$یادی 41 ساڵەی شەهیدبوونی کاکە فەتاح$
#هۆشیار عەبدولڕەحمان سیوەیلی#
#18-11-2021#
هەمیشە سەرکردە، بە ئاست و شێوازی جیاواز ڕۆڵی گەورەی لە بوارە جیاوازەکانی ڕێڕەوی مێژوودا بینیوە، بەڵام لە بواری سەربازی و سیاسی و حکومڕانیدا سەرکردەی سەرکەوتوو دەبێت نموونە بێت لە هەموو ئەو خەسڵەتە باشانەی لە سەرکردەی سەرکەوتوودا هەیە، دەبێت گوفت و ڕەفتاری وەک یەک بن.
ئەوانەی لە نزیکەوە لەگەڵ شەهید فەتاح کاریانکردووە یان ناسیویانە ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە ئەو بۆخۆی نموونەی هەموو ئەو سیفات و خەسڵەتانە بوو کە دەیویست لە برا و هەڤاڵ و پێشمەرگە و سەرکردەکانی دیکەدا هەبن.
ئەو ئازا بوو، خۆڕاگر بوو، دڵسۆز بوو، کوردپەروەر بوو، دەستپاک و داوێنپاک بوو، ئەو مامۆستا بوو. ڕەنگە هەندێک کەس بە بڕیارێک و نوکەقەڵەمێک ببنە سەرۆک، بەڵام ڕەنگە نەبنە سەرکردەیەکی لێهاتوو. سەکردەی باش سەرۆکێکی باشە. مەرج نییە هەموو بەڕێوەبەرێک سەرکردە بێت، بەڵام هەموو سەرکردەیەکی باش بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووە. شەهید فەتاح پێشمەرگە و سەرکردە و مامۆستا و بەڕێوەبەر بوو.
ئەم سەرکردە و ڕێبەرە گەورەیە لە ڕۆژی #18-11-1980# لە شەڕێکدا لەگەڵ سوپای ئێراق لە ناوچەی حاجی ئۆمەران شەهیدبوو.
یەکێک لەو زاتانەی لە نزیکەوە شەهید فەتاحیان ناسیوە، شێرکۆ بێکەس، شاعیری گەورەی نەتەوەکەمان بووە. بەمشێوەیە باسی شەهید دەکات:
پیاوێکی کەڵەگەتی سپیکەلەی قژکاڵی چاوگەشی تەوێڵ پانی هەمیشە دەم بەخەنده، خەندەیەک کە وەک تیشکێکی هێمن چاڵێکی بچووکی ئەخستە خوار ڕوومەتییەوە و سیمای شیرینتر دەکرد. لە چنارێکی سپی ئەچوو، لە بڵێسەیەکی باڵابەرز، یان لە دار هەرمێیەک لە وەختی گوڵکردندا، یان لە قەڵبەزەیەکی کەف چڕین، کە لێی ورد ئەبوومەوه، وەک سواری نێو داستانەکان، وەک سیامەند ی عاشق، وەک فەرهادێ ببینم وابوو. لە ڕاوەستاندا بەحاڵ شانێکی خوارتر ڕادەگرت. لە ئاخاوتندا بەدەم و پلێکی شیرین و وتەی دانار دانارەوە بێ ئەوەی وشە لە وشەی بکەوێ یان لە ئاستێکدا گیربخوات، یان ڕستەیەک هەڵپڕوزێنێ، ئەدواو گوێگری حەیرانی خۆی ئەکرد. زیرەکانە لە زۆر بواری فیکریی و ڕۆشنبیریی ئەدا و، لە ئاشنا و ڕۆشنا هەرە نزیکەکانی شیعری جوانیش بوو. وەک گوڵە کێویی سادەبوو. وەک کانیی ڕوون بوو. وەک داربەڕوو بەهێزبوو، ئاغا یەتی لە ڕەچەڵەکی بنەماڵەکەی زیاتر شتێ نەبوو ئەو هەرگیز پشتی پێ ببەستێ، بەدرێژایی چەندین ساڵی هاوڕێیەتیم هەستم بە قۆقزیی ئەو ئاغایەتییە نەکردووە لە هەڵسوکەوت و ڕەوشتی کۆمەڵایەتیی ئەودا، هەر (فەتاح) ی ئەنووسی و هیچی دیکە، کوردایەتی ڕێگا و کوردایەتی ئامانج و کوردایەتی ڕووگەی ئەو بوو.
لە سەنگەرەکانی شۆڕشی ئەیلوولیشدا، لەنێو ئەو دارستانەدا، لەنێو چەندین سەرکردەی سیاسیی و سوپاییدا، بێ سێ و دووکردن دەڵێم: شەهید فەتاح لە زۆربەی هەرەزۆریان چرای عەقڵی گەشتر و ورە و زاتی بەتینوتاو تر و توانای ڕێبەریکردنی گەورەتر بوو. [1]