$بۆچی #نێچیرڤان بارزانی# گرنگی بە یەکڕیزی دەدات؟$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#12-05-2021#
قوورسترین سەردەم لە هەرێمی کوردستان، یەکگرتنەوەی هەردوو حکومەتی #هەولێر# و #سلێمانی# بوون لە کابینەی پێنجەم، قۆناخی دوای شەڕی ناوخۆ بوو، نەبوونی متمانە و کارکردن لەسەر بنەمای گومان لەنێوان پارتی و یەکێتی لەوپەڕیدابوو. نێچیرڤان بارزانی، هەر زوو درکی بەوەکرد، ئەگەر بە یەکڕیزی نەبێت، ئەنجامێکی ئەوتۆ لەنێو دەستی خۆتدا نابینی.
بەڕەحمەت بێ #مام جەلال# هەر زوو تێگەیشت کە ئەو کارەی لەسەر یەکڕیزی دەکرێت لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، کارێکی گەورەبوو، بۆیەش دوو ساڵی پشکی یەکێتی لەو کابینەیەدا هەر بۆ ئەو بەجێهێشت. کاتێک کابینەی شەشەم درووستبوو، بەڕێز د.#بەرهەم ساڵح# کرا بە سەرۆکوەزیران، یەکێتی زۆر پەلەتر بوو لە پارتی، کابینەکە دیسان ڕادەستی نێچیرڤان بارزانی بکرێتەوە.
لە سەردەمی حوکمڕانی کوردستانییەوە لە دوای ڕاپەڕینی 1991، پارتی و یەکێتی کە دوو هێزی سەرەکیی ئەم هەرێمەن، دوو ئەزموونیان هەبوو، یەکەم: شەڕی ناوخۆ. دووەم: ڕیککەوتنی ستراتیژی نێوان جەنابی سەرۆک بارزانی و مام جەلال، لە ئەنجامدا ئاشتەوایی پەیدابوو، ئەو ڕێککەوتنە خێری بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی بەدەستهێنا.
ئێمە ئێستا لەنێوان ئەو دوو ئەزموونەداین، کامەیان دەستکەوتی هەبوو بۆ هەرێمی کوردستان؟
لەم قۆناخەدا ئەو یەکڕیزییە لەوکاتیش گرنگترە، چونکە ئێراقی ئەوکات و ئێستا جیاوازە، یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بەتایبەت (پارتی و یەکێتی) پێویستییەکی (حەتمییە) .
هەبوونی ناکۆکی و دووبەرەکی وایکرد، وەک دوا نموونە کە هەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەی بەرکەوت، یاسای دادگەی فیدڕال بوو، لەبەر پەرتەوازەیی لایەنە کوردستانییەکان (پارتی ویەکێتی) ، لایەنێک لەگەڵ لایەنە شیعەکان ڕێککەوت و دەرئەنجام، ناوی هەرێمی کوردستان و پێدانی دەسەڵات بە هەرێمی کوردستان لە یاساکە دەرهێنرا.
یەکڕیزی واتای ئەوە ناگەیێنێت کە دەبێ هەموو لایەنەکان ببنە یەک حیزب، دەبێ ڕکابەری هەر بمێنێت کە پێویستە بۆ پێشکەوتنی ئەم هەرێمە، بەڵام ناکرێ وەک دوژمن سەیری یەکدی بکەین. ئەوە تەبایی و یەکڕیزییە داهاتوو و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ئێراقی فیدڕال تاڕادەیەکی زۆر مسۆگەر دەکات. ئەگەرنا لاواز و لاوازتر دەبین. لەجیاتی ئەوەی خاوەن بڕیاربین لە بەغدا، دەبینە پاشکۆی ئەم بلۆک و ئەو بلۆکەی شیعەکان.
نێچیرڤان بارزانی، پێش ئەوەی لە مانگی نیسانی ئەمساڵ -2021- سەردانی بەغدا بکات، لایەنە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆکردەوە، باسی دوو قۆناخی کرد.
یەکەم: باسی ئەنجامی سەردانەکەی بۆ فەرەنسا بوو. دووەم: سەردانی بەغدا دەکات و پەیامی هەموو هەرێمی کوردستانی لەگەڵ دەبێت.
هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی مافە دەستووری و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، تەنانەت لەسەر ئاستی دەرەوەش، بەڵام دەسەڵاتەکانی بەکارنەهێنا و پێش ئەوەی ڕووبکاتە بەغدا، لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی بەبێ (ئیحراجی) لە جێگەیەک کۆکردەوە و پێکەوە بیریان لە ئاییندەی کوردستان کردەوە و بەیەک پەیامی کوردستانی چووە بەغدا.
بۆیە پرسیار ئەوەیە، ئەگەر تەبایی و یەکڕیزی لەنێو لایەنە کوردستانییەکان بەدینەهێنرێت، چ دەبێت؟ ئەوکات بەرەو کوێ دەچین؟ ئاشتەوایی باشترە یان لەتبوون و دابەشبوون لەبەر چاوی نەیارەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا؟ ئەوە باشترە کە بڵێن ئەمە پشکی کوردستانە یان پشکی فڵان حیزبی کوردستانییە؟
هەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی پەڕڵەمانی ئێراق گرنگە، تەنیا کاریگەریی لەسەر ئێراق نییە، لەسەر هەرێمی کوردستانیشی هەیە، دەبێ بزانین هاوبەشی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کێیە و پاڵپشتی کێ بکرێت؟ ئەمە تەنیا بە یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەکرێت.
خاڵی هاوبەش لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان زۆرن بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان. قوورسترین ئاستەنگ لە بەردەم پڕۆسەی ئاشتەوایی بە ڕاشکاوانە دەبێ بگوترێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. دەبێ خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئایا لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتە یان ئۆپۆزیسیۆنە؟ چونکە ئۆپۆزیسیۆنبوونی یەکێتی لە بەرژەوەندیی خۆی و هەرێمی کوردستان و ئینجا پارتیدا نییە، تاوەکوو ئێستا یەکێتی نەیتوانیوە ئەمە لەنێوخۆی خۆیدا یەکلایی بکاتەوە.
نیچیرڤان بارزانی لەو سەردانانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە هەولێر و سلێمانی کردی، وەک ڕیسێرچێکی مەیدانی بوو، بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو، ئێستا بەرچاوڕوونی باشی هەیە کە دەبێ هەنگاوی داهاتوو چی بێت. چ لەسەر ئاستی ئێراق و بەتایبەت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
ئەوەی ڕوونە و داوای زۆربەی هاونیشتمانییان و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، تەباییە نێوان لایەنە سیاسییەکانە، هیچ بژاردەیەکی دیکە جگە لە ئاشتەوایی لە بەردەم سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا نییە کە ئەرکێکی زۆر قوورسە.
بۆیە دەبێ بنەمای نەرم لەناوخۆ، بەهێز لەدەرەوە بەکاربهێنرێت. چونکە ئێمە چەند بەهێز بین، دوژمنەکانی ئێمەش بۆ ئێمە خۆیان ئەوەندە بەهێز دەکەن.
قسەیەک هەیە دەڵێت: ئەگەر ئاشتی و سەقامگیری لەدەستبدەین، ڕووناکی لەدەستدەدەین، ئەگەر ڕووناکی لەدەستبدەین، پێش خۆمان نابینین. [1]