$کۆنگرەی یەکێتی زیاد بوو$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#12-02-2020#
قسەی #مەلا بەختیار# ڕاستە کە دەڵێ یەکێتی کورسییەکیشی هەبێ هەر یەکێتییە. خۆ ئەگەر یەکێتی 100 کورسی پەڕڵەمانیشی هەبێ سنووری دەسەڵاتی هەر ئەوەندە دەبێ کە ئێستا هەیەتی. ڕەنگە یەکێتی تاسەر لەو ناوچەیە ئەو دەسەڵاتەی نەبێ کە هەیەتی. بێگومان ئەمە بۆ پارتیش وایە. واتە کورسیی پەڕڵەمانی مەرجی سەپاندنی دەسەڵات نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کێ زیاتر خزمەتی هاونیشتمانییان دەکات، دەنگدەر و متمانەی زیاتر بەدەستدێنێ، بەڵام جوگرافیای زیاتر بەدەستناهێنێ. لێرە لە هەرێمی کوردستان وایە!
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ەوە پارتی و یەکێتی، شەریکی باشی و خراپییەکانی ئەم هەرێمەن. چەند جار لە ئاستی هەرە باڵای حیزبی خۆم بیستووە کە پارتی لەگەڵ یەکێتییەکی بەهێزدایە، چونکە هەرکاتێک شەریکی ئێمە لاوازبێ، بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لاسەنگیی تێدەکەوێت. پارتی زیاتر بۆ خاتری چاوی ڕەشی کوردستانە دەیەوێ یەکێتی بەهێزبێ، نەک بۆ خاتری چاوە سەوزەکەی یەکێتی! بێگومان ئەوەش باشە.
یەکێتی لەنێوەڕاستی ساڵی 2010 سێیەمین کۆنگرەی خۆی گرێدا، ئەوکات کۆنگرە بۆ حیزبێکی وەک یەکێتی کە سێ ساڵ بوو #بزووتنەوەی گۆڕان# لەنێو هەناوی یەکێتیدا درووستبووبوو، یەکێتی خۆی کۆکردەوە. دوای 10 ساڵ کۆنگرەی چوارەمی گرێدا. کۆنگرەی سێیەم حەتمییەتی خۆی هەبوو، بەڵام کۆنگرەی چوارەم وەک خۆیان دەڵێن، بۆ حیزبەکەی مام! ڕەنگە سەرئێشەیەکی گەورەبێ. ئینجا بۆ پارتی و دواتر بۆ هەموو هەرێمی کوردستان.
یەکلانەکردنەوەی کەسی یەکەمی نێو یەکێتی لەنێو کۆنگرەدا، بڕیارێکی ژیرانە نەبوو، ئێستاش کێشە هەیە کە کێ ئەو پۆستە وەردەگرێت؟ یەکلایینەکردنەوەی ئەو پۆستە، تەنیا پەیوەندیی بە ناوخۆی یەکێتییەوە نییە، ئەی حیزبەکان و دامەزراوە فەرمییەکان لەگەڵ کێ قسە بکەن؟ وتار و قسەی کۆتایی یەکێتی لە کێ وەربگرن؟
بینیمان لە سەرهەڵدانی کێشەی غازدا، چ کێشمەکێشێک درووستبوو، وتیان پارتی نەوتی #هەولێر# و دهۆک دەبات، بە قسەی خۆیان دەیانگوت: ڕێگە نادەین پارتی غازی #سلێمانی# ببات. ئەم قسەیە لەئاست پێگەی حیزبێکی وەک یەکێتی کە خۆی بە شەریکی هەرێمی کوردستان دەزانێ، گونجاو نییە. دەبووایە بەیاننامەیەک دەرچووبا و تێیدا گوترابا ئەمە گوزارشت لە هەڵوێستی حیزبێکی وەک یەکێتی ناکات.
پارتی بۆیە جیاوازە، هەمیشە کوردستانییانە بیردەکاتەوە، چۆن نەوتی #زاخۆ# و هەولێر دەفرۆشێت و مووچەی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانی پێ دەدات، ئاوهاش خەڵکی ئاکرێ، #ئامێدی#، دهۆک، زاخۆ، هەولێر، #پێنجوێن# و سلێمانیش مافیان هەیە غازەکەی کۆرمۆر بەکاربێنن. هیچ ڕۆژێک حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی لەدەست پارتیدایە، نەیگوتووە مانگانە 374 ملیار دینار تەنیا بۆ مووچەی ئیدارەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەنێرم و نایدەم، چونکە غازیان لەسەر هەولێری و دهۆکییەکان بڕیوە. یەکێتی و هەرێمی کوردستان پێویستی بە عەقڵی ژیرەکانی نێو یەکێتییە کە قسە و بڕیاری کۆتایی ئەوان بیدەن.
ئاگاداری هەموو هەوڵەکانی بەڕێز #قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی غاز، ویستی بۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەت، ئەنجوومەنی وەزیران، پارتی و هەموو خەڵکێکی پێشانبدات کە دەتوانێ کێشەیەکی بەو شێوەیە کە هەندێ کەس ڕێگرن لە چارەسەرکردنی، چارەسەر بکات، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆ نەبینرا.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی لە کابینەی هەشتەم جێگری سەرۆکی حکومەت بووە و پێشتریش سەرۆکی فەرمانگەی بەدواداچوونی بڕیارەکانی حکومەت بووە، ڕەنگە ئەگەر حیزبەکەی زیاتر ڕێگە و دەسەڵاتی پێبدات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چ لەسەر ئاستی حکومەت بێ یان ئەوەتا کێشەیەکی حیزبی لەنێو حکومەتدا ئاسانتر لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەت کە یەکێتییە چارەسەربکرێت، نەک کەسێکی سەربازی خۆی بەناوی یەکێتییەوە بکاتە ساحێب. ئەوکات کێشەکانی یەکێتی لەنێو حکومەت لەگەڵ پارتی ڕەنگە ئاسانتر چارەسەر بکرێن.
بابێینە سەر ناونیشانی ئەم وتارە کە بریتییە لە کۆنگرەی یەکێتی زیاد بوو. یەکێتی پێش کۆنگرە هەیکەلی ئیداریی خۆی هەبوو، پەیوەندییەکانی، ڕێکخستنەکانی و ...هتد، هەمووی هەبوون، کەسی یەکەمی نێو یەکێتیش هەبوو کە دوای #مام جەلال#، کاک کۆسرەت ڕەسوول شوێنەکەی گرتبوو، بگرە یەکێتی قسەی کۆتایی خۆی هەبوو، یەک کێشەی هەبوو ئەویش هەردوو بەڕێزان (کاک بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی) کە بە ناوی یەکێتی قسەیان دەکرد و کۆبوونەوەیان دەکرد و هەڕەشە و ڕێککەوتن و...هتدیان دەکرد. تەنیا دەسەڵاتیان بەو دوو بەڕێزە بدابووایە کە لەجیاتی بەناوی هەموو یەکێتی قسە و ڕێککەوتن بکەن، ئەوکات لە مەکتەبی سیاسی شەریکی بڕیارەکان دەبوون. خۆ ئەگەر بڵێن لە کۆنگرەی سێیەم نەبووبوونە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، ئەوە ڕاستە، بەڵام کەسانی دیکەش هەبوون لە کۆنگرەوە نەبووبوونە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. [1]