$پارتی لە حکومەتدا بووە کەمینە$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#30-03-2019#
کابینەی حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا لە 19 وەزارەت پێکدێت، تا ئێستا لە کابینەکانی پێشوودا پۆستی وەزارەتەکان بەسەر لایەنە بەشداربووەکان بە گوێرەی دەستکەوتی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی پەڕڵەمان نەبووە.
ئێستا لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمداین و ئەم کابینەیەش کە بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات ئەویش بەگوێرەی دەستکەوتی هەڵبژاردن نابێ و بگرە پارتی کە کابینە پێکدەهێنێت وەک براوەی هەڵبژاردن ، دەبێتە کەمینە، چۆن؟
پارتی لە دوای ڕووداوەکانی #23-06-2015# لە پەڕڵەمانی کوردستان و بەردەوام هەڕەشەی هەندێ حیزب لە کشانەوە لە حکومەت ، مەترسی لەدەستدانی نیسابی حکومی هەبوو.
حکومەت کە 19 وەزارەتە، 50+1ی حکومەت 11 وەزارەتە. هەموو هەوڵی پارتی ئەوەبوو لەم کابینەیەدا نیوە+1 لەگەڵ ئەو هاوپەیمانانە بێت کە قەت پشتی تێناکەن و تووشی موفاجەئە نەبێ! گرەنتی بکات. بەڵام پارتی سەرئەنجام لەپێناو سەقامگیری کوردستان، دەستبەرداری ئەو پلانەی بوو . چونکە یەکێتی و گۆڕان زۆر لە قەبارەی خۆیان و دەستکەوتی هەڵبژاردن زیاتریان پێدراوە .
سەرەتای گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت، لەنێو پارتیدا ڕایەک هەبوو کە دەبێ یەکەم جار لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێکبکەوین، ئینجا لەگەڵ #بزووتنەوەی گۆڕان#، بەڵام نەبوونی مەرجەع و ناوەندی بڕیاردان لەنێو یەکێتیدا و گۆڕانی ڕۆژانەی هەڵویستیان ، هەروەها گرێدانی چەندین دۆسیەی جیاوازی دیکەی بە پرسی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ، پارتی ناچارکرد پلانەکەی بگۆڕێت و یەکەمجار لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕێکبکەوێت . ڕێککەوتنەکە لەگەڵ گۆڕان لە #08-02-2019# واژۆکرا .
لە هەڵبژاردنەکانی #30-09-2018# یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزی دووەم دەرکەوت و 21 کورسییان بەدستهێنا، داوای شەش وەزارەتییان لە پارتی کرد، گۆڕانیش کە لە هەڵبژاردنەکاندا 12 کورسی بەدەستهێناوە، زۆر گونجاوتر و عاقڵانەتر لە یەکێتی مامەڵەی کرد و هەر زوو پشکی خۆیان مسۆگەرکرد و چوار وەزارەتیان بەدەستهێنا . یەکێتی دەڵێن گۆڕان لە مافی خۆی زیاتری پێدراوە و دەبووایە پارتی سێ وەزارەتی بدابووایە گۆڕان و ئێمەش ئەوکات داوای پێنج وەزارەتمان دەکرد، بەڵام کە گۆڕان چوار وەزارەتی هەیە دەبێ ئێمە شەش وەزارەت وەربگرین .
ئەگەر لێکدانەوەیەکی ماتماتیکی و ئاسان بکەین، دەردەکەوێت ، یەکێتی و گۆڕان دوو بەرانبەری دەستکەوتی هەڵبژاردن، پۆستیان پێدراوە.
لە کۆی 111 کورسی پەڕڵەمانی کوردستان، ئەگەر لێکدانەوەیەک بکەین دەردەکەوێت:
یەکێتی 21 کورسی هەیە کە دەکاتە 18.9%ی کورسییەکانی پەڕڵەمانی کوردستان، بەڵام لە 19 وەزارەتی حکومەت، شەش وەزارەتی بردووە کە دەکاتە 31.5%. واتە 12.6% لە قەبارەی خۆی زیاتری بردووە.
هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەڕڵەمانی کوردستان 12 کورسی هەیە کە دەکاتە 10.8%ی کورسییەکانی پەڕڵەمان، بەڵام لە حکومەتدا 4 وەزارەتی وەرگرتووە کە دەکاتە 21%ی کابینەی نۆیەم . گۆڕانیش 10.2% زیاتر لە قەبارەی خۆی وەرگرتووە.
بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمە و 45 کورسی پەڕڵەمانی کوردستانی هەیە، کە دەکاتە 40.54%ی کورسییەکانی پەڕڵەمان، لە کۆی ئەو 9 وەزارەتەی ماوە 7 وەزارەتی بەردەکەوێت ، وەزارەتێک بۆ کریستییانەکان و یەکێکیش بو سۆسیالیست، واتە 7 وەزارەت دەکاتە 36.8% لە کابینەی نۆیەم! (ئەوە ئەگەر لەگەڵ کۆمەڵ و ئەوانیدیکە ڕێکنەکەوێت) . تەنانەت ئەگەر پارتی هەشت وەزارەتیش وەربگرێت دەکاتە 42% ، ئەوەش هێشتا هەر لەو ڕێژەیە کەمترە کە لە هەڵبژاردندا بەدەستیهێناوە.
یەکێتی پێشتر وتی، دەبێ پارتی حیسابی جوگرافیا و هێز بۆ یەکێتی بکات؟ نەک کورسی پەڕڵەمانی، بەوشێوەیەش، یەکێتی و گۆڕان لەو سنوورەی پێیدەڵێن (سەوز و نیلی) و ئێستا ملەوەنتر بووە ، 10 وەزارەتیان بەرکەوتووە. کەچی سنووری دەسەڵاتی پارتی تەنیا 9 وەزارەتی بۆ ماوەتەوە!
ئەگەر یەکێتی بڵێ کاکە خۆ پارتی جگە لە سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی بەردەکەوێت . سەرۆکی حکومەت بۆیە پشکی پارتییە، چونکە هێزی یەکە و منەتی کەسی لەسەر نییە، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پارتی دەیگوت کاکە با لەنیو خەڵکدا بێ و کێ دەیەوێ با خۆی بەربژێر بکات، کە بەوە ڕازینەبوون، ئێستاش لەنێو پەڕڵەماندا دەبێ و ئەویش بە هەڵبژاردنە و کێ بیەوێ با خۆی بەرانبەر کاک #نێچیرڤان بارزانی# بەربژێربکات ، نەک دواتر بڵێن وەڵڵا پارتی دەستی بەسەر هەموو پۆستێکدا گرتووە.
ڕایەک هەیە دەڵێ، کاکە ئەگەر یەکێتی بیەوێ با پارتی تەواوی پشکی خۆیشی لەنێو حکومەتدا بداتە یەکێتی بەس بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەموو هەوڵێک بکات کە بیەوێ لێکترازان قوڵنەبێتەوە و دوو ئیدارەیی درووست نەبێت ، شتێکی نەخوازراوی نزیک لەوەی 16ی ئوکتۆبەر ڕوونەدات!
درووستبوونی ئەم وێنەیە لەسەر یەکێتی کە یەکجار زۆر خراپە، بەبێ بنەما نەبووە، ئەو ماوەیە لە گەرمەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتی ئەو حیزبە، بەردەوام هەڕەشەی دوو ئیدارەییان کردووەو بگرە وەک بە ئێمەیان گوتووە دیراسەتیشیان کردووە کە شیوازی دوو ئیدارییەکە چۆن چۆنی بێت .
درووستبوونی ئەو وێنەیە لەسەر حیزبێک کە شەهیدی داوە بۆ کوردستان و ناوەکەشی یەکێتی بێ و باسی دوو ئیدارەیی بکات ، قەت لەگەڵ سیاسەتی ئەو شەهیدانەدا نایێتەوە کە لەژێر سایەی یەکێتی و بۆ خاکی کورستان خۆیان بە کوشتداوە. ئینجا سوێندی پەڕڵەمانتاران و وەزیران و گەورەترەکانیش بەشێوەی یاسایی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستانە ، ئەوکات ئەوان سوێند بە چ دەخۆن ؟ ئەوەی نوقسانە لەو حیزبە عەقڵە گەورەکەیە کە #مام جەلال# بوو، کە ئێستاشی لەگەڵدابێ درووستنەبووە، ئینجا ماڵباتی تاڵەبانی چۆن هەڵسوکەوت دەکات ، ئەوە ڕۆژانی داهاتوو پێماندەڵێت .
بەهیوای ئەوەی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش دوای ئەو هەموو ململانێیە لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ململانێیەکی تووند بکەن بۆ درووستکردنی یەکڕیزی هێزە کوردستانییەکان لە کوردستان و بەغدا لەسەر پرسە ستراتیژییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتێکی باش بۆ ئەو خەڵکەی پێنج ساڵە لە قەیراندا تەحەمموولی هەموو شتێکیان کرد. [1]