$پڕۆژەکەی #بەرهەم ساڵح# دوو ئیدارەیی لە کوردستان زیندوودەکاتەوە$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#13-11-2019#
پڕۆژەیەکی ئامادەکراو، بەناوی سەرۆککۆماری ئێراق، پێشکەشی پەڕڵەمانی ئێراق کراوە، خاڵی ئیجابی باشی تێیدایە وەک ئەوەی ژمارەی ئەندامانی پەڕڵەمانی لە 329 ئەندام کراوە بە 222 ئەندام. واتە 32.5%ی کورسییەکان کەمکراوە، بەڵام سەرۆککۆمار پێشئەوەی ئەو پۆستەی هەبێ، لەبەرئەوەی کوردە بۆیە لەوێیە، دەبێ چۆن شیعەکان شەڕ بۆ بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن، سوننە چۆن شەڕ دەکەن پێگەیان لە دەسەڵات بەهێزبێ، ئەم بەڕێزە کە پۆستی سەرۆککۆماری هەیە دەبێ شەڕ بۆ مافی کورد بکات و لەرێگەی ئەو پۆستەوە شەڕ بۆ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.
#11-11-2019# پڕۆژە یاسای هەڵبژاردن لە ئێراق بەناوی سەرۆککۆمار ئاڕاستەی پەڕڵەمانی ئێراق کراوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت کە گوایە خوپیشاندەرەکانی باشوور و بەغدا داوادەکەن ئەم دەسەڵاتە لەنێو ببرێ کە سەرۆککۆماریش دەگرێتەوە!
یەک ماددەی ئەو پڕۆژە یاساییە، ئەگەر سەربگرێ بەسە بۆ درووستکردنی مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان ئەویش لەماددەی 11ی پڕۆژە یاساکەدا هاتووە کە بازنەی هەڵبژاردن بۆ پەڕڵەمانی ئێراق کە پێشتر لەسەر ئاستی پارێزگا بووە، ئێستا پێشنیازی کردووە لەسەر ئاستی قەزاکان بکرێت، ئەو ماددەیە گورزێکی کوشندە لە ئەزموون و قەوارەی هەرێمی کوردستان - ئێراق دەدات.
چۆن؟
ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی قەزاکان بێ، ئەوا هەرگیز هێزێکی وەکوو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگایەکی وەکوو #دهۆک# و موسڵ کە دەنگی کوردی تێیدایە ناتوانێ کورسی ببات، پارتیی دیموکراتی کوردستانیش هەرگیز لە پارێزگای #سلێمانی# کورسی نابات، چونکە ئەم دوو هێزە سەرەکییەی هەرێمی کوردستان دەتوانن لەو سێ پارێزگایە لەسەر ئاستی پارێزگا دەنگ کۆبکەنەوە و بەربژێر سەربخەن، بەڵام لەسەر ئاستی قەزاکان، قەت ناتوانن. نە پارتی لەسەر ئاستی هیچ قەزایەکی سنووری سلێمانی و #هەڵەبجە# ئەوەندە دەنگدەری هەیە بەربژێری سەربخات، نە یەکێتی لە قەزاکانی دهۆک و موسڵ دەتوانێ بەربژێرەکانی سەربخات.
ئەمەش وادەکات سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بۆ یەکێتی و ئیسلامییەکان و گۆڕان بێت، سنووری دهۆک و موسڵ تەنیا بۆ پارتی دەبێ. #هەولێر#یش جگە لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان بە هەردووکیان سێ کورسی زیاتر بەدەستناهێنن. بۆیە دەبێ هەموو هێزە کوردستانییەکان دژی ئەم هەنگاوەی بەڕێز سەرۆککۆماری ئێراق بن کە کوردە!
#کەرکووک#یش تەحسیل حاسلە پارتی دەتوانێ کورسی لەنێو دەنگی کوردەکان بەدەستبهێنێ، هەروەها یەکێتیش لە پارتی زیاتر دەنگی لە کەرکووک هەیە و کورسی زیاتر لە پارتی لەنێو دەنگی کورددا دەبات.
نابێ لە ڕێگەی ئێراقەوە و لە ڕێگەی کوردێک لە ئێراقەوە ڕێگەبدەین هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە ببێ بە دوو ئیدارەیی. ئەمە لەکاتێکدا نوێنەرانی کورد لە بەغدا کاریان ئەوەیە لەوێوە هەرێمی کوردستان بەهێزبکەن، نەک پارچە بکەن... [1]