$سوپرایزی نوێی پارتی$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#28-10-2021#
گرەوی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لە خولی پێنجەم ڕەنگە دوابکەوێت، لەبەر چەند هۆکارێکی هۆنەری، یاسایی و سیاسی.
دەبێ هەیکەلی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، کە وادەکەی تەواوبووەو دەبێت بەگوێرەی مافی لایەنەکانی نێو پەڕڵەمان دابندرێت. پارتی ئەم جارە لە 9 کۆمسیاری نێو ئەنجوومەنەکە بەگوێرەی 45 کورسی پەڕڵەمان، داوای پشکی خۆی دەکات، لایەنەکانی دیکەش ئەو مافەیان هەیە بەگوێرەی کورسییەکانی نێو پەڕڵەمان داوای مافی خۆیان بکەن. هەروەها یاسای هەڵبژاردن کە ڕەنگە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، بۆ هەر هەڵبژاردنێک کۆمیسیۆن لانی کەم پێویستی بە شەش مانگە، وەک خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکان. واتە دەبێ تاوەکوو مانگی ئاداری داهاتوو، کۆمیسیۆنی نوێی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دامەزرابێت، حکومەت بودجەی هەڵبژاردنی گەرەنتیکردبێت. دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکات.
ئەوەی من ئاگادارم لە بڕیاری سیاسی حیزبکەم (#پارتی دیموکراتی کوردستان#) لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت و، نابێت هیچ بیانوویەکی سیاسی ببێتە ڕێگر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەڕڵەمانی کوردستان. کە ئەگەر بە ڕێکارە ئاساییەکانی خۆیدا بڕوات، دەبێ لە مانگی ئەیلوولی 2022دا بکرێت.
پارتی لە خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی کوردستان 45 کورسی پەڕڵەمانی بەدەستهێنا. ئێستاش ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراق کە لە #10-10-2021# ئەنجامدرا، بەگوێرەی دەنگەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بێت، پارتی بۆ پەڕڵەمانی کوردستان 47 کورسی بەدەستدەهێنێت و ڕەنگە زیاتریش بێت. واتە پارتی قەت دوودڵ نییە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و بگرە پاڵپشتی سەرسەختی ئەوە دەبێت.
هەر بەگویرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراق، کێبڕکێیەکی تووند لەنێوان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و نەوەی نوێدا درووستدەبێت کە کێ هێزی دووەم دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
دەنگی هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان، #هەولێر#، #سلێمانی# و #هەڵەبجە# لە هەڵبژاردنی ئێراق بە یەک پارێزگا هەژمارکراوە، پارێزگای #دهۆک#، ملیۆنێک و 232 هەزار و 897 دەنگ بووە (1232897) کەس دەنگیان داوە.
لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان دا کۆی دەنگەکانی هەموو لایەنەکان کە بەشداربوونە و سەرکەوتوون کۆدەکرێتەوە و دابەشی 100 کورسی پەڕڵەمانی دەکرێت، ئینجا نرخی هەر کورسییەک دەردەکەوێت، ئەمە جگە لە 11 کورسی کۆتاکان.
واتە1232897 ÷ 100= 12328 دەنگ نرخی هەر کورسییەک دەبێت.
ئەمەی خوارەوە دەنگی لایەنە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستانە جگە لە دەنگەکانیان لە #کەرکووک#، موسڵ و ناوچەکانی دیکەی ئێراق.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان
579670 (دەنگی پارتی) / 12328 (نرخی کورسییەکی پەڕڵەمانی کوردستان) = 47 کورسی
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
236807 (دەنگی یەکێتی) / 12328 = 19 کورسی
نەوەی نوێ
204855 / 12328 = 17 کورسی
کۆمەڵی دادگەری
64156 / 12328 = 5 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامی
105493 / 12328 = 9 کورسی
ئەوانیدیکە
35321 / 12328 = 3 کورسی
ئەگەر لەو ژمارانە وردببینەوە، جگە لە پارتی کە دەنگەکانییان هەمووی دەنگی خۆیەتی، لایەنەکانی دیکە ڕەنگە تووشی گرفتێکی گەورەببن بۆ هەژمارکردنی دەنگەکانیان، چۆن؟
یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانییان هەبووە بەناوی (هاوپەیمانیی کوردستان) و دەنگەکانیان تێکەڵ بووە و ئەمەش وایکرد کە #بزووتنەوەی گۆڕان# هیچ کورسییەکی پەڕڵەمانی ئێراق بەدەستنەهێنێت، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسی بەدەستهێنا.
#یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان#یش ڕەنگە تووشی شۆکێکی گەورەببێت، چونکە لە دهۆک، دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان و ڕەنگە دەنگەکانی کۆمەڵی دادگەریش بۆ بەربژێری یەکگرتوو ڕۆیشتبن. لە #زاخۆ# و لە #ئاکرێ#ش بەهەمان شێوە، لایەنەکان دەنگیان بە یەکدی داوە. بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنی کوردستان بکرێت، گۆڕانکاری بەسەر ئەو دەنگانەدا دێت بەتایبەت دەنگی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
دادگای فیدڕالی ئێراق لەسەر دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لە خولەکانی دیکە ڕای خۆیداوە و گوتوویەتی لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بە یاسا دەرچووە، هەر بە یاساش دەکرێت دوابخرێت و گرفتێکی یاسایی نابێت، وەک ئەوەی ئێراق نییە، لە دەستووردا هاتووە کە دەبێ هەر چوار ساڵ جارێک بکرێت، ئەگەر دوابخرێت دەبێ ئەو ماددەی دەستووری هەموار بکرێت و دەستووری ئێراق، دەستوورێکی جامدە و گۆڕانکاری و هەموارکردن تێیدا ئاسان نییە.
ئاڵنگاری گەورەی بەردەم لایەنەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان (ئەگەر لە حکومەت نەکشێنەوە) بۆ بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەر، پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری و درووستکردنی دەرفەتی کارە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەت گەنجان.
[1]