$مەترسیدارترین کۆبوونەوە لە بەغدا$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#28-12-2020#
شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی #قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ماوەی 15 رۆژ لە بەغدابوون بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای قەرز کە پەڕڵەمانی ئێراق پەسندی کرد بۆ سێ مانگ (10، 11، 12) و یاسای بودجەی 2021.
قوباد تاڵەبانی لە #28-12-2020# لە بەردەم سەرۆکایەتیی پەڕڵەمان و فراکسیۆنەکان و لیژنەی یاسایی و دارایی و سامانە سرووشتییەکان، هەموو وردەکارییەکانی ئەو دانووستاندنەی لە بەغدا کردوویانە لەسەر مافی هەرێمی کوردستان لەڕووی داراییەوە باسکرد. تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا زۆر بە ڕوون و ئاشکرا لە بەردەم هەڵبژێردراوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دا گوتی ماڵی کوردستانی درووست نەکەین، شتێک نامینێت بە ناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان!
لەم نووسینەدا بەشێک لەنێوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە کە لە هۆڵی پرۆتۆکۆلی پەڕڵەمانی کوردستان ئەنجامدراو نزیکەی پێنج کاژێری خایاند، سەرۆکی شاندی دانووستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم بابەتانەی باسکرد کە تێڕوانینی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان چۆن گۆڕاوە و چۆن سەیری قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چییان گوت؟ ئەی لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەڕڵەمانی ئێراق چ گوترا و لەوێ چ زەنگێکی مەترسیدار بەر گوێی کاک قوباد و هاوەڵەکانی درا؟ ئەوەی لێرە دەینووسم دە لە سەتی قسەکانی شاندی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا.
پێش چوونی شاندی کوردستان بۆ بەغدا چ هەبوو؟
سەرەتای کۆبوونەوەکە قوباد تاڵەبانی وەک بەرچاوڕوونییەک بۆ ئەندامانی پەڕڵەمان ڕوونیکردەوە کە چ وایکرد بچنە بەغدا. چیرۆکی دانووستاندن لەگەڵ بەغدا لە #16-07-2019# دەستی پێ کرد، کاتێک دوای وەرگرتنی متمانە لە پەڕڵەمانی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەندە، سەردانی هیچ پایتەختێکی دیکەمان نەکرد، سەردانی ئەنقەرە، واشنتن، تاران و ئەوروپامان نەکرد، بەڵکوو سەردانی بەغدامان کرد. ویستمان نیازپاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشانبدەین. داوای کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێمان کرد و گوتمان بەغدا قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە.
لە #23-11-2019# ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر بودجەی 2020 کرا، کە ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بەداخەوە لە 2020 یاسای بودجە لە ئێراق دەرنەچوو.
بەغدا لە 2020 بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی، مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد، سێ مانگی یەکەم بەگوێرەی خەرجییەکانی 2019، مانگانە 453 ملیار دینار نێردرا، دواتر حکومەتی عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشایەوە و مستەفا کازمی حکومەتی پێکهێنا، لە مانگی نیسان بەشی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا، لە مانگی پێنج بەشی هەرێمی کوردستان کرایە 400 ملیار دینار بۆ مانگی چوار. لە مانگی 5، 6، 7 حکومەتی ئێراق هیچ پارەیەکی نەنارد، لە مانگی هەشت ڕێککەوتنێکی نوێ کرا ناوی لێنرا ڕێککەوتنی (حکومی- حکومی) لەو ڕێککەوتنەدا بەڕوونی هاتووە کە تاوەکوو بودجەی داهاتووی ئێراق، مانگانە 320 ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان بدرێت، ئەویش دوو مانگ درا، ئیدی یاسای قەرز لە پەڕڵەمانی ئێراق دەرچوو، ڕێککەوتنی پێش خۆی لەنێوان #هەولێر# و بەغدا ڕاگرت.
کازمی داوای کرد سەردانی بەغدا بکەین و ڕۆیشتین، لەو سەردانەدا، یەک مەبەستی سەرەکی هەبوو، ئەویش مافی خەڵکی خۆمان و چۆنییەتی جێبەجێکردنی یاسای قەرز بوو. بەڵام لە یەکەم کۆبوونەوەدا، وەزیری دارایی ئێراق چاوەڕێ نەبوو، ئێمە پابەندبوونی خۆمان بەرانبەر بە جێبەجێکردنی یاسای قەرز پێشانبدەین، ئەوان هەر ویستییان باسی بودجەی 2021 بکەین، تەنانەت دواتر وەزیری دارایی ئاماژەی بە ئێمە دا کە باسی یاسای قەرز نەکەین و لەسەر بودجەی 2021 گفتوگۆ بکەین.
