نایانەوێ سەربازەکانیان بەشدارى هێرشە زەمینیەکان بکەن و سوپاى ئێراقیش ئەو توانایەى نییە بە تەنیا بەرەنگارى داعش ببێتەوە، بۆیە ئەرکە قوورسەکە دەکەوێتە سەرشانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان. کەواتە خاڵێکى دیکەى گرنگى ستراتیژى بەرەنگاربوونەوەى داعش هاوکاریى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پڕچەککردنى هێزى پێشمەرگە و مەشقپێکردنییەتى تا بتوانێ زەبرى کوشندە لە هێزەکانى داعش بدات. بەرپرسانى باڵاى ویلایەتە یەکگرتووەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕێگرتن لە جیهادییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پەیوەندیکردن بە دەوڵەتى ئیسلامى و ڕیسواکردنى ئایدیۆلۆجیە دڕندانەکەیان و لاوازکردنى تۆڕەکانى پەیوەندى و گەیاندنى ڕێکخراوەکە تێهەڵکێشى ئەو پلانە ستراتیژییە فرەلایەنە دەکرێ. ئەگەر توانرا ئەم خاڵانە لە چوارچێوەى ستراتیژییەکەدا یەکبخرێن، ئەوا ڕەنگە بەدەستهێنانى ڕەزامەندى کۆنگرێس کارێکى زەحمەت نەبێ. ئەوەى گرنگە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەگشتى سوورن لەسەر لەناوبردنى ئەو هەڕەشە گەورەیەى داعش درووستیکردووە و ناشیشارنەوە کە ڕەنگە ئەم جەنگە جەنگێکى کوورت نەبێ. پێدەچێ جگە لە پشتگیریى ناتۆ، ویلایەتە یەکگرتووەکان (کە ئەم مانگە سەرۆکى ئەنجوومەنى ئاساییشى نەتەوە یەکگرتووەکانە) هەوڵى دەرکردنى بڕیارێکى دیکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات و ڕەوایى زیاترى نێودەوڵەتى بداتە جەنگە نێودەوڵەتییەکە دژى داعش.
بە پێچەوانەى هەوڵەکانى پێشووترى ئیدارەى ئەمەریکى بۆ درووستکردنى هاوپەیمانییەکى فراوان لە جەنگى دژەتیرۆردا، ئەم جارە نەک هیچ هەڵوێستێکى ناڕازى بەرانبەر بە هەوڵەکانى ئەمەریکا بەدیناکرێ، بەڵکوو هیچ دەنگێکى ناڕازى جددیش نابیسترێ. ئەم جارە هەرێمى کوردستان بەشێکى گرنگى ئەو هاوپەیمانییەیە و بگرە لە چەقى هاوپەیمانییەکەدایە و تەنیا هێزى سەربازیى کاریگەرە کە لەسەر زەوی شەڕى داعش بکات. بە پێچەوانەى هێرشى هاوپەیمانان بۆ سەر ئێراق لە ساڵى 1990 و هێرشى ساڵى 2003، لەم جەنگەیاندا هەرێمى کوردستان ڕۆڵى ناوەندى و گەورەى هەیە. لەساڵى 1990 دا، بەرەى کوردستانى تەنانەت پرسە گورگانەیەکیشى پێنەکرا و لە ساڵى 2003 شدا لەبەرئەوەى حکوومەتى تورکیا بەشدارى هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکەى نەکرد، ئیدارەى سەرۆک بوش ناچار بوو مامەڵە لەگەڵ حکوومەتى هەرێمى کوردستان بکات. بەرژەوەندى گەورەى کوردستانە کە ڕۆڵى چاوەڕێکراوى خۆى لەو جەنگە جیهانییەدا بە باشترین شێوە بگێڕێ، چونکە ئەگەر داعش و دەوڵەتەکەى هەڕەشە بن بۆ سەر ئاساییشى وڵاتانى بەشدار لەو هاوپەیمانییەدا، ئەوا داعش هەڕەشەیەکى جددییە بۆ سەر بوون و مانەوەى هەرێمى کوردستان. [1]