$کازمی تووڕەبوو$
لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەم کرد و دواتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئێراق کۆبووینەوە کازمی لەو کۆبوونەوەیە داوای کرد کە بە ژمارە بڵێین مافی هەرێمی کوردستان چەندە؟ گوتیان 40 ملیار دینارە، کردمانە گاڵتە گوتم ئایا 40 ملیار دینار زۆر نییە؟ دواتر گوتیان 160 ملیار دینارە و دواتر گوتیان بە گوێرەی هەندێک لێکدانەوەی حیسابی مافی هەرێمی کوردستان 320 ملیار دینارە. لەو کۆبوونەوەیە نەگەیشتنە ژمارەی کۆتایی وەک مافی هەرێمی کوردستان، بەڕێز کازمی داوای کرد ڕۆژی دواتر وەڵامی کۆتایی شاندی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە، ڕۆژی دواتر کۆبووینەوە و گوتمان بە گوێرەی یاسایی ئیدارەی دارایی، مادام لە 2020 یاسای بودجە نییە، دەبێ لەسەر بودجەی 2019 مافی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت کە چەندە، کە لێکیاندایەوە مافی ئێمە لە 320 ملیار دینار زیاتر بوو، ئەوان هاتن لێکدانەوەیەکی جیاوازیان کرد و گوتیان هەرێمی کوردستان نەک مافی نییە بگرە یەک ملیار دۆلاریش قەرزدارە! کاک قوباد لەو ڕوونکردنەوانەدا گوتی هەستمانکرد بڕیارێکی سیاسی لە پشت قسەکانیان هەبوو و بابەتەکە بە سیاسی کرا.
دوای ئەو کۆبوونەوەیە کازمی داوای کرد سەردانی بکەین، چووینە لای کازمی، زۆرزۆر تووڕەبوو لە تیمەکەی و گوتی مەعقولە شاندی هەرێمی کوردستان 10 ڕۆژە لێرەیە و هیچ ئەنجامێک نەبووە، لەوسەر بەڕێزێک گوتی (#ماکۆ# سیولە) واتە پارەی کاش نییە بیدەینە هەرێمی کوردستان، کازمی گوتی ئەی بۆ لەسەرەتاوە بە شاندی هەرێمی کوردستان نەگوترا کە پارە نییە، وەزیری دارایی ئێراق وەڵامی کازمی دایەوە و گوتی (سیولە هەیە) پارە هەیە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ئەوە قبووڵ نییە پارە بدەینە هەرێمی کوردستان، کێشەکە لای ئێمەیە وەک بەغدا نەک هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەی پەڕڵەمانی ئێراق مەترسیداربوو
سەردانی پەڕڵەمانی ئێراقمان کرد لەوێ هەڕەشە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کرا و لەوێ قسەی زۆر کرا، موزایەدە هەبوو، هەڕەشەیش هەبوو لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەوەی تێبینیمان کرد، زەنگێک بوو بۆ هەرێمی کوردستان و ئاییندەی هەرێمی کوردستان، زۆر بە ڕاشکاوانە گوتیان، بابەتەکە نەوت، داهات، گومرک و بابەتی سیادییە و نابێ لەدەست حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە، پەشیمانبوونەوەیەکی زۆر هەبوو لەسەر دەستووری ئێراق کە لەو دەستوورەدا ماف دراوەتە هەرێمی کوردستان. ئەوانەی قسەی باشیان دەکرد زۆر کەم بوون. زۆر بە ڕاشکاوانە بە ئێمەیان گوت: ئەو ڕۆژە ڕۆیشت کە بە داهاتی خۆتان تەحەدای یەک پارچەیی ئێراقتان کرد، بەڕاستی ئەم جارە لەڕووی قسەکردن و هەڵسۆکەوتیان لەگەڵ کورد هەستێکی زۆر جیاوازم بینی، ئەوەی ئەم جارە لە بەغدام بینی هەرگیز پێشتر وانەبووەو پێشتر ئەو قسانەمان لەسەر هەرێمی کوردستان لێ نەدەبیستن. ئەوانەی دەیانەوێ دەسەڵات بگرنە دەست، نایانەوێ هەرێمی کوردسان ئەو دەسەڵاتانەی هەبێ کە لەنێو دەستووری ئێراقدا بۆی دیاریکراون. لە ئێراق چینێکی سیاسی درووستبووە کە چیدیکە بە گوێی چینی کۆن ناکەن.
لەبەر کورد ئێراق داوای نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد
ئێمە لەسەر بودجەی 2021 ڕێککەوتین کە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و ئەوان بیفرۆشن، ئەوەی دەمێنێتەوە 180 هەزار بەرمیلە کە دەبێتە دەستحەقی کۆمپانیاکان.
سەرۆک فراکسیۆنەکان و ئەندامانی پەڕڵەمان پرسیاریان کرد، کاک قوباد گوتی، شەش لاپەڕە لە پرسیاری ئێوەم نووسیوە. وەڵامی پرسیارەکان درایەوە کە نەوتی کوردستان 250 هەزار بەرمیل ڕادەستی سۆمۆ دەکرێ و لەوبارەیەوە بڕیاری کۆتایی لێدراوە. ئەوەی دەمەوێ بڵێم، ئێراق خۆی داوای نەوتی هەرێمی کوردستانی نەکرد، بەڵام ئەوەندە لەنێو هەرێمی کوردستان و کورد گوتیان دەبێ نەوت ڕادەست بکرێت، بووە ڕاست و ئێراقیش گوتی وەریدەگرم.
هەندێ ئەندامی پەڕڵەمان پرسیاریان کرد، کە وەک نیازپاکی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 20 بۆ 30 هەزار بەرمیل ڕادەستی بەغدا بکات تاوەکوو دەست دەکرێت بە یاسای بودجەی 2021، کاک قوباد گوتی ئاخر لە ئێراق یەک کەس داوای لە ئێمە نەکردووە نەوت ڕادەستی ئەوان بکەین، کە ئەوان داوا نەکەن من چۆن لە خۆمەوە ڕادەستیان بکەم!
دوای خۆپێشاندانەکانی پارێزگای #سلێمانی# کە لەوکاتەدا شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو، بەرپرس هەبوو لە کوردستان دەیوت دەبێ دۆسیەی شکستخواردووی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت. لە وەڵامی پرسیاری ئەندامانی پەڕڵەمان، قوباد تاڵەبانی گوتی کەس لە بەغدا نەک داوای ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی نەکرد، بەڵکوو کەس داوای ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانیشی نەکرد، تەنیا کورد ئەو داوایە دەکات.
$داوای داهاتی بەسرەمان نەکردووە$
ئێمە لەسەر بودجەی 2021 ڕێککەوتووین، بەڵام لە ئێراق هیچ شتێک گرەنتی نییە، ئەوەی لەسەر ئێمە دەکەوێت، وەک خۆی جێبەجێی بکەین، ئەگەر ئێراق نەهاتە پێش یان کێشەی درووستکرد، وەڵامی ڕوونمان هەبێ بۆ خەڵک و بڵێین خەتای کێیە. زۆر بە ئاشکرا گوتمان، ئێمە نەهاتووین داوای پارەی بەسراتان لێبکەین، هاتووین داوای مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین. هەروەها بە بەغدامان وت ئەگەر کێشەکانی بەسرا و ناسریە و شارەکانی ئێراق بە 320 ملیار دیناری هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن، با بۆ ئێوە بێت.
ئێستا پڕۆژەی بودجەی 2021 ئامادەیە، بەڵام ئەگەر لە پەڕڵەمان پشکی هەرێمی کوردستان دەستکاری کرا، ئەوا خۆمان بۆی ئامادە دەکەین و ئەوکات ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت.
$قەوارەی هەرێمی کوردستان لەنێو دەچێت$
لە ئێراق ماڵی شیعە هەیە و دەبێ لە هەرێمی کوردستان ماڵی کوردستانی درووستبکەین، بەهێزبین لە بەغدا، بۆ بەرگری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان، نابێ بەغدا بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەجێبهێڵدرێت کە خۆیان تەبا نین.
ئەوەی لە بەغدا بینیم، پێتان دەڵێم ئەگەر بەم پەرت و بڵاویە بمێنینەوە، شتێک نامینێت بەناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان. بۆیە بەڕاشکاوانە لێرە دەڵێم کە یەکڕیزی لەنێو ماڵی کوردی نییە ودڵنیاتان دەکەمەوە، دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەگەر لەسەر شتە ستراتیژیەکان ڕێککنەکەوین، ئەم هەرێمە لەدەست هەموومان دەچێت.
$ئێران لە وڵاتانی دیکە کاریگەرتر$
کاتێک لە بەغدا بووین بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکانمان کرد بۆ ئەوەی یارمەتیی شاندی هەرێمی کوردستان بدەن، لەوانە سەردانی بەڕێز باڵیۆزی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا و ئێرانمان کرد، دواتر کە کۆبوونەوەمان دەکرد، هەستمان دەکرد دوای ئەوەی باڵیۆزی ئێران تەلەفۆنی ئەو لایەنانە کردووە، گۆڕانکاری بەسەریاندا هاتووە.
لێتان ناشارمەوە ئەمە ئێراقە، ئێمە دۆسیەی خۆمان ڕادەستی ئەڵمانیا ناکەین، ڕادەستی ئێراقی دەکەین کە لەڕووی داراییەوە دۆخی زۆر خراپە ، ڕەنگە لە 2021 دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان لە ئێراق باشتر بێت، بەڵام دەبێ دەست بە چاکسازی بکەین و ئەو دەرگایانە دابخەین کە بۆ دزیکردن بەکاردەهێنرێن. بۆیە دەبێ بەغدا قوڵایی ستراتیژی ئێمە بێت و چارەسەریش لە هەرێمی کوردستان بێت.[1